نەوزادی موهەندیس: نان و ئازادی، یا هیچیان یان پێكەوە.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشكرایە هیچ كۆمەڵگایەكی مرۆڤایەتی بەبێ‌ بوونی دوو هۆكاری سەرەكی بۆ بەردەوامبوونی ژیان و گوزەران و پێشكەوتن و داهێنانەكان ناتوانێت هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی گەشتر هەڵبنێت، ئەو دوو هۆكارەش بریتین لە دابینكردنی نان و ئازادیەكان بۆ تاك بە تایبەتی و كۆمەڵگاش بەگشتی . تاكی مرۆڤ بەردی بناغەی پێكەوەنانی خێزان و كۆمەڵگایە، هەربۆیە تاك هەمیشە میحوەر و تەوەری سەرەكی پلان و بیركردنەوەكان بوە، و بەبێ‌ گرنگیدان بەتاك و پێداویستیەكانی ژیانی ناتوانرێت نە خێزانێكی ساغڵەم و نە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوش پێكەوە بنرێت، چەندە تاك خۆشگوزەران و كەشوهەوای تەندروستی بۆ بڕەخسێت هێندەش دەبێتە تاكێكی بە بەخشش و بەخشندە و داهێنەر، بە پێچەوانەشەوە هەر تاكێك سەرەتاییترین مافەكانی لێ‌ زەوت بكرێت كە بریتین لە نان بۆ بەردەوام بوونی گەشەی لاشە و جەستە و ئازادی بۆ گەشەی بیر و هۆش و هزر، ئەوا تاكێكی سست و بێ‌ بەرهەم دێتە بوون و ئەنجامیش كۆمەڵگایەكی مێگەل ئاسا دەكەوێتەوە كە دەسەڵاتداران و تاكڕەوانی حوكمڕانی بە قازانجی بەردەوامبوونی ستەم و زوڵم و زۆری و چەوساندنەوەكانی خۆیان سوودی لێدەبینن. بۆیە هەمیشە كۆمەڵگا ناهوشیار و برسیەكان دەبنە نێچیرێكی سانا ودەستەمۆی دەسەڵات و بەپێچەوانەشەوە كۆمەڵگا خۆشگوزەران و ڕەفاه و پڕ ئازادیەكان هەمیشە كۆمەڵگایەكی هەڵشاخاو وخاوەن بیرو ڕا و ڕەخنە و هەڵوێست و سركی لێدەردەچێت و بە ئاسانی ڕامناكرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. جا ئەم ڕاستیانە لە ناوچەیك بۆ ناوچەیەك و لە كۆمەڵگاو تاكێكەوە بۆ كۆمەڵگاو تاكێكی دی گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

كۆمەڵگای كوردەواریش بەگشتی و تاكی كوردیش بە تایبەتی، تاك و كۆمەڵگایەكی ڕامنەكراون بۆ دەسەڵاتدارە داگیركەرەكان و خۆماڵیەكانیش، چونكە كۆمەڵگاو تاكێكن كە هەمیشە حەز بە خۆشگوزەرانی و ئازادیەكان دەكەن و گەرەكیانە هەمیشە خاوەنی بیر و هۆش و پلان و ڕەخنە و گوتەی سەربەخۆی خۆیان بن. بەڵام دوژمنان و بەداخیشەوە دەسەڵاتدارە خۆماڵیەكانیش لەو ڕاستی و سروشتەی كۆمەڵگا و تاكی كورد تێگەیشتوون، هەربۆیە لەهەر قۆناغێكدا كە بۆیان گونجاو بوبێت ڕووبەڕووی ئەو هەڵشاخان و سركیەی كورد بونەتەوە بەوەی هەر جارەی یان نانیان لێبڕیوە یان ئازادیەكانیان لێ زەوتكردوە.
چونكە باش دەزانن كە كۆمەڵگاو تاكی كوردی بێ‌ ئەو دووانە هەڵناكەن و تەواوی ژیانیش بەبێ‌ بوونی ئەو دووجمكە هیچ مانایەكی نامێنێتەوە، كورد لەم هەرێمەدا لەسەردەمی دەسەڵاتدارانی داگیركاراندا هەر لە ئیگلیزەكانەوە تا حكومەتە عەرەبیەكان بەسونە و شیعە و بە پاشایەتی و كۆماریەكانیانەوە هەر جارەی بەشێوەیەك ڕووبەڕووی بەرگری و گیانی قوربانیدان و خەباتی كوردایەتی بونەتەوە و لەو پێناوەشدا هەمیشە چەكی دەستیان بۆ چۆكدادانی كوردان یان گەمارۆی ئابوری بوە یان كۆت وبەند خستنە سەر ئازادیەكانیان بوە لە ڕادەربڕین و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و شۆڕشكردن. بەڵام كودیش دەستەوستان دانەنیشتوە و بەو هۆكارە سادە و ساكارانەی لەبەردەستیدابوە بەرەنگاری پیلانی داگیركاران بۆتەوە و هەمیشە گیانی بەرخۆدان و قوربانیدانی لە درەوشاندنەوە و گەشانەوەی بەردەوامدابوە، هەربۆیەش نەك لەم هەرێمەدا لەتەواوی بەشەكانی تری كوردستانیشدا بەدرێژایی مێژووی داگیرو دابەشكردنی كوردو كوردستان توانیویەتی بەرگری لەمان و ژیان و بونی خۆی بكات و دوژمنان و داگیركاران وەڕس و جاڕس بكات و ناچاریان بكات دان بە لانی كەمی مافە ڕەواكانیدا بنێت.
كورد لەسەردەمی داگیركاراندا بۆئەوەی هۆش و بیر و هزی گەشە نەكات و بیری خەبات و شۆڕش نەكەوێتە كەڵكەڵەیەوە ڕێگەی لە ئازادیەكانی گرتوە بەڵام نانی داونەتێ‌ و تاڕادەیەك كێشەی نان و خۆشگوزەرانی نەبوە،بەڵام كورد هەر بە دابینكردنی پێداویستیە مادیەكان ڕازی نەبوە و هەوڵی دابینكردنی ئازادیەكانی داوە و لەو پێناوەشدا خەباتی ئاشتیانە و شۆڕشی چەكدارانەشی بەرپاكردوە.
لە ئێستادا بەداخەوە ولەسەردەمی دەسەڵاتی كوردی خۆماڵیدا، گەرەكیانە بە ناوی بوونی ئازادی و نیمچە سەربەخۆی لەم هەرێمەدا، گیانی ڕەخنە و ناڕەزایی جەماوەری گەلەكەمان بمرێنن و شكستی پێبێنن بە برسیكردن و نانبڕین و بێ‌ مووچەیی و دابینەكردنی سەرەتاییترین پێداویستیەكانی ژیانی ڕۆژانە.
ئەوەتا بۆ ماوەی زیاد لە 3 ساڵ دەچێت جەماوەری گەلەكەمان ڕووبەڕووی توندترین قەیرانی دارایی بۆتەوە لە سایەی سیاسەتی هەڵە و نەزانین و شكستخواردووی حوكمڕانانی ئەم هەرێمەداو تا ئێستاش نەیانتوانیوە كە بچووكترین و سەرەتایترین پێداویستی و خزمەتگوزرایەكانی كۆمەڵگایەكی سەردەمیانە بۆ ئەم هەرێمە دابین بكەن، نا لە بەرئەوەی وڵاتەكەمان هەژار و نەبوو و دواكەوتوو وبێ‌ سەروەت و سامان و نەوتە، بەڵكو بەهۆی سیاسەتێكی خێڵەكی و دواكەوتوو كە حەزی دونیای لە پاوانخوازی و قۆرخكاری و بەمیراتگرتنی دەسەڵاتێتی لەم هەرێمەدا، ئەوان لەبیریان چوە كە ئەم هەرێمە و جەماوەری میلەتەكەشمان نەهێندە دواكەوتوون و نە هێدەش كاڵ فامن و تێنەگەیشتون لە ڕووداوەكانی دونیا و دەوروبەر كە بەئاسانی بچنە ژێر باری عەقڵیەتێكی كۆن و داڕزاو و دواكەوتوی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و مافیا ئاسای ئەم هەرێمەوە. بۆیە گەر لە ئێستادا ئازادیەكان تاڕادەیەك بەرقەراربن بەبێ‌ بوونی نان و خۆشگوزەرانی، ئەوا هیچ مانایەك بۆ بوون و مانی ئەم دەسەڵاتە نامێنێتەوە، لە ڕابووردودا كورد هەرچەندە نانی هەبوو بەڵام خەباتی بۆ ئازادی و سەربەستی كرد و وەدیشیهێنا، ئێستاش بە پێچەوانەوە گەرچی ئازادی هەیە بەڵام باش دەزانێت ئازادی بێ‌ نان و خۆشگوزەرانی مانایەكی نابێت هەربۆیە كەوتۆتە خۆ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دەسەڵاتە بێ‌ باك و بێ‌ بەرنامە خۆماڵیەی كە هیچ شەرعیەتێكی جەماوەری و یاسایی نەماوە تەنها پشتی بەستۆتە سەر شەعیەتی شۆڕشگێڕی كە لە ئێستادا زۆر كاڵبۆتەوە و ئەو پیرۆزییەی جارانی نەماوە، و ئەو مامەڵە و خوێنساردی و بێ‌ باكیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێك لە هەنگاو و سیاسەتەكانی دەسەڵاتدارە تاكڕەو و دیكتاتۆر و ملهوڕەكانی پێشخۆیان دەچێت و ئەمانە بەبەراوورد بەوان تەنها دووبارە كەرەوەی تاقیكردنەوەیەكی شكستخواردوون كە هەموانیان چوونەتە زبڵدانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە و لەگۆڕنراون، بۆیە بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتەش لەكوردستاندا و پیادەكردنی ئەو هەنگاوانە ڕێك چارەنوسیان بە ئاڕاستەی هەمان چارەنوسی تاكڕەو و دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە و دونیاش دەچێت. بۆیە جەماوەری میلەتەكەمان گەرەكیانە هەردوو هۆكارە سەرەكیەكەی ژیانێكی سەردەمیانە و پێشكەوتوخوازانە بۆخۆیان دابین بكەن لە نان و ئازادیەكان بۆئەوەی كۆمەڵگای كوردەواریش بەرەو ئاست و هەنگاوی پێشكەوتووتر و ڕۆشنتر ببەن و بتوانن وەڵامیان هەبێت بۆ هەموو ئاڵنكاریە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكانی دەوروبەر و بتوانن ئەم هەرێمە و ئایندەكەشی مسۆگەر بكەن، هەروەكو چۆن دوانەی قەڵەم و چەك جمكی خەباتی شاخ و شۆڕش بوون لە ڕابووردوودا ئاوهاش نان و ئازادیش بكەنە جمك و دوانەی خەباتی ئەم سەردمەی حومكڕانی و خۆشگوزارانی و هەردووكیان وەكو چەكێكی كاریگەر بۆ لاشە و هزر بە قازانجی ئێستا و ئایندەی گەل و وڵاتەكەمان بشكێننەوە.
بۆیە ئەركی حیزب و سەركردە و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیە كەباش لەم نامەی بێزاری و ناڕەزایتیانەی جەماوەری گەلەكەمان تێبگەن و هەوڵی جدی بدەن بۆ وەدیهێنانی داواكاریەكانیان و ڕازیكردنیان، دەنا بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار دەكەونە بەر توڕەیی جەماوەری ڕاپەڕیوی برسی و پشوودرێژی جەماوەریش سنورێكی دیاریكراوی هەیە و لەكاتی هەستانی لافاوی توڕەیی و بێزاریاندا هیچ هێز و دەسەڵاتێك خۆی لەبەرامبەریان ڕاناگرێت و جەماوەریش ناچارمەكەن كە بۆ نانێك ئازادیەكەیان بگۆڕنەوە و قەدەریان تەسلیم بەداگیركەران بكەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت