هادی حەمەڕەشید: پرسە سەرەکییەکە بەلاڕێدا برا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو ژاوە ژاوەی لەدوای لێدوانەکانی ئەمیندارە ئەزەلییەکەی یەکگرتووەوە هاتە گۆڕێ، لەهەردوولا (گۆڕان و یەکگرتوو) بە حیزبی کرا و ئەسڵی بابەتەکە ون کرا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین دوور و نزیک هێرش ناکاتە سەر گۆڕان بەتەنها، ئەو لەزۆرێک لە ڕستە و پەرەگرافەکانیدا دەستەواژەی ” لایەنە سیاسییەکان” ی بەکارهێناوە، تەنانەت لە سلێمانی بەقەدەر حەجمی یەکگرتوو ئیقراری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کرد، کەواتە بۆچی ئەم پرسە بەو ئاراستەیەدا برا؟!
بەبڕوای خاکییانەی ئێمە، چەندە بەرنامەی “پیر و شێخەکانی کاروان” ی یەکگرتوو بوو، هێندەش تاوانی ئەو فەیسبووکەوانانەی گۆڕانیشی تێدا بوو کە هەستی حیزبی بەرامبەریان جوڵاند و ختوکەی ئایدۆلۆژیی یەکگرتووەکانیاندا، لەکاتێکدا ئەوان ئێستا دار و نەداریان خستووەتە فەیسبووکەوە و هەر بڵێ ” لەل” یەک گورزە جوێنی مزرت بۆ دێت! بۆیە لایەنگرانی گۆڕان ئەبوو بە دیاریکراوی پەنجەیان بۆ خودی بابەتەکە ببردایە!
چەندە یەکێتی و پارتی گۆڕانیان پێ هێزێکی توڕەیە و بە سەرزەمینێکی ئەزانن بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵێک مرۆڤی بێزار و زویر لە نادادی و ئەکرێت لەهەر کاتێکدا هەندێ گۆڕانکاریی سەرپێیی کرا ئەوا خۆری گۆڕانیش ئاوا ببێت، واوەتر یەکگرتوو دەمێکە ئەم هێزەی پێ هێزێکی گەنجی بێ ئەزموونی بێ پێشینەیە، بۆیە هەر ئەندامێکی یەکگرتوو کە عەیامێکیش پێش دروستبوونی گۆڕان وازی لە یەکگرتوو هێنابێت و هیچ لینکێک لەنێوان ئەو و یەکگرتوودا نەمابێت و لەگەڵ بەرنامە سیاسییەکەی گۆڕاندا ساز بووبێت و پێ بەپێ خۆی لەناو گۆڕاندا بینیبێتەوە، بەرپرسانی یەکگرتوو ” کە زۆربەیان بە برای حەفتا و هەشتاکان خۆیان ئەناسێنن لەناو ڕێکخستنەکانی یەکگرتوودا” لە کۆڕ و وەعزەکانیاندا بۆ ئەندامانی خوارەوە”بەداخەوە” زۆر بچووک باسی ئەو ئەندامە پەرێز پاکانە ئەکەن، تا ڕادەی ئەوەی کە ئەندامێک لە مەڵبەندی هەڵەبجەی یەکگرتوو بە بەڕێز کاک “ئەبوبەکر هەڵەدنی” بڵێت: مامۆستا گیان نازانین بە وەصفەکانی تۆ بۆ دکتۆر یوسف قایل بین، یان زەمی بەرپرسانیتر؟!
ئەویش بڵێت: سوێند بەخوا چەندە گومانم لە عەقڵ و سەلیقە و دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی و پاکی خۆم هەبێت، ئەوەندەش بەگومانم لە بەڕێز دکتۆر یوسف، ئێوەش ئازادن بە هەڵسەنگاندنی من یان هەر بەرپرسێکیتر بڕوا ئەهێنن!!
ئەم بەرپرسانەی یەکگرتوو کە دوانەی”ثنائی” ئیسلام و ئیخوان بۆیان بووە بە باوک و بکەونە هەر قەیرانێکەوە بەلێشاو ئەندامان بەرگرییان لێئەکەن، هەردەم بەبێ خەم ئاراستەی سیاسەتی ئەم حیزبەیان لەپێناوی خۆیاندا کردووە و دڵنیابوون لە دەروێش و موریدەکانیان!
ئەوانەی کە تووشی ئەلزەهایمەری سیاسی نەبووبن بیریانە کە؛
یەکەم/ پارتی سیناریۆیەکی لە هەولێر بۆ بەڕێز “مەلا سەید ئەحمەد” دروستکرد کە گوایە لەناو حەرەمی مزگەوتدا کاری بەدڕەوشتی لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارە ژنەکانی خۆیدا کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پاراستن نامەیەکی ساختەیان دروستکرد، کە گوایە مامۆستا سەید ئەحمەد ناردوویەتی بۆ ژنەکە، لەناو نامەکەدا باس لەوردەکاری کارە بەدڕەوشتییەکە ئەکات، تەنانەت ناوی ئەندامی نێرینەی خۆی بە ” کاکە سوور” و ئەوی بەرامبەریش بە ” دادە سوور” هێناوە!! بنکەی ڕێکخستنی یەکگرتوو هێندە مەرد بوون نەک بەم سیناریۆیە باوەڕیان لەق نەبوو، بگرە ماڵ لەپەڕی شار گەڕان تا بەر لەو پڕوپاگەندەیە بگرن “کە فیعلەن کارێکی ئەرێنی و پێویست بوو” بەڵام ئەم مەلایە نەک ئەم قەرزەی ئەندامانی یەکگرتووی نەدایەوە، بگرە لەخۆی گۆڕابوو، هەرکەسێک ئەبوو بە حیمایەی هێندە بەرخوردی خراپ بوو لەگەڵیدا، کە وازیان لە حیمایەی ئەو پیاوە ئەهێنا، وا لەیەکگرتوویش دائەبڕان کە ماوەیەک هەر نوێژیشیان نەئەکرد!!
دووەم/ مەولود باوەموراد” کە سەرۆکی لیستی یەکگرتوو بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی 21 ی ئەیلولی 2013 و بە دەنگی زیادەی هاوڕێکانی پێی نایە ناو پەرلەمانەوە و بە ڕوونکردنەوەیەکی پڕ لە کڕوزانەوەی مادی و گلەیی لەڕێکخستنەکانی یەکگرتوو “کە بۆچی دەنگ بە بانگخوازان ئەدەن و ئێمە بە 6 سەرکردەی یەکگرتووەوە هێندەی یەک بانگخواز دەنگمان نەهێناوە” بەو شیوەنەوە چووە پەرلەمانەوە، کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان و لەناو گۆڕانیشدا بۆ بەڕێز دکتۆر یوسف یەکلا بوویەوە، ئیتر خێرا غروری ڕێگای نەدا گەنجێک ببێتە سەرۆک ئەویش ئەندام بێت تیایدا، گەڕایەوە پشکی “برا و خوشک” یتری لە وەزیریی وەرگرت و بە دوو پۆست “وەزیری هەماهەنگی پەرلەمان و گواستنەوە و گەیاندن”ی پڕ کردەوە!!
سێیەم/ لە سەروەختی کێشەکانی ناو “بزووتنەوەی ئیسلامی”دا، هەر کاتێک لە یەکێک لەم سەرکردە حەکیمانەی یەکگرتوو باسی ئەو بابەتەیان بکردایە، لەناو دەیان “مەلا”ی ئامادەبووی ناو کۆڕەکەدا و بەبێ هیچ حسابکردنێک بۆ هەستی پیشەییانەی ئەو مەلایانە ئەیانووت: کێشەی بزووتنەوەی ئیسلامی عەقڵی تەسکی مەلایە کە زۆرینەی سەرکردایەتی بزووتنەوە پێکئەهێنن، کەچی مەلاکان لەبری ڕاگرتنیان بەدەمیانەوە پێئەکەنین!!
بۆیە لەم کێشەیەشدا، لەبری ئەوەی دڵسۆزان بڵێن کاکە کێشەی نێوان ئێوە و گۆڕان هەرچییەک بێت، ئەم گرێی دەروونیەی ئێوەی “پیران” دەستوپێ سپی لەپای چی لەبەرامبەر ئەو گەنجانەدا کە متمانەی دەیان و سەدان هەزار دەنگدەری کوردستانیان هەیە و بەباشی متمانەکەشیان پاراستووە، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی یەکگرتووەوە زۆرترین ڕووبەر بۆ باسی گەنج دانرابوو، ئایەتی(( إنهم فتیﺓ آمنوا بربهم و زدنهم هدی)) ویردی سەر زمانی زۆربەی ئەندامان بوون، بەداخەوە ئێستا ئیتر ووشەی گەنج لای شێخانی کاروان بووە بە “بێ ئەزموون” و ” هەرزەی سیاسی” و “کاڵفام”!!
بەڵام بەداخەوە تەقلەیان بە بابەتەکە لێدا و بردیانە هەورازێکەوە کە دیسان “حەق و ناحەق” لە دۆخێکی لێڵ و لیخندا ئاوەژوو کرانەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت