Hana-Ali

هانا عەلی : چەند ژنه‌ ماف نیه‌ ، تاوانه .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فره‌ژنی له‌ نێو هه‌ندێك گروپی جیا جیایی خه‌ڵكدا باوه‌و دیارترین و ناشیرین ترینیان فره‌ژنی دینی ئیسلامه‌ ، چونكه‌ به‌ پێی ئایه‌تی قورئان و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی حه‌ڵاڵ كراوه ‌. له‌ سوره‌تی نیسائدا ، بە پیت و دێڕ ده‌ڵێت : پیاو ده‌توانێت دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن بهێنێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ترسان له‌وه‌ی نه‌توانن هاوسه‌نگی له‌ نێوانیانیدا درووست بكه‌ن ، ئه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك ژن به‌سه ‌. چوار ژن بۆ پیاوێك له‌ نێو موسوڵماناندا ، ڕیفۆرم بووه‌و سودی هەبووە بۆ ١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر . ئەوکات بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ پیاوه‌كان ماڵی له‌ش فرۆشی و هه‌ڕاج كردنی ژنان دابخه‌ن و به‌ حەڵاڵ و به‌ یاسای دینه‌كه‌یان ، له‌ چوار ژن زیاتریان نه‌بێت .
قسه‌ی زۆر و ڕەخنەی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بۆچی چوار ژن حه‌ڵاڵه‌ بۆ یه‌ك پیاو ، به‌ڵام ده‌رچوونی ژن به‌ بێ پرسی مێرده‌كه‌ی حه‌رامه‌ ؟ دەیان و سەدان کتێب و بابەت و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی لە سەرجەم کتێب و ئاینەکان هەیە ، بەڵام من شیكه‌ره‌وه‌ی قورئان و ئینجیل و ته‌ورات نیم و كاریشم پێیان نیه‌ ، هێنده‌ ده‌زانم ئیتر ئێستا له‌ دونیایی ئه‌مڕۆدا ، كار كردن و جۆری ژیان كردن به‌ پێی ده‌قه‌ ئاینیە‌كان ، نه‌گونجاوه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایەتەیانەدا .
لە مێژووی کۆنی وڵاته‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا ، جگه‌ له‌ بازرگانی و چه‌ته‌گه‌رایی و قاچاخچێتی ، هیچ كار و كه‌سابه‌تێكی دیكه‌ نه‌بووه‌ پیاوه‌كانیش بیكه‌ن نه‌ك ژنه‌كان ، بۆیه‌ هه‌مووی به‌ كۆمه‌ڵ ژیاوه‌ . پیاوێك ده‌یان ژن و سه‌دان منداڵی به‌خێو كردووه‌ ، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی هەر کات ویستبێتی له‌ گه‌ل یه‌ك له‌ ژنه‌كان سێكسی كردووه‌ ، هاوكات هه‌موویانی به‌ خێو كردووه‌ .
له‌ دونیایی عه‌ره‌بی كۆندا ، ژن هیچ ئه‌رك و فرمانێكی نه‌بووه‌ ، لە بە خێو کردنی منداڵ و ئەرکی ماڵ زیاتر . لە زۆر کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا و بە کوردستانیشەوە ، تا ئێستا هەمان باوەڕ بە ڕەوا دەبینرێت وژن بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر دەکرێتە خزمەتکاری مێرد و دایەنی منداڵ . ئەڵبەت ئەوەی لە کوردستان بە ڕەوا دەبینرێت ، لە دەرەوەی کوردستان حەقیقەتی جۆری ژیان کردن شتێکی دیکە دەسەپێنێت ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژنەکان وەک پیاوەکان کار نەکەن و هاوبەش نەبن لە هێنانی داهاتێک بۆ ماڵ ، ئەوە ژیان ناگوزەرێت و هەموو شتەکان قورس و زەحمەتەن ، پیاو بە تەنها بتوانێت جێ بە جێی بکات . بۆیە هەموو ئەو پیاوانەی ڕێگرن لەوەی ژن خۆی داهاتی خۆی هەبێت ، ئەوە لە دەرەوەی کوردستان شەڕ دەکەن لە گەڵ ژنەکانیان ئەگەر نەتوانن مانگێک بچنە سەر کارەکانیان .
هەر لە دونیایی پێشووی عەرەبدا ، كچی بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بە جیا لە هەموو ژنانی تری خێڵ و خێزانەکانی عەرەبی ، هه‌مان بازرگانی و قاچاخچێتیان كردووه‌ . بۆ نموونه‌ خه‌دیجه ‌، یه‌كه‌م ژنی پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان ، یه‌ك له‌ ژنه‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌وكات بوو .
پیاوانی موسوڵمان هەر بە پێی ئایەت و فەرموودەی چوار ژن حەڵاڵە و ئەگەر نەتانتوانی هاوسەنگی لە نێوانیاندا درووست بکەن ئەوە یەک بەسە ، لەو مێژووە بە دوا ، بە مافی شەرعی خۆیانی دەزانن ، چەند ژنێک لە ماڵەوە ببەستنەوەو هەر کات زەوقیان لە کامیان هەبوو ، بڕۆن لە گەڵی بخەون . دیارە پیاوانێکی زۆری موسوڵمان هەن ، باوەڕیان بە فرەژنی نیەو لە یەک ژن زیاتریان نەهێناوەو نیە ، بەڵام هیچ کات ناوێرن ڕەخنەی لێ بگرن ، چونکە لە قورئاندا نووسراوەو دەترسن لە خودای خۆیان و ناتوانن وەک کارێکی خراپ باسی بکەن .
من لەوەتای هەم چەندین پیاوی موسوڵمان تەکلیفی هاوسەرگیری و پەیوەندی خۆشەویستیان لێ کردووم ، بەڵام هەرگیز جورئەتی ئەوەم نیەو نەبووە ، بیر لە پەیوەندی بەستن لە گەڵ هیچ پیاوێکی موسڵمانادا بکەم ، چونکە ئەگەر منیشی زۆر خۆش بوێت ، ئەوە دینەکەی ڕێگەی پێ دەدات ، هەرکات داهات و پارەی زۆری هەبوو ، ئەوە هەر بۆ حەزی خۆی ، ژنێکی دیکەش بهێنێتە سەر جێگاکەم ، یان لە ژوورێکی تر ، یان لە ماڵ و شارێکی تر . جا ئەوکات ، ئەگەر خۆشم ئاگام لێی نەبێت ، ئەوە کچەکەم تا نەیخاتە زیندان وازی لێ ناهێنیت ، چونکە بیر کردنەوەی دایکی و پەروەردەو خوێندنی دەرەوەی کوردستان فێری ئەوەی کردووە ، لە ناحەقی بێدەنگ نەبێت .
لە کوردستاندا بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و بە پێی یاسای نوێی پەرلەمان ، ئەگەر ژنی یەکەم ڕازی بوو ، ئەوە پیاو دەتوانێت ژنی دووهەم بهێنێت . بۆ منێکی فێمینست ، چەندە پیاوەکە لەو پڕۆسەیەدا تاونابارە ، هێندەش ژنی یەکەم و ژنی دووهەم و خێزان و هاوڕێ و دۆستەکانیشیان کە پێرۆزبایی و موبارەکە بوونی خۆیانی بۆ ڕادگەیەنەنن ، هەموو تاوانبارن . تاوانبارن ، بەوەی دوو ژن دەخەنە خزمەتی پیاوێکەوەو حەز و بۆن و باوەش و هەموو هەستەکانی دوو ژن ، دەکرێت بە موڵکی یەک پیاو . ئینجا ئەگەر ژنی دووهەمیش ڕازی بوو ، ئەوە هەمان پڕۆسە بەردەوام دەبێت ! ئەو خەڵکانە تاونبارن بەوەی ، جۆرێک لە خێزان و جۆرێک لە منداڵ پەروەردە دەکەن ، کە سێکس تێیدا تەنها بابەتی گرنگ و تاکە شتێکە کە باوکیان لە گەڵ دایکەکانیان کۆ دەکاتەوە . ئەو خەڵکە جۆرێک لە خێزان درووست دەکەن ، کە منداڵ تێیدا هیچ جۆرە نرخێکی نیە . هیچ کەس لەو پڕۆسەیەدا ناچێت پرس بە منداڵەکان بکات ، کە ئایە ئێوە ڕاتان چیە ، وەک ئەوەی منداڵ تەنها ئیشی نانخواردن و خەوتن بێت و تەواو . ئەو خەڵکە تاوانبارن بەوەی ، تەنها بە خاتری حەزی پیاوێک، چەندین ژن و منداڵ تووشی باری دەروونی خراپ دەکەن و دەیان کێشەو گرفتی ئیرەیی بردن لە یەکتر و شەڕو ئاژاوە ، لە نێوان ئەو خێزانانەدا درووست دەبێت . لە کاتی هەر شەڕ و ئاژاوەیەکیشدا ، تەنها ژنەکان و منداڵەکان زەرەر دەکەن ، چونکە پیاوەکە هەر کە زۆر ناڕەحەت بوو ، دەڕواتە دەرەوەی ماڵ و لە باوەشی ژنێکی دیکە ، یان بە ڕابواردنی خۆی لە گەڵ هاوڕێکانی ، خەمی خۆی بە با دەکات و ئەوانی تریش بەدەرەک !
بە باوەڕی من ، فرەژنی جگە لەوەی تاوانە ، بێ ڕیزیشە هەم بە ژن و هەم بە پیاو ، چونکە تەنها هۆکاری فرەژنی لە دونیایی ئەمرۆدا سێکسە ، نەک وەک پێشتر کە هۆکاری سەرەکی باری ئابووری خەڵک بووە . لە کاتی ئێستادا ، پیاو کە ژنی دووهەم دەهێنێت ، بێگومان دەبێت لە ژنی یەکەمی گەنج تر و جوان تر و کچیش بێت و شووی تری نەکردبێت . ئیتر خۆ ڕەنگە هەموو ئەو ژنانەش داهاتی ئابووری خۆشیان هەبێت ، کەوایە بابەتەکە تەنها سێکسەو هیچی تر . ئەمەش بە ئاشکرا دەوترێت و باسی دەکرێت ، بۆ نموونە دەڵێن : چەند ژنە لە کاری بێڕەوشتی باشترە ، ئەمە بە جیا لەوەی خەڵک چوزانێت ئەم پیاوە بێجگە لە بە خاوەن بوونی دوو ژن و سێ ژن ، چی تر دەکات و شەوەکانی کە لە ماڵەوە نیە ، لە کوێ گەرم دەکاتەوە ! ئەسڵەن بێ ڕەوشتی چیەو چی لەوە بێڕەوشتی ترە باوکێک بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە ، هەر شەوەو لە باوەشی یەک لە ژنەکانی بێت !
بێڕەوشتی لەوە گەورە تر چیە ، منداڵێک ببینیت باوکی هەر بۆ خۆشی خۆی ، دایکی خۆی و ژنێکی دیکەشی لە ماڵەوە ڕاگرتووەو هەر جارەو دەچێتە لای دانەیەکیان ! بێڕەوشتی ئەوکاتە دەست پێ دەکات ، کە پیاوێک ژن و منداڵەکانی دەکاتە قوربانی حەز و ویستی خۆی . فرەژنی خۆی بۆ خۆی گەورە ترین بێڕەوشتیە ، بۆیە ئەو پیاوانەی بانگەشەی ڕەوشت دەکەن ، هەر ئەوکاتەی دەستی ژنی دووهەمی گرت و بردیە ژوورەوە ڕەوشت لە پەنجەرەی ژوورەکەی فڕێ دەداتە دەرەوە . هەر بۆیە فرەژنی چەندە بێ ڕێزیە بە ژن ، هێندەش بە پیاو ، چونکە وەک بوونەورێکی بێ ڕەوشت و گوێنەدەر بە دونیایی منداڵ دەری دەخات . فرەژنی ، پیاو وەک کەسێکی گەمژەو بێ شعور پێناسە دەکات ، کە کۆی خۆشی ژیان لە زیاتر سێکس کردن و زۆترین کات لە سەر جێگا خەوتن پیناسە دەکات ، تا ئەوەی خەریکی بەشەکانی تری ژیان و فێر بوون و پەروەردەی تەندرووستی منداڵەکانی بێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت