هاوکار حوسەین: چی رودەدات لە بورما ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموان وێنەی پرۆفایلەکانیان دەکەن بەوێنەی کارەستباری روداوەکانی بورما (میانمار) و کەسیش نازانێت یان پێمان ناڵێت: چی ئەگوزەرێت لەوێ.

ریشەی کێشەکە:
ویلایەتێک هەیە لەخۆرئاوای میانمار بەناوی (راخین)؛ وەک هەرێمی کوردستانی خۆمان. خەڵکەکەی ناویان (رۆهینجا)یە و ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و سەد هەزار کەسە. لەروی شەجەرەی ئیتنیکیەوە ئەوانیش وەک میلەتی کورد سەر بەهیندو ئارییەکانن. زۆرینەیان موسوڵمانن و کەمینەکەش هیندوسین. هاشێوەی کوردانی سوریا؛ بەپێی یاسای رەگەزنامەی ساڵی 1982ی بورما؛ لەهەموو مافێکی هاوڵاتیبون و خوێندن و جوڵانەوەی سیاسی و کاری میریی، بێبەشن. لەساڵی 1978ەوە، ناوبەناو لەلایەن دەوڵەتی زۆرینە بودیەوە؛ قڕکراون و تائێستاش ئەم پرۆسەیە بەردەوامەو نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارەی بەنگلادش بوون. واتە بەبەرنامە کارکراوە بۆ پکتاوی رەگەزیی ئەم خەڵکە. لەبەرامبەردا رۆهینجاکان ئەو خاکە بە نیشتمانی خۆیان دەزانن و چەندین نەوەیان لەوێ لەدایک بوە. نامەوێت بابەتەکە درێژبکەمەوە، بەڵام بودییەکان کە لەسەر گۆی زەوی بەسەلامەتترن ئەهل ناسراون دەبێت چی وایان لێبکات کاری وەحشیگەریی ئاوەها بنوێنن بەرامبەر موسوڵمانان؟ ئەمەش ریشەی خۆی هەیە و لێرە نامەوێت باسیبکەم. تەنها ئەوەندە نەبێت کە دەرکەوتوە هۆکاری سەرەکیان ترسە لەو رۆحیەتی شەڕەنگێزییەی کە بەگشتیی لەناو جیهانی ئیسلامیدا هەیە.

نیوەی وێنەکە:
بەپشتبەستن بەو چەند ساڵەی لەمیدیادا کارم کردوە؛ گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی زۆرینەی ئەو بابەتانەی لەلایەن میدیای عەرەبیەوە دەوروژێنرێت، بەجۆرێک عاتیفە سەروگوێلاکی هەڵدەپێچێت کە ئەستەمە بتوانیت تێبگەیت بەراستی چی رودەدات. دەیان وێنە بڵاوبونەتەوە کە قوربانیانی بومەلەرزەن کەچی دنیای عەرەبی وایان نیشانداوە کە ئەوانە موسوڵمانن و بودیەکان کوشتویانن وەک وێنەی کۆمێنتی یەکەم. بۆیە ئەوەی لەسێ رۆژی رابردودا لە میانمار رویدا؛ نیوەی وێنەکە بوو. نیوەکەی تری بەمەبەست شاردرایەوە.
هەمو وێنەکە ئەوەیە کە ماوەی دو ساڵێک ئەبێت، سعودیە گروپێکی چەکداریی دروستکردوە بەناوی بزوتنەوەی یەقین بەڕابەرایەتی عەتائوڵا. ئەم پیاوە لەپاکستان لەدایک بوەو لەسعودیە گەورە بوە. گروپەکە بەناوی بەرگریی لەموسوڵمانە رۆهینجانیەکان؛ هەر رۆژەی هەڵدەکوتنە سەر بنکەیەکی پۆلیس و قەتڵوعامیان دەکەن. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی هەینی رابردوو لەناوچەی ماونگداو هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی بودیەکان و بەتەواوی وێرانیان کردو خەڵکەکەشیان قەتڵوعام کردوەو 13 ئۆفیسەری حکومەتیشیان کوشت. لەتۆڵەی ئەمە بودیەکانیش هەڵیانکوتاوەتە سەر گودێکی رۆهینجانیەکان و نزیکەی 100 کەسیان بەژن و منداڵەوە قەتڵوعام کردوە. بەڵام میدیای عەرەبی بەسپۆنسەری سعودیە؛ بۆ شاردنەوەی کارە قێزەونەکانی خۆیان، تەنها نیوەی وێنەکە نیشان دەدەن و خەڵکی سادەیان وا تێگەیاندوە کە ئەوە تەنها ژن و منداڵی موسوڵمانەکانن کە قڕدەکرێن. لەکاتێکدا ئەوانەی بودییەکانیش هەر ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیڵن. وەک چۆن کاتی خۆی بزوتنەوەی حەماس دەستێکی لە ئیسرائیل دەوەشاندو دەچون لەناو مەکتەب و نەخۆشخانەو خەڵکی سڤیڵ خۆیان حەشاردەدا و کاتێکیش ئیسرائیل شوێنەکانی بوردومان دەکردو ژن و منداڵ بەردەکەوتن، میدیای عەرەبی وای نیشاندەدا کە ئیسرائیل خەڵکی بێتاوانی کوشتوە.

پوختە:
بەکورتی زۆرینەی ئەوانەی وێنەی پرۆڤایلەکانیان بۆ بورما گۆڕیوە، تەنها بیستویانە کە منداڵانی موسوڵمان کوژراون و بێ ئەوەی بزانن تەنانەت بورما کەوتۆتە کوێی ئەم دنیایەوە. هیچ شتێک پاساو نیە بۆ کوشتنی منداڵ و خەڵکی سڤیڵ، بەڵام نابێت ئاین وامان لێبکات کوشتنی منداڵی موسوڵمانمان پێ ناڕەوا بێت و کوشتنی منداڵی بودییمان لا ئاسایی بێت؛ چونکە منداڵانی هەردوو بەرە بێتاوانن و تێناگەن لەبەرچی دەبێت بمرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت