هودا سالح : چۆن قاعیدە لە ( نوسینگەی خەبات) لە بڕۆکلینی ئەمەریکا لە دایك بوو؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێرانی: هەورامان عەلی

لە نیوەی یەکەمی دەیەیی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ، ئوسامە بن لادن و عەبدولا عەزام کۆمەڵەیەکی کۆکردنەوەی کۆمەکیان دامەزراند کە بنکەی سەرەکی لە پاکستان بوو. سەرەتا ناویاننا نوسینگەی خزمەتگوزاری ( مکتب الخدمات) کە دواتر بە نوسینگەی خەبات ( مکتب الکفاح) ناسرا.
لە سەرەتایی ساڵی 1984 دا نوسینگەی سەرەکی خەبات چەندین بەشی لە شارەکانی ئەمەریکا کردەوە کە ژمارەیان گەشتە 30 نوسینگە. یەکەمین نوسینگەیان لە شاری توکسۆن لە ئەریزۆنا بوو. لە ساڵی 1986 ” خالید ئەبو دەهەب” یەکێك لە ئەندامانی قاعیدە و پیاوی دەستە ڕاستی سیخوری دولایەنە ” محەمەد عەلی” بەشی سەرەکی ( نوسینگەی خەبات) ی لە بڕۆکلین کردەوە ، کە دواتر بووبە گرنگترین بەشەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە ئەمەریکادا.
لە دیسەمبەری ساڵی 1987 هەریەکە لە مستەفا شلبی ، فواز دامرا و عەلی الشناوی بە فەرمی نوسیسنگەیەکیان بەناوی ( ناوەندی خەبات بۆ کۆچکردوان ) کردەوە. بنکەی سەرەتایی لە مزگەوتی فاروقدا بوو کە پێشنوێژەکەی ” فواز دامرا ” بوو ، دواتر لە پەنا مزگەوتەکەدا بارەگایان کردەوە. مستەفا شلبی کە هاوڵاتیەکی ئەمەریکی بە ڕەگەز میسری بوو ، بویە لێپرسراوی ئەو نوسینگەیە لەگەڵ دوو جێگر: محەمەد ئەبو حلیمە کە ساڵی 1993 بە تێوەگلان لە پلانی تەقاندنەوەی ناوەندی بازرگانی جیهانی تۆمەتبارکرا . لەگەڵ سەید نەسیر کە لە ساڵی 1990 دا هەستا بە ترۆرکردنی یەکێك لە کەسایەتیە جولەکەکان لە شاری نیۆیۆرك.

هاندان و ڕێکخستنی جەنگاوەران بۆ جەنگی ئەفگانستان
نوسینگەی خەبات لە بڕۆکڵین دەستی دایە ڕێکخستن و هاندانی عەرەبە کۆچکردوو و عەرەبە ئەمریکیەکان بۆ جەنگی ئەفگانستان ، تەنانەت ئەم هەلمەتە لەدوای پاشەکشەی یەکێتی سۆڤیەتیش لە ساڵی 1989 دا بەردەوام بوو. بەپێی بەڵگەنامەکان ئەم نوسینگەیە 200 جەنگاوەری ئامادە و ڕەوانەی ئەفگانستان کردووە. ئەم نوسینگەیە کارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزا و کرینی بلیتی سەفەر و خەرجی مانەوە وهەروەها ڕێنوێنی پێویست بۆ پەیوەستکردنیان بە نوسیگەی خەبات لە پیشاوری پاکستان و پەیوەستکردنیان بە گروپ و تاقمە چەکدارەکانی ئەفگانستان بە ڕابەرایەتی ( عەبدڕەب ئەلڕەسول سیاف و قەلبەدین حکمەتیار) ەوە دەگرتە ئەستۆ.

ئوسامە بن لادن
بەپێێ یەك لە نامەکانی ڕێکخستنی قاعیدە ” بەتار 2 ” کە تۆڕی ( السحاب ) بلاویکردوەتەوە هاتووە:
لە ناوەندی خەبات بۆ کۆچبەران ( هەمان ئەو بینایەی مزگەوتی فاروقی لە بڕۆکلین لێیە ) هەریەکە لە مەحمود ئەبو حەلیمە و سەید نەسر هەستاون بە ڕاهێنانی برایان لەسەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیکردنی مەیدان و هونەری جەنگی.
بەپێی راپۆرتێ سیخورێکی نوسینگەی لیکۆلینەوەی فیدرالی و یەکێك لە ئەندامانی بالوێزخانەی ئەمریکا لە کابوڵ” ماك ولیامز” ئەمەریکا لە هاندان و رێکخستن و ناردنی جەنگاوەرە عەرەبەکان بۆ جەنگی ئەفگانستان لە ڕێگەی چەندین تۆڕی هەواڵگری لە ناوخۆی ئەفگانستاندا ، تێوە گلاوە. ئەرکی ڕێکخستنی ئەم کارانە لە ئەستۆی فەلەستینی عەبدوڵا عەزام بوو . بۆ ئەم مەبەستە ناوبراو سەرپەرشتی نوسینگەی خزمەتگوزاری دەکرد کە ئامانجی کۆکردنەوەی جەنگاوەرەکان و کۆمەكکردنیان و گرتنە ئەستۆی خەرجی هاتوچۆیان بوو. لای ئەمریکیەکان ئەم نوسیگەیە بە نوسیگەی ” ماك” ناسرا بوو. ماك ولیامز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عەبدولا عەزام چەندین جار سەردانی فەرمی بۆ ولایەتە یەکگرتوەکان کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوە و رێکخستنی موجاهیدەکان لە ژێر دروشمی ( جیهاد لە دژی سۆڤیەتیەکان) . هاوکات هاوکاری نێوان عەزام و ئەمەریکا لە ڕێگەی ( نوسیگەی خزمەتگوزار) لەژێر چاودێر و نەخشەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ( سی . ئای . ئەی) دا بوو.

کردنەوەی ” نوسینگەی خزمەتگوزاری” لە نیۆیۆرك
بەپێی لێدوانەکانی یەکێك لەو کاسێتە ڤیدیۆیانەی عەبدولا عەزام لە کاتی سەردانێك لە سەردانە زۆرەکانی ساڵانی سەرەتایی هەشتاکان بۆ ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ، کە بە بۆنەی کردنەوەی نوسینگەی خزمەتگوزاری بۆ کۆچکردوان لە نیۆیۆرك و کردنەوەی ژمارە بانقیەك بۆیان . لەو تۆمارە ڤیدیۆیەدا هاتووە:
ژمارە بانقیەکمان لە بانقی ” ئاندباندس” دا کردوەتەوە و هەروەها براما مستەفا شلبی لێپرسراوی نوسینگەیە ، بەیارمەتی خودای گەورە لە واشنتۆنیش نوسینگەیەك دەکەینەوە. لە ئیسلام ئابادیش ژمارە بانقیەکمان لە بانقی ” ئاوف ئەمەریکا” کە پێمان وایە باشترین بانقە ، کردوەتەوە. چونکە هەندێك لە بانقەکان یاری بە سەرمایەکان دەکەن گەر چاودێری نەکرێن. هەرکەسێك چەکێك بنێرێت ، دەبێت ژمارەحسابیەکە و ناوەکەمی لەسەربێت و لە گۆڤاری جیهاد لە پیشاوەر تۆماربکرێت.

عەبدوڵا عەزام لە سیاتێڵ
عەزام وتی:
هەرنامەیەکمان بۆ بێت دەگات بە دەستی شێخ تەمیم ئەلعدنانی کە بەرێوەبەری نوسینگەی خزمەتگوزاریە، هەرنامەیەکیش چەکی پارەی تێدابێت ڕاستەوخۆ دێت بۆ من ، هەرنامەو چەکێکتان نارد ونەگەشت پێمان مانای وایە فەوتاوە ، جاری وا هەیە چەکەکان لە لایەن کارمەندانی پۆستەوە دەدزرێت.
دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی .ئای .ئەی ) لە کۆمەك و هاوکاری (عەرەبە ئەفگانیەکان) گلابوو. هەروەك لە یادەوەریەکانی عەبدولا ئنس ( لەدایكبونی عەرەبە ئەفگانیەکان جیرۆکی عەبدولا ئنس لە نێوان مسعود و عبدلا عەزام دا) دا هاتووە.
(عەبدولا ئنس ناسراو بە ئەبو جومعە لە ساڵی 1958 لە جەزائیر لە دایك بووە، ڕۆلێکی گەورەی لە نێو عەوبە ئەفگانیەکاندا گێرا، ئەو یەکێکە لە سەکردە ناسراوەکانی بەرەی ڕزگاری ئیسلامی جەزائیریە ، کچێکی عەبدوڵا عەزام باوکی عەرەبە ئەفگانیەکانی هێناوە و چوار منداڵی هەیە) عەبدولا ئنس دەبێژێت :
عەبدولا عەزام ڕۆڵی پر بایەخی ( نوسینگەی خزمەتگوزاری ) لە کۆکردنەوە و رێکخستن و ناردنی عەرەبەکان بۆ جیهادی ئەفگانی بۆ باسکردم . نوسینگەی خزمەتگوزاریەکان لەلایەن کۆمەلێك کەسایەتیەوە دامەزرا کە لەنێویاندا ئوسامە بن لادن هەبوو. ئامانجی ئەم نوسینگەیە جگە لە کۆمەك و هاوکاری موجاهیدەکان ، رێکخستنی عەرەبەکان بوو تا لە گێژاوی ئەفگانستاندا ون نەبن و سەربە خۆیی خۆیان بپارێزن و لەگەڵ لایەنێك دژی لایەنێکی تر بەکار نەهێنرێن. ئەمە ئاماژەیەك بوو بۆ ناکۆکیە نێوخۆیەکانی ئەفگانستانیەکان وبەرگرتن بە کاریگەری دانانی ئەو ناکۆکیانە لەسەر عەرەبەکان .
بە بۆچونی عەبدولا ئنس بیرۆکەی دامەزراندنی ( نوسینگەی خزمەتگوزاریەکان ) لە کۆتایی ساڵی 1984 و سەرەتایی ساڵی 1985 دا سەری هەڵدا ،کە لە سێ بواردا کاربکریت ” کۆمەك و هاوکاری ، چاکسازی و بانگخوازی” ئەوە بوو سەرتا بە کردنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئاینیەکان لە نێو ئەفگانستاندا ، پاشان کردنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئاینیەکان بۆ ئەفگانیە ئاوارە و هەلهاتوەکانی جەنگ کە ژمارەیان زیاتر لە ٣ ملیۆن ئاوارە بوو. هەروەها زاواکەی عەبدوڵا عەزام لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت :
لێپرسراوی پۆستەکانی نوسینگەی خزمەت گوزاریەکان هەموو ڕۆژێك کە دەرۆشت بۆ پۆست لەگەڵ خۆیدا دەیان نامەو چەکی پارەی دەهێنایەوە کە بە دەیان هەزار دۆلار کۆمەكی تێدا بوو.

عەبدوڵا عەزام هەروەها عەبدوڵا ئنس دەنوسێ :
عەبدوڵا عەزام هەموو سالێك چەندین جار سەردانی ئەمەریکای دەکردو لە کۆنگرەی موسولمانەکانی ئەوێدا وتاری دەدا و هانی موسولمانانی ئەوێ دەدا بۆ بەشداری جیهادی ئەفگانستان . هاوکات نوسینگەی موجاهیدەکان ، نوسینگەی حکمەتیار و باقی ئەوانی تریش لە زۆر شوێنی جیهانی خۆرئاوادا ، بلاو بوبونەوە.
جێگە سەرنجە بارەگای عەبدولا ئنس زاوای عەبدوڵا عەزام لە لەندەن گیرسایەوە دوای جێهێشتنی پیشاوەری پاکستان. دوای ئەوەی مافی پەنابەری سیاسی پێبەخشرا لە کۆتایی نەوەدەکاندا بویە خوێندکار لە زانکۆی “ویست ماینستر” لە لەندەن.

روداوەکانی ساڵانی جیهاد، گەشتی عەرەبە ئەفگانیەکان
لە گەواهی دانێکی تردا سەبارەت بە کۆکردنەوەی پارە و رێکخستنی موجاهیدەکان لە ئەمەریکادا ، لە کتێبی ” روداوەکانی ساڵانی جیهاد، گەشتی عەرەبە ئەفگانیەکان” لە نوسینی ڕاگەیاندنکاری مسری محەمەد سەلاح دا هاتووە : خالید ئەبو دەهەب کە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەفسەرێکی پێشوی سوپای مسری عەلی ئەبو سعود ( کەسایەتی نزیکی ئوسامەبن لادن و ئەیمەن زەواهیری) پەیدا دەکات لە ساڵی 1984 دا . ئەو دواتر رەگەزنامەی ئەمریکی بەدەست دەهێنێت و ئێستە لە ئەمەریکا زیندانیە دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا کەلە تەقینەوەکانی بالوێزخانەی ئەمەریکا لە نایرۆبی و دارسەلام، دەستی هەبووە. جێ وەبیرهێنانەوەیە ئەبو سعود ساڵی 1984 وازی لە سوپا هێنا و کۆچی بۆ ئەمەریکا کرد و بە بەردەوامی پەیوەندی گەرمی لەگەڵ ئەبوو دەهەب هەبوو ، لە ساڵی 1986 دا هات بۆ لای بۆ ئەمەریکا.
لە فرۆکەخانەی هوزیەی ولایەتی کالیفۆرنیا بەیەكگەشتنەوە . ئەبودەهەب لە شوقەی هاوڕێیەکیدا سێ هەفتە مایەوە ، دواتر لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی بە ناوی تریسا هاوسەرگیری کرد، بەڵام هەر زوو جیابونەوە دوای ئەوەی بەبێ ڕەزامەندی ئەو سکی پر بوبوو. دواتر زوو زوو سەردانی مزگەوتی نوری دەکرد لە سانتاکلارای نزیک لە سانفرانسیسکۆ و پەیوەندی لەگەڵ زۆرێك موسلمانانی رەگەزنامە جیاوازی ئەوێ، دامەزراند.
ئەبو دەهەب لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا نا، کە لەسەرەتایی ساڵی 1990 دا ئەبوو سعود پێی راگەیاندووە کە پەیوەندی بە مسریەکانی نیشتەجێ ئەفگانستانەوە هەیە و ڕێکەوتن کە ئەبو دەهەب بە مەبەستی کۆمەککردنیان سەردانیان بکات ، بە مەرجێك پێشتر فێری فڕۆکەوانی ببێت ، ئەوە بوو ئەبو دەهەب لە پەیمانگەیەکی تایبەتی فرۆکەوانی دەستی دایە مەشقێکی چڕو پر و پێش ئەبو سعود کەوت لە پەیوەستبونی بە جەنگاوەرەکانی ئەفگانەوە.

کۆکردنەوەی کۆمەك و پارەی زەکات
دوای ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی بە ژمارەیەكی بەرچاوی موجاهیدی عەرەب لە سەر هونەری فرۆکەوانی کرد ، ئەبو دەهەب گەڕایەوە ئەمەریکا. سەرکردەکانی ڕێکخراوی قاعیدە داوایان لێکرد بە سود وەرگرتن لە تەکنیکی نێو تۆڕی تەلەفۆنەکانی ئەمەریکا پەیامەکانیان بگەیەنێت بە ئەندامەکانیان لە مسر و ولاتانی تردا. هەووەها وتی: هاوکاری و یارمەتیەکانم بۆ ڕێکخستنی قاعدە لە گواستنەوەی پەیامەکان واوەتر چوو، کۆکردنەوەی کۆمەك و زەکات و ناردنی بۆ ئەو شوێن و کەسانەی سەرکردەکان بۆیان دیاری دەکردم، زیادیکرد . لەو ماوەیەدا بڕی 10 هەزار دۆلارم ناردووە بۆ یەمەن، پاکستان، مسر، ئەردەن و سودان . هەروەها ئەو پاسپۆرت و بەڵگەنامە فەرمیانەی ڕێکخراو لە پاکستان، یەمەن و سودانەوە بە پۆستی خێرا بۆیان دەناردم ، دەمنارد بۆ ئەو کەسانەی دەبوو پێیان بگات.

هەروەها لە دانپیانانێکی تردا وتی: لە کۆتایی ساڵی 1994 دا ئەیمەن زەواهیری بە مەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەکی مالی هات بۆ ئەمەریکا لە ناوچەی سانتاکلارا نیشتەجێ بوو، کە لە ولایەتێکی ترەوە هاتبوو. ئەوە یەکەم جارمان بوو لە نزیکەوە چاومان بەیەکتری بکەوێت. پێشتر لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیمان هەبوو، پێش گەیشتنی داوای لێکردم نرخی ئەو تەلەفۆنانەی بۆ بزانم کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە مانگە دەسکردەکانەوە هەیە. لەو ماوەیەدا کەلە سانتا کلارا بوو توانی 2500 دۆلار لە نوێژکەرانی مزگەوت کۆکاتەوە، هەروەها لە ئەبوو سعود تورە بوو ، چونکە زەواهیری پارەیەکی زۆرتری لە ولایەتەکانی تردا کۆکردبویەوە.
شایەنی ئاماژە پێکردنە لە ڕاپۆرتە ئەمریکیەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەبو سعود لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاوە نێردراوەتە نێو بونیادگەراکان ، ئەو پێشتر خۆی داوای کردبوو ئامادەیە هاوکاری (سی . ئای . ئەی ) بکات . زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەبو سعود دوای ئەوەی وازلە سوپای مسر دێنێت لە ڕیزەکانی سوپای ئەمەریکادا کاردەکات و بەشداری مەشق و ڕاهێنان بەو میسریە ئیسلامیانە دەکات کە دانیشتوی ئەمەریکان و دواتر بەوە تۆمەتبارکران کە دەستیان لە تەقینەوەکەی 1993 ی ناوەندی بازرگای جیهانی لە نیۆیۆرك دا هەبووە و دەستگیر کران. هاوکات ئەو مافی کارکردنی لە نێو سوپای ئەمەریکادا پێ درابوو ، سەفەری ئەفگانستانی کردو بەشداری مەشقپێکردنی عەرەبە ئەفگانەکانیشی کرد.

دامەزراندنی ماڵی پشتیوانان ” بیت ئەنسار”
بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی دامەزراندنی ” نوسینگەی خزمەتگوزاری کۆچبەران ” و ” نوسینگەی خەبات ” لە برۆکلین لە شەقامی ئەتلەسی ، کە لێرەوە پێشەنگی نەخشەدارێژەر و ڕاهێنەرەکانی ڕێکخراوی قاعیدە سەریان دەرهێنا، لە ساڵی 1984 دا هاوکات ئوسامە بن لادن لە پیشاوەری پاکستان ” ماڵی پشتیوانانی” دامەزران کە وێزگەی بەیەکگەشتنی هەموو ئەو کەسانەبوو لە چوارگۆشەی جیهانەوە دەهاتن تا بە جیهادی ئەفگانەوە پەیوەستبن. لەوێ رێنوێنی و مەشقی پێویستیان پێ دەکرا. بەڵام لە سەرەتاوە هیچ لیژنەیەکی سەربازی تایبەت بە خۆی نەبوو، هەروەها هیچ ژێرخانێکی سەربازی و سەربازگە و کەلوپەلی سەربازی پێویستی نەبوو، بۆیە زۆربەی کات جەنگاوەرەکانی دەنارد بۆ لای یەکێك لەو کۆڕوکۆمەڵە سەربازیانەی لە ئەفگانستان لە شەردا بوون. ئەم هەلومەرجە بەردەوامبوو تا دروسبونی هاوکاری تۆکمەی نێوان نوسینگەکەی عەبدوڵا عەزام و ماڵی پشتیوانانی ئوسامە بن لادن.
بەپێی ڕێکەوتنی هاوکاریەکە ، نوسینگەکەی عەبدوڵا عەزام ئەرکی ڕاگەیاندن و پروپاگەندە و کۆکردنەوەی کۆمەک و خەرجی پێوستی کەوتە سەرشان و ئەوەی بن لادنیش لایەنی سەربازی ، ئامادەکردن و پێشوازکردن لە جیهادیەکان ، مەشق و ڕاهێنای پێویست و ئامادەکردنیان بۆ مەیدانەکانی جەنگ . ئەوان یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوەیان لەو کاتەدا ، بە بەرژەوەندی خۆیان نەدەزانی .
دوای بەهێزبونی بونیاتگەرایی ئیسلامی لە نێو جەنگاوەرە ئەفگانیەکاندا بەتایبەت لە نێو عەرەبەکاندا و پاش هەشت ساڵ جەنگ و پاشەکشەی یەکێتی سۆڤیەت و هاتنە ئارای جیهادی جیهانی و دەرکەوتنی ڕێکخراوی قاعیدە ، لێپرسراوە ئەمریکیەکان زۆر بە وشیاری و ئاگاییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن و پەیوەندیکردنی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بەم دارودەستانەوە مەسەلەیەکی زۆر هەستیار بوو.
بەپێی بیرەوەریەکانی ڕۆبەرت گێیتس بەرێوەبەری دەزگای هەوالگری لە ساڵی 1991 دەڵێت: ئاژانسەکە پارێزگاری لەمەودای لەنێوان خۆی و موجاهیدە عەرەبەکان کردووە . هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە :بەدواداچونمان کردووە بۆ شێوازی فراوانکردنی بەشداری کردنیان لەشێوەی لیوایەکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا چونکە جیهادییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو لەتەواوی جیهانی عەرەبییەوە ڕویان کردە ئەفغانستان.
سەرچاوە: alarabiya

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت