هوشیار جەمال: کۆمەڵگای پر لە جنێو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر چاوێکی خێرا بگێڕین بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە ئاسمانییەکان، و هەروەها ئاوڕێک لە چواردەورمان بدەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامی کە لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی هەنگاو هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی جنێو فرۆش هەنگاو دەنێت، کە ئەمەش جگە لە کاریگەریەکی خراپە لە ئێستادا سەرەتایەکی خراپە بۆ نەوەکانی داهاتوو چونکە دێنە سەر کەلتورێکی وێرانە.
کەلتوری جنێو مێژوویەکی تاڕادەیەک کۆنی هەیە لە ناو حزبە سیاسیەکانی کوردستاندا، ئەوان هەرکات بەرژەوەندیان لەگەڵ یەک نەبوبێت و لە کاتی جیابونەوە و پەرتبووندا لە جیاتی قبووڵکردنی یەکتر، دژی بەرامبەر جنێو و تۆمەتیان بۆ یەکتر هەڵبەستووە.
لەدوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی بەهۆی تێڕوانینی جیاوازەوە بۆ شۆڕش و حوکمڕان و حیزب بە چەندان شێوە جنێو و تۆمەت دەدرایە پاڵیان، ئەم کەلتورە حیزبەکانی تریش هێنایان لەگەڵ خۆیان تا ڕاپەڕین و دواتریش لە شەڕی ناوخۆ گەیشتنە ئەوپەڕی جنێوی ناشرین و خراپ نەما نەچێتە گوێی هاوڵاتیانەوە ، جیابوونەوەی باڵی ڕیفۆرم لە یەکێتی و لەدایکبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک جنێوی توندی سیاسی کە هەردوولا هۆکاربوون.
تا ئێرە ڕووە سیاسیەکە بوو! بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە جۆرێکی تری جنێو حزوری هەیەکە پیاوانی ئاینین کە بەشێکی زۆریان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە و هەفتانە و ڕۆژانە لە ڕێگای کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە جنێو بڵاودەکەنەوە، هونەرمەندێک نوسەرێک شاعیرێک هەر بۆچوونێکی هەبێت کە جیاواز بێت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەوان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ چەندین جنێو و ئیهانە لە کاتێکدا کە زۆرترین جار کە کتێبەکە یان وتاری نوسەر یان شعری شاعیرێکیان نەخوێندۆتەوە.
ئاشکرایە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایە کە زۆر زوو کاریگەری ئاینی و سیاسی لەسەر جێ دەهێڵێت، چونکە کۆمەڵگایەکی تائێستاش تەقلیدیمان هەیە بۆیە ئەم جنێوە بەشێوەیەکی خێرا بەنێو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە کە ڕاگەیاندنەکانیش هۆکارێکی سەرەکین بەتایبەت کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت فەیسبووک چونکە لەئیستادا دەچنە هەموو ماڵێکەوە.
لە ئێستادا چەند هاوڕێیەکی بەڕێز سەرقاڵی دامەزراندنی ڕێکخراوێکن بەیارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی هەوڵبدەن ڕێگا لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم کەلتورە ناشرینە بگرن کە بە ناوی ئازادیەوە کە دەردێکی کوشندەی بێ ناونیشانە هاتۆتە هەموو ماڵێکەوە.
من پێم وایە لە ئێستادا درەنگ نیە وەک چۆن بەشێکی کۆمەڵگا توانی بەچەند ساڵێک ئەم کەلتورە بۆ مەرامی خۆی بڵاوبکاتەوە، ئاواش بەشێکی تری کۆمەڵگا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەتوانێت ڕێگا لە تەشەنەکردنی ئەم کەلتورە بگرێت لە پێناو ئەوەی ناکرێت نەوەکانی ئایندە چاو هەڵبێنن لە دونیا وکۆمەڵگایەک دا ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ کۆمەڵگایەکی جنیو فرۆشدابێت.
ژیانی ئێمەش بریتی نیە لە (خەو، هەستان، خواردن، سێکس )، بەڵکو بۆیە ڕێگادراوە بژین بەرپرسیارێتی لەسەر شان بگرین، جۆرێک بژین لایەنی کەم خۆمان ئاسوودە کردبێت نەک ویژدانمان ئازارمان بدات هیچ بەرهەم و چالاکیەکی گشتیمان نەبوبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت