هۆشیار جەمال: نیشتمان لە خەیاڵی شێرکۆ بیکەسدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ لە پاش لەدایک بوون و گەشەکردنی سەرجەم جەستەی و هزری سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەو پارچە زەویە یان ئەو خانووە هەیە کە لەسەری دەژی، ئەم خۆشەویستییە لەو کاتەوە دەستت پێدەکات کە دایک و باوک ڕۆڵ دەگێرن و بەردەوام دەبن لە پەیوست بوونیان بەو خانو یان ئەو ناوچەیەی تێدا دەژین و ئامادە نابن هەروا بە ئاسانی بەجێی بهێڵن.
ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی گەورەتر ببینین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کەمرۆڤ سۆز و خۆشەویستی بێسنوری هەیە بۆ ئەو نیشتیمانەی کە دەژی تێداو لێی پەروەردە بووە، هەردەم هەوڵی پاراستنی داوە لە ‌هێرشی دوژمنان، ئەم خۆشەویستیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، ڕەنگە کەسێکی سەرمایەدار بە وەگەرخستنی سەرمایەکەی لە وڵاتەکەی خۆیدا خۆشەویستی خۆی بۆدەرببڕێت، یان مێژوونوس و شوێنەوارناسان بەگەڕان و ئەنجام دانی توێژینەوەکانیان لە سەر ڕوداوەکان و شوێنەوارە مێژوویەکان لە پێناو هەواڵدان بۆ پاراستنی کەلەپوری وڵاتەکەیان خۆشەویستیان دەرببڕن.
شاعیران و نوسەران و ئەدیبانی کورد هەر لە ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و نالی و گۆران و شێخ نوری شێخ ساڵح و چەندانی تر هەریەکەیان لە ڕێگای توانا ئەدەبیەکەیانەوە خۆشەویستیان بۆ نیشیمانەکەیان دەربڕیوە، ئەگەرچی توشی گرتن و زیندانی کردنیش بوبێت، بەڵام بەردەوام بوون و پەیامی خۆیان گەیاندووە،
شێرکۆ بیکەسی شاعیری گەورەی گەلەکەمان لە دەستپێکی شیعر نوسینەوە یاخی بوو لە هەموو کولتور و دەسەڵات و هەموو ئاینەکان لە پێناو نیشتیمانەکەی.
ئەو شاعیرە گەورەیە لە تەنیشتی چرایەکی گەشەوە گەورە بووە کە ئەویش شاعیری نیشتمان پەروەر فایەق بیکەسی باوکی بوو، کەیەکێک بووە لەڕۆشنبیرە هەرە دیارەکانی کورد لە نیوەی یەکەمەی سەدەی بیستەم، کە لە تەمەنێکی کورتدا هەر لە پیشەی مامۆستایەکەیەوە تا شاعیرەتەکەی کە بە شیعرە نیشتمان پەروەریەکانی هەموو نیشتمان پەروەرانی هاندەدا کە ستەمکاری لە دەسەڵاتی سیاسی قبوڵنەکەن.
شێرکۆبێکەس کە بە دیوانی تریفەی هەڵبەست لە ساڵی 1968 دەستی پێکرد، هەر لەسەرەتاوە نیشتمانی وەک مەعشوقێک بینیوە بە چەندین شێوە فۆڕمی جیاواز لەگەڵ بەرەو پێش چوونی شیعری کوردی دۆزی نەتەوەی کورد و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون بەردەوام بووە لە خزمەت و نوسین بە درێژایی چل ساڵ لە لوتکەی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و گەلەکەی لە گۆڕستانی چراکان و دەربەندی پەپولە و خاچ و مار و ڕۆژمیری شاعیرێکدا ڕەنگی داوەتەوە.
بەڵام لە دوای سەرکەوتنی شۆرش لەم پارچەیەی کوردستان و بەدی نەهاتنی بە شێک لە مافەکانی خەڵک هێواش هێواش شیرکۆ لە مەعشوقەکەی دورکەوتەوە کە نیشتمانە.
سەرەتای رەخنەی شێرکۆ بێکەس لە دەقی واڵای کورسیەوە دەستی پێکرد و دواتر لە کتێبە شیعری ملوانکە و هەروەها هەست و نەست درێژەی پێدا تا لە ساڵی 2011 لە دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتنمانمە دا بە تەواوی ڕەنگی دایەوە و گەیشتە لوتکە.
ئێستا کچێک نیشتمانمە یاخی بوونێکی ناوازە و جیاواز بوو لە ڕابردووی شاعیرخۆی گومان کردن بوو لە هەموو بەرهەمەکانی پێشوتری شێرکۆ لە بەرهەمە نیشتمانیەکانی تری!
شێرکۆ لە نێوان بێدەنگ بوون لە نادادپەروەری و بەرگریکردن لە گەنجانی ماف خوراو دووهەمیانی هەڵبژارد.
لەبیرمە لە ساڵی 2011 شێرکۆ بێکەس داوایکرد ئەم بەرهەمە پێش ئەوەی بڵاو بکرێتەوە وەک کتێب بەشێوەی دەنگ و ڕەنگ لە کۆڕیکدا بۆ ئەدەب دۆستان و گوێگران بخوێنێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ڕێگەیان نەدا بە هۆی باری ئەمنی ئەو دەمە کۆڕەکەی بکات.
بۆیە شێرکۆبێکەس بڕیاری دا لەیەکێک لە ژێر زەمینەکان بەرهەمەکەی بخوێنێتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕینێک، دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتمانمە بەشێکی یەکەمی بەڕۆژمێری کورێکی گەنجی تەمەن نۆزدە ساڵە کە باس لە ئازارو گرفتەکانی خۆی دەکات لە ماوەی حوکمرانی کورد خۆیدا و دەڵێت:

من ناوم ( کامەرانە)
یەکەم درۆی نوساو بەجەستەی خۆمەوە ناوەکەی خۆمە
هەروەک ئەوەی دڕدۆنک ناوی (دڵنیا) بێ و (قاقی) ناوی دارستان بێت.

شیرکۆ لە م بەرهەمەیدا دەبێتە زمانحاڵی زۆربەی باڵندە و گیانلەبەرەکان دەبێتە گەروی هاواریان، دەڵیت:

من ناوم کیسەڵە
ئەوە چەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم
ئا ئەو کونەش ماڵەکەمە.
بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتمانم لێ پەیدابوون
توڕە و تڕۆ
بەنوکە شەق هەتا ئەو خوارەیان بردم

لە م کتێبە دا چیتر نیشتمان ئەو دایکە میهرەبانە نیە کە منداڵەکان لەدەوری کۆببنەوە و بەدادپەروری ژەمە خۆراکێک دابەش بکات بە سەریاندا چونکە نیشتمان بەدەست کۆمەڵێک کەسەوە تەواو هیلاک و ماندووە، ڕۆزانا ئازار دەدرێت و دەشت و دۆڵ و ڕووبارەکان هەمووی دابەش کراوە تەنانەت مەتریش دێتە گۆ و دەڵیت:

من ناوم ( مەترە)
مەتری ئەرز پێوان بێزارم بێزار
ئەوە چەند ساڵە کۆمەڵە دەستێکی نیشتمان
لە بناری ئەو شاخەوە هەتا ناو شار ئەمکەنەوە و ڕامەکێشن
جاری واهەیە من چەندین جار تەواو ئەبم
بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ!

شاعیر بەم زمانە ڕەخنەیە بەردەوام دەبێت تا لە بەشی دوومەدا لە جیاتی کچێک کوردستان دەکاتە نیشتمانی خۆی بەناوی (ڕۆزانا) ئەم کچە لە چاوی شاعیردا پرچە ڕەشەکانی مەراقی دایکێتی ڕەنگی پێستی لە جۆگەلەی بەرهەتاو دەچێت و دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە.
دانیشتن لە کەناری ئەو وەک دانیشتن لای ڕووبار هەرچی ئازار و ناخۆشی و سەختی نیشتمانە ڕۆژانە بە جوانی و لێبوردەی و خۆشەویستی لە بیری دەباتەوە، و دەڵیت؛
من ئەوەتەی
ئەو کچەم ناسیوە
ئەوەتەی بارانی پرچی
ئەو لێم ئەدا
بووم بە شاعیری ئاو
و ناو بەناو نم نم ئەنوسم و
هەندێک جاریش لێزمە بەخوڕ!
پێستی نازداری ڕۆزانا
لەگەواڵە هەورئەچێ
ڕەنگ برۆنزیی هەمووجارێ
کە سەرنجم
لەهەوری شان و مل ئەدا ئیتر بارانی پەخشان و
خەون و ئاواز بەسەر مندا دائەڕژێ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت