Hoshang-Shex-Muhamad

هۆشەنگ شێخ محەمەد : دنیای تارمایی .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبارەی پێخەفێک لە خوێن ی  یوسف عیزەدین

 دنیای تارمایی ناونیشانی کۆچیرۆکێکی نووسەر  یوسف عیزەدین  ـە . لەگەڵ خوێندنەوەیەدا بێ پێشەکی دەمانخاتە نێو دنیای کارئەکتەرە بێ یادەوەری و چاولەڕێ و بێ دەنگ و نزیک لە تەرم و تێکەڵ بە سێبەر و پەڵە خوێن و بێ جوولە و پەیکەر ئاسا و مرۆڤی بێ سەر و سەری بێ جەستە و نامۆ و بکوژ و کوژراو و پیرێژن و پیرەمێرد و کەسانی وەک حیکایەتخوان ، باپیر و سەرکردە و شوێنهاییەک کە هەمیشە پشت دەرگەیەک ، کۆڵانێک ، کۆشکێک ، هۆڵێک ، ژوورێک ، شارێک و مەیدانی شەڕ و تادوایی تێدا بەرهەڤە .
زۆربەی کۆچیرۆکەکان هەناسەی تایبەتیی   یوسف یان پێوەیە ، هەناسەیەک کە خوێنەر دەباتە نێو مێشک و دەروونی کارئەکتەرەکان ، کە زۆربەیان یادەوەری و دەنگ و رەنگ و شێوە و شەمایلی خۆیان لەبیرچووە یان نایناسنەوە .
کارئەکتەرەکان لە دیوی ناوەوەدا نیشان دەداتەوە نەوەک لە رووخساردا ، رەنگە بۆ من ئەوچیرۆکانە نوختەی هاوبەشییان دیتنی نووسەر بێت بۆ ژیان و کەسێیتی مرۆڤ و سستەم و کۆمەڵگە و جیهان و ژیان بە گشتی . تا بچێت و لە پشتەوە چیرۆکی کەسەکانمان بۆ بگێڕێتەوە ، ئەو کەسانەی بە هۆکارگەلێکەوە تووشی کۆمەڵە رووداوێک دەبن بێ ئەوەی ویستیییان بێت و ئارەزووی بکەن ، کۆمەڵە رووداوێک کەسەکان زۆربەی جار لە رووی رەوانییەوە و هەندێجاریش وەک جەستە لەناو دەبات.
کەشی چیرۆکەکان تاریک و لێڵن ، وەک لێڵایی ژیانی ناوەوەی کارئەکتەرەکان ، بکوژێک باسی کوشتنێک دەکات ، وەک ئەوەی باسی کەسێکی دیکە دەکات ، ئەگەر پیرەژنێک نەیەت و بە هانای ئێمە و بکوژەکە نەیەت ئەوە قەت نازانین ئەوە بکوژەکەیە.
ئەوانەی لەو چیرۆکانەدا کار دەکەن ، تارمایی مرۆڤەکانن ، کە ناتوانن ببنە کارئەکتەرێکی روون و ئاشکرا ، ئەوەش لەبەر ئەوەی خودی ئەو ژیانەی تێیدان روون و ئاشکرا نییە . ئەوەی دەگوزەرێت ژیانێکە پەردەپۆش بە کۆمەڵێ وەهم و درۆ و دروووشم و جەنگ و ململانێی هێزەکان . وەلێ رەنگدانەوەی ژیان لە دەروونی کەسەکاندا بە مەرگ و بزربوون و شێوان و دۆڕان و بۆگەنی بوونییان دەگەیەنێت .
ژیان دەڕزێت ، جیهان دەڕزێت و مرۆڤیش خوێنێ دەبێتە مێشی سوور و تنێ ئەوە دەمێنێتەوە کە خۆمان بۆ مردن شلشل بکەین . لەوە زیاتر هیچی دیکەمان نییە دەستی پێوە بگرین .
تەکنیکی ئەو کۆچیرۆکانە ، جوانییان بە کارئەکتەر و کەشی گشتی چیرۆکەکان بەخشیووە، ئەوەی یوسف دەیڵێت : زۆرانێک گووتوویانە . چ بە جوانی و چ بەسەقەتی . گێڕانەوەی نەهامەتییەکانی مرۆڤی ئێستا و ئی کۆنیش شتێکی نوێ نییە . وەلێ ئەوەی بابەتەکان بە زیندوویی دێڵێتەوە و وا دەکات کاریگەرییەکی ئیجابی لەسەر خوێنەر درووست بکات – ئیجابی بەو مانایەی هەناسەیەک وەربگریت و تێبگەیەت تۆ وەک کەس شایانی ئەوەیت کارئەکتەرێکی لەوەی هەس باشترت هەبێت ، یان هەر چ نەبێت خۆت بە رەوای ببینیت کە ژیانێکی خاسترت پێویستە – ئەوەی واش دەکات ئەو هەستەت لە لا درووست ببێت تەکنیکە ، نەوەک شتێکی دیکە .
تەکنیکەکە ، دوور نییە بڵێم تایبەتە بە یوسف و لەهەموو چیرۆکەکانیشدا دووبارەدەبێتەوە . بە شێوەیەک کە کۆچیرۆکەکان لەسەر یەک دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت کۆمەڵێ کارئەکتەر لە زۆر شوێندا پەیدا دەبنەوە و کەمێک گۆڕاون . هەتا شوێنەکان پاتە دەبنەوە . ئەمەش رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەو بارە گشتییەی زۆربەمان تێیدان و لەزۆر وەخت و شوێنیشدا نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ و دۆڕان و بەدبەختیییەکان هەمان تشت بن . بۆیەشە تەکنیکەکانیش لە چیرۆکێکەوە بۆ یەکێکی دی خۆیان نوێ دەکەنەوە .
شتەکان بە بارتەقای خۆیان کورت و درێژن ، چەنەچەنی زیادەی تێدا نییە ، وەکچۆن کورتبڕین و بەجێهێشتنی خوێنەریشی تێدا نییە لە نوختەیەکی تاریک یان رووندا .
کۆچیرۆکەکە شایانی خوێندنەوەیە و دەستخۆش بۆ یوسف عیزەدین .

کۆچیرۆک .
پێخەفێک لە خوێن .
یوسف عیزەدین .
بڵاوکراوەی ئاراس- ژمارە : ٧٣٥ چاپی یەکەم هەولێر٢٠٠٨

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت