هیوا خۆشناو: ئەو پردەی ترامپ ناچارە بەسەریدا بپەڕێتەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دو وێنەی لەیەکچو، لە دوو سەردەمی جیاوازدا. ڕێگاند و تاتچەر جیهانیان بەرەو نیۆلیبرالیزم برد، ئەی تامپ و مای بەرەو کوێمان دەبەن؟

بۆ جاری یەکەم تيريزا مای سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، بەفەرمی سەردانی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکای کرد لە ئۆفیسەکەی. پەیوەندی ئەو دو وڵاتە زلهێزە، نەوەک بەتەنیا سیاسی، بەڵکو مێژویی، کولتوری، بنەماڵەیی و ئابووریە. بۆ هەر هەنگاوێکی دەرەکی و تەنانەت زۆر جاران ناوخۆییش سەرەتا ئەو دو وڵاتە ڕێککەوتون و لەوێوە ئاراستەی گۆڕانکاریەکان، دەستیان پێکردوە.

ئەگەر بە شێوەیەکی فیگوریش بێ، ئینگلیز بە باوک و مامۆستای ئەمریکا ئەژمێردرێ.
ئینگلیز نەک بەتەنیا باوکێکی تەشریفی، بەڵکو ئامۆژگاریەکانیشی بۆ واشنگتۆن چارەنوسسازن. لە سەردەمی تۆنی بلێردا، کاتێک سی ئای ئەی گوتی: ڕژێمی سەددام حسێن چەکی کۆمەڵکوژی بەرهەمدێنێ، بلێر تۆپەکەی خستە ناو ساحەی ئەمریکا و گڵۆپی سەوزی بۆ هەلکرد، بەڵام لە کۆتاییدا چی ڕویدا؟
بەپێچەوانەی تۆنی بلێر، لەسەردەمی دوای ئەودا کاتێک ئەمریکا گوتی ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە و وەشاندنی گورزی سەربازی ڕاستەوخۆی دژ بە دیمەشق خستە سەر مێز، بریتانیا یەکەمین وڵات بو، دەستی ئۆبامای لەسەر مێزی شەڕ کشاندەوە و ڕێگای لێگرت تاکو هەمان هەڵەی عێراق دووبارە نەکاتەوە.
تیریزا مای هەوڵ ئەدا، قەناعەت بە ترامپ بێنێ تاکو لە گرینگی ناتۆ و ئەوروپایەکی بەهێز تێبگات!!
* ترامپ ئەڵمانیا وەک ڕەقیبێکی بەهێزی خۆی دەبینێ، ناوبراو وا هەست دەکات ئەوروپا واتە “هێزێکی گەورەی سیاسی و ئابووری بە سەرۆکایەتی ئەڵمانیا”، بۆیە هەوڵی لەیەک هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردنی ئەو دەزگایە دەدات.
* جیاوازیەکەی مای و ترامپ لەگەڵ ڕێگان و تاتچەر جگە لەو سەردەمەی کە تێیدا ئەژین، ئەوان دو ناسیۆنالیستی گەورەی خۆرئاوان کە دەیانهەوێ سەروەری و ڕەسەنایەتی بۆ وڵاتەکەیان، سنورە نەتەوەییەکانیان بگەڕێننەوە، کەچی ڕێگاند و تاتچەر دوو سەرکردەی لیبراڵ بوون هەوڵیاندا حکومەت و دەوڵەت بچوک بکەنەوە و دامودەزگاکانی حکومەت بدەنە دەستی کەرتی تایبەت.
* مای ڕاسپێردراوی ئەو ئینگلیزانەیە کە دەیانهەوێ ڕەسەنایەتی و سەروەری و سەربەخۆیی بۆ بریتانیەکان بگەڕێننەوە و ڕزگاریان ببێ لە بیرۆکراسیەت و دەستەڵاتی یەکێتی ئەوروپا. ئەو بەدوای بازاڕێکی دیکە دەگەڕێ کە ئەڵتەرناتیڤێک بێ بۆ بریتانیا لە جیاتی ئەوروپا. ئەیا ئەمریکا جێگای بازاڕی ئەوروپا بۆ بریتانیا دەگرێتەوە؟ هەروا ئاسان نیە، چونکە تا ئێستا بریتانیا بە یاسایی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بۆی نیە بەبێ ئەو یەکێتیە لەو بارەیەوە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتی سێیەم بکات. بروکسل تا ئێستاش لەو بڕوایە دایە، دوای ماوەیەکی کورت، بریتانیا ئەگەر نەشگەڕێتەوە ناو باوەشی ئەوروپا، ناچاری چەند ڕێککەوتنێکە.
گی ڤەرهۆفستادت ی سەرۆکی فراکسیۆنی لیبرالەکانی ئەوروپا ئەڵێ: ئەمانزانی ئەوروپا دو دوژمنی سەرەکی هەیە، بەڵام ئێستاکە دوژمنی سێیەمینیشمان بۆ پەیدا بوە. ناوبراو ئەڵێ دوژمەنکانمان: یەکیان جیهادیەکانن، دووەم ڤلادیمیر پوتینە، ئێستاکەش دۆناڵد ترامپی هاتۆتە سەر و ئەوروپا لە مەترسی دایە.
* وادیارە لەگەڵ بەرفراوانبوونی کاریگەریەکانی ڕوسیا و چین لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، ئاسان نیە بریتانیا و ئەمریکا بە ئاسانی پشت لە ئەوروپا و ناتۆ بکەن.
لەگەڵ ڕێککەوتنی ستراتژی بریتانیا و ئەمریکا لەسەر مەسەلەکانی یەکێتی ئەوروپا، ناتۆ، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ڕوسیئا و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەردەکەون. ئەوەی ئێستا لە کەنداوی فارس و سوریا ڕوئەدا، بەتەنیا چاوسورکردنەوە و نیشاندانی ماسوڵکەکانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت