هێزی خوێندکار ـ وتووێژ لەگەڵ هێربه‌رت مارکۆزە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیار : ئێوەیان لەگەڵ مارکس و ماوتسی‌تۆنگ پۆلێنبەندی کردووە . کاتێک خەڵک باسی « سێ “م” » ـی [مارکس ، ماو ، مارکۆزە ] دەکەن، کاردانەوەی ئێوە چی دەبێت؟
مارکۆزە : تێناگەم، مارکس؟ [بەرهەمەکانی] ئەوم بەقووڵی خوێندووەتەوە، بەڵام ماو؟ بەدڵنیاییەوە ئەوڕۆکە هەر مارکسیستێک کە کۆمۆنیستێکی تەواو گوێڕایەڵ[2] نەبێت، ماوییستە. من هەمیشە پێم‌وابووە کە ئەڵتەرناتیڤێک هەیە، من لەکتێبەکانیشمدا داکۆکیم لە ئایدۆلۆژیای مارکسیزمی کۆن نەکردووە. ئەو کۆمەڵگا سۆسیالیستیانەی کە ئەوڕۆکە دامەزراون لەڕوانگەی منەوە ئەو شتەی کە پێی دەڵێم «چۆنیەتیی جیاواز»، لەگەڵ کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا نییانە. ئەوان ڕێگەیاندا بە بوونی یەک جۆر لە فەرمانڕەوایەتی لەباتی جۆرێکی دیکە؛ هەمووی ئەمەیە. [بەڵام ] سۆسیالیزمی ڕاستەقینە شتێکی دیکەیە. من بڕوام بەوەیە کە بونیادنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی ڕاستەقینە دەستدەدات، بەبێ تێپه‌ڕین بە هه‌ر جۆرە سەردەمێکی ستالینییدا. کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دەبێت لەسەر یەکگرتوویی ڕاستەقینە و هەرەوەزیی ڕاستەقینە دامەزرێت: لەڕوانگەی منەوە شۆڕشی کوبا بەو ئاراستەیەدا دەڕوات. وەکو «گیڤارا»، کە سیمبوڵی ئەمە بوو، زۆر دوور بوو لە بۆرۆکراسیی ستالینی، [و] زۆر نزیکبوو لە مرۆڤی سۆسیالیستیه‌وه‌.
پرسیار: ئایا ئێوە تەنیا هەوڵدەدەن ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژیین شیبکەنەوە، یان ئەوەی کە هەوڵ بۆ گۆڕینیشی دەدەن؟
مارکۆزە : ئەمە پرسیارێکی گەورەیە. هەر شیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە[3] دەبێت بەرەو گەڕان بە دوای گۆڕیندا ڕێنماییمان بکات، بەڕاشکاوی پەیوەندیەکی ناوه‌كی و ناوخۆیی له‌نێوان شیکردنەوە و گۆڕانکاریدا لەئارادایە. سه‌باره‌ت به‌ خۆیشم، ئەوە ڕاستە کە ماوەیەکی زۆرە وەکو خەباتگێڕێکی چالاک نەماوم. من دەنووسم، وانە دەڵێمەوە، وتار دەدەم، لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆ دەکەم: ئەمانە چالاکییە ئاساییەکانی ڕۆشنبیرێکە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا، چونکە لەم وڵاتەدا بارودۆخەکە شۆرشگێڕانە نیە، تەنانەت پێش‌ شۆڕشگێڕییش نیە. کەوایە ئەرکی ڕۆشنبیر لەپێش هەموو شتێکدا ئەرکێکە لەپێناو پەروەردەیەکی ڕادیکاڵدا. ئێمە لە ئەمریکا، خەریکین دەچینە نێو «سەردەمێکی ڕۆشنگەری[4]»ـی نوێوە.
پرسیار: ئەدی لە ئەوروپا؟
مارکۆزە: لە ئەوروپا، بارودۆخەکە جیاوازە چونکە لەوێ سیاسەت هێشتا تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن چینی کرێکارەوە دیاریدەکرێت. هەروەها، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە لەئارادایە: ئەڵمانیای ڕۆژئاوا زۆر نزیکە لە «مۆدێل»ی ئەمەریکییه‌وه‌؛ ئیتالیا[ش]تاڕادەیەک نزیکە. فەڕەنسا زۆر دوورترە. من ڕودی داچکۆ[5] و هاوڕێکانی، و کوڕەکانی [6]SDS ، و باڵی چەپی ڕێکخستنی خوێندکاران به‌چاکی دەناسم. ئەو زۆر میهرەبان و زۆر هەستیارە و ئەسڵەن خەڵک‌هەڵخەڵەتێن[7] نیە. ئەو کەسێکە کە زۆری کار کردووە و زۆر بیریکردوەتەوە، بەستەری[8] نێوان تیۆر و ئەکت (كرده‌ و پراكسیس) بۆ ئەو و هەڤاڵەکانی، بە شێوەیه‌كی توندوتۆڵ دامەزراوە. دەڵێن ئەوان چەندین مانگیان بۆ سازدانی [ئەم بەستەرە] داناوە . ئەوە ڕاست نیە: ئەوان هەشت ساڵیان بۆ داناوە. ئایا خوێندکارە تووڕەکانی ئێوە لە فەڕەنسا کارێکی وه‌هایان کرد؟ ئایا ئەوانیش بنەمایەکی ئایدۆلۆژیی توندوتۆڵیان دامەزراند؟ هەست ناکەم ئەوان وایان کردبێت.
پرسیار: هه‌ندێك جار وا هەستناکەن کە ئێوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە تێزەکانتان هاواردەکەن، تێدەپەڕێندرێن[9]؟
مارکۆزە: لەوانەیە وابێت. ئەگەر ئەوان توندوتیژن، ئەوە لەبەرئەوەیە کە داماون [10]. هێزی هیوابڕاوی [11] ، ئەکتی سیاسیی کاریگەر سازدەکات. بیهێنە بەرچاوی خۆتان ڕەشەکانی نیشتەجێی نەدارئاواکانی [12] وڵاتە یەکگرتوەکان؛ ئەوان ناوچەکەی خۆیان ئاگردەدەن، ماڵەکانی خۆیان دەسوتێنن. ئەوە کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە نیە، بەڵکو کردەیەکی هیوابڕاوانەیە، [هەڵبەت] ئەکتێکی سیاسییشه. سەرەڕای ئەمانە، لە ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان [13] بە خوێندکارانەوە سنوردارنابێت. خوێندکاران لە دژی کۆمەڵگایەکی هەژار و بە شێوەی خراپ ڕێکخراو، یاخی نابن؛ بەڵکو لە دژی کۆمەڵگایەکی تەواو دەوڵەمەند [یاخیبوون] کە خۆشڕابواردن و بەفیرۆدانەکەی زۆر بەباشی ڕێکخراوە، کەچی ٢٥% لە دانیشتوانەکەی لە [گەڕەکە] نەدارئاوا و هەژارەکاندا دەژین. یاخیبوونەکەیان بە ئاراستەی دژایەتییەک نیە لەگەڵ چارەڕەشییەک کە ئەم کۆمەڵگایە سازیداوە، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانێتی. ئەم دیاردە نوێیە، تەنها تایبەتە بە هی ئەو شتەی کە پێی‌دەڵێن«کۆمەڵگای زەنگین[14]». لە ئەڵمانیا پرۆسەکە هەر هەمان شته. لە فەڕەنسا پێموانیە وابێت، لەبەرئەوەی کە کۆمەڵگای فەڕەنسی هێشتا کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند[15] نیە.
پرسیار: سەبارەت بەو شتەی کە پێی‌دەڵێن بەراوردکردنی «هێزی ڕەش[16]» و «هێزی خوێندکار[17]»، چۆن بیردەکەنەوە؟
مارکۆزە :ئەم دروشمە لە ڕوانگەی منەوە مەترسیدارە. لەهەموو شوێنێک، هەمیشە زۆرینەیەکی گەورە لە خوێندکاران کۆنزەرڤاتیڤ، [وە] تەنانەت کۆنەپارێز[18]ن. کەوایە «هێزی خوێندکار» ئەگەر دیموکراتیک بێت، دەبێ کۆنزەرڤاتیڤ و تەنانەت کۆنەپارێزیش بێت. «هێزی خوێندکار» بەو مانایەیە کە چەپ نەک بەرهەڵستکاری بەڕێوەبەڕایەتیی زانکۆیە، بەڵکو بەرهەڵستکاری خودی خوێندکارانە. ئەگینا بۆی زەروورییە کە پرۆسەی دیموکراسی گەمارۆبدات[19] .لێرەدا ناکۆکبوونێکی بنەڕەتی لەئارادایە.
پرسیار : بەبۆچوونی ئێوە، هۆکاری بنچینەیی خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی خوێندکاران لەزۆربەی وڵاتەکاندا، چیە؟
مارکۆزە : دەربارەی خوێندکارانی ئەمەریکایی و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، کە من باشتر دەیانناسم، ئەمە پێداویستیەکی بەس عەقڵانی نیە، بەڵکو «غەریزی[20]»یە. ئەوان ڕەوشێکی وجودیی[21] تەواو جیاوازیان دەوێت. ئەوان بەرپەرچی ژیانێک دەدەنەوە کە تەنیا کێشمەکێشە لەپێناو بوون‌دا، ئەوان ڕەتیدەکەنەوە کە بچنە نێو ئەو شتەی کە ئینگلیزەکان پێی‌دەڵێن دەزگا[22]، چونکە پێیانوایە ئیتر پێویست نیە. ئەوان هەستدەکەن کە سەرلەبەری ژیانیان نقوم بووە لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگای پیشەسازی و بەتایبەت سودەکانی بازرگانیی گەورە، سەربازی، و سیاسەتمەدارەکاندا. هیپیەکان بێننە بەرچاوتان. یاخیگەریی ئەوان دژ بە ئەخلاقی پیۆریتەن[23] ئاراستەدەکرێت، دژ بە کۆمەڵگای ئەمریکی کە لەوێندەرێ تاک ڕۆژێ دەجار خۆی دەشوات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە سووک و سادەیی لە ڤیێتنام دەکوژن و دەسوتێنن. کەوایە ئەوان بە شێوەی میتۆدۆلۆژیانە لە ڕێگەی قژدرێژکردنەوە، ڕیش‌بەردانەوە، خۆنەشۆردن و ڕەتدانەوەی چوون بۆ جەنگ، دژ بەم دووڕووییە[24] ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لای ئەوان ناکۆکبوونەکان چاوکوێرکەرە. بەڵام بۆنمونە لەگەڵ خوێندکاران، ئەمە تەنیا وەک کەمینەیەکی زۆربچوک ڕاستە. خوێندکارەکان دەزانن کە کۆمەڵگا بەرهەڵستکارییەکان هەڵدەمژێت و ناعەقڵانی[25] وەک عەقڵانی پێشنیاردەکات. ئەوان بەڕوونی کەمتاکورت هەستیان بەوە کردووە کە مرۆڤی «تاک‌ڕەهەند» هێزی نەفیکردنەوە ، [وە] توانستی[26] نا وتنی لەدەستداوە. کەوایە ئەوان ڕێگە بەخۆیان نادەن تێکەڵکێشی[27] ئەم کۆمەڵگایە بن.
پرسیار: ئێوە چ وەڵامێک بە خوێندکاران دەدەنەوە ئەگەر ئەوان بێنە لاتان و بپرسن ئاخۆ خۆپیشاندانەکانیان [28] هۆشیاریی درووستکردووە، و دەتوانێت یارمەتی بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بدات؟
مارکۆزە: من سەرەتا پێیاندەڵێم کە نابێ چاوەڕوانی هیچ شتێک بکەن مەگین خۆپیشاندانە گەورەکان، وەک ئەوەی کە لە هەرشوێنێک بە سەرنجڕاکێشی ڕوودەدات، تەنانەت لە فەڕەنسا، لە دۆخێکدا کە تەنانەت پێش‌ شۆڕشیانە یان دژە شۆڕشیانە نەبوو. بەڵام من هەرگیز کۆڵمنەداوە. لە وڵاتە یەکگرتوەکان، زیادکردنی دژایەتیکردن لەگەڵ جەنگی ڤیێتنام هەتا ئێستا لە درووستکردنی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکادا، لانیکەم تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. نابێ خەیاڵ‌خاو بین؛ بەڵام نابێ کۆڵیش بدەین. بێسوودە لە وەها ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە کۆمەڵانی خەڵک پەیوەست بن بە بزوتنەوەكه و لەم پرۆسەیەدا بەشداری بکەن. لەڕوانگەی منەوە، شتێک لەم چەشنە دەتوانین لە یاخی بوونە[29] هەنووکەیەکانی خوێندکاراندا بەدیبکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یاخیبوونانە بەتەواوەتی خۆڕسکن. لە وڵاتە یەکگرتووەکان هیچ هەماهەنگی و ڕێخراوێکی چالاککردن لە پێوەری نەتەوەییدا بوونی نیە، تەنانەت لە پێوەری فراوانیی نەتەوەیەکیشدا بوونی نیە، و مەودایەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ ڕێخستنێکی نێونەتەوەیی. بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە یاخیبوونە بەرەو خوڵقانی هێزێکی شۆڕشگێڕانە ناڕوات. بەڵام لەگەڵ بزوتنەوەکانی «جیهانی سێیەم» و چالاکییەکانی گەڕەکە نەدارئاواکاندا بەیەکدەگاتەوە. ئەمە هێزێکی بەتوانایە بۆ هەڵوەشاندنەوە[30] .

ڕۆژنامەی لیمۆند – پاریس – حوزەیرانی ١٩٦٨

وەرگێر. پەیمان عەلیپوور/ مالپەڕی :(نێگەتیڤ)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت