هەندرێن خۆشناو: ئەرکەکانی هونەری کاریکاتێر.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرێک سەبارەت بە ئەرک و کاری هونەری کاریکاتۆر تووشی هەڵە و نا تێگەیشتن بوون، بۆیە ئێمە لێرە دەپرسین کە ئایا کاریکاتۆر هونەرێکی گاڵتەجاڕییە؟ تاکە ئامانجی کات بەسەربردن و دڵخۆشییە، چاندنی پێکەنینە لەسەر لێوان؟ بۆ ئەوەی بینەر یان خوێنەر دوور خاتەوە لە جیدیەتی هەواڵ و وتار و نووسینی وشکی سەر لاپەڕەکان؟. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بە ( میوەی رۆژنامەکان ) ناسراوە، کە خوێنەر لە کۆتایی خوێندنەوەی رۆژنامەیەک بەدەستی دێنێت، لەم کاتەشدا دەبێت تام و چێژێکی شیرینی هەبێت، و ناخی خوێنەر تەژی بکات لە خۆشی؟ یان کاریکاتۆر هونەرێکی بە گریان هێنەرە، ئێش و ئازاری میللەتێک بەدەردەخات، و بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ستەم و داپڵۆسین و کۆیلایەتی هاوار دەکات، و ڕەنگەکانی خوێن و بۆنی گەندەڵی و ئاسنی زیندانەکان وەدەردەخات؟.

زۆرێک بە نادروستی لە کار و ئەرکی سەرەکی هونەری کاریکاتۆر لێیان تێکچووە و تێکەڵیەک دەکەن و جیاوازی لە نێوان ئەرکە سەرەکییەکانی ناکەن، ئەوەی راستی بێت کار و ئەرکە سەرەکیەکانی هونەری کاریکاتۆر دابەش دەکرێنە سەر سێ ئەرک و ئامانجی سەرەکی.
یەکەمیان: ئەرکی ڕاست و دڵکاریی ( جیدی) هونەری کاریکاتێر، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریست ئێش و ئازار و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان دەخاتە ڕوو، وەکو هەر هاوڵاتیەک کە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەی دەژی. لەمەیاندا هونەرمەندی کاریکاتێریست بیروڕاگەلێکی وا دەخاتە ڕوو، دوور لە گاڵتە و پێکەنین و خۆشی، دەکرێت کاریکاتۆرەکە یان کارتۆنەکە بە توانج یان بێ توانج بێت.
بینەری ئەم کارانە بەڕاستی تام و چێژی تراژیدیا و خەم و ئازار دەکات لەگەڵ هونەرمەندەکە، لە کاتێک کە ئەو تابلۆیە پڕ لە گریانە دەبینێت، کە راستگۆترین دەربڕینی ناخ و هەستی هونەرمەندەکەیە. ئەگەر هونەرمەندەکە لەو کێشە و ئێش و ئازارەدا ژیابێت و هەستی پێکردبێت، ئەوا هەڵبەتە تابلۆکە ڕاستگۆیانەتر ئەو هەستە دەگوازێتەوە بۆ بینەر و خوێنەر.
لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە سەرەکییە، کاریکاتۆرەکە دوور دەکەوێتەوە لە دۆخی خۆشی و پێکەنین و شادی، چونکە لە دەربڕینی ئێش و ئازار و کێشەیەک بە شێوازێکی کاریکاتێریانە، کە هونەرمەندەکە لە ڕوانگە و دیدگای خۆیەوە دایدەڕێژێت، هیچ جێگای پێکەنین و گاڵتە و گەپ نابێتەوە.
دووەمیان: ئەرکی رەخنەی گاڵتەجاڕی ئامانجدار، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریستی بەتوانا کێشەیەک پێشکەش بە بینەر دەکات، بە شێوازێکی رەخنەگرانەی گاڵتەجاڕی دڵخۆشکار، کە تێیدا خۆشی تێکەڵ بە سوود و قازانج دەکات، جا ئەو کێشەیە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان بوارێکی تر بێت، لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا دەکات کە جێگای بایەخی گشت کۆمەڵگایە. لێرە لەم ئەرکەدا کاریکاتێریست بە توانستی خۆی کێشەیەک و ئامانجێکی دیاریکراو لەگەڵ قۆشمەبازی و گاڵتەجاڕیەکی جوان دەبەستێتەوە.
سێیەمیان: کاریکاتۆر تەنیا بۆ گاڵتە و نوکتەبازی و پێکەنین، لەمەدا کاریکاتۆر تەنیا بۆ کات بەسەربردن و مێشک حەوانەوە و بزە و پێکەنین بەکاردێت، بەبێ هیچ کێشەیەکی روون و دیاریکراو، ئەم جۆرە کاریکاتۆرەش لە ئاستی کاریکاتۆرەکانی تر کەمتر نیە، بەڵکو ئەمەش جەماوەر و حەزلێکەرانی خۆی هەیە، لەمەشدا دەبێت کاریکاتێریست سەرکەوتووبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ناتوانین ئەم ئەرکە یان ئەمجۆرە کاریکاتۆرە یان کارتۆنە بسڕینەوە لە جیهانی رۆژنامەگەریدا، چونکە نەک تەنیا ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن، بەڵکو هەموو کۆمەڵگاش بە درێژایی مێژوو بەبێ کۆمیدیا و نوکتە و گاڵتە نەبووە و نابێت.
لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە نابێت تێکەڵیەک بکەین لە نێوان ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی هونەری کاریکاتۆر، دەبێت ڕێز لە هەر سێکیان بگرین، چونکە هەر یەکیان ئامانجێکی دیاریکراو بەجێدەگەیەنن، تام و چێژ لە هەموویان وەرگرین و تێیانبگەین، تاوەکو هۆشیارییەکی رۆشنبیریی تەواو لەلامان گەڵاڵە دەبێت، و هەست بە پایە و بایەخی ئەو هونەرە کاریگەرە دەکەین، کە سوود و قازانج ، یان قازانج و خۆشی، یان تەنیا خۆشی و پێکەنین، دەبەخشێت بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنی خۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت