هەورامان عەلی : عەرەبی بەدوو ، نەوت و تیرۆر!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کوردەواریدا وتەیەك هەیە دەڵێت : کورد کە پارەی هەبوو یان پیاو دەکوژێت یان ژن دەهێنێت ! لە ڕاستیدا ئەو پەندە چەندە بۆ هەڵسوکەوتی کورد گونجاوە ، دەیانجار بۆ عەرەبەکان گونجاوترە .
لەسەرەتایی سەدەی بیستەمدا کاتێك نەوت لە ناوچەکانی کەنداوی عەرەبی دۆزرایەوە ، دەولەتە ئیمپریالیستیەکان لە نێویاندا بەریتانیا ، هەرچەند چالە نەوتێکیان جیاکردەوە و شێخێکیان بەدیاریەوە وەك پاسەوان دانا و ناویان نا دەولەت ! لە ڕاستیدا هەموو ئەو دەوڵەتانەی کەنداو بە ئیستەشەوە ، نەوتەکەیان نەمێنێت مەگەر بگەڕێنەوە بۆ دەورانی پێش نەوت ، واتە بەدووی کۆچکەری ئەو بیابانە کە گەورەترین کارو کاسپی پڕ داهاتیان ، ڕێگری و تالانی کاروانەکانی یەکتری بوو!
کوێت تا پێش نەوت لە چوارچێوەی دەسەلاتی عوسمانیەکان قەزایەک بوو سەر بە ولایەتی بەسرە ، لەگەڵ هەڵەبجەکەی ئێمەدا پێکەوە بونە قەزا ، بەڵام دۆزینەوەی نەوت جێگەو ڕێگەی گۆڕی و بەریتانیا لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی سایکس – بیکۆدا کردیە دەولەت و بنەماڵەی ال صباح وەك پاسەوانی بیرە نەوتەکان و حاکمی ولات دامەزراند .
محمد حەسەنێن هەیکەل ڕوداوێکی سەرنج ڕاکێش دەگێرێتەوە :
لەسەرەتاوە کاتێك لەبەرامبەر بڕێکی زۆر نەوتدا ، بەریتانیەکان پارەیەکی کاشی زۆریان دابوو بە یەکێك لەو شێخانە ، ئەویش لەنێو دەوارەکەیدا داینابوو ، مشك و جرج زۆریانی خواردبوو ! جەنابی شێخ بەهەڵەداوان خۆی گەیاندبووە لای ئینگلیزەکان و بە گریانەوە باسی فەوتانی پارەکەی کردبوو ! ئەوانیش پێیان وتبوو : پارە دەبێت بانقی بۆ بکرێتەوە نەك لە خێوەت و چادردا ، دابنرێت !
بەڵێ کاتێك پارە و سەرمایەیەکی خەیاڵی دێتە بەردەستی کەسێك کە خۆشی نازانێ بۆ و ، هیچ پرۆژەیەکیشی نیە بۆ سەرمایە گوزاری ئەو پارەیە ، کارەساتی لە جۆری تیرۆری ئیسلامی لێدەکەوێتەوە .
بۆ هەر لێکۆڵەرەوە و توێژەیەوەك کاتێك بە شوێن سەرچاوە و هۆکارەکانی پەرەسەندنی ترۆری ئیسلامیدا دەگەڕێت ، هەر لەسەرەتاوە پرسیارێك بەرۆکی دەگرێت ، سەرچاوەی ئەو هەموو پارەیە چی و کێیە کە رێکخراوە ترۆریستیەکان لێی بەهرەمەندن ؟!
لە کەس شاراوە نیە سەرچاوەی ئەو ملیارە دۆلارەی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان ، ولاتانی کەنداوە بە گشتی و سعودیە بە تایبەتییە ، ئەو دەیان ملیار دۆلارەی سەرفدەکرێتە رێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان قازانج و بەرهەمی کۆمپانیای ئەپل ، مایکرۆسۆفت ، تویۆتا و ڤالڤۆ نیە ، بەلکە پارەی نەوتەکەیە .
بە کوردی و بە کورتی تا پارەی نەوت بڕژێتە قاسەی ئەو خەلکەی بۆ هێلکە سورکردنەوەش چێشلێنەری هندی و ئەندەنوسی دەهینن ، چاوەرێ کۆتایی هاتنی کوشتاری رێکخراوە ئیسلامیەکان مەبە !

بەکلیکێک لەسەر سموبلەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت