هەورامان عەلی: یەنیچری Janissaries، سەبیحە بە نمونە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوانەی هاتوچۆی ئەستەمبوڵیان کردبێت دەزانن یەکێك لە دوو فرۆکەخانەکەی ناوی ( سەبیحە کوکشین )ە . زۆر کەس لەوانە خودی تورکەکانیش نازانن ئەم سەبیحەیە کێیە! سەبیحە یەکێکە لەو هەشت منداڵەی کە خودی مستەفا کەمال وەك منداڵی خۆی ساڵی 1925 تەبەنی کردوون و نازناوی ” کۆکشین”ی پێبەخشی.
لە بنەرەتدا سەبیحە ناوی ( هیریبسیم سیبیلسیان) ە و لە خێزانێکی ئەرمەنیدا لە دایك بووە و خەڵکی ناوچەی عەنتابە، کە لە ڕەشەکوژی ئەرمەنەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لەدەست دەدات. دەسەڵاتدارانی سوپای عوسمانیەکان وەك ( یەنیچری)ەك گەورەی دەکەن.

یەنیچری چیە؟
یەنیچری بەو منداڵانە دەوترێت کە لە کاتی جەنگ و پەلاماردانەکاندا وەك دەسکەوتی جەنگ بەدیلی دەگیرێن، ئەم نەریتە بەدرێژی مێژووی پەلامارەکانی سوپایی موسولمانە عەرەبەکان پەیڕەو کراوە. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بەشێوەیەکی سیستەماتیك و بەرفراوان پەیڕەو دەکرا. سوپای تورکە عوسمانیەکان کە پەلاماری شوێنێکیان دەدات، خەلکەکەیان ڕەشەکوشی دەکرد، سەروەت و سامانیان تاڵان دەکرد، منداڵە کوڕەکانیان دەکردە کۆیلەو کچەکانیشیان دەکردە کەنزە و بەسەر حەرەم سەراکاندا دابەشیان دەکردن. لەو منداڵانە بەشێکیان دەبرانە سەربازگەی تایبەت تا لەڕوی جەستەیی و دەرونیەوە پەروەردە و ئامادەیان بکەن و لە گەورەبونیاندا وەك سەربازی گوێلەمست و تایبەت بەکاریان بهێنن. لەو پەروەردەیەدا کەسایەتی ئەو منداڵانەیان دەشێواند، ناو، زمان، کلتور، ئاین و ڕەچەڵەکی خۆیان لەبیر دەبردنەوە و کەسایەتیەکی ساختە و درۆزنانەیان لێ دروست دەکردن!
ئەم سیاسەتە درندانەیە دوای داڕوخانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان لەلایەن سوپایی تورکیاوە هەر درێژەی پێدرا. سوپای تورکیا لە زۆر شوێنی کوردستان ئەم نەریتە قێزەونەی پەیڕەو دەکرد، لەکوشتارەکەی دەرسیمدا بەشیوەیەکی بەر بڵاو ئەو تاوانەی ئەنجامدا. جیی وەبیرهێنانەوەیە ڕژێمی بەعسیش بەشێك لە جەلادەکانی دەزگا داپلۆسێنەرەکانی لەو منداڵە ( ناشەرعیانە) پێك دەهێنا کە لەپێشدا پەروەردەیەکی تایبەت دەدران. هاوکات داعش لە چەندساڵی ڕابردوودا هەمان سیاسەتی بەرامبەر منداڵی ئێزیدی و مەسیحیەکان پەیڕەودەکرد.
سەبیحە پاش ئەوەی لەلایەن ئەتاتورکەوە تەبەنی کرا، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە ئەستەمبوڵ تەواوکرد، لەسەر داوای(باوکی) چوە کۆلێژی فرۆکەوانی و لە ساڵی 1935 سەرکەوتوانە خوێندنی تەواوکرد، پاشان دوای چەندین خوڵی فرۆکەوانی سەربازی لە ساڵی 1936 دا بوە ئەفسەری فرۆکەوانی سەربازی. شایەنی باسکردنە، سەبیحە لە بۆردۆمان و کوشتاری خەڵکی دەرسیمدا لە ساڵی” 1937 تا 1939 کە زیاتر لە 13 هەزار هاوڵاتی کوژران ” ڕۆڵی گەورەی گێرا و ئەو لێپرسراوی کوژرانی هەزارن کوردی عەلەویە. سەبیحە کە لەدایك بووی 22ی ئازاری 1913 بوو لە 22 ئازاری 2001 کوچی دوایی کرد.
…..
بەشێك لە زانیاریەکانم لەم ماڵپەڕەوە وەرگرتووە وکیپێدیا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت