هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ئیتر بەسە!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەخشەڕێگا كرچوكاڵەكان، پرۆژە دووبارە و سواوەكان، نیشانەی سەرگەردانی و پەرتەوازەبوونی هێزە سیاسییەكانی كوردستانن لە ئاستی هەژمونی دیكتاتۆرییەتی بارزانیدا. هەندێك لەم هێزانە تەنها چاوەڕوانییان بۆ ماوەتەوە، هەندێكیشیان خۆرەی بارزانی كاری تێكردوون و خەریكە بەرەو هەڵدێریان دەبات. لە هەردوو حاڵەتدا، بارزانی براوەیە!
هەڵوێستی ئەم هێزە سیاسییانە بەرامبەر بە برسیكردنی خەڵك، داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، پەكخستنی پەرلەمان، خۆسەپاندنی بارزانی، تاڵانكردنی نەوت و ….. هتد، تەنها قسە بووە، هیچ هێزێكیان نەیتوانیوە زەڕەیەك لەو هەڵوێستە زارەكییانە بكاتە كردەوە. بەمەش، بە هەموولایەكیان یارمەتی بارزانیان داوە كە ببێتە ئەو كەڵەگایەی ئەمڕۆ دەیبینین.
ئەگەر ئەم بێ هەڵوێستیە بەرامبەر بە دۆخی ئێستای هەرێمە ڕووخاوەكەمان جارێك خیانەت بێت، ئەوا هەڵوێستی زارەكی ئەم لایەنانە بەرامبەر بە هێرشی جاشەكانی ئەردوغان بۆسەر خانەسۆر بە دە جار خیانەت هەژمار ئەكرێت.
لایەنەكان ئەم ڕووداوە وەك شەڕی “براكووژی” لەقەڵەم ئەدەن، لەكاتێكدا هەموو باش ئەزانین كە تەنها لایەنێكی ئەم شەڕە برامانن، لایەنەكەی تر جاشی توركیان و لەسەر دەستی میت و سوپای خوێنڕێژی تورك مەشق وڕاهێنانیان پێ كراوە. ئایا حیزبەكانمان ئێستا ئەم لایەنەش بە برای خۆیان دائەنێن؟
لایەنەكان، بەتایبەتی ی. ن. ك.، كەڕ و لاڵن بەرامبەر بە خاوەندارییەتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هێرشی جاشەكانی ئەردوغان بۆ سەر خانەسۆر و لە قەڵەمدانی ئەم جاشانە وەكوو هێزی پێشمەرگە. لەكاتێكدا كە هەموو پێشمەرگەی یەكێیتی خۆیان بە برای گەریلا و شەڕڤانان و هێزەكانی بەرخودانی شەنگال ئەزانن وە لەشەڕی دژی داعش دا خوێنیان تێكەڵاو بووە. ئایا ئەمە تەنها هەڵوێستی یەكێیتییە دڵزەردەكانە كە لە مێژە شەرەفیان فرۆشتوە بە پارتی یاخود هەڵوێستی هەموو یەكێیتییە؟ ئایا گۆڕان چی لەوە خراپتری بەسەر دێت كە تائێستا بەدەستی بارزانی بەسەری هاتووە، ئەگەر بێت و هەڵوێستێكی ڕوونتر و بەهێزتر وەربگرێت؟
ئەوەی كە ئەمڕۆ جاشی نێودەوڵەتی، بارزانی، لەگەڵ ئەردوغانی وێرانكەردا پلانی بۆ دادەڕێژن، هەرێمی كوردستان ئەكاتە گۆڕەپانی ململانێیەكی خوێناوی هاوشێوەی سوریا وە یەكێك لە دەرئەنجامەكانیشی ئەوەئەبێت كە ێ‌ل بارزان، بۆ 200 ساڵی ترێش حوكمی ئەم ووڵاتە بكەن وخوێنی ئەم میللەتە بمژن!
ئێوەش، هێزە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە كە خوتان بە نوێنەری خەڵكی كوردستان دائەنێن، ئەمە دوا فرسەتتانە كە جورئەت بدەنە خۆتان و بە بارزانی بڵێن: ئیتر بەسە، هەرچەندە دڵنیام ئەم جورئەتەتان هەرگیز نابێت!
لێرەشەوە بە شێرەكانی قەندیل و هاوپەیمانانیان ئەڵێم: ئەگەر ئەمجارەش هێرشتان كرایە سەر، تكاتان لێ ئەكەم وەڵامێكی یەكلاكەرەوەتان هەبێت وە هەتا سەری ڕەش ڕامەوەستن! ئەوسا كوردی باشوور هەتا هەتایە سوپاسگوزاری ئێوە ئەبێت كە لەم شێرپەنجەیەی كە ناوی بارزانییە بەدەستی پیروزی ئێوە ڕزگار كران!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت