هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ئەکەن سواڵی نەوت لە بەغدا و ئێران، ئەی بۆ کەس ناڵێ کوا نەوتی نۆکان؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم قەیرانە داراییە دەستکردە، ژیانی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی گەیاندوەتە ئاستی هەژاری و برسییەتی، ڕاستە تاوانباری یەکەم حکومەتی شکستخواردوی هەرێمە، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش بەو هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووریەوە کە لە ناوچەی خۆیدا هەیەتی، لە بەر ئەم هۆکارانە، تاوانی بەشێکی ئەم وەزعەی ئەکەوێتە ئەستۆ.

یەکەم، ئیفلیجبوونی ناوەندی بڕیار لە ناو یەکێیتیدا، کە مەکتەبی سیاسیە.
دووەم، دەستگرتنی باڵی دارایی یەکێیتی، کە نۆکانە، بەسەر زۆربەی جەمکەکانی ئابووری، بازرگانی، ووزەو… هتد، لە زۆنی ڕەنگاوڕەنگدا.
سێیەم، قۆرخکردنی هەندێک بواری ئابووری ناوچەکە لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێیتیەوە. لێرەدا ئەمەوێت تەنها باسی نۆکان بکەم.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، سەردانی خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فوادم کرد، کە یەکێک بوو لەو کەسایەتیە دەگمەنانەی زۆر بوێر و دەستپاک و خاوەن هەڵوێست بوون لە ناو مەکتەبی سیاسی یەکێیەتیدا. کاک کەمال چەند مانگێک بوو بەرپرسیاریەتی دۆسییەی نۆکانی پێ درابوو. لێم پرسی: کاک کەمال، زانیاریم هەیە کە نۆکان گەندەڵیەکی زۆری تێدایە، هیچت بەرچاو کەوتووە؟”. کاک کەمال هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و ووتی: باوەڕکە ئەگەر ساڵێکی کەش خەریکی فایەلەکانی دلێری سەید مەجید بم، هێشتا سەری لێ دەرناکەم!”
نۆکان، کە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لەم ناوچەیەدا وە لە هەموو یاسایەک بەدەرە، ملیاردەها دۆلاری کۆ کردۆتەوە لە پرۆژەی خانوو، کشتووکال، بازرگانی جگەرە، وەرگرتنی تەندەری حکومەت، ووزەو… هتد، هەروەها خاوەنی هەزاران دۆنم زەویە کە بەنرخێکی یەکجار کەم، یاخوود بێ بەرابمەر دەستی کەوتووە.
بیرۆکەی دامەزراندنی نۆکان ئەوەبووە کە بتوانی هێزی پێشمەرگە، خانەوادەی شەهیدان و دامودەستگاکانی یەکیێتی بژیێنێ، بەڵام ئەوەتا ئەبینین ئەم لایەنانە حاڵیان چۆنە لەم بارودەخەدا. سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵات و پارەیە، تا ئێستا نۆکان بیری لە یەک پرۆژەش نەکردۆتەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی دەڤەری دەسەڵاتی یەکێیتی سوودێکی هەبێت، تەنها و تەنها بیری لە سەرکووتکردنی بازاری کراوەو بازرگانی ئازاد کردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆی.
هەروەها نۆکان هۆکاری یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ناو یەکێیتی، هەموو باڵەکانی یەکێیتی ئەزانن سەرچاوەی دارایی لای کێیە، بەڵام کەس جورئەت ناکات ناوی بهێنی! دواتر یەکتر تۆمەتبار ئەکەن بەوەی لایەنێک دەستی بەسەر سەروەتوسامانی یەکێیتیدا گرتووە. هۆکاری ئەوەش کە کەس ناوێرێ ناوی دلێری سەید مەجید بهێنێ ئەوەیە کە ناوبراو ئەتوانێ بوودجەی ئەو کەس و لایەنانە ببڕێ. زۆرجار رووی داوە کە دلێر  ـ مووچە، نەسریە یان پارەی سەفەری ئەندامێکی سەرکردایەتی بڕیوە لەبەر هۆکارێکی سیاسی یان شەخسی.
لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی یەکێیتی سەرقاڵی باڵباڵێنن، نزیکەی 70 ٪ ی موڵکی نۆکان لەسەر دلێر و کەسانی دەوروبەری تاپۆ کراون. نۆکان تەنها لە بەریتانیا زیاد لە 100 ملیون دۆلاری داوە بە باڵەخانە و موڵك، ئەویش لەسەر خەڵکانی نزیکی دلێر تاپۆ کراون.
ئەو مافیایەی نۆکان کە دلێری سەید مەجید ڕابەرایەتیان ئەکات، مووچەیەکی ئاساییان هەبوو کە دەستیان بەکار کرد، بەڵام ئەمرۆ ئەو کەسانە بێزیان نایەت بە ملیۆنەها دۆلار بڵێن پارە (بۆ نمونە شێخ ئەحمەدی نۆکان). بۆچی ئەبێ منێکی هیچکارە ئەم هەموو ڕاستیانە بزانم، بەڵام مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک. لە گوێی گایا نووستبێت؟
یەکێک لە پرۆژەکانی نۆکان، پاڵاوگەی بازیانە، کە دلێر لە 49٪ی فرۆشتوە بە کۆمپانیای قەیوان. ئەم پاڵاوگەیە رۆژانە نزیکەی 600 هەزار لیتر نەوتی سپی (کیرۆسین) بەرهەم دێنێت، جگە لە بەرهەمی تر. بەڵام، لەبەر ئەوەی نۆکان و قەیوان قەرزێکی چەند سەد ملیۆنیان داوە بە وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی (بۆ؟) ئێستا نەوت وەرئەگرن لە جیاتی ئەو قەرزە، ئەیپاڵێون، ئەیفرۆشن و قازانجەکەی ئەچێتە گیرفانی نۆکان و قەیوانەوە! کە نەوتی سپی و گازۆیل و بەنزین هەیە لە بازیان، وە لەژێر دەسەڵاتی خۆتاندایە، عەیب نیە سواڵ ئەکەن لە بەغدا و ئێران؟
باشە چی رووئەدات ئەگەر نەوتی بازیان کە موڵکی خەڵکە، لەم باروودۆخە ئابووریە وێرانەدا، بۆ چەند مانگێکیش بێت بەبێ بەرامبەر بدرێتەوە بە خەڵک؟ بۆچی بەنزین و گازۆیلەکەی نۆکان بەبێ قازانج نافرۆشنەوە بە خەڵک؟ ئەگەر ئەوەشتان بەلاوە زۆرە، لانی کەم بەبێ بەرامبەر بیدەن بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی یەکێیتی. ئایا ئەوەندە زەحمەتە بۆتان لە نێوان خەڵک و جەردەکانی نۆکاندا هەڵبژێرن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت