وێنەیەک لە مێژو ـ خولە پیزە .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەڵکی گوندی ( چەمیاڵە ) بووە لە سنووری شارباژێر نزیک گوندی نۆڕک و دەوروبەری وڵیاوا خێزانێکی هەژارو دەست کورت بوون و ژیانێکی کولـلە مەرگیان بە سەر بردووەو بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریک بوون . بەو جۆرەش وازیان لێ‌ نەهێناوە کە بە هۆی مردنی باوکیەوە ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەیانی لە ئەستۆدا بووە .
کاتێک مەفرەزەی پۆلیس لە چوارتاوە دەچن بۆ گرتنی بە هۆی دواکەوتنی خزمەتی سەربازیی بۆ رژێمێک ، کە پەیوەندی بە کوردەوە نەبووە . خۆی دەشارێتەوە لە ماڵەکەیان و دایکییشی کەناوی پیزەیە بە قورئانێکەوە دەچێتە پێشوازی پۆلیسەکان و داوایان لێ‌ دەکات واز لە خولەی کوڕی بهێنن و نەیگرن بە سەرباز چونکە کەسیان نیە بە خێویان بکات . پۆلیسەکانیش زۆر بێ‌ رێزی پێ‌ دەکەن و پاڵی پێوە دەنێن و قورئانەکەی لە دەست دەپەڕێت .
کاتێک خولەپیزە ئەو بێ‌ رێزیە دەبینێت کە بەرامبەر بە دایکی و قورئانەکە کراوە خۆی پێ‌ ناگیرێت بەو تفەنگە کۆنەی کە هەیان بووە ، کە ئەوسا زۆرتر تفەنگی ( ماهێڕ ) و ( سێ‌ تیر ) و ( یانزە تیر ) بووەو لە شوێنی خۆحەشاردانەکەیەوە تەقە لە پۆلیسەکان دەکات و سەردەستەکەیان کە ئازاری دایکی دابوو بە ناوی ( حەمە ئەمین بانی شاری ) دەکوژرێت و ئەوانی تریش وەک کۆمەڵەی گزگل لە ترسا رادەکەن و خولە پیزەش قاچاغ دەبێت و دەچێتە شاخ و هەمیشە کۆمەڵێک خەڵکی ئازای لەگەڵ بووە کەناو بەناو کەم و زیادیان کردووە .
حوکمەتی ئەوسای عێراقیش لە ساڵانی سیەکان و چلەکاندا هەمیشە بە هێزی سەربازی و پۆلیس و جاش کە پێیان دەوترا ( غیر نیزامی ) لە هەوڵی لە ناوبردنیدا بوون ، بەڵام بەهۆی ئازایەتی و لێهاتووی خۆی هەم پارێزگاری لە خۆی کردووە ، هەم دژایەتی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێرانی کردووە کە بە هاوکاری یەکتر هەوڵی لە ناوبردنیان داوە و لە دەیان شەڕدا توانیویەتی خۆی دەرباز بکات .
لە شەڕێکی سەختدا لە شاخی بەردەبەکۆزی نزیک سورکێو تاهیری برای کە لەگەڵیدا بووە بریندار دەبێت و ، بە برینداری دەیبەنە گوندی ( چەمپاراو ) ی ئێران نزیک گوندی ( سیاگوێز ) لە ناحیەی گەرمک لە ماڵێک دایدەنێن و تەداوی دەکرێت . بەڵام بەداخەوە لە لایەن خۆفرۆشێکەوە خەبەری لێ‌ دەدرێت و هێزێکی زۆری جاش و پۆلیس دەچنە چەمپاراو و دەوری ماڵەکە دەگرن و پاش گەڕان بە برینداری دەست گیری دەکەن و ئێوارە درەنگ هێنرایە مەخفەری پۆلیسی گۆڵێ‌ . لەبەر درەنگی کات و لە ترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە نەبرایە پێنجوێن و لە مەخفەری گۆڵێ‌ هێڵرایەوەو پۆلیسێکی زۆر ئێشکی مەخفەرەکەیان گرتبوو . لەترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە لەلایەن خەڵکی ( گۆڵێ‌ ) وە خواردن و جلوبەرگی زۆری بۆ برا ، بەڵام رێگە چارەو دەستەڵاتێک نەبوو بۆ ئازاد کردنی و ، رۆژی دواتر برایە پێنجوێن و دواتر سلێمانی و دوای دادگاییکردنی لە لایەن دادوەرێکەوە بە ناوی ( حاکم عبدالباقی ) لە بەردەم سەرای سلێمانی فەرمانی کوشتنی جێ‌ بە جێ‌ کرا و ، لەو سنوورەدا تا ئێستاش وەک کارەساتی بریندار بوون و گرتنەکەی وەک گۆرانی ماوەو دەوترێتەوە . وەکوو :
تابووتی بۆ بکەن لە توڵی لاولاو —- تایەری تێکەن بەرەو چەمپاراو
یان
ماشێنێک هاتووە شینی قەزوانی — تایەریان تێکرد بۆ سلێمانی
و …. لەم بابەتانە …
خولەپیزە نەی هێشت خوێنی تایەری برای بە فیرۆ بڕوات ، جگە لەوەی کە چەندین کەسی لە پیاوانی رژێم کوشت ، بڕیاری دا تۆڵە لەو حاکمەش بکاتەوە کە فەرمانی کوشتنی تایەری برای دەرکردبوو . بۆیە لە کاتێکدا حاکم عبدالباقی بۆ دەوام لە سلێمانیەوە ئەهاتەوە پێنجوێن ، لە سەر پردەکەی ناڵبارێزی ئێستا بۆسەی بۆ دا دەنێت . کاتێک حاکم عبدالباقی دەگاتە ئەو شوێنە تەقەی لێ‌ دەکات و لە تۆڵەی تایەری برای دا دەیکوژێت . دوای ئەوە ماوەیەکی تر بەردەوام بوو لە شاخەو شاخ و گوند بە گوندو رژێمی ئەوسای عێراقیش هەم هەوڵەکانی چڕتر کردبووەوە و هەم هێزەکانیشی زیاد کردبوو بە مەبەستی لە ناو بردنی تا سەرئەنجام لە شەڕێکی دەستەو یەخەی قارەمانەدا لە شاخی کەتوو ئەکوژرێت و کۆتایی بە ژیانی دێت ، بەڵام تا ئێستا ناوی لەسەر زاران و لە ناو ناواندا هەر ماوە .
هەندێک کەس تا ئێستا خولە پیزە بە پیاو کوژ دادەنێن و بە چەتەو رێگری دەزانن ، بەڵام خولەپیزە وەک سەدان خێزانی ئەو سەردەمە لە لایەن پاسەوانی ئەوسای رژێمی عێراقەوە ستەمیان لێ‌ دەکرا ئەویش یەکێک بوو لەوانەی کە ستەمی پێ‌ قبوڵ نەکراو ، دژی ئەو رژێمە چووە شاخ و چەکی کردە شان بۆ پارستنی خۆی . بەڵام پیاوانی رژێم شەو و رۆژ لەشاخ و ئەشکەوت و دەشت و دۆڵەکاندا بە دوایەوە بوون بۆ کوشتنی . ئەویش بۆ بەرگری لە گیانی خۆی ناچار بوو ئەوانە بکوژێت کە هەوڵی کوشتنیان دەدا . هەرگیز دژی هەژاران و زوڵم لێکراوان نەبووە و نە جەنگاوە بەڵکو دژی زۆرداران و زاڵمان و خوێن مژان بووە تا ئەو رۆژەی کوژراوە .
خوله پیزه له شاری سلێمانی له شاخی کەتوو له ناوچەی شارباژێر شەهید کرا .

سه‌رچاوه ‌: په‌یجی وێنه‌كۆنه‌كانی سلێمانی

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت