P-y

پارتی و یەکگرتوو لە یەکتر نزیک دەبنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکگرتووی ئیسلامی بەشداریی لە حکوومەتدا دەکات

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی

* یەکگرتووی ئیسلامی بۆ بەشداریی لە دەسەڵاتدا گۆڕان و ریزی ئۆپۆزیسیۆن بەجێدەهێڵێت  

* پارتی دەیەوێ حکوومەتی بنکە فراوان لە نێوان یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو دروست بکات 

* یەکگرتوو بۆ بەشداریی لە کابینەی هەشتەم داوای دوو وەزارەت و 10 پۆستی دیکە دەکات 

* یەکگرتوو بۆ کڕینەوەی شکستەکانی دەیەوێ بەشدارییکردن لە حکوومەتدا تاقی بکاتەوە

پرسی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بووەتە رۆژەڤی سەرەکی نها و بابەتی سەرقاڵی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت هەر پێنج لایەنی سەرەکی “پارتی ، گۆڕان ، یەکێتی ، کۆمەڵ ، یەکگرتوو”. لە ئێستادا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەی پێشوو یەکگرتوو و یەکڕیز نایەنە بەرچاو ، هەرچەند بۆ میدیاکان ، یەکڕیزیی خۆیان دووپات دەکەنەوە ، بەڵام هەریەکەیان دەیەوێت بە جیا و بە هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی پشکداریی بکات لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت . یەکگرتووی ئیسلامی بە هۆی تورکیاوە لە پارتی نزیک بۆتەوە و پێدەچێت بەو هۆیەوە بێ گەڕانەوە بۆ رای دوو لایەنەکەی تری ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بکات .

یەکگرتوو و کابینەی هەشتەم

بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە ناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، زۆربەی کادیرە پێشکەوتووەکانی ئەو حزبە و بەشێکی زۆریش لە سەرکردایەتییەکەی خوازیاری ئەوەن ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دەرەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بچێتە پرۆسەی دانوستاندنی حکوومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باڵێکی بەهێز لە ناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دروست بووە ، کە چیتر پاشکۆیەتی گۆڕان قبوڵ نەکەن و نەبنە هێزێک بۆ یاریکردنی گۆڕان ، وەک کادیرێکی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە نەویست ناوی بڵاو بکەینەوە وتی : دەنگی یەکگرتوو کەمی نەکردووە ، بەڵکو ئەوە ناڕەزایی کادیران و هەوادارانی یەکگرتووە پێمان دەڵێن : لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵ گۆڕان نەبین و پاشەکشە بکەین . بە گوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەیش، یەکگرتوو بەمافی خۆی دەزانێت لە دەرەوەی گۆڕان و کۆمەڵ، هەوڵەکانی بۆ بەشداریکردنی حکوومەتی ئایندە بخاتەگەڕ . بە گوێرەی زانیارییەکانیی ئێمەش ، پارتی دەیەوێت حکوومەتی بنکە فراوان لە نێوان یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو دروست بکات ، بۆ ئەو مەبەستە چەندین دانیشتن دوور لە چاوی کامێراکان لە نێوان پارتی و یەکگرتوو بەڕێوە چووە ، سەرکردایەتی پارتی و یەکگرتووش ئەو سەردان و کۆبوونەوانە ناشانەوە . لای خۆیەوە سەرۆکی‌ ئەنجوومەنی‌ سەرکردایەتی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان محەمەد رەئوف ، لەمبارەوە رایگەیاند ” ئەوان تا ئێستا هیچ جۆرە دانوستانێکی‌ فەرمییان لەگەڵ‌ پارتی‌ نەکردووە “، بەڵام رەتی‌ ناکاتەوە لە ماوەی‌ رابردودا دانیشتنیان لەگەڵ پارتی‌ هەبووە بۆ بەشداریکردنیان لە کابینەی‌ داهاتووی‌ حکوومەت. ئەو وتی‌ ” لەچەند رۆژی‌ رابردوودا مەکتەبی‌ سیاسیی‌ یەکگرتو کۆبووەوە و پێشنیارێکی‌ خستە بەردەم سەرکردایەتی‌ یەکگرتوو بۆ ئەوەی‌ بەشداریی‌ بکات لە حکوومەتێکی‌ بنکە فراوان ، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕێی‌ سەرکردایەتی‌ دەکەین بۆ ئەوەی‌ بڕیاری‌ یەکلاکەرەوە بدات لەو مەسەلەیەدا “. لەلایەکی ترەوە ، سۆران سێوکانی ، کادری دەست لەکارکێشاوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ، یەکگرتوو گۆڕان و ریزی ئۆپۆزیسیۆن جێدەهێڵێت چوونکە ئەزموونی ئەو حزبە لە ئۆپۆزیسیۆندا سەرکەوتوو نەبووە. سێوکانی وتیشی ” پێموایە یەکگرتوو بڕیاری خۆیداوە بە بەشداریکردن لە حکوومەت ، ئیتر گۆڕان هەبێت یان نا ئەوە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت ، چوونکە یەکگرتوو لە ئۆپۆزیسیۆن بوون سوودمەند نەبووە ، هەروەکو چۆن ئۆپۆزیسیۆن بوون لە ستراتیژیەتیاندا نەبووە ، لەبەرئەوە ئەوان دەڵێن ئێمە سەربەخۆین لە بڕیاردا ، ئەوەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ بڕیاری کۆتاییان بۆ چوونە حکوومەتی ئاییندە”.  سەرکردەکانی یەکگرتوو ئەوەش رادەگەیەنن ، کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێی باشە حکوومەتێکی هاوبەش پێکبێت و  هەموو ئەو حزبانەش بەشداربن لە داڕشتنی بەرنامە و  جێبەجێکردنی . د.محەمەد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند ” پێویستە هەموو حزبە براوەکانی هەڵبژاردن ، هاوبەش بن لە حکوومەتی داهاتوودا ، بەڵام هاوبەشێکی راستەقینە و دەستیان هەبێت لە داڕشتنی بەرنامەی حکوومەت و  جێبەجێکردنی”. وتیشی ” پێویستە وەزیرەکانیش دەسەڵاتی تەواویان هەبێت و بتوانن مومارەسەیان بکەن ، پێشتریش کە لە حکوومەتدا بەشداربوونەکەمان بەشدارییەکی رووکەشانە بوو، قۆناغێک بوو ، وا دەیخوازی بە هەر شێوەیەک بێت بەشداربین لە حکوومەتدا “. ئاماژەشی بەوەدا ” هەر ئەو کاتەش کە لە ناو حکوومەتدا بووین هەمیشە گلەیی و رەخنەکانمان گەیاندووە بە سەرۆکی هەرێم و لە راگەیاندنەکانەوە باسمان کردووە”.  پێشتریش سکرتێری‌ مەکتەبی سیاسیی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان رایگەیاند بوو ، ئەوان لەگەڵ یەکگرتوو ، یەکێـتی‌ حکوومەتی‌ داهاتوو پێکدەهێنن و ئاماژەی‌ بەوەش کردبوو یەکگرتوو حەز بە بەشداریکردن دەکات لە حکوومەت ، بەڵام ئەبوبەکر عەلی‌ ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامی‌ دەڵێت ” ئەو قسانە بۆچوونی‌ تایبەتی‌ فازیل میرانی خۆیەتی‌ و تا ئێستا لە سەرکردایەتی‌ یەکگرتوو پرسی‌ لەو جۆرە باس نەکراوە “. هەرچی‌ سەبارەت بە رای‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامییە ، ئەبوبەکر عەلی‌ ئەندامی مەکتەبی‌ سیاسیی‌ ئەو حزبە دەڵێ ” ئەگەرچی‌ هیچ رێکەوتنێکی‌ نوسراو لە نێوان هەرسێ‌ لایەنەکەی‌ ئۆپۆزیسیۆندا بوونی‌ نییە ، بەڵام بە پێویستی‌ دەزانێت بۆ داهاتووش ئۆپۆزیسیۆن لە راوێژ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن “.  یەکگرتووی ئیسلامی ، تاکە مەرجی لە بارەی بەشداریکردنی حکوومەت لەگەڵ پارتی ، بریتییە لە پێدانی چەند وەزارەت و پۆستێکی حکومیی کە دەسەڵاتی راستەقینەیان هەبێت نەک کارتۆنی . لەمبارەشەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ، ئەندامی مەکتەبی سیاسپی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمی‌ حزبەکەی‌ راگەیاند دوای پرس و راوێژ بە ئۆرگانە جیاوازەکانی حزب و را وەرگرتنیان ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ پرسی بەشداریکردن و نەکردن لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان . هاوکات ئەبوبەکر هەڵەدنی‌ دەڵێت : بەپێی ئەو رێژە کورسییەی‌ بەدەستیان هێناوە دوو وەزارەت کە یەکێکیان سیادی‌ بێت لەگەڵ 10% پۆستەکانیان دەوێت لە حکوومەتی‌ داهاتووی‌ هەرێمی‌ کوردستان . هاوکات هێمن هەورامی ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە نایانەوێت حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست بکەن ، بەڵکو خوازیاری پێکهێنانی حکوومەتی بنکە فراوانن . وتیشی ” پێی لۆژیکی ماتماتیکی بێت ئێمە‌ و یەکێتی (56) کورسیمان هەیە ، بەڵام ئێمە نامانەوێت پێکهاتەیەکی حکوومەت لەناو ئەو دۆخە گۆڕاوەی ئێستا لەناو کوردستان‌ و لە ناوچەکەدا هەیە ، تەنیا بە لۆژێکە ماتماتیکییەکە حکوومەت پێکبهێنرێت ، ئێمە دەمانەوێت حکوومەتێک بێت زۆرترین پشتیوانی سیاسیی‌ و جەماوەریی لەسەر ئاستی کوردستان هەبێت‌ و لایەنە براوەکانی دیش لەبەرچاو بگرین “. هێمن هەورامی ، رەتیکردەوە پارتی بە تەنیا لە هەوڵی بەشداریی پێکردنی یەکگرتوودا بێت لە حکوومەتی ئایندە ، وتیشی ” پارتی دیموکراتی کوردستان (38) کورسی هێناوە ، واتە پارتی لە کاتی پێکهێنانی کابینە دەتوانێت بۆ نموونە (38) لە سەدی بەرنامەکەی خۆی بکاتە بەرنامەی ئەم حکوومەتەی هەیە . لایەنەکانی تریش بەپێی ئەو کورسیانە و ئەو ئیستحقاقە ئینتخابییەی هەیانە ، دەتوانرێت بەرنامەکانی ئەوانیش بەشێک بێت لەو بەرنامە گشتگیرەی کابینەی هەشتەمی پێ پێکدەهێنرێت . بۆیە پارتی بەتەنیا کار لەسەر یەکگرتووی ئیسلامی یان لایەنەکانی دیکە ناکات ، بەڵام هەر هێزێکی سیاسیی براوە کە لەناو پرۆسەکەدایە مافی سروشتی خۆیەتی بە تەنیا گفتوگۆی لەگەڵ بکات یان بەرنامەیەکی تایبەتی تری بۆ هەبێت “.

رۆڵی تورکیا لە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکگرتوو

ناوەندەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، یەکگرتووی ئیسلامی بەهۆی نزیکی لە حزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە تورکیا، بەم دواییانە لە پارتی نزیک بۆتەوە و دوور کەوتۆتەوە لەو بەرەیەی کە بە بەرەی ئێرانیزم ناودەبرێت و هەر سێ لایەنی “یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ” دەگرێتەوە. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوەیان ئاشکرا کرد، یەکگرتوو بەشداریی نەکردووە لە هەوڵێکی ئێرانییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم لە نێوان سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتی، بەبێ پارتی. سایتی فەرمی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستانیش، ئەوەی بڵاوکردۆتەوە لە هەوڵێکدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن قەناعەت بە یەکێتی دەکەن بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەت، بەڵام لە دواساتەکاندا یەکگرتووی ئیسلامی لەو بڕیارە پاشگەزدەبێتەوە . سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەوەی راگەیاندووە “هەوڵێکی زۆر بەهێز لە نێوان هەر سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتیدا ئەنجامدرا و گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دروستکردنی حکوومەت بە بێ پارتی”. ئەو سەرچاوەیە وتیشی “بەڵام لە دواساتەکاندا یەکگرتووی ئیسلامی لەو کارەی پاشگەزبوویەوە  و ئامادەنەبوو بە بێ پارتی بەشداریی لە حکوومەتدا بکات”. سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد تورکیا فشاری لە سەر یەکگرتوو دروستکردووە لەوەی ئەگەر سەنگەری پارتی چۆڵ بکات ئەوانیش ئامادەنین پشتیوانی بکەن، بۆیە یەکگرتووش سەنگەری پارتی هەڵبژاردووە. هەر بەم هۆیەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت یەکگرتوو بە کارایی بەشداریی کابینەی هەشتەم بکات بە سەرۆکایەتی پارتی. د.خالید محەمەد، باس لەوە دەکات باشترین بژاردە ئەوەیە کابینەی هەشتەم لە نێوان یەکێتی و پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی دروست بکرێت، کە دەتوانن کوتلەیەکی پەرلەمانی بەهێز دروست بکەن لە پەرلەمانی کوردستان “66 کورسی”. لە بارەی نزیکبوونەوەی پارتی و یەکگرتووش وتی “بمانەوێ و نەمانەوێ ئێران و تورکیا، کاریگەریی و هەیمەنەی تایبەتی خۆیان لەسەر باشووری کوردستان، بەڵام بە رای ئێمە کورد لە تورکیا نزیکتر بێت باشترە وەک لە دەوڵەتێکی خنکاوی وەک ئێران، کە هیچ نییە بینێرێتە دەرەوەی خۆی جگە لە رێکخراوی ئیسلامی توندڕەوی وەک حەماس و حزبوڵا. بۆیە ئاساییە پارتی و یەکگرتوو بە هاوکاریی تورکیاش بێت لە یەکتری نزیک ببەنەوە، لە بنەڕەتدا ئەوە سوودیشی هەیە بۆ پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم”. د.خالید، ئاماژەی بەوەش دا کە بە روونی ئەوە بە سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامییەوە دەبینرێت کە سۆز و وەلائیان هەیە بۆ بەشدارییکردن لە کابینەی هەشتەم بە سەرۆکایەتی پارتی. لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ناڕەزایەتی هەیە لەناو ئەو حزبەدا. وتیشی “ناکۆکی هەیە لەناو یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر شێوەی بەشدارییان لە حکوومەت و جێهێشتنی سەنگەری ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام باڵی بەهێز تائێستا ئەوانەن کە دەیانەوێ پشکداریی لە حکوومەتدا بکەن، چوونکە لە چەند ساڵی رابردوو لە بری ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆن بوونیان وەربگرن، کەچی دەنگەکانیان کەمی کرد و رۆیشت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە لەم حاڵەتەدا یەکگرتوو بۆ پارێزگاریی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ تورکیا و کڕینەوەی شکستەکانی دەیەوێ قۆناغێکی دیکە لە بواری پشکداریی لە حکوومەتدا تاقی بکاتەوە”.

یەکگرتوو هەموو بژاردەکان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی 5-11-2013 بەلاغێکی بڵاوکردەوە و بەپێی بەلاغەکە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت ‌و هەموو بژاردەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە. لە بەلاغی کۆبوونەوەی رۆژی 5-11-2013  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە “کاتژمێر (10)ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە (2013/11/5) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی محەمەد فەرەج‌ و بە سەرپەرشتی محەمەد رەئوف سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئیستعرازێکی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و کوردستانی کرد و ئەگەری گریمانە چاوەڕانکراوەکانی عەرزی کۆبوونەوەکە کرد هەر وەک توانا و وزە و ناوخۆییەکانی یەکگرتووی خستەبەر چاوی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی سەرجەم گریمانەکان بەشێوەیەک کە خزمەت بە داواکارییەکانی هاووڵاتییان ‌و بەرەو پێشبردنی پڕۆسەی چاکسازیی ریشەیی لە سیستمی حوکمڕانیدا”. “هەروەها ئەمیندار بەرەنجامی راوێژکردنی مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانە ناوەندیی ‌و مەڵبەندەکان ‌و کادرە پێشکەوتووەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە هەتاکو لە بەر رۆشنایی ئەو پێشهات ‌و راوێژکردنە دراسەی بارودۆخەکە بکەین‌ و ریزبەندیی بژاردەکان بۆ خۆمان دیاری بکەین”.  هەر بەپێی بەلاغەکە “لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی سەرکردایەتی بەشێوەیەکی چروپڕ و وردبینانە و دووربینانە گفتوگۆیان لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە کرد کە بریتیبوو لە بژاردەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پاش دراسەکردنی چروپڕ و بەرفراوانی هەموو سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتی بڕیاریدا بژاردەی حکوومەتی بنکە فراوان باشترین بژاردەیە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی دانوستانی وەرگرت بۆ ئەگەرەکانی دەسپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت ‌و هەموو بژاردەکانی بە کراوەیی هێشتەوە”. 

ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە یەکتر دەترازێت

پێشبینی ئەوە دەکرێت بە بەشداریی یەکگرتووی ئیسلامی، بێ گۆڕان و کۆمەڵ لە کابینەی هەشتەمی حکوومەت یان دانوستانکردن بە جیا و بێ گەڕانەوە بۆ رای دوو لایەنەکەی تر، یەکڕیزیی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن تێکبدات و ببێتە هۆی لێکترازانی یەکجاریی ئەو سێ هێزە. هەرچەندە تائێستا یەکگرتوو بە فەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە کە دەستبەرداری دوو لایەنەکەی تری ئۆپۆزیسیۆن دەبێت، بەڵام چاودێرانی سیاسیی ئەگەرێکی لەم جۆرە بەدوو نازانن. ئەگەرچی ماوەی 4 ساڵە ئۆپۆزسیۆن وەک بەرەیەکی یەکگرتوو خۆی نمایش دەکات، بەڵام کۆتاییهاتنی‌ هەڵبژاردنەکان و پرسی پێکهێنانی‌ حکوومەتی نوێ، کۆتایی بەسەردەمی زێڕینی ئۆپۆزیسیۆن دەهێنێت و سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت “ئەو پێکەوەبوونەی‌ تا ئێستا لە نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەبووە، تەنیا بۆ چەواشەکردنی‌ رای گشتیی بووە ئەگەرنا لە بنەڕەتدا هەریەکەیان بە دوای‌ بەرژەوەندییە حزبییەکانی‌ خۆیانەوە بوون” بەبڕوای‌ شارەزایانی سیاسیی، سەرەتاکانی کۆتاییهاتنی‌ یەکجارەکی یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن کۆتاییهاتووە و سەرکردەی ئەو  3 حزبە (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن. لە چەند رۆژی رابردووشدا نەوشیروان مستەفا رێکخەری گۆڕان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوی حزبەکەی‌ دەڵێت “گۆڕان هێزی دووەمە و هیچ هێزێکی ناوخۆیی و ئیقلیمی ناتوانێت پەڕاوێزی بخات”. هەروەک بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە ئێستاوە چەند لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پرسی چوونە ناو حکوومەت و هەموو هەوڵێکی لە ئێستادا بۆ خۆ دەربازکردنە لە ئیسلامییەکان ( کۆمەڵ و یەکگرتوو ). هەروەک هۆشیار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری کەی‌ ئێن ئێن و ئەندامی جڤاتی‌ نیشتمانی گۆڕانیش بە روونی ئاماژەی‌ بەوە کردبوو “گۆڕان و یەکێتی لە پەرلەمان فراکسیۆنەکانیان بکەنە یەک تا زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ بن و بتوانن حکوومەتی‌ داهاتوو بۆ خۆیان بێت”. هەرچی کۆمەڵی ئیسلامیشە لە لێدوانی‌ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییەوە دەردەکەوێت زۆر پەلەیەتی بچێتە حکوومەت و ئەویش وەک پارتی و یەکێتی پشکی هەبێت لەو سەروەت و سامانە زەبەلاحەی‌ لە حکوومەتدا هەیە. لەو بارەیەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ ئاشکرایکردبوو “حزبەکەی‌ هەر دەچێتە حکوومەت ئەگەر گۆڕان و یەکگرتووش نەچن”. لەسەر ئاستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کۆبوونەوەی نهێنی و ژێربەژێریان لەگەڵ پارتی هەیە بۆ چوونە ناو حکوومەت و بچڕینی چەند وەزارەتێک لە حکوومەت. یەکگرتوو دەیەوێت لەو هەوڵانەیدا کە بەبێ ئاگاداریی گۆڕان و کۆمەڵ دەیکات، دەستپێشخەریی بکات لە وەرگرتنی‌ چەند وەزارەتێکی گرنگ پێش گۆڕان و جێهێشتنی‌ گۆڕان و کۆمەڵ. بەشێکی زۆریش لە چاودێرانی سیاسیی دەڵێن “سەردەمی زێڕینی هاوپەیمانێتی ئەو هێزانە کۆتایی هاتووە و ئەوەش کە ماوەتەوە تەنیا بۆ چەواشەکردنی‌ رای گشتییە تا بڵێن ئۆپۆزیسیۆن بڕیاری هاوبەشیان هەیە، ئەگەرنا لە راستیدا هەریەکەیان بە دوای‌ بەرژەوەندییە حزبییەکانی‌ خۆیانەوەن”. 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت