Pshko-nacmedin

پشکۆنەجمەدین : ئەرک و ئەگەرەکانی پاش هەڵبژاردن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردن ، تەنیا ڕەگەزێک یاخود خەسڵەتێکی پرۆسەی دیموکراسییە و ناکرێت هەمیشە و لە هەموو زەوینە و زەمانێکدا ، وەکوو دنگەیەک بۆ ڕۆنانی دیموکراتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی ، چاوی لێ بکرێت .

لە کوردستاندا، ساڵێک پاش ڕاپەڕین ، خەڵکی کورد بە هەڵبژاردن ئاشنا بوون و بە کردەوە و بۆ یەکەمجار، لە ڕێگای بەکاربردنی مافی دەنگدانەوە ( کە مافێکی سروشتیی هەموو ئینسانەکانە ) ، ئەنجوومەنی نیشتمانییان دامەزراند .

لە سۆنگەی نامۆییی کۆمەڵ و هێزە سیاسییەکانی بە کەلتووری دیموکراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا، نەبوونی لێبووردەیی و یەکتر قبووڵکردن لە ئەقڵی سیاسیی هێزە کوردییەکاندا، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان، جگە لە تەوافوقێک بۆ دابەشکردنی پەنجا بە پەنجای کورسییەکان ، ئەنجامێکی سروشتیی دیموکراتیی لێ نەکەوتەوە .

حوکمڕانیی نیو بە نیوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان ، دوو ساڵێک زیاتری نەخایاند و کارەساتی لێ کەوتەوە !

شەڕی نێوخۆ، ئاسەواری پرۆسەی هەڵبژاردنی لە کوردستاندا بۆ ماوەی13 ساڵ نابووت کرد. نائامەدەییی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی زەمەنیدا، نەیتوانی سیستێمێکی سیاسی و حکومەتێکی یەکگرتوو و تەندروستمان بۆ دابمەزرێنێت و ئێستاش و پاشی هەڵبژاردنی ساڵی 2009ش، ئەگەرچی فەزایەکی ئاوەڵاتری دیموکراتی و ئازادیی سیاسی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام هێشتا نە حکومەتێکی بە نێوڕۆک تەندروست و یەکگرتوومان هەیە و نە پرۆسەیەکی سیاسیی ساغڵەم و لەخەمڕەخسیو .

گرفت و تەنگژە جددییەکانی نێوان ‌دوو هێزی حوکمڕان لەلایەکەوە و نێوانی ئەوان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەلایەکی دیکەوە ، لەمپەری نووسینەوە و خستنە ڕیفرەندۆمی دەستوورێکی گەلپەسەند بوون .

ئەم ڕۆژانەی دەگوزەرێن ، زەمەنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانن. هەڵبژاردنی ئەمساڵ ، پێ ناچێت تەنیا هەڵبژاردن و کێبەرکێیەکی ئاساییی نێوان حیزبە کوردستانییەکان و لیستەکانیان بێت ، هێندەی بە دەستپێکی کردنەوەی دەروازەیەک دەچێت بۆ ئاوەڵابوونی فەزای گەمەیەکی سیاسی کە دەشێت نەخشەی سیاسی و باڵانسی هێز لە ئەنجوومەنی داهاتوو و لە حکومەتی چاوەڕوانکراوی نوێشدا بگوڕێت .

بانگەشەی هەڵبژاردن ، وێڕای خەسڵەتی ناشارستانەتی و میتۆدی دواکەوتووانەی جێبەجێکردنی و هەندەک ڕووداوی نەخوازراو و بە توندوتیژی بارگاوی ، دیسانیش بەرچاوڕوونییەکمان بۆ ئەگەرەکانی زەمەنی پاش خۆی پێ دەدات ، کە نەخشەیەکی سیاسیی جیاوازترمان بۆ دەسەڵاتی ئاییندە پێ دەبەخشێ و دەرکەیەکمان لەبەردەم ئاسۆی گۆڕانکارییەکاندا بۆ دەکاتەوە .

هەڵبژاردنی ئەمجار و ئەوەی کە سەرپاکی هێزە گەورە و بزێوە سیاسییەکان، سەربەخۆ و جیا بەشداری ئەم گەمە دیموکراتییە دەکەن ، یەگڕەنگیی سیاسی دەبەزێنن و چەپکەگوڵی ململانێ و پێکەوەژیان دەکەنە سەرمەشقی ئەزموونێکی نوێی سیاسی ، هیوایەک بۆ نابووتکردنی هەژموونگەراییی ئەم یان ئەو لایەن دەژیێننەوە !

هەڵبژاردنی گشتی، 21ی سێپتامبەری 2013 بەڕێوە دەچێت ، کام لیست براوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەن دەبێ ، گرنگییەکی زۆری نییە .

خەسڵەتی گرنگ لەم هەڵبژاردنەدا ، نییەت و نیازی هێزەکانە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەستەڵات لە حکومەتی ئاییندەدا و مەییلێکی دیار و پەرۆشییەکی بەرچاوی بەشێکی زۆری هێزەکانە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستێمی دەسەڵات و حوکمڕانییە لە کوردستاندا . ئاگێندای بەشێکی زۆر لە لیستەکان و لەپشت ئەوانیشەوە حیزبەکانیان؛ گۆڕانکاریی قووڵ و ڕیشەیییە لە سیستێمی بەڕێوەبردندا و هەوڵدانە بۆ تەنگکردنەوەی بازنەی هەژموونگەرایی و قۆرخکردنی جومگە سەرەکییەکانی دەستەڵات، کۆکردنەوە و خستنەگەڕی هێزی فشارە بۆ کاراکردنی ئەو بیرۆکە و تێروانینانەی کە لە بواری پراکتیکی کاری سیاسیدا ، قۆناغی ناتەندروستی حوکمڕانی قوفڵ بدەن و سەرەتایەک بۆ دەورانێکی نوێ لە پرۆسەی دیموکراتیدا بڕەخسێنن .

هیچ حیزب و لایەنێک ، زۆرینەیەکی هیندە زۆر ناباتەوە ، کە بە تەنیا مافی دامەزراندنی حکومەتی هەبێت . حکومەتێکی بنکەفراوانی هاوبەش و ڕەنگاوڕەنگ ، دەشێ یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بێت .

پەرلەمانی هەڵبژێردراو، موزاییکێکی ڕەنگینتر دەبێت و گرووپەکانی فشار، ئەگەر ململانێ تایبەت و حیزبییەکانیان تێپەڕێنن ، دەتوانن پرۆسەی گۆڕانکارییەکی جددی وە ڕێ بخەن بۆ:

* گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی بە مەبەستی تێپەڕاندنی پارادۆکسی سیستێمی دەسەڵات و جێهێشتنی ئەو تێکڵاوییە نەخوازراوەی نێوان شێوازی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە سیستێمی سیاسیدا .

* هەوڵدان بۆ جێخستنی سیستێمێکی پەرلەمانیی دیموکراتی لە کوردستاندا کە لەوێدا؛ سەرۆک هەڵببژێردرێت ، دەستەڵاتەکانی بە یاسا کەم بکرێنەوە و دیاری بکرێن ، هەژموون و هەیمەنەی سەرۆک بەسەر کۆی دەسگاکانەوە کاڵ بکرێنەوە .

* سیستێمێکی پەرلەمانی کە هەموو دەستەڵاتدارانی هەرێم (بە سەرۆکیشەوە) لەبەردەم هێزی یاساییی ئەو دامەزراوە شەرعییەدا بەرپرسیار بن و لێیان بپرسرێتەوە .

* یەکخستنەوەی حکومەت و سڕینەوەی شوێنەواری دووئیدارەیی و بە کردەوە بەزاندنی سنوورەکانی زۆنی سەوز و زەرد لە حکومڕانیدا ، دەشێ یەکێک لە ئەرک و ئۆباڵە هەرە گرنگەکانی ئەنجوومەنی نوێ بێت .

* بەدامودەسگاییکردنی جومگەکانی دەستەڵات و یاساریژکردن و چاودێریکردنی دەسەڵاتی دەستەڵاتداران ، لە جومگەی سەرۆکەوە بۆ خوارترین پۆست، دیاردەیەکە هێشتا بوونی نییە و بێ خولقاندن و جێخستنی ئەم ئەرکەش ، پرۆسەی حوکڕانی لە کوردستاندا ، لەم پاشاگەردانییەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕزگاری نابێت .

* هێشتا چەند هێزێک و گوڕوتینێک بۆ دامەزراندنی حکومەتی هاووڵات، کۆمەڵی خۆشگوزەران و دابینکردنی دادی کۆمەڵایەتی هەن . داخۆ ئەو هێزانە لە ئەنجومەن و دەورانی نوێدا ، چۆن دەتوانن هێزی کارای خولقاندنی گۆڕانکارییەکان بن؟

ئەرکەکانی ئەنجوومەنی نوێی هەڵبژێردراو سەختن و چاوەڕوانییەکانیش

فرەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت