پشکۆنەجمەدین : هێلانەی سی و شەش هەڵۆی سوور

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ نەهاتمە تەنگیسەر

هیچ ساتێک و هیچ ساڵێکی دیکەش نایەم !

ئەگەر من بێم، دەبێ دڵم لە سوچێکی ژوورەکەمدا

جێ بێڵم و ” تەنگیسەر” یش تەنیا و تەنیا ،

بە بێ هاوەدەم و

هاوڕازێک لێم زویر بێت !

نا.. ئەو نەیهێشت .. ئەو پێی وتم :

مێژوویەکە جگە ئا لەو تەنگیسەرەی لە ناختدا

دارهەناری هەردەم سەوز و گوڵگرتووە و

ئارام ئارام، گۆرانی بۆ ژیان دەڵێ ،

لە ئاسۆوە ، لەگەڵ گزنگی بەیاندا ،

هەموو ڕۆژێک ، سی و شەش هەڵۆی

باڵخوێناویی لێ هەڵدەفڕێ و

پۆلەهەڵۆ بە ئاسمانی شاری ” شێخ ” دا

گڕ دەخۆن و لە ڕووخساری خۆلەمێشیی

شەقامەکان ، لە ئەپارتمانی بێگیان ، 

لە پەشیمانیی ” گرد ” ەکان ڕادەمێنن .

سی و شەش هەڵۆی بەژنکورت و

بەرزەبیر و

باڵیان هێندەی خەم و ئازار و مەینەتیی

ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتە درێژ، ڕەنگە دریژتر بن .

سی و شەش هەڵۆ، هەژدەیان ناویان  ( ئارام ) ـەو

هەژدەکەی دیش هەر ( شاسوار) ن!

ئەو خۆی وتی . تەنگیسەر خۆی :

( خەڵکی تەنیا ساڵی جارێک دێنە زیارەتی مەزارم .

مەزاری من سی و شەش ساڵە ، لە ڕووحتدا ،

هەم مەزرایەکی بەبژوێن ،  هەم ئارامگەی هەڵۆیەکە ،

ئاشنایەتیی

لەگەڵ پیری و مەرگ نییە !)

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت