پشکۆ ناکام: خـــــــــــــــــــــراپتـر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسێکی پێوە لکاوی بنەماڵە کە جگە لە “بێ ئومێدی” هیچی تری لێ نە سەوز و نە زەرد ئەبێت ، پێمان ئەڵێت: هەر کوردێک غیرەت و ناموس و شەرەفی !!هەبێت لە 25/ی ئەیلول چاو ئەنوقێنێ و یادێک لە سەد ساڵەی نەهامەتییەکانی کورد ئەکاتەوە.
پێشەکی سەیرە بەم ئاخر و ئۆخریە ئەو زاتە ئەو ناموس و مولحەقاتەی هاتۆتەوە بیر و پاشان بەش بە حاڵی خۆم پێش ئەو رۆژەش دەیان جار چاوم نوقانوەو بیرم لە تەئریخی پڕ لە شکستەکانی کورد کردۆتەوە هەر چاو ئەنوقێنی یەکسەر ئاش بەتاڵی ساڵی 75/م یەتەوە بەرچاو، کە چۆن بزووتنەوەی چەکداری کورد دوای چواردە ساڵ لە قوربانی دان، بەهۆی گرێدانی ئامانجەکانی بە بەرژەوەندییەکانی شای ئێرانەوە لە چەند ڕۆژێکا ڕووخا و داتەپی و بە ” ئاش بەتاڵ” چووە تەئریخەوە و بەرپرسی سەرەکی ئەو ئاش بەتاڵەش ئەو سەرکردایەتیە بوو، کە ئێستا میراتگرەکەی داوامان لێئەکات لەژێر سێبەری ئەودا دەنگ بەین بە کورسیڕاندۆم.
هێشتا هەر چاوت نوقاوە کە گوێت لە دەبابەکانی بەعس ئەبێت لە 31/ی ئابی 96 لەگەڵ گەوزانی سەدان کورد لە هەولێر و دەوروپشتی پایتەختەکەی هەرێم داگیر ئەکەن بە چاوساغی ئەو بنەماڵەیەی ئەو لە “ئومێد کەوتووە” داوامان لێئەکات هەمومان بە چاو نوقاوییەوە دەنگ بەدەین بەو گیرفانراندۆمەی ئەوەنەی تر کۆمەڵانی خەڵک تووشی نەهامەتی و ماڵ وێرانی ئەکات.
با پەلە نەکەین و هەر بە چاونوقاوییەوە وەک فیلمێکی دکومینتاری خێرا چەکدارەکانی ئەو حیزب و بنەماڵەیە بهێنینەوە پێش چاوی خۆمان، کە بە سەدمەتری لە شەنگال بە هەڵەداوان ئەیقوچێنن یەزیدیەکان وەک دیاری تەسلیم بە داعش ئەکەن و، دواتر لەبەردەمی هاممەر و کامێراکانەوە نەزەرییەی” شەڕ راکردنیشی تیایە” ئەخەنە فەرهەنگی شەڕی میلیشیاکانەوە.
با تۆزێک سەبرمان هەبێت و چاو نەکەینەوە تا بە نوقاویی بەهەزاران تانکەری نەوتی هەرێم ببینین کە ڕەوانەی دەرەوە ئەکرێت و حسابەکەشی سفر هیچ بەدەستەوە !
هەر بە چاو نوقاوییەوە سەرۆکی بنەماڵە ئەبینین کە چۆن هەڕەشە ئەکات و ئەڵێت: گەر مالیکی کرایەوە بە …….، من سەربەخۆیی هەرێم ڕائەگەیەنم و چۆن کەمتر لە ساڵێکی خایان بە پەلەپروسکێ نوێنەرانی ئەو بنەماڵە و پاشکۆکانی و حیزبەکەی ئەو لە ئومێد بێبەش کراوە لە پێناوی پارەیا وا قۆڵ ئەکەن بە قۆڵی یەکداو ئەڵێی بەیەکەوە لەحیم کرا بوون، بۆیە ئێستا وەک نوکتە لەسەر وەزنی فیلمی کاوبۆی ” لە پێناوی مستێک دۆلارا – کلینت ئیستوید ” ئەوترێت : ریفراندۆم لە پێناو تورەکە دۆلارا.
با تۆزێک دان بە خۆمانا بگرین پێش چاوکردنەوە چەن وێنەیەکی تریش بهێنینەوە بەر چاومان :
A- ئەو داپیرە بەدبەختەی گەرمیان کە بوە قوربانیی سیستەمە ئابوریە سەقەتەکەی بنەماڵە و پارتەکەی ئەو ” لە ئومێد خیش کردوە” بەرپرسیارن لێی.
B- وێنەی ئەو کچە بەناو ئەکتەرەی لەفلیمەکانیا حەزی لە جل لەبەر کردن نیە لەگەڵ سەرۆکی بەناو حکومەتی تەهریج و عەجایباتی هەرێم.
C- وێنەکانی ئەو هەموو ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیانەی لە سایەی حوکمی ئەو بنەماڵەیەوە تیرۆر کراون کە ئەو ئومێدە ناوەرۆک بێ ئومێدە دەرچوی قوتابخانەکەیەتی.
D- مەنع کردنی سەرۆکی پارلەمانی کوردستان لە چونە سەرکارەکەی و داخستنی پارلەمان و داهێنانی دروشمی هەزەلی: لە نێوان خراپ و خراپترا. بنەماڵە خراپەکەی هەڵبژارد ، واتا بنەماڵە موخەیەر بوو لە هەر سێ ئەگەرەکە و ئەبێت مەمنون بین خراپترینەکەی هەڵنەبژارد. بۆیە بەندەش بۆ ئەوەی لەوە ” خراپتر” بەسەر کوردستانا نەیەت لە 25/ی ئەیلول ئەڵێم نەخێر.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت