پەشێو حەمەئەمین : ژن وەك کارەکتەری سێکس و خزمەتکردن لە ئامانج و شانۆی پیاودا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەدا من بە تەنها باس لەو تاوانکاریە تاکیانە ناکەم و ووتارەکەم وابەستە ناکەم بەتەنها دۆزێکەوە کە تایبەت بێ بەتاوان و کوشتن و تیرۆرو سوکایەتی پێکردنی ژنێك ، چونکە تاوانەکان زیاتر لەتەنها دۆزێکن و ناکرێ بەتایبەت بچینە سەر شیکاریی ڕووداوێك ، بەڵکو دەمەوێ زۆر بەڕوونی باس لەو سروشتە بکەم ، کە ژن تێیدا دەژی لە کۆمەڵگای کوردیدا .
ژن چیە ؟ چ مافێکی هەیە لە کۆمەڵگادا ؟ ئایا ژن وەسیلەی گەیاندنی پیاوە بەلوتکەی خۆشی و حەزەکانی لەڕێگەی سێکس و خزمەتکردنەوە ، یاخود بەتەنها بۆخستنەوەی مناڵ و درێژەدان بەکەون درووست بووە ؟ ئایا ئەو گوزارشتانە ڕاستن کە باس لەنیوە بوونی ژن دەکات لە کۆمەڵگادا بەهەموو واتاکانیەوە ؟ بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کێ وەڵام بداتەوە ؟
من تێ ناگەم لەم ڕۆژاگارەدا کە بەدەیان و سەدان تاوانی ڕۆحهەژێن دەبینین و گوێ بیست دەبین ، کە عیبارەتن لە ئەتك و تیرۆر بە پیرۆزیەکانی ژن ، ئیتر لەکوێدا ئەو قسە بێ بنەماو قێزەونانە بێبەڵگەیی وەردەگرن کە لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوە کاسەلێس و بێ نرخەکانەوە دەکرێن ، لەمەڕ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و سەروەری ژن ؟
چەندە سەختە کاتێك کە پارێزەری دنیا ژن بێت و دایك ژن بێت و ڕۆمانسیەت لە ژندا کۆتایی بێت و شاعیرەکان بۆ ژن بنوسن و کارەکتەرە سەرەکیەکانی نێوڕۆمانەکان هەر ژن بن و ئارامی پیاو لە هەموو ساتەکاندا ژن سەرچاوەی بێت و کەچی ئەوەی قوربانی دەداو ئەوەی ئەتك دەکرێ و ئەوەی تیرۆر دەکرێ و مافی پێشێل دەکرێ لە کۆمەڵگاداو سنوری بۆ دادەنرێ ، هەر ژن بێت و بەدیلی نەبێت .
من دەپرسم ئەو پیاوانەی لە فەلسەفەی فرمێسکەکانی ژن تێ ناگەن و هەست بە بەرائەت و لاوازی و بێ دەسەڵاتی ژن ناکەن ، ئەوانە لە کوێی مرۆڤدۆستی و ڕۆمانسیەتدا بوونیان هەیەو وویژدان لەسروشتیانا پارێزراوە ؟ بۆیە دەڵێم ئەو کەسانە حەقە جاڕی نامرۆڤی خۆیان بەدەستی خۆیان لێ دەن و تا کۆتا لەکوچەی شەرمەزاری کەوکەبێکی تردا خۆیان حەشار دەن .
ووتمان ژن چیە ؟ ببورن کە ناتوانم شوناسێکی تەواوی پێ بدەم ، کە بگات بەو پێگە مەزنەی کە هەیەتی لە کۆمەڵگادا . بەڵام دەتوانم بڵێم ( ژیان بریتیە لە ژن ، واتا ژنان ئایندەن ئامانج و هیوان ) بەڵام بەداخەوە بەردەوام لەژێر مەترسی و دڕندەیی پیاودا ئەتك دەکرێن و ، ئاسانتر لە کوشتنی باڵندەیەك لەژیان تیرۆر دەکرێن ، هەرچەندە زۆر سەختە ئەو ڕاستیە بڵێم : کە ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا لەدیدی زۆرێك لەپیاوانەوە بریتین لەئامانجی ( سێکس و خزمەتکردن) و هیچ مافێکیان پێ ڕەوا نابینرێ .
بۆیە لێرەدا دووبارە دەپرسیینەوە کە ئەوانەی ئەم واقیعەیان دروست کردووە و کاریان بۆ نەمانی ئەم ڕەوشە ترساناکە نەکردووە کێن؟
١- تێ نەگەیشتن و بێ مروەتی و دڕندەیی پیاوە لەمەڕ پاکیزەیی و بەرائەتی ژن.
٢- کارپێکردن و زیندو و هێشتنەوەی کلتورە بۆگەنەکانی کۆنە ، کە تێیدا ژن بەتەنها کۆیلەیەو هیچی تر .
٣- زۆرێك لەڕێکخراوە سك ئاوەساو و بەرتیل خۆرەکانی ووڵاتن کە بەناوی داکۆکی لەمافەکانی ژن مۆڵەتیان هەیەو کەچی هیچیان پێ ناکرێ و پەڕەی سپی نەماوە بەیاننامەی بێ ئەنجامی تیا بڵاو نەکەنەوە .
٤- چاوپۆشی و پەردەپۆشکردنی زۆرێك لەدۆسیەکان ، کە حیزب پشتگیریان لێ دەکات بەهۆی ئەو مەوقعەی کە تاوانبار ، تێیدا دەژی و لێدان لێی بۆ حیزب وەتەرێکی حەساسە .
٥- نەبوونی هۆشیاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ئایینی .
٦- کەم ئاماژەدانی مامۆستایانی ئایینی سەبارەت بەپرسی ژنان کە زۆرێك لەپیاوە کۆنەپەرست و ناحاڵیەکان پێیان وایە ئەم ڕەوشەی ئێستا ڕەنگدانەوەو جەوهەری ئایینی ئیسلامە .
لە کۆتاییدا تەمەننای هۆشیاریەکی باش بۆ کۆمەڵگا دەخوازم و بەهیوام پیاو لەجەوهەرو گەورەیی ژن تێ بگات و زیاتر حاڵەتی سوکایەتی و تیرۆر و کوشتن بەرانبەر ژن دووبارە نەبێتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت