111.2899 Barzani 7

پەشێو حەمەدئەمین ؛ پارتی و تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ڕۆژگارەدا کە  کەڵچەرەکانی دەسەڵات و هەمەهەنگی و پێکەوە بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانی لە کۆی ئەو ووڵاتانەی کە تیۆریزەی دیموکراتی بەشێوەیەکی پراکتیکی دەکەن و ، سەردەمی پاشا گەردانی و حوکمی تاکڕەوی بەبنبەست گەیشتووە . ئالەم زەمەنی تەکنەلۆجیاو دنیا دیمۆکراسیەی لە ئەوڕوپاو ڕۆژئاوادا بەبنەما وەردەگیرێت ، هەرێمی کوردستانیش لە ژێر سایەی حوکمی بنەماڵەدا لەهەوڵی ئەوەدان ، ڕۆژگارەکانی بەر لە ڕێنسانس و سپارتاکۆسمان بۆ بکەنە ئەمری واقیع .
ئەو مۆدێلەی لە تەواوی وڵاتە ئازادیخوازەکاندا بۆگەنی کردووە ئا لەمڕۆدا پارتی ماکیاژی ئەو جۆرە دەسەڵاتداریە دەکات و بەسەر ئەم گەلەیدا دەیسەپێنێت و ، لە گشت سێکتەرەکانی دەسەڵاتدا بەشێوەیەکی ئاکتیڤ کاری پێ دەکات .
گەرسەرنج بدەین تاکڕەوی بۆتە مەبدەئێک لای پارتی خەریکە بەیاسا ڕێکی دەخات ، ئەمەش کارێکە لەئاستی بێ بەهاکردنی نیشتمان و پچوکردنەوەی ئازادییە گشتی و تاکە کەسیەکان و ڕێز نەگرتن لە ئیرادەی لایەنە سیاسیەکانی تر ، کە زۆربەی کۆمەڵگا متمانەیان پێ داون .
بۆیە تاکڕەوی بۆتە وشەیەك و پارتی لەمەجالی سیاسیدا مانای پێ دەبەخشێت ، ئەویش بەم ئیعتبارانەی خوارەوە :
کاتێك باس دێتە سەر پرسە نیشتمانیەکان ، پارتی دەیەوێت خۆی زمانحاڵی دۆزی کورد بێت ، ئەمە لە کاتێکدا کەمترین بەرخودانی لە پێناو شکۆی نیشتماندا داوەو بگرە لە زۆربەی کاتەکاندا نیشتمان زەلیلی دەستی خۆی بوەو ، شکۆی نیشتمانی لەخزمەت دوژمنانی کورددا بچوك کردۆتەوە ، دواترین پێشهاتیش پرسی گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو ، کە ئەو پێی وایە دەبێ باڵا دەستی خۆی و ، سیاسەتەکانی ڕەنگدانەوەیەکی نەوعیان لە سروشتی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکەدا هەبێت .
کاتێك کە ئامانجەکانی پەکەکە دەگاتە ئەو ئاستەی هیواکانی گەلی کوردی تێدا ببینرێت ، ئەوا پارتی جیاواز لە هەموو لایەنەکانی تر بەرهەڵستی خۆی بۆ ئەو پرسەیان دەکات و دژایەتیەکی نالۆژیکیانەی سیاسەتەکانی پەکەکە دەکات لەپێناو ڕازیکردن و تۆختر کردنی دۆستایەتی لەگەڵ گەورەترین دوژمنی گەلی کورد کە دەوڵەتی تورکیایە ، سەلمێنەری ئەم ڕاسیەش دژایەتی کردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو سیاسەتەکانی پەیەدەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان .
سەبارەت بە گرێبەستە نەوتیەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێم ، هەر بەتەنهاو بەبێ گەڕانەوە بۆلێژنەکانی بەدواداچون لە پەڕلەماندا ، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆو سامانە سروشتیەکانەوە داهاتی میللەت بە تاڵان دەبات و هەر خۆی تەحەکوم بەو داهاتەوە دەکات ، کە لە ڕێگەی ئەو وەزارەتانەوە دەستی دەکەوێت ، بۆیە لە ئێستادا دەستبەرداری هیچ کام لەو وەزارەتانە نابێت .
لە کۆی هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزیانەی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا ڕوودەدەن ، هەر بۆخۆی خوڵقێنەری گشت کێشەکانەو لەژێر ناونیشانی سەربەخۆیدا میللەت دەخاتە ژێر هەموو ئەو مەترسیانەی کەپەیوەستن بەباری ئەمنی و مادیی و ڕەوشە سایکۆلۆجیەکانی مرۆڤەوە .
سەبارەت بە تەشکیلات و دروستکردنی حکومەتێك ، کە پشکی هەموولایەنە سیاسیەکانی تێدا بێت ، بەربەستی یەکەمە لەپێدانی ئەو پۆستانەی کە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکان بەر لایەنێک دەکەوێت و رێگرە لە پێدانیان ، ئەویش بە ئامانجی ڕادەست نەکردنی دەسەڵات و قۆرخکردنی جومگە ئەساسەکانی بەڕێوەبردن و دەستبەردار نەبونی لەو پۆستە وزاریانە .
سەرۆکایەتی هەرێمی لەسەر خۆی تاپۆ کردوەو تەنانەت ڕێگە نادات بە بچوکترین چالاکی لە لایەن جێگرەکەیەوە ، بۆ دواین جاریش لە ژێر شیعاری دروستنەبونی فەراغی یاسایی سەرۆکایەتیەکەی بەشێوەیەکی نایاسایی درێژکردەوە ، کە ئەمە گەورەترین پێشێلکاری بوو لەمەڕ دەنگ و ڕەنگی هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمە .
بۆیە سەرەنجام هەموو ئەو لۆژیکانە دروست دەردەچن کە باس لەتاك ڕەوی و دروستکردنی سیستەمی پاشاگەردانی دەکەن ، لە لایەن پارتی و بنەماڵەی بارزانیەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت