پەشێو حەمەدئەمین : بارمتەی سیاسی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەیامێك بۆ هێزەکانی ناوخۆو دەزگا ئەمنیەکان

بارمتە چیە ؟ چ  واتایەک لەوە مانادارترە بۆ بارمتە بوون ، کە پێشمەرگەیەك یاخوود  پۆلیسیك یان هەر کارەکتەرێك سەر بەدەزگا ئەمنیەکان ، کە کەسانی نیشتمانین و موڵکی هەموو کەس و لایەکن ، کە چی نەتوانن مەعنەویەن مەبدەئو بۆچوونی خۆیان ئاشکرا بکەن ؟
چ سوکایەتی پێکردنێك لە دیمۆکراسی لەوە گەورە ترە کە مرۆڤ ئازاد نەبێ و ترسی لە دەرکردن و برسی بوون و گواستنەوەو فەصڵ کردن هەبێ لە بەرامبەر هەڵبژاردنی ئەو ڕەنگەی کە خۆشی دەوێ لەو ناوەندەی کە تێیدا خزمەت دەکات ؟
ئاشکرایە کەسانێك هەن پاساویان بۆ ئەم حاڵە هەیە ، بەڵام ئەوانە جیاوازن ودوو جار کۆیلەن ، چونکە لە لایەك بەو حاڵە ڕازین و لە لایەکی تریش پاساوی نابەجێیان بۆ ئەو ڕەوشە هەیە کە خۆیان یاخود هاونیشتمانیان تێی کەوتوون .
من دەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئەو دەنگە قەتیس کراوانەی لە دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم کاردەکەن و ئازادیەکانیان سنووردارکراوە
هەرلە کۆنەوە تاوەك و ئیستا سروشتی مرۆڤ وا بووە کە حەز بە ئاشکرابوونی خۆی دەکات لەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی ، جا ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی بێت یاخوود سیاسی یان ئایینی ، کە چی لە هەرێمی کوردستان و لە ژێر فەرمانڕەوایی پارتی و یەکێتی دا ئەو حەزانە بێ ئاکامن و ئاشکرا بوونیان یەکسانە بە دەرکردن و گواستنەوەو فەصڵ کردن و سوکایەتی پێ کردن.
من دەپرسم بۆ دەبێ وابێ ؟
بۆچی لە کاتێکدا کە زیاترلە چل هەزارهاودەنگ هەیە لە نێو هێزەکانی ناوخۆدا کە دەنگیان بە نەخێر داوە بۆئەم دەسەڵاتە نابەرپرسە ، کەچی چوارکەس نەتوانێت بە ئاشکرا بانگەوازی بۆچوونی خۆێ بکات ؟
کۆیلەکان لە کۆندا ڕازی نەبوون بە ئەخڵاق و کەسایەتی ومامەڵەکردنی خاوەنەکانیان ، کە چی لە پێناو ژیان و هەناسەدا ئەم ڕازەیان حەشاردابوو وە بەئاشکرا بوونیان بەرەو ڕووی لێدان و برسێتی وکوشتن دەهاتنەوە ، بۆیە لە بەرەنجامی ئەمەدا سپارتاکۆس ڕوویداو شۆڕشی کۆیلەکان دەستی پێکردو سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنا .
بۆیە لێرەدا بەو کەسانە دەڵێم ئێوە چ شوناسێکتان هەڵگرتووە؟ بەڕاستی ئایا ئێوە ئازادن ؟ ئایا دەتوانن بۆچوون و ڕەخنەکانتان بۆئەم دەسەڵاتە بە ئاشکرا دەرببڕن ، یاهەر هیچ نەبێ پشتگیری لەو لایەنە بکەن کە مافەکانتان بۆشی دەکاتەوە ؟
ئایا دەتوانن جگە لە ڕەنگی سەوزو زەرد ڕەنگەکانی تر بەخۆتانەوە هەڵواسن ؟
بەڕاست ئێوە گەر دەتوانن هیچ ئیشکالێکتان بۆدروست نابێ؟
ئایا هیچ کۆبونەوەو گردبوونەوەیەکی حیزبیتان بەزۆر پێ ناکرێت ، سەبارەت بەگرتنە بەری ڕێبازێك کە بەشێکتان قێزی لێ دەکەنەوە ؟
کەواتا ئێوە چین؟ جگە لە بارمتەیەکی سیاسی بەدەستی ئەولایەنانەی کە دوژمنی سەرسەختی دیمۆکراسین و تادێ بنەماکانی دیکتاتۆریەت لە ووڵاتدا بەهێز دەکەن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت