چیا نەوشێروان مستەفا: سوپاسنامە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەناوی‌ خۆم و نمای‌ برامەوە سوپاسی‌ یەك بەیەكی‌ هەمو ئەو هاوڵاتیانە ئەكەین كە بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە پرسەی‌ باوكی‌ خۆشەویستمان لەگەڵمان بون، بۆ هەمو ئەوانەش كە بەهەر هۆیەك بوە نەیانتوانی‌ بەشداری‌ مەراسیمەكە بكەن و لە ژوری‌ تەنیایی خۆیاندا بە كوڵ بۆی‌ گریان، ئەڵێین ئێمە هەستمان بە فرمێسكە نەبینراوەكانتان كرد كە بۆ كۆچی‌ پیاوێك ئەتانڕشت، كە هەمو تەمەنی‌ گەنجی‌ و پیری‌ خۆی‌ لە پێناو ئێوەدا و بۆ ئێوە تەرخانكرد، پیاوێك كە خەونی‌ گەورە و بچوكی‌، سەرقاڵی‌ و نیگەرانییەكانی‌ جگە لە ژیانی‌ گەل و هاوڵاتیانی‌ كوردستان هیچی‌ تر نەبو، بۆ ئێمەش باوكێكی‌ ئاسایی نەبو، لەو باوكانە نەبو كە هەمیشە لەبەردەستماندا بێت و نازی‌ منداڵانەی‌ بەسەردا بكەین و بیانو و پەڵپی‌ ئەم یاری‌ یان ئەو گەڕانەی‌ پێ بگرین.
باوكێك بو هەمیشە غەرق لە خەمی‌ وڵات و لەو پێناوەشدا هەمو ئەو لەزەتەی‌ لەدەستدابو كە لەگەڵ مناڵ و خێزانەكەیدا ساتێكی‌ ئارام و ئاسودە بژی‌. ئەو پیاوێك بو هەمیشە نزیك بەڵام دور، هەمیشە لەگەڵمان بەڵام لەم شاخ بۆ ئەو شاخ و لەم گوند بۆ ئەو گوند. ئەو بۆ هەموان سەركردەیەكی‌ سیاسی‌ خۆنەویست بو، بەڵام بۆ ئێمە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ باوكێكی‌ میهرەبان بو كە ئەركەكانی‌ رێگەی‌ لێ نەگرت كاتە خۆشەكانمان لەگەڵ بەش بكات و گەمە و یاریمان لەگەڵ بكات، لە هەمو زەردەخەنە و پێكەنینێكی‌ بۆمان لە هەمو ئەو شەوقەی‌ كە لە بینینمان لە چاویدا ئەدرەوشایەوە، حەسرەتێكی‌ قوڵمان ئەدی‌ كە ناتوانێت وەك هەر باوكێكی‌ ئاسایی زۆربەی‌ كاتەكانی‌ لەگەڵمان بێت، بەڵام بابە ئێمەی‌ قەرەبو ئەكردەوە، بە قسە خۆشەكانی‌، بە سەركردنە سەرەكانی‌، بە پێكەنین و پرسیارە سەرەنجڕاكێشەكانی‌ هەمیشە فەزایەكی‌ وا پڕ لە خۆشی‌ و میهرەبانی‌ بۆ دروست ئەكردین كە ئاسودەی‌ بونی‌ خێزانێكی‌ پڕ لە خۆشەویستی‌ پێ ئەبەخشین.
فێری‌ خۆشەویستی‌ یەكتر و خۆشەویستی‌ وڵات و خۆنەویستی‌ كردین، فێری‌ تەحەمول و ئیرادەی‌ بەهێزی‌ كردین، هاوڕێمان بو وەك گەنجێكی‌ خوێن گەرم، ئامۆژگاریكەرمان بو، وەك باوكێكی‌ دنیا دیدە، مامۆستامان بو وەك مامۆستایەكی‌ پڕ ئەزمون، كە جێشی‌ هێشتین بۆمان دەركەوت بەتەنیا جێی‌ نەهێشتوین، بەڵكو جگە لە دو برا و خوشك، هەزارانی‌ وەكو ئێوەی‌ بۆ بەجێهێشتوین كە وەك ئێمە خۆشیان ئەوێت و وەك ئێمە بەباوكی‌ خۆیان ئەزانن، زۆر ئەو دەنگانە دەبیستین كە ئەڵێن باوكم هیچ موڵك و ماڵێكی‌ بۆ ئێمە جێنەهێشتوە، بەڵێ راستە لەكاتێكدا گەورەترین سامان و موڵك و داراییەك كە باوكێك بۆ مناڵەكانی‌ بەجێی‌ بهێڵێ، بۆ ئێمەی‌ بەجێهێشتوە كە ئەویش خۆشەویستی‌ و دڵسۆزی‌ هەمو ئەو خەڵكە پاك و پڕ هیوایەیە كە لە ناخەوە كۆشی‌ گریان و باوەشی‌ خۆشەویستی‌ و هاودەردیان بۆ كردینەوە، ئێمە من و نما و چرا ئێستا خۆمان بە دەوڵەمەنترین كەسی‌ ئەم سەر زەویە كە میراتی‌ باوكێك بۆی‌ دەستەبەركردوین كە بۆ زیندوكردنەوەی‌ شۆڕش لە كەناری‌ دانوبەوە بەرێكەوت بۆ خڕی‌ ناوزەنگ و ئازاری‌ شكاندنی‌ پەنجەكانی‌ بۆ یەكتری‌ بینی‌ و بەهاری‌ راپەڕینی‌ رابەرایەتی‌ كردو دواجار لە گردی‌ زەرگەتە ئارامی‌ گرت، سوپاس بابەگیان، سوپاس بۆ ئەو ژیانە پڕ لە سەربەرزییەی‌ تۆمارت كرد و بۆ ئێمەشت بەجێهێشت. بۆ هەمیشە لەگەڵمان ئەبیت و بۆ هەمیشە رێنما و رێنیشاندەری‌ ژیانمان ئەبیت. خوات لەگەڵ بابە گیان.. خوات لەگەڵ باوك و هاوڕێ و مامۆستامان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت