ڕێبین فەتاح: ئامانج و ماف، هەرێمی کوردستان بەنموونە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیشتمان، بەو واتا گەورەییەی کە هەیەتی زۆرجار دەبێتە گۆڕستانی خەونەکانی مرۆڤ، هەڵبەتە ئەو نیشتمانە، نیشتمانە کە بتوانێت دابین کەر و بەدیهێنەری خەونەکانی تاکەکانی ناوخۆی وڵات بێت. جا نیشتمان گرنگی لەوەدایە کە بەهای تاکەکانی لا بە قەدر بێت، هەموو تاکێک و کەسێک بۆ نیشتمان گرنگە و پێویستە.
خەمی نیشتمان ئەو کاتە دەبێتە خەم کە مرۆڤەکانی ناوی ئاسودە و دڵخۆش بن و پێیان وا بێت، کە دەبێت هەمیشە لە خزمەت نیشتمانەکەیاندا بن، چونکە نیشتمان شتێکیان پێ دەبەخشێت کە ڕەهەندی هاوڵاتی بوون پێکەوەبەستنی تاکە بەخاکی نیشتمانەوە.
تەواویی تاکەکانی وڵات، خاوەنی خەون و خوولیەی خودی خۆیانن، بە واتایەکی تر دی خاوەنی ئامانج، ئامانج خۆی لە خۆیدا، زۆرجار خەونی مرۆڤە، دەگوجێ مرۆڤ تەواوی تواناکانی خۆی بۆ بەدێهێنانی تەرخان بکات. ئامانجی مرۆڤی کامل، ڕەنگە کۆمەڵێ بوار و بەبات بێت کە تاک بە خەونی خۆی بزانێت و هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بێت کە بەدیانبهێنێت.
ئامانجی مرۆڤ بوار گەلێکە کە گرنگی پلەبەندیان هەیە بۆ مرۆڤ، بەواتایەکی تر هەندێ ئامانج هەن باڵان و هەندێکی تر ڕەنگە ناوەندی بن و هەندێکی تر کەمتر گرنگیان هەبێ، بەڵام خۆ ئامانجن و تاک لە پێناویدا هەوڵ ئەدات. ئامانج ئەو کاتە دەگاتە مەبەست کە ژینگەیەکی بۆ ڕەخسابێ تا توانای بەدی هاتنی هەبێ.
بۆیە ئەگەر بێت و هەموو یان بەشێکی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگە ئامانجیان هەبێت و هەوڵی هێنادی ئەو ئامانجەنە بدەن، سەرئەنجام کۆمەڵگە جووڵەی تێدەکەوێت، ئەو جوڵەیەش تاکەکانن کە لە کاری بەردەوامدان بۆ ئەوەی خەونەکانیان بەدی بهێنن، لەبەرئەوە داهاتووی کۆمەڵگە گەش و ڕووناک دەبێت، کۆمەڵگەکەش بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئەژمێردرێت.
بەڵام ماف چی یە؟ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ماف چیە بۆ وتارێک کارێکی ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی مەودای بوارەکە فراوانە. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بووترێت ماف، بریتیە لەو مافەی کە هەموو کەسێک هەیەتی لەبەرامبەر ئەرکێکدا، کە پێویستە ئەنجامی بدات، لەبەرامبەردا ئەرکدا ماف هەیە. واتا ماف لە بنەڕەتی کاردا ئەوەیە کە مافت هەبوو ئەرکیشت هەیە.
لەهەرێمی کوردستان، تێکەڵاویەکی زۆر هەیە لە نێوان ماف و ئەرکدا، ماف بۆ خاوەن ماف نیە، بۆ بەرامبەرەکەیەتی ، واتا بۆ ئەو کەسەیە کە مافی نیە بەڵام دەبێتە خاوەن ماف، کە ئەمە لەڕووی دین و عدالەتیشەوە پێچەوانەیە. هەروەها بۆ ئەرکیش بەهەمان شێوەیە، زۆر کەس هەیە لە بێ سەروبەرییە یاسایەدا خاوەن مافە لەبەرامبەردا خاوەن ئەرک نیە، ئەمەش دەسەڵات لێ بەرپرسیارە.
هەروەها ئەو بێ یاسایش کە لە ئەرک و مافدا دروست بووە، کە سەری کێشاوە بۆ ڕۆتین و گەندەڵیەکی زۆر لە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتدا ئەوا بە دڵنیایی دەسەڵاتی سیاسی هۆکارەکەیەتی.
بۆیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسیە کە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ تاکەکان دابین بکات، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی کوردستان لەمەدا شکستی هێناوە و تەواو بێ توانایە لەوەی مافی سەرەتایش بۆ تاکەکان دابین بکات. بەدەر لەوەی ڕێگریشە لەوەی کە تاک بتوانێت ئامانجەکانی ژیانی بەدیبهێنێت، کە تاک مافی سەرەتای ژیانی نەبوو چون بتوانێت بیری لە ئامانجەکانی خودی خۆی بێت. بۆیە کۆمەڵگەیەکی لاوازی بێ ئامانجمان هەیە کە توانای بەرەو پێش چوونی زۆر کەمە.
ڕەنگە چارەسەری ئەم دۆخەش ئەوە بێت کە دەسەڵاتی سیاسی دووبارە سیاغەی سیاسەتی پلان دانان و پەروەردەیەکی ڕاست و درووست بگرێتەبەر کە تیادا تا خاوەن ئەرک نەبێ – مافت نەبێ، بۆ ئەوەی مافی ئەوانی تر نەخۆیت، ئەمەش زۆر قورسە بەم دەسەڵاتەی ئێستا بکرێت، لەبەرئەوەی مشەخۆری تەواوی جومگەکانی سیستەمی داپۆشیوە، هەروەها ئەمە لەسەرەوە بۆ خوارە ڕاستە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت