ڕێبین هەردیی : سەرۆکێکمان بەسەردا دەسەپێنن کە پێناچێت تا لەژیاندا بێت ، ئامادە بێت ئەو کورسیە بەجێبهێڵیت .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێبین هەردیی : کـێ ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژ ئەکاتەوە ؟

هەموان خۆیان لەپرسەکە ئەدزنەوە . کەس ئامادە نیە نە لەمیدیای خۆیداو نە تەنانەت لەوتوێژە سیاسیەکاندا بیهێنێتە پێشێ‌و بیختە بەر باس . ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرئەچێت ، بەڵام هیچ هێزێکی سیاسی ئامادە نیە بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم پرسە دەرببڕێت . تەنانەت هێزە سیاسیەکان ئامادە نین پێکیشەوە وتوێژی لەسەر بکەن . بێ متمانەیەکی سیاسی هێندە گەورە لەنێوان هێزە سیاسەکاندا هەیە ، کەوا دەکات کەس ئامادە نەبێت بەئاشکراو بەدەنگی بەرز وتوێژ لەگەڵ یەکدا لەسەر هیچ پرسێکی سیاسی هەستیار بکات . هێزە سیاسیەکانی کوردستان کە پێکەوە دائەنیشن بۆ ئەوە نیە لەیەک نزیک بنەوەو بۆچونی سیاسی خۆیان بەبێ دڵەڕاوکێ دەربڕن ، بەڵکو بەشێکی زۆر لەدانیشتنەکە ئەبێت بەلێزانی لەوەی چ لایەک زیاتر ئەتوانێت هیچ شتێک نەڵێت کە شایەنی فرۆشتنەوە بێت بەلایەکی تر . هێزە سیاسیەکانی ئێمە دائەنیشن‌و هەمو بەو گومانەوە قسە لەگەڵ یەک ئەکەن کە ئەو قسانەی ئەکرێن ، ئەگێڕێنەوەو بەئاسانی سەودای سیاسی پێئەکرێت .
لەبەرئەوە نە لەمیدیاو نە لەکۆبونەوەکاندا کەس ئامادە نیە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بخاتە بەرباس یان تەنانەت هەڵویستی خۆی رابگەیەنێت . لەوڵاتێکدا ئەژین سەودای سیاسی زۆر لەپێش ریزگرتن لەیاساو مافی خەڵکەوە هەیە . چەند مانگێکی کەمی ماوەو ئەو ماوەیەی بۆ درێژکراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایی پێدێت . دیارە هەمو ئەزانین ئەو قسەیە راست نەبووەو نیە کە لەسەرەتای تازەکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا کرا کە ئەمە دوا تازەکردنەوەیەو جارێکیدی رووناداتەوە . سەرۆکی هەریم جارێکی دیش کاندیدی پۆستەکە ئەبێت ، یان راستر جارێکیدی حیزبەکەی هەمو کارێک ئەکات بۆ ئەوەی بەهەر فێڵ‌و بیانویەکی سیاسی بووە ، سەرۆکایەتی هەرێم بەمەسعود بەرزانی بدرێتەوە . لەئێستاوە سیناریۆکە دیارە : ” سەرۆکی هەرێم خۆی هیچ حەز بەسەرۆکایەتی ناکات ، بەڵام چی بکات هەمو خەڵکو هێزە سیاسیەکان داوای لێئەکەن ئەمکارە بکات‌و ئەویش وەک پیشمەرگەیەکی کوردستان ئامادەیە هەر ئەرکێک کە پێی ئەسپێرێت ، لەپێناوی کوردو کوردستاندا ئەنجامیبدات . لەبەرئەوە بۆ ڕازی کردنی خەڵک ، ناچارە جارێکیدی ئەم ئەرکە گرانە لەئەستۆ بگرێتەوە !”.
هەمو بیرمانە بیانووی سەرەکی هەڵبژاردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەروکەش ئەوە بو لەو دو ساڵەدا هەوڵئەدات دەستور بەهەر جۆرێک بووە هەموار بکرێتەوەو کۆدەنگی هێزە سیاسیەکانی بۆ کۆبکرێتەوە . سەرەتا خودی سەرۆکی هەرێم گوتی رەنگە دو ساڵیش زۆر بێت‌و ئەو رەنگە تەنها پێویستی بەیەک ساڵ هەبێت ، بەڵام وا دو ساڵەکە تەواو بوو ، بێ ئەوەی خۆشبەختانە هیچ پێشڕەویەک لەمەسەلەی دەستوردا کرابێت ، ئەڵێم خۆشبەختانە چونکە لەو کەسانەم بڕوام بەوە هەیە ئەو هێزە سیاسیانەی لەناو گەمەی سیاسیدان ، هیچیان لەو ئاستی بەرپریسارێتیە گەورەیەدا نین کە دەستور بۆ هەریمی کوردستان بنوسن ، گەر کاری واش بکەن ، دەستوریک ئەبێت پڕ لەتەڵە کە تەنیا دەستی دەسەڵاتدارن بۆ پێشێلکاری‌و بەهەدەردانی سامانی کوردستان ئەکاتەوە .
هێزە کاریگەرەکانی کوردستان لەهیچ بڕگەیەکی مێژویدا ئەوەیان نەسەلماندووە کە ئەتوانن دور لەبەرژەوندی تایبەتی نەک حیزب ، بەڵکو کەسایەتیە سیاسیە باڵادەستەکان بیربکەنەوەو پلاندابڕێژن . هەر بوونی ئەم قەیرانە داراییە لەپاش ئەو هەم‌و سامانە زۆرەی لەهەرێمی کوردستاندا هەبوو ، ئاشکرای ئەکات لەبەردەم بەرپرسیارانێکین لانیکەمی ئایندەبینی‌و تەکبیرکردن بۆ داهاتوی نزیک ( نەک دوریان) نیە .
هێزگەلێک بێ پەرواو بێباک بەرامبەر بەئیستاو داهاتویی خەڵکو هەرێمی کوردستان . نەتوانیویانە ژێرخانێکی ئابوری نیمچە بەهێز دروستبکەن ، نەمشوری ئەوەیان خواردوە پاشکەوتێکی بەهێزیان هەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی قەیران‌و دۆخی نالەباردا ، بتوانن کاروباری وڵات بەڕێوەبەرن .
هێزگەلێ لەم چەشنە زۆر دورن لەوەی توانای ئەوەیان هەبێت دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنوسن کە پاشەڕۆژی نەوەکانی داهاتوی کوردستانیش دیاریئەکات .
لەبەرئەوە بەتەواوی لەگەڵ ئەوەم لەم دۆخەدا کەس بیر لەدەستوری هەرێم نەکاتەوەو دەستور نەنوسریت‌و بەجێبهێڵرێ بۆ دۆخێکی تر کە هێزی بەرپرسیارترو ژینگەی سیاسی ئارامتر لەئارادا بێت .
لەبەرئەوە هەست ئەکەم تاکە هەڵوێستیکی راست لەم دۆخەدا نەک نوسینی‌و رێکەوتنە لەسەر دەستور ، بەڵکو وازهێنانە لەم بەڵگە گرنگەو بەجێهێشتنی بۆ دۆخێکی لەبارتر. نابێت یەکێک لەرێگەکانی چواربارە کردنەوەی کاک مەسعود بەسەرۆکی هەریم بەتێپەراندنی دەستوردا تیپەڕێت . چونکە لەبنەڕەتدا دەستورێک هەر لەسەرەتاوە رێگە بەم فێڵە سیاسیە بدات کە هەشت ساڵ سەرۆکایەتی بەکەسێک ببەخەشێتەوە ، کە ١٠ ساڵە سەرۆکی هەرێمە . نەدەستورەو نەشایەنی رێزەو نەبەکەڵکی هیچ دێت . فەلسەفەی دەستور پابەندکردنی دەسەڵاتدارانە بەیاساو ڕێگری لەخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ، نەک بەشەرعیکردنی پێشیلکاری‌و نابەپرسیاری لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە .
دەستور رێگەیەکی باش نیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم‌و گەر هێزە سیاسیەکان دەستور بکەنە قوربانی ئەم پرسە هەنوکەییە ، ئەوەندەی تر ئەیسەلمێنن چەند نابەرپرسیارو بێباکن بەرامبەر بەماف‌و بەرژەوه‌ندیەکانی خەڵکی کوردستان.
رەنگە ئەمجارەش هەوڵی سەرەکی هەر ئەوە بێت هەوڵبدریت لەرێگەی پەرلەمانەوە ماوەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ دو ساڵی تر درێژ بکرێتەوە . ئا لەم ساتەدا سیمای راستەقینەی هێزە سیاسیەکان دەرئەکەوێت . کێ ئامادەیە درێژە بەم نەریتە نادیموکراتیە بدات‌و بەناوی دیموکراتیەوە ، سەرۆکێکمان بەسەردا بسەپێنن کە پێناچێت تا لەژیاندا بێت ئامادە بێت ئەو کورسیە بەجێبهێڵیت‌و کێش رێگە نادات یان لانیکەم دژی ئەوە ئەبێت ئەمە ببێتە .

سەرچاوە – ئاوێنە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت