ڕێبین هەردی : مۆتەکەی دەوڵەت .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە یەکێک لەو قسە هەرە جوانانە کە جارێک بەختیار عەلی لەیەکێک لەکۆڕەکانیدا درکاندی ئەوە بێت کە وتی ( لێرەدا بەپێی بیرەوەریی وتەکان ئەهێنمەوە ) رەنگە ئایدیای دروستکردنی دەوڵەت ، جەهەنەمیترین ئایدیایەک بێت کە رۆژئاوا فڕێیداوەتە ناو دنیای دەرەوەی خۆی‌و بەتایبەتی خۆرهەڵات بەگشتی‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی . لەناکاو سەدان گەلانی جیاواز کە ساڵانیکی یەکجار دورودرێژ بەبێ ئەم مۆدێلە سیاسیە ژیاون بەبێ ئەوەی هەست بەهیچ کەموکوڕیەک بکەن ، هەست ئەکەن گەر دەوڵەتی تایبەتی خۆیان نەبێت ، ئەوا کێشەو گرفتێکی گەوەرەیان هەیە . حەزکردن‌و ئارەزویەکی شێتانە بۆ دروستکردنی دەوڵەت ئەبێتە خەونی سەرەکی هەمو ئەو دەستەبژێرە سیاسیانەی کە بڕوای تەواویان بەوە هەیە بەبێ بونی دەوڵەت نە کەرامەت‌و نە ژیان‌و نە ئاسایشیان دابینکراوە . دەوڵەت ئەبێت بەو فانوسە ئەفسوناویەی ئەتوانێت چارەسەری هەمو دەردەکان بکات‌و تا ئەوکاتەش کە ئەم دەوڵەتە نەبێت ، هەر چارەیەکی دی بگیرێتە بەر جگە لەدرێژەدان بەدەردەکان هیچی تر نیە . گەلانیک کە نەک ساڵانیکی درێژ ، بەڵکو چەندان سەدە بەبێ دەوڵەت ژیاون‌و هەستیان بەهیچ یەک لەو شتانە نەکردوە کە پاش دروستبونی مۆدێلی دەوڵەت هەستی پێ ئەکەن . لەناکاو هەموان بەدوای دەوڵەتدا ئەگەڕێن‌و لەپێناویدا ئامادەن هەمو قوربانیەک چ بەگیان چ بەسامان بدەن . ئازادی کورت ئەبێتەوە بۆ بونی دەوڵەت‌و کوێلایەتیش نەبونی . دواکەوتویی‌و بێدادی بەهۆی نەبونی دەوڵەتەوەیەو پێشکەوتن‌و دادپەروەریش بەدروستکردنی دەوڵەت . دەوڵەت سەرچاوەی چارەسەرکردنی هەمو کێشەکانەو نەبونیشی سەرچاوەی هەمو نەهامەتیەکان . سەدەی نۆزدەو سەرەتاکانی سەدەی بیست ، سەدەکانی پەتای دروستکردنی دەوڵەتە کە بڕیارە بەدروستبونی ، هەرچی کێشەی کۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و سیاسی هەیە چارەسەر بکرێت . 

لەگەرمەی ئەم پەتایەدا بو کە یەکێک لەهەرە شاعیرە فەڵەستینیە ناسراوەکان کە پێش ئەوەی خەونی دروستبونی دەوڵەتی فەڵەستینی ببینێت کۆچی دوایی کرد . لەیەکێک لەچاوپێکەوتنەکانیدا بەرادەیەک شەیدای دروستبونی دەوڵەت بوبو کە گوتی ئەو دەوڵەتی ئەوێت ، زیندانی بکات ، ستەمی لێبکات ، پۆلیس‌و هێزی ئاسایشی هەبێت کە سەرکوتمان بکات ، هیچ یەک لەمانە گرنگ نین ، گرنگ ئەوەیە دەوڵەتم هەبێت . مەحمود دەروێش کاتێک ئەم قسانەی ئەکرد دوای ئەو روانینە کەوتب‌و کە ئامانجی سەرەکی دەوڵەت‌و نەبونیشی بەمانای نەبونی خودی ژیانە .
لەم قسانەی مەحمود دەروێش‌و هەمو ئەو روانینانەوە کە بۆ دەوڵەت هەبون ئەو ئەزمونە ستەمکاریانە دروستبون کە قسەکانی مەحمود دەروێشیان بەزیادەوە بەدی هێنا . دەوڵەتانێک دروستبون کە پۆلیس‌و ئاسایش‌و دەزگایەکی موخابەراتی بەهێزیان هەیە کە خەڵکی نەک تەنها زیندانی‌و ئەشکەنجە ئەکرد ، بەڵکو کۆمەڵکوژو جینۆسایدیشی ئەکردن . سەدەی بیست سەدەی دروستبونی ئەو دەوڵەتانەیە کە زۆرترین سامانی وڵات لەکەرتی سەربازی‌و موخابەراتیدا سەرف ئەکات نەک بۆ ئەوەی پارێزگاری لەژیان‌و ئازادی هاوڵاتیانی بکات ، بەڵکو بۆئەوەی دەزگایەکی سەرکوتکەری بەهێزو دەستکراوە دروستبکات بۆ هەمو ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهەر هۆیەک بوە لەدۆخی هەبو ناڕازیین یان بیر لەگۆڕانی ئەکەنەوە . دەوڵەت‌و پارێزگاریکردنی لەبری پاریزگاریکردن لەهاوڵاتی دائەنیشێت‌و بگرە ئەرکی هاوڵاتی ئەبێت بەقوربانیدانی بەردەوام لەپێناوی ئەم دەوڵەتە تازە دروستکراوەدا . دەوڵەتی دروستکراویش، دەوڵەتی ئەبستراکت‌و دەزگاکان نیە ، بەڵکو دەوڵەتی دەستەبژێر یان بنەماڵەیەکی خێڵەکی یان ئایدۆلۆژیە . هەموان ئەبێت لەپێناوی دەوڵەتدا ئامادەی قوربانیدان بن کە کورت بۆتەوە بۆ سەروەری‌و باڵادەستی ئەو دەستەبژێرو بنەماڵە خێڵەکی یان سیاسیە . پارێزگاری لەدەوڵەت یەکسان ئەبێت بەپارێزگاریکردن لەبەرژەوەندی‌و سەروەری ئەو دەستەبژێرو بنەماڵەیە . لەسەدەی بیستدا خەونەکەی مەحمود دەرویش دێتە دی ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە چۆن شاعیرێکی وا گەورە ئەوەی نەدی هاتنە دی خەونەکەی چ تراژیدیایەکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی گەورەو چ چیرۆکێکی تاڵی ژیانی پڕ لەکوشتارو کۆیلایەتی بۆ هەمو ئەو گەلانە دروستکردوە کە بڕیار بو دروستکردنی دەوڵەت کۆتایی بەگرفت‌و چەرمەسەریەکانیان بهێنێت .
بەڵام ئێمە لەسەدەکانی نۆزدەو بیستدا ناژین . لەسەردەمی خەونی دێرینی مەحمود دەروێشدا ناژین . بەڵکو لەسەدەیەکدا ئەژین کە ئەزانین ئەو خەونە چ کارەساتێکی بۆ مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە دروستکردوە کە تاهەنوکەش پێوەی گیرۆدەن‌و تاهەنوکەش ئازارەکانی ئەچێژن . ئەوەی کە تا ئێستاش گەلانێک هەن خەون بەدەوڵەتەوە لەسەر شێوازەکەی مەحمود دەروێشەوە ئەبینن ، نەک بەڵگە نیە بۆ دروستی بۆچونەکانیان ، بەڵکو بەڵگەیە بۆ کوێربونێکی مێژویی لەوەی ئەم خەونە لەسەر ئێسک‌و پروسکی هەزاران کەس دامەزراوە کە تەنیا تیایدا نەک دەوڵەت ، بەڵکو دەستەبژێرو بنەماڵەیەک بەئارەزوی خۆیان گەلێکیان بەبارمتەو خزمەتکارو کۆیلەی خۆیان وەرگرتوە . لەسەدەیەکدا ئەژین ئەزمونی بەعسی لەشێوە جیاوازەکانیدا بینی . ئەو دیکتاتۆرە خۆێنڕیژانەی بینی کە بەتیرۆرو ئەشکەنجە حوکڕانی ئەکەن‌و جەهەنەمێکی راستەقینەیان بۆ هاوڵاتیانی خۆیان دروستکردوە . راپەڕینەکانی جیهانی عەرەبی لەبەشێکی گرنگیدا بریتی بو لەناوتنێکی گەورە بەو خەونەی کە مەحمود دەروێش ئەیبینی ، بەڵام بەبێ ئەوەی لەگەڵ ئەو هەمو قوربانیدان‌و خۆبەختکردنەدا بتوانێت کۆتاییەکی بۆ دیاری بکات . بەهاری عەرەبی لەزوربەی ناوچەکان بوە بەپایزێکی خوێناوی کە تاهەنوکەش زوربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەپێشهاتەکانیەوە ئەناڵێنن . ئەم تراژیدایەش بەو شێوەیە بەردەوام ئەبێت مادام کەسانێک مابن خەونی دروستکردنی دەوڵەت لەخەونی باڵادەستی‌و سەروەری دەستەبژێر یان بنەماڵەیەکی سیاسی جیاناکەنەوە. بەردەوام ئەبێت مادام هێشتا کەسانێک مابن پرسی دەوڵەت ، بەجیا لەپرسی ئازادی‌و دادپەورەری بۆ هاوڵاتیانی کۆمەڵگا پێشکەش بکەن .

س ـ ئاوێنە

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێكانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت