ڕەزا شوان :  بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ  هەر بە سروشتی گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتییە .. چونکە ناتوانێت بە تەنها و دوورە پەرێز بژی .. بەبێ هاوکاری و هەماهەنگیش ناتوانێت هەموو پێویستییەکانی ژیـان و گوزەرانی خۆی دابین بکات .. بنیاتنانی خێزان و دێهات و شاران و کۆمەڵگا و ، پێکەوە ژیان ، وەرچەرخانێک بوون لە مێژووی ئادەمیزاد دا ، هۆکارێکیش بوون بۆ داهێنان و پێشکەوتن و بنیاتنانی شارستانییەکان  .

بەشێکی زۆری گیانەوەرەکانی تریش ، کۆمەڵایەتین و بە کۆمەڵ دەژین و ، کارەکانیان لە نێوانیان خۆیاندا دابەش کردوون لەوانەش : هەنگ ، مێروولە ، زەرەواڵە ، مەیموون ، بەشێکی زۆری باڵندەکان و ئاژەڵە کێوییەکانیش .

هەر تاکێکی سەر بە کۆمەڵێک یا گەلێک ، فێری داب و نەریت و ، بەها جوانەکانی گەلەکەی دەبێ و … هەر لە منداڵییەوە بە پێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و رەنگوبۆی گەلەکەی کەسێتی خۆی بنیات دەنێ و .. رادە و پایەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکرێت .

منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لەدایک دەبێت .. سەرنجی دەوروبەری خۆی دەدا ، مانگ لە دوای مانگ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گەشە دەکەن . لەگەڵ کەسە نزیکەکان لێوەی بە تایبەتیش دایک و باوکی پەیوەندی سۆز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت .. هەر لە مانگی یەکەمدا ، دەبینین منداڵ گەر کەس لە دەوری نەبێت .. هەست بە تەنیای و نائارامی دەکات و دەگریی .. گەر دایکی یا هەر کەسێکی تر لە باوەشی بکەن یەکسەر ژیردەبێتەوە و زەردەخەنە دەکات و ڕووی گەش دەبێتەوە ..  کە گوزارشتە لەوەی کە بە تەنها نییە .. تا تەمەنی منداڵ بەرەو پێشەوە بچێت .. زیاتر لە رووی کۆمەڵایەتییەوە گەشە دەکات .. هەموو توانایەکی خۆی بەکاردەهێنێت ، زەردەخەنەی ناسک دەکات و پێدەکەنێ و دەزروقێتەوەو ، دەستەکان و پێیەکانی دەبزوێنێ ، بۆ ئەوەی سەرنج و سۆز و خۆشەویسی کەسانی دەوروبەرەکەی بە لای خۆیدا رابکێشێت .
بە پێی قۆناخەکانی هەڕاشبوونی منداڵ ، خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکانیش جیاوزیان هەیە ، هۆی جیاوازییەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ توانای جەستەی و هۆش و ، شێوازی گۆشکردن و پەروەرەکردن و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی گەشەکردنی جەستەیی و دەروونی . ئێمە لە کورتە باسێکی وادا .. ناتوانین بە وردی و تەسەلی باس لە قۆناخەکانی منداڵی و گەشەکردنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ لە هەر یەکە لە قۆناخەکان باس بکەین .. لە چەند نووسینێکی پێشتردا ، باسمان لە قۆناخەکانی گەشەکردنی منداڵ کردووە .. بۆیە لەم باسەدا بە شێوەیەکی گشتی ، تەنها باس لە بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵ دەکەین .

زۆر جار دایک و باوک نیگەرانن و داد و بێدادیانە ، کە منداڵەکەیان گۆشەگیر و شەرمن و کەم دوو و دڵتەنگە و ، خۆي لە میوانان دەشارێتەوە و ، لە کەسانی نامۆ و نەناسرا و دەترسێ و ، یاری ناکا و تێکەڵ بە منداڵان نابێ و هاوڕێتی ناگرێ و … هتد ، تا ئەمڕۆش ئەم کێشانە بوونیان هەیە و ، دایکان و باوکان بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن .. کە چۆن منداڵەکانیان تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن و .. لە توونێلی گۆشەگیری و شەرم و خۆشاردنەوە دەریان بهێنن .. گومان لەوەدا نییە کە هەموو دایک و باوکێک خوازیاریی ئەوەن کە منداڵەکەیان ببێت بە کەسێتییەکی کۆمەڵایەتی و ، جێی رێـز و شانـازی بێت .. ( کوڕەکەیان ) ببێت بە پیاوی ناو پیاوان و ، ( کچەکەشیان بە ژنی ناو ژنان ) بەڵکو لە کوردەواریدا ، باوک دەڵێت : ( حەزدەکەم .. کە کوڕەکەم لە خۆم پیاوتر بێت ) .

شایانی باسیشە ، هەندێ لە منداڵان هەر بە سروشتی گۆشەگیر و شەرمن و کەم دوون ، حەز بە تەنیایی دەکەن .. هەندێ منداڵی تر بە هۆی هەندێ هەڵوێستی نێگەتیڤی دیاری کراوی کۆمەڵایەتییەوە ، ئەو هۆیانە کاری تێکردوون و ، بوونەتە هۆی گۆشەگیرییان ، وەک : رووشکاندن و لۆمەکردن و تەریقکردنەوە و ، هەست بریندارکردنی بۆ چەند جارێک ، بە تایبەتیش لە بەردەمی خەڵکیدا .. ئەم رەفتارە هەڵانەی دایک و باوک ، وا لە منداڵ دەکەن ، کە لە روودابمێنێ و ، ترسی دووبارەکردنەوەیان بچێتە دڵییەوە .. بێجگە   لەم هۆیانەش ، هەندێ خێزان هەن داخراون و ، تێکەڵی خێزانانی تر و خەڵکی نابن .. ئەمەش بە خاڵێکی نێگەتيڤ دەزانرێ .. چونکە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی سەرەکییان لەسەر منداڵان دەبێت .. بۆ ئەوەی کە نەبن بە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و کراوە .

پێویستە دایکان و باوکان ئەوە بزانن ، کە بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵەکانیان ، تەنها پێویستییان بە فێرکردن و بە راهێنان و بە یارمەتیدانیان هەیە ، بۆ ئەوەی لە نەخۆشی گۆشەگیری و تەنیاخوازی و شەرم و خۆشاردنەوە رزگاریان بکەن و ، وەکو منداڵانی ئاسایی تێکەڵ بە کەسانی تر ببن ، چونکە گونجانی ژیانی کۆمەڵایەتی تەنها لە رێی فێربوون و راهێنانەوە دەق دەگرێ و بەرجەستەدەبێت .. مەرجێکی گرنگ و پێویستیشە کە خودی دایکان و باوکان کۆمەڵایەتی بن و ، ببن بە نموونەیەکی باش و دروست بۆ منداڵەکانیان  .. چونکە منداڵان بە زۆری چاولێکەرن و ، لاسایی کار و رەفتارەکانی گەورەکانیان دەکەنەوە ، بە باش و بە خراپیانەوە .. بەشێکی زۆری ئەو رەفتار و نەریت و خەسڵەتە کۆمەڵایەتییانەی کە منداڵان فێریان دەبن ، لە دایک و باوکیانەوە یا لە کەس و کار و خزمانیانەوە وەریان دەگرن .. پەنـدێـکی کـوردی جوانـمان هەیـە ، کە دەڵێـت :  گەورە ئاو دەڕێژێ و .. بچووک پێی تێ دەخا . واتە ئەی گەورەکان لە کاری جوان و رەفتاری باشدا ، ئێوە سەرمەشق بن بۆ منداڵەکانتان چونکە ئەوان چاو لە ئێوە دەکەن .

زۆربەی زاناکان هاوڕان لەسەر ئەوەی ، کە قۆناخی منداڵی ، گرنگترین قۆناخە لە ژیانی مرۆڤدا ، لەم قۆناخەدا بنەماکانی کەسێتی دروست دەبن و ، پێشبینی ئەوەشیان لێدەکرێ کە لە ئایندەدا ،چ کەسێتییەکیان لێ دێتە کایەوە .. لە قۆناخی منداڵیدا ، منداڵ فێری سازان و تێکەڵبوون و هاوڕێتی و ، چۆنیەتی پەیوەندی و رەفتار لەگەڵ کەسانی تردا دەبێت  .

چۆن منداڵێکی گۆشەگیرخواز دەکەینە بەشداریخواز و کۆمەڵایەتی :
1 –  پێویستە دایک و باوکی منداڵی گۆشەگیر، هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دیاری بکەن کە دەیانەوێت منداڵەکەیان لە میانەیدا کۆمەڵایەتی بێت ، وەک : بەشداری نەکردنی منداڵەکەیان لە یاریی بە کۆمەڵ لەگەڵ منداڵانی تردا ، لە ماڵەوە ، لە گەڕەک ، لە باخچەی ساوایان ، لە قوتابخانەدا ، یا لە یانەی وەرزشیدا . چارەسەری ئەم کێشەیە لە کوتوپڕێکدا ناکرێت ، ناتوانیت لە رۆژ و شەوێکدا منداڵەکەتان بگۆڕن  .. پێویستە پشوودرێژبن و بە ئارامی و زانستییانە رەفتاری لەگەڵدا بکەن .. هەنگاو بە هەنگاو .. لە ئاسانەوە بۆ بەرز و بەرزتر .. بۆ باش و بۆ باشتر هەنگاوبنێن .. لە سەرەتاوە لە منداڵانی کەسوکار و خزمانتانەوە نزیکیان بکەنەوە و ، تێکەڵی منداڵەکانیان بکەن .. دوایی لەگەڵ منداڵانی هاوڕێکانتان و دراوسێکانتان .. دواتر لەگەڵ باخچەی ساوایاندا پەیوەندی ببەستن تا لەگەڵ دادەکاندا ، پێکەوە بەرەو ئاسایی کردنەوەی ببەن .. کە چووشە قوتابخانەی بنەڕەتی زیاتر هانی بدەن کە هاوڕێی هەبێت و .. زەمینەیەکی باشتریشی بۆ بڕەخسێنن کە گۆشەگیری لە بیربکات و ، تێکەڵی منداڵان بێت و .. لە چالاکییە هەمەجۆرەکانی قوتابخانەکەیدا بەشداری بکات .
2 –  لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و ، خواردنەوە ئاوی خاوێن و ، خواردنی بەسوود و ، نووستن ، ریزبەندی دێتە سەر پێویستی یاری بۆ منداڵان ، یاری هۆیەکی زۆر گرنگە بۆ تێکەڵ بوون و بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵان .. بۆیە پێویستە ئەو بابەتە یارییانە بۆ منداڵەکەتان بکڕن کە بە منداڵی زیاتر دەکرێن .. تا پێکەوە یارییان پێ بکەن .. بۆ نموونە یاریکردن بە کۆمەڵێک شەش پاڵو، یا بە کۆمەڵێک میکانوو ، کە لەگەڵ منداڵێکی تر یا زیاتر لە دوو منداڵ ، پێکەوە شتی لێ دروست بکەن .. یا یاری ( پەیـژە و مـار ) کە بە دوو منداڵ دەکرێ .. بابەتی یاریی زۆر هەن ، کە بە دوو منداڵ یا زیاتر دەکرێن .
3 –  گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکەتان .. چیرۆک رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بنیاتنانی چەمکەکانی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەبوونیان لە لای منداڵ .. بۆیە زۆر وریابن و ، ئەو چیرۆکانەیان بۆ هەڵبژێرن ، کە بە چەمکە کۆمەڵایەتییەکانیان هەوێن کراون .
4 – لەوانەیە منداڵەکەتان گرفتێکی کەسێتی هەبێت .. یا لە شتێک بترسێت و بووە بە هۆیەکی نەگەتیڤ ، بۆ ئەوەی کە بووە بە کەسێکی ناکۆمەڵایەتی .. بە نەرمی بیدوێنن و گوێی لێبگرن ، با گرفتەکەیتان بۆ بگێڕێتەوە .. پێکەوە چارەسەری کێشەکەی بکەن .
5 – بە زۆر منداڵەکەتان ناچار مەکەن کە لە گەڵ منداڵ گەلێك ، یا کەسانێکدا یاری بکا ، کە خۆشیانی ناوێ و ، هەست بە خۆشی و ئارامی ناکات لە گەڵیاندا .
6 – بۆ بۆنە کۆمەڵایەتییەکان ، وەک : زەماوەن و شایی و ئاهەنگ ، سەیران ، میوانداری ، بۆ شاری یاری ، بۆ ئاهەنگی رۆژی جەژنی نەورۆز ، بۆ هەر بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی تر گەر بۆتان لوا ، منداڵەکەتان بەرن و ، هانیان بدەن بۆ بەشداریکردن لەو بۆنانەدا .
7 – لە ماڵەوە جەژنی لە دایکبوونی بۆ منداڵەکەتان سازبکە و ، با بە ئارەزووی خۆی هاوڕێکانی بانگ بکات .. فێری بکەن کە چۆن پێشوازیان لێبکات .. گۆرانی کوردییان بۆ لێدەن و ، هانیان بدەن بۆ گۆرانی وتن و ، هەڵپەڕکی و سەماکردن و ، پێکەنین و قسەی خۆش  .. با لە کۆتاییدا خۆی قسە بکا و سوپاسی ئامادەبوونی هاوڕێکانی بکات . ( روبـارد کبلنـگ ) دەڵێت :   جوانتـرین دیمـەن لە ژێـر ئاسماندا .. دیمەنی منــداڵێکە کە پێدەکەنێ  .
8 – منداڵەکەتان هەر هەنگاوێکی ئەرێنیی کۆمەڵایەتی نا .. لە یادتان نەچێت ئافەرین و دەستخۆشی لێبکەن و پاداشتی بکەن .

ئەم رەفتارە جوانانە فێری منداڵەکانتان بکەن :
1 –  مۆڵەت وەرگرتن و سوپاس کردن  : هەندی وشەی جوان و باوی کوردیمان هەیە .. لەو وشانەش : ( بە یارمەتیت ، گەر رێم پێبدەی ، سوپاس ، زۆر سوپاس ) ئەگەر دایکان و باوکان و کەسوکار ، بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەم وشە جوانانە لەگەڵ یەکتری و ، لە گەڵ خودی منداڵەکانیاندا بەکاریان نەهێنن  .. منداڵەکانيشیان بایەخیان پێ نادەن .. بۆ نموونە پێویستە منداڵەکانتان کە داوای شتێکیان لە کەسێک کرد ، یان شتێک لە هاوڕێیەکیان ، لە هەر کەسێک بخوازن  . جوان نییە کە بە شێوەی فەرمان داوای لێبکەن .. جوانتر وایە بەم شێوەیە داوای بکەن : ( بە یارمەتیت .. دەتوانم ئەوەت لێبخوازم ..؟ .. زۆر سوپاست دەکەم ) فێرکردن و راهێنانی منداڵەکانتان لەسەر ئەم رەفتار و وشە جوانانە ، دەبنە مایی رێز و خۆشەویستییەکی زیاتر لە لای هاوڕێکانی و مامۆستاکانی .. بەشێکی شانازیش بۆ هاندانی ئێوەی دایکان و باوکانی دڵسۆز دەگەڕێتەوە  .
2 – فێری منداڵەکانتان بکەن کە قسە بە کەس نەبڕن : کە منداڵەکانتان پرسیارێکتان لێدەکەن .. رەنگە چاوەڕێی ئەوە نەکەن ، کە بە تەواوی وەڵامی پرسیارەکەیان تەواو بدەنەوە ، قسەکەتان پێ ببڕن .. هەندێ لە دایکان و باوکان بەر لەوەی قسەکانیان تەواو بکەن ، مل کەچی داوا و ئارەزووی منداڵەکانیان دەبن .. ئەم شێوازە هەڵەیە و نابێت دایک و باوک رێ بە منداڵەکانیان بدەن کە قسەکانیان پێ ببڕن .. چونکە ئەو منداڵانە فێری ئارام نەگرتن و خۆپەرستی و رێزنەگرتن لە کەسانی تر دەبن .. تەنها چارەش ئەوەیە کە منداڵ فێری ئارام گرتن بکرێت .. تا دایک و باوکی یا هەر کەسێکی تر قسەکەیان تەواو دەکەن .. پێویستە فێری ئەوەش بکرێن کە رێز لە گەورەکان بگرن .
3 – رێزگرتن لە خوانی نانخواردن : بەر لە تەمەنی شەش ساڵان ، ئاسان نییە کە منداڵان  دەستووری نانخواردن جێبەجێ بکەن .. بەڵام چەند دەستوورێکی ساکار هەن پێویستە منداڵان لەسەریان رابهێنرێن ، لەوانەش : سەرزەنشتکردنی منداڵان گەر هاتو لە کاتی نانخواردندا زۆر قسەبکەن ، بە تایبەتیش ئەگەر خواردن لە دەمیاندا بێت .  فێریان بکەن کە چۆن کەوچک و چەتاڵ و چەقۆ و پەرداخ و کەرەسەکانی تر بەکاربهێنن .. فێریان بکەن کە رێز لە نەریتی باوی دانیشتنی خێزان بگرن ، بە دەوری خوانی نانخواردندا .. دەبێت لەو شوێنەدا دابنیشێ کە بۆی دیاری کراوە .. گەر خواردنەکەشی بەدڵ نەبوو نابێت خوانی نانخواردنەکە بەجێبهێڵێت .. لە دوایشدا دەستخۆشی و سوپاسی دایکی و هەموو ئەوانە بکات، کە ئەرکیان لە دروستکردن و ئامادەکردنی ئەو خواردنەدا بینی .
4 –  رێزگرتن لە تایبەتمەندییەکان : بۆ ئەوەی منداڵان فێری ئەوە بن رێز لە تایبەتمەندیی گەورەکان بگرن .. پێویستە دایکان و باوکان یەکەمین جار رێز لە تایبەتمەندییەکانی منداڵەکانیان بگرن ، بۆ نموونە : بەبێ لێدانی دەرگا و مۆڵەت وەرگرن نابێ دەرگای ژوورەکانیان بکەنەوە .. خۆتان لە گفتوگۆکانیان هەڵمەقورتێنن، گۆی لە قسەکانیان مەگرن کە بە تەلەفۆنەکانیان قسەدەکەن ، شتەکانی ناو ژوورەکانیان مەپشکێنن، چونکە ئەم رەفتارانە هەستی بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لە لای منداڵەکانتان دروست دەکەن .
5 –  نا بۆ دۆژمنایەتی : شتێکی سروشتییە گەر مشتومڕ و چەند و چون لە نێوان دوو منداڵدا رووبدات .. بەڵام ئەوەی کە نابێت چاوپۆشی لێبکەن و بێدە گ بن لێی ئەوەیە کاردانەوەیەکی خراپ لە ناکۆکی و مشتومڕەکەیاندا بکەوێتەوە .. وەکو توندوتیژی و شەڕ و لێدان و ئازاردان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ منداڵانی تردا .. بە تایبەتیش ئەگەر هاتو منداڵێک چەند جارێک لە منداڵێکی تر بدا .. پێویستە دایک و باوکی ئەو منداڵە لێدەرە، بە خێرایی چارەسەری گرفتەکە بکەن .. منداڵەکەیان بە هەڵە بزانن و ، لەم رەفتارە ناپەسەندەی پەشیمانی بکەنەوە .. داوای لێبکەن کە چیتر دووبارەی نەکاتەوە و، یەکسەر بچێت داوای لێبووردن و بەخشین لە منداڵە لێدراوەکە بکات .
خۆ بە هەڵەزانین و هونەری لێبووردن .. منداڵ فێری ئەوە دەکات کە لە داهاتووشدا گێچەڵ بە کەس نەکەن و فێری لێبووردن و دڵ گەورەیی بن .. بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی نەخوازراویش ، پەنا بۆ هۆشیان بەرن و، بە ئاشتی چارەسەریان بکەن .

6 –  رەتکردنەوەی فڕوفێڵ : منداڵان هەندێ جار فڕوفێڵ دەکەن ، ئەمەش لە زیرەکی و لە زۆر زانییانەوە دێت .. بەڵام ئەگەر لە ئاستی فێڵەکانیان بێدەنگ و سەرسام بن ، ئەمە بۆ منداڵان دەبێتە هاندان بۆ ئەوەی درێژە بە فڕوفێڵ و بە هەڵخەڵەتاندنی کەسانی تر بدەن .. دەشبێتە خوو و رەفتارێکی ناپەسەند و نەخوازراو ، لەوانەیە کە گەورەشبن درێژەی پێبدەن .. بۆیە پێویستە ئاگاداری منداڵەکانتان بکەنەوە ، کە فڕوفێڵ شتێکی خراپ و ناشیرینە و ، جۆرێکە لە درۆ، دەبێ رووبەڕووی راستییەکان ببنەوە .. نابێت نە لەگەڵ منداڵان و نە لەگەڵ گەورەکاندا، لە قسەکانیان و لە رەفتارەکانیاندا فێڵ و درۆبکەن  .
بوزەر جەمهەر دەڵێ :  بە مامۆستاکەم وت : چی بکەم تا خەڵکی خۆشیان بوێم  .؟ وتی : درۆ مەکە و بە زمانت کەس مەڕەنجێنە  .
7 –  رێزگرتن لە کەسانی تر : پێویستە منداڵەکانتان فێری ئەوە بکەن کە رێز لە کەسانی لە خۆیان گەورەتر بگرن .. بە جوانیش ناویان بەرن .. لە زمانی شیرینی کوردیماندا وشەی جوانمان هەیە کە رۆژانە بەکاریان دەهێنین .. کە گوزارشتن لە خۆشەویستی و لە رێز، وەکو : ( باوکە، دایکە ، کاکە ، دادە ، تاتە ، براژن ، پوورێ ، هاوڕێ ، نەنە گیان ، باپیرە گیان ، خۆشکانم ، برایانم ، بەڕێزان ، دڵسۆزان ، خۆشەویستان  و … هتد ) فێری ئەوەشیان بکەن کە بە وشەی جوان و شیرین پێشوازی و ماڵئاوایی لە یەکتری بکەن ، وەکو : (  بەیانیتان باش ، رۆژ باش ، ئێوارەتان باش ، زۆر بەخێربین ، خواتان لەگەڵ ، تا دیدارێکی تر ، ماڵتان ئاوابێ ، شەو شاد … ) ، ( تەوقەکردن ـ دەست خستنە ناو دەست) نەریتێکی جوانە و هەست و رێزێکی دەروونییش بە منداڵان و بە گەورەکان دەبەخشێ . ئەم شتانەش منداڵان بە جارێک فێریان نابن ، بە راهێنانی بەردەوام فێریان دەبن .
8 – رووحی یارمەتیدان : منداڵەکانتان فێربکەن ، کە یاری دەکەن شتەکانیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بەش بکەن و پێکەوە یاری بکەن ، ئەگەر نەهێڵن هاوڕێکانیان یاری بە شتەکانی ئەمان بکەن .. ئەمانیش بۆیان نییە یاری بە شتەکانی هاوڕێکانیان بکەن .. ئەوسا هەست بەوە دەکەن ، ئەگەر درێژە بە قورخکردن و خۆپەرستی و کەسنەویستی و  کەلەڕەقییان بدەن ، زەرەرمەند دەبن .. بۆیە پێویستە لە سەرەتاوە رووحی یارمەتی و بەشداری لە دڵە قنجەکانی کوردیلەکانمان خۆش بکەین .

زۆر بە کورتی و بە چڕیش باسی ئەو لایەن و ، دامودەزگایانە دەکەین ، کە کارگەرییان لەسەر بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵاندا هەیە :
1 – خـــێزان : سازکردنی کەشوهەوایەکی خێزانی تەبا و ، پڕ لە سۆز و خۆشەویستی و رێز ، نهێنی دروستبوونی کەسێتی کۆمەڵایەتی سەرکەوتووە ، خێزان یەکەمین ژینگە و یەکەمین قوتابخانەی منداڵانە ، ئەلفوبێی ژیان و ، زۆربەی خەسڵەت و رەفتار و خوو و داب و نەریتەکانیان ، لە خێزانەکانیانەوە وەریان دەگرن و فێریان دەبن .. خێزانەکان کارتێکردنێکی گەورەیان لەسەر رەوتی ژیانی منداڵان هەیە .. ئەرکی خێزانەکان، تەنها دابین کردنی گرنگترین پێداویستییەکان و پێویستییەکانی گەشەکردنی جەستەیی و دەروونییەکانی منداڵەکانیان نییە ، بەڵکو پێویستیشە بە جوانی و بە دروستی گۆش و پەروەردە و ئاراستەشیان بکەن .. تا هەرەیەکەیان ببێت بە تاکێکی کۆمەڵایەتی و لە کۆمەڵگاکەیدا رۆڵی هەبێت .. زاناکان زۆر جەخت لەسەر گرنگی سۆز و خۆشەویستی نێوان منداڵان و دایکانیان دەکەنەوە .. دایکان دینەمۆی خێزانەکانن .. بێگومان سۆز و میهرەبانی دایکان  بێ سنوورن .. دایک یەکەمین مامۆستا و پەروەردەکارە .
جۆن ئادەمیز دەڵێ :  شانازی ئەو هەموو ناوبانگ و پایە بەرزییەی پێیان گەیشتووم .  دەگەڕێنەوە بۆ دایکم  
2 – قوتابخـــانە : قوتابخانە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی فەرمییە ، ئەرکی پەروەردەکردن و فێرکردن و راهێنان و، گواستنەوەی زانیاری و رۆشنبیریی پێشکەوتووە بۆ منداڵان .. مامۆستاکان دینەمۆی قوتابخانەکانن .. پەروەردە و فێرکردنیش هونەرێکە و پێویستی بە مامۆستای هونەرمەندی لێهاتوو هەیە .. پێویستە هەلومەرجێکی لەبار سازبکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی گەشە بە لەش و هۆش و بە رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابییەکانیان بکەن .. چونکە قوتابخانە رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە فێرکردن و لە گەشەکردنی توانا و بەهرەکانی منداڵان .. قوتابخانە کارگەیەکی پەروەردەییە و ، نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوومان دروست دەکا .. پێویستە هەموومان سەر بۆ مامۆستایان دانەوێنین و ، لە ئاستی ئەرکی پیرۆز و بەخشندەیی و شکۆداری و دڵسۆزییاندا دەست بە سنگەوە بین .
3 – کەسوکار و خزمان : کەسوکار و خزمان کە هاتوچۆیەکی زیاتری یەکتری دەکەن .  کارتێکردنێکی ئەرێنییان لەسەر گەشەکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی منداڵان هەیە .. بە ئاسانیش سۆز و ریز و دڵنیایی و هاوڕێتی لە نێوانیان منداڵەکانیاندا دروست دەبن .
4 – هۆیەکانی راگەیاندن : راگەیاندنەکان زانیاری هەمەڕەنگە بڵاودەکەنەوە ، چالاکی و بەرنامەی هەمەجۆرەش پێشکەش بە منداڵانی کوردستان دەکەن .. بێگومان بەرنامە ئاراستەکراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان ، سوودێکی زۆر بە منداڵان دەبەخشن .. بەڵام لە هەمان کاتیشدا هۆیەکانی راگەیاندن ، زۆر مەترسیداریشن ، هەڕەشەن لەسەر  گەشەکردنی کۆمەڵایەتی منداڵان ، بە تایبەتیش تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت .. چونکە زۆر لە داب و نەریتە رەسەنەکان و ، لە بەها پیرۆزەکان دەشێوێنن و، فێری کۆمەڵێک بەهای تر دەبن کە نامۆن بە کولتووری کوردیمان .. کۆتاییش بە گێڕانەوەی چیرۆک و نەزیلە و هەقایەتەکانی باپیرە کوردۆ و ، نەنە گیان دەهێنن .. منداڵان دەگۆازنەوە بۆ سەردەمی فیلمی کارتۆن و ئێنیمەیشن .. کە بەشێکیان کاریگەریی خراپیان لەسەر رەفتارەکان و ژیانی منداڵان هەیە و دەبێت .. بۆیە پێویستە ئەو فیلمانەی پێشکەشی منداڵان دەکرێن بە وردی کۆنترۆڵ بکرێن ، گەر بۆ منداڵانی کورد نەشیان نمایشکردنیان قەدەغەبکرێن .

5 – باردۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا : تا هێمنی و ئارامی و ئاشتی زیاتر باڵ بەسەر کۆمەڵدا بکێشن، لە رووی ئابووری و بژێوی ژیانەوە خەڵکی کێشەیان نەبێت .. ئەمانە زیاتر و باشتر لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی منداڵاندا هاوکاری دەکەن .. بەڵام تا ئاژاوە و نائارامی و ململانێی سیاسی لە ئارادابن ، تا باری ئابووری و بژێوی خراپ بێت .. گەشەکردنی کۆمەڵایەتیش سست و سڕدەبێت .. کاریگەری ئەرێنیشیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵان دەبێت .

لە کۆتاییدا دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە پێویستە منداڵەکانمان هان بدەین ، بۆ پەیوەندی بەستنی هاوڕێتی و کۆمەڵایەتی ، چونکە هەرکەسێک لە هەست و ئارەزووی کەسانی تر بگا .. مەودایکی زیاتری بۆ دەڕەخسێنێت ، بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسانی تردا بگونجێت و یەکتری قبوڵ بکەن و رێز لە یەکتری بگرن و ، بە کامەرانی و خۆشی بژین .. با فێری خۆشەویستی و لێبووردەنیان بکەین .. فێری ئەوشیان بکەین کە هەردەم بە رووحێکی وەرزشـییەوە لەگەڵ یەکتریدا هەڵبکەن  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت