ژیلوان شۆڕش محەمەد: مێژووی خەلافەتی ئیسلام.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى دووهەمى

مێژووى خلافەتى ئەمەویەکانە، کە بە خلافەتى معاویەى کوڕى ئەبى سوفیان دەستى پێکردوە.

موعاویەى کوڕى ئەبى سوفیان

خۆی و باوک و دایک و یەزیدى براى ڕۆژى داگیرکردنى مەککە لە لایەن سوپاى ئیسلامەوە بون بە موسوڵمان، موعاویە کوڕى ئەبى سوفیانى کوڕى ئەبى حەربە، ئەبى سوفیانى باوکى دوژمنى خوێنخۆرى پێغەمبەر بووە تا ڕۆژى داگیرکردنى مەککە (کە بە ناچارى بۆتە ئیسلام)، دایکى ناوى هندە و بەوە ناسراوە کە دواى کوشتنى حەمزەى مامى پێغەمبەر لە شەڕى ئوحد بە پیلانێکى ئەم هندە، ناوسکیان بۆ هەڵدڕیوە و جەرگەکەى بە کاڵى خواردووە، وەک تۆڵەیەک بۆ کوشتنى براکەى بە دەستى حەمزە. نەنکى موعاویەش ئەو کەسەیە کە لە قورئاندا بە حمالە الخطب فی جیدها حبل من مسد، ناوى هاتووە.
معاویە ماوەیەک نوسەریى بەردەستى پێغەمبەر بوەو نزیکەى 100 وتەى پێغەمبەر لە دەمى ئەوەوە دەماو دەمى کردوە.

معاویە پیاوێکى زۆرزان و لەسەر خۆو فێڵباز بووە، گەلێک وتە هەن کەوەک ستایشکردنى بۆ ریایى دراونەتە پاڵى، بەڵام زۆر کەم پشتڕاستکراونەتەوە، خەلیفە ئەبو بەکر بە یاوەرى یەزیدى براى موعاویە لە گەڵ سوپاى نێردراو بۆ داگیرکردنى شام ناردویەتى. کاتێکیش یەزیدى براى مردووە، بووە بە جێگریى لە دیمەشق. لە ماوەى خلافەتى عومەر و عوسمان، والى دیمەشق بووە. دواى کوشتنى عەلى بووە بە یەکەم خەلیفەى ئەمەویەکان. کاتێ کە عەلى لە مزگەوتى کوفە بە دەستى عەبدولرەحمان کوڕى مەلجەم کوژرا، دانیشتوانى شارەکە حەسەنى کوڕى عەلیان کردە خەلیفە. بەڵام لە ژێر فشار و ترسى لە هێرشى معاویە بۆ سەر کوفە، حەسەن دەستى لە خلافەت هەڵگرت بۆ معاویە بە مەرجێک دواى مردنى معاویە خلافەتەکە بگەڕێتەوە بۆ حەسەن و لە گشت دانیشتوانى مەدینە و حجاز و عێڕاق ببورێ و هەمو قەرزەکانى بۆ بداتەوە. معاویەش هەمو مەرجەکانى قبوڵکردو بووە یەکەم خەلیفەى ئەمەویەکان لە دمشق لە ساڵى 41 ى کۆچى و، هەر لەو ساڵەشدا مەروان کوڕى حەکەمى کرد بە والى مەدینەو، زیادى براشی کردە والى بەسرە و کوفەو و تەواوى عێڕاق. نەنکى ئەم حەکەمە زەرقاى کچى وەهەبە، کە ناوبانگى هەبووە لە لەشفرۆشیدا و خاوەن ئاڵا بووە. لە کۆمەڵى ئەوساى حجازدا لەشفرۆشە بەناوبانگەکان ئاڵا بە سەر ماڵەکانیاندا هەڵواسراوە، زیادیش ناوى باوکى نەزانراوە. جارێک بە کوڕى عبید السقفى و جارێک بە کوڕى سفیانى باوکى موعاویە ناوبراوە.
دایکى زیاد، ناوى سمیە بوە و، جاریەى الحارس بن کلده السقفى بوەو، عبید السقفى گرتویەتی یە خۆى. لە خلافەتى ئەبو بەکردا بۆتە ئیسلام. لەخلافەتى عەلیدا والى فارس بوە و دواى کوشتنى عەلى لە موعاویە یاخى بوە. معاویەش لە یەکێ لە کارە فێڵ و تەڵەکەبازیەکانیدا ئەم زیادەى کردە براى خۆى بە ئامادەکردنى چەند شایەتێک سوێندیانخوارد کە ئەبوسوفیانى باوکى موعاویە کاتى خۆى لاقەى سمەیەى دایکى زیادى کردوە و دواى 9 مانگ ئەم زیادەى بوە، بەوەش کردیە براى خۆى و وڵاتى فارسیش کەوتە ژێر دەستەڵاتى و زیادیش بوە پشت و پەنا بۆى.
موعاویەى کوڕى ئەبو سوفیان، یەکەم خەلیفەى ئیسلام بووە، کە پێش مردنى خۆى، یەزیدى کوڕى وەک (وەلى عەهد)کردۆتە جێگرى خۆی و بە فێڵ و تۆقاندن تەماع و دابەشکردنى سامانى وڵاتانى داگیرکراو بەسەر کاسەلێساندا ڕەزامەندى موسوڵمانانى بۆ وەرگرتوە.
لە ماوەى خلافەتى موعاویەدا داگیرکردنى وڵاتانى دراوسێ بەرەو ڕۆهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور بەردەوام بووە، موعاویە ماوەى 20 ساڵ میرى شام بووە، 20 ساڵیش وەک خەلیفە لە شام حوکمڕان بوە و لە ساڵى 60 ى کۆچى مردوە و نزیکەى 77 ساڵ ژیاوە و تا مردنیشى هەندێ تووک و نینۆکى پێغەمبەرى لابوە و وەسیەتى کردووە کە مرد کاتى لە گۆڕنانى بیخەنە ناو دەم و چاوى.

یەزیدى کوڕى موعاویە:
پیاوێکى کەتەو گۆشتن و تووکن بوە، بە مەیخۆرى و داوێنپیسى ناسراوە، معاویەى باوکى پێش مردنى خۆى کردویەتى بە وەلى عەهد. ئەو کردەوەیەشى بۆتە مایەى نا ڕەزایى ئەسحابەکانى پێغەمبەر و کوڕانى خەلیفەکانى پێش خۆى.
موعاویە پێش مردنى بەیعەى (ڕەزامەندى) دانیشتوانى شامى بۆ بونى یەزید بەخەلیفە لە دواى خۆى وەرگرتبو، کاتێکیش نوێنەرى ناردە مەدینە بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندى دانیشتوانەکەى،حوسەینى کوڕى عەلى ئەبو تالیب و عبداللەى کوڕى زوبەیر بەرپەچیاندایەوە و ڕازى نەبون لە سەر بونى یەزید بە خەلیفەى ئیسلام.
حسێنى کوڕى عەلى ئەبو تالیب لە ژێر داواکارى دانیشتوانى کوفە کە پەیتا پەیتا بەنامەو نێردراو هەر لە کاتى خلافەتى موعاویەوە داوایان لێ ئەکرد بێتە کوفە و بانگەشەى خلافەتى خۆى بکات و بەڵێنیان ئەدایێ کە پشتگیرى بکەن، بۆیە تەماعى بون بە خەلیفە و گێڕانەوەى خلافەت بۆ نەوەى پێغەمبەر لە بەنى هاشم و، ڕق و کینەى لە مێژینەى نێوان هەردوو بەنى هاشم و بەنى ئومەیە لە هۆزى قوڕەیش وایکرد، کە حسین بە تەنگ داواى دانیشتوانى کوفەوە بچێت. لە ڕۆژى 10ذى الحجە، بە یاوەرى ژمارەیەک لە پیاو و ژن و منداڵى خێزانەکەی و هەندێ لە هەوادارانى لە مەککەوە بەرە و عێڕاق کەوتە ڕێ. کاتێکیش هەواڵ گەیشتە یەزید، نامەیەکى نارد بۆ والى کوفە (عوبەیدواللە کوڕى زیاد) بۆ بەرەنگاربونەوە و کوشتنى حسین، عوبەیدواللە سوپایەکى چوار هەزار کەسى بە سەرکردایەتى عومەرى کوڕى سەعد کوڕى ئەبى وەقاس ناردە سەر ڕێى حسین، (کە ژمارەى قافڵەکەی حسەین بە خۆیەوە ئەگەیشتە 100 کەس)، خەڵکى کوفەش هەر وەک چۆن پشتیانکردە عەلى باوکى و حوسەین، هەر ئاوەهاش بە دەنگ حسێنەوە نەچون و، کاتێکیش حوسێن خۆى لەو بارەدا دیت، داواى لە سەرکردەکەى سوپاکەى یەزید کرد، کە خۆى بداتە دەستیان و بیبەن بۆلاى یەزید و دەست بخاتە دەستى. بەڵام بێ سوود بو، چونکە ئەوان بۆ لەناو بردنى هاتبون، بۆیە لە شەڕێکى نا بەرامبەردا حسین و هەوادارانى کۆمەڵکوژکران و سەریى حسێنیان لە جەستەیکردەوە و لە ناو تەشتێکدا بردیان بۆ عبیداللەى کوڕى زیاد لە کوفە.
کوشتنى حسین و خاوو خێزان و هەوادارانى بە شێوەیەکى یەکجار دڕندانە ئەنجامدراوە بە دەستى کەسانێک کە ڕابردویان جێگەى گومان بووە، چونکە یەکێک لەوانە کە عوبەیدواللە کوڕى زیاد بووە، دایکى ناوى مەرجانە بوە و کۆیلەى عبدالرحمان کوڕى حەسان بن سابت بوە و بە کۆمەڵ لە لایەن داوێنپیسانى ئەو کاتەوە لاقە کراوە، لەوانەش زیاد ئبن ابیە بووە. مەرجانە دوو کوڕى بوە، یەکێکیانى ناو ناوە عباد و، ئەوى دیکەیان عوبەیدواللەو نەزانراوە باوکیان کێیە. بۆیە زیاد ئبن ئەبیە کە خۆشى نەزانراوە کێ باوکیەتى داڵدەى داون و گرتونیەتە خۆى و، ناوى ئەویان هەڵگرتوە. سەیر ئەوەیە کە عەباد لە سایەى خلافەتى ئیسلامدا بووە بە والى سجستان لە کاتى خلافەتى معاویە و عوبەیدواللەش بووە بە والى بەسرە و دواتر والى لە کوفە.
ساڵى 63 ى کۆچى دانیشتوانى مەدینە و دەوروبەرى بە سەرۆکایەتى عەبدواللەى کوڕى زوبەیر لە یەزید هەڵگەڕانەوە و عەبدواللە بوە خەلیفە. یەزیدیش سوپایەکى گەورەى بە سەرکردایەتى یەزیدى کوڕى موسلم ناردە سەریان و لە شوێنێک کە پێى ئەوترێ (حرە راقم) دانیشتوانى مەدینە بەرەنگارى سوپاکەى یەزید بونەوە و، شەڕەکە بە تێشکاندنى دانیشتوانى مەدینە کۆتایى هات و 3500کەس لە مەوالى و 1400 کەس لە ئەنسارەکان و لە قورەیشەکانیش 1300 کەس کوژران کە زۆریان ئەسحابەى پێغەمبەر بون. لەشکرەکەى یەزید چونە ناو شارى مەدینەو کەوتنە تاڵانکردنى سەر و ماڵى دانیشتوانى شارەکە و فەسادکردنى ژن و کچانى شارەکەو کار گەیشتە ئەوەى هەزار کچ بێبنکران و ساڵى داهاتوش زیاتر لە هەزار زۆڵ لە دایک بون.
دواى داگیرکردنى مەدینە لەشکرەکەى یەزید بەرەو مەککە کەوتنەڕێ، لە ڕێگا سەرکردەى لەشکرەکە یەزید کوڕى موسلم مرد و پێش مردنى خۆى یەکێکى دیکەى کردە جێگرى. سوپاکەش لە ساڵى 64ى کۆچى گەیشتنە مەککەو دواى گەمارۆدانى شارەکە کەوتنە بۆردومانکردنى بە مەنجەنیق و داروبەرد و خانوى شارەکەیان دا بەسەر یەکداو، سوتاندیان و بەرگى کەعبە و سەربانەکەى و هەردوو قۆچى بەرانەکەى کە خودا ناردبووى بۆ ئیبراهیم کە بیکاتە قوربانى لە جیاتى ئیسماعیل، بە ئاگرى مەنجەنیقەکە سوتان.
یەزید لە ناوەڕاستى مانگى رەبیع الاولى ساڵى 64ى کۆچى مردوەو موعاویەى کوڕى کراوە بە خەلیفە لە جێگەکەى، عبداللەى کوڕى زوبەیریش لە مەدینە بانگەشەى بۆ خۆیکرد وەک خەلیفە لەهەمانکاتدا.

موعاویەى کوڕى یەزید: یەزیدى کوڕى موعاویە پێش مردنى موعاویەى کوڕى کردە جێگرى خۆى وەک (وەلى عەهد ) و لە مانگى رەبیع الاولى ساڵى 64 ى کۆچى بوە جێگرى باوکى، گەنجێکى ڕەوشت باش بوو لەبەر دەردەدارى جەستەى خلافەتەکەى لە دوو مانگ تێپەڕى نەکرد لە تەمەنى 21 ساڵیدا کۆچى دواییکرد و پێش مردنیشى نەیویست جێگر بۆ خۆى دابنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت