کارا فاتیح: بــەکــۆمــەڵایــەتــیــکــردنــی ســیــاســەت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرنجێک لە سەر وشەکانی/ مام – مامە، کاک – کاکە، مامۆستا، دکتۆر، شێخ، مەلا و… هتد.

بۆ کارەکتەرە سیاسییەکان
سەردەمانێك لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، ڕەخنەی ئەوە دەگیررا, کە سیاسەت هەموو کایەکانی تری ژیان و کۆمەڵگای داگیر کردوە و ناهێڵێت سەربەخۆ کاری خۆیان بکەن، ئەم بۆچوونەیش زیاتر سیاسەتی لە کاری حیزبایەتیدا کورت کردبوەوە، بە سەرنجدان لە واقیعی کاری دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا، تێدەگەییشتین کە ئەم بۆچوونە بڕێکی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتبوو، بەشێکی توانایییەکانی ڕۆشنبیرانی گۆڤاری ڕەهەندیش بۆ سەلماندن و ڕەخنەگرتن بوو لەم پرۆسەیە، بەڵام ئەوەی ڕۆشناییی نەخراوەتە سەر و لانی کەم لە ژێر هەژموونی ئەو بۆچوونەدا بزر کراوە، پرۆسەیەکی پێچەوانەیە، کە ئەویش بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەتە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و هاوەڵناو بۆ کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد لە وێنەی: شێخ، مەلا، مام – مامە، کاک – کاکە، مامۆستا، دکتۆر و… هتد. دیارە تا ئێستایش ئەم بەکارهێنانە وەک پرۆسەیەکی ئاسایی ڕۆیشتوە و سەرنج لە لایەنە مەترسیدارەکانی نەدراوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەیش وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی قبوڵ بکرێت و ژیانی بەکۆمەڵی دروست بکرێت، لە پێناو وەڵامدانەوە و تێرکردنی ئەو غەریزە و ئەو ئارەزوانەی کە سروشتین، یاسای کۆمەڵایەتی دانراوە و بە یاسا ئەم غەریزە و ئارەزوانە وەڵام دەدرێنەوە و لە چوارچێوە دراون، هەر وەک چۆن یاسا (نووسراو یان نەنووسراو) بۆ هەموو پێوەندییەک و ڕێکخستنی پێکەوەژیان دانراوە، ئەم پرۆسەیەیش کۆمەڵگا پەسەندی دەکات و ژیانی بەکۆمەڵی مرۆڤ مەیسەر دەکات، لەمەیشەوە پێوەندیی خوێن، خزمایەتی، بنەماڵەیی، ئایینی و نەتەوەیی و…هتد، سەری هەڵداوە.
لە کەشی بەکۆمەڵایەتیبووندا، تاکەکانی کۆمەڵگا بە یەک دەگەن و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، هاوکات ململانێ و ناکۆکی و جیاوازییەکان دەردەکەون و گەشە دەکەن، بۆ ئەوەی هاوشانی ئەمانە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون لە بەردەوامیدا بێت، فەزایەکی گشتی ئامادەیە کە بریتییە لە شوێنی چالاکیی عەقڵانی و وتووێژ و هەوڵی ڕێکخستن و گۆڕینی ژیان، ئەم فەزایەیش سیاسییە، واتە ڕێکخستنی ژیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسییە، سیاسەتیش بە چەندین دیودا دەتوانێت کار بکات، هەم بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەم بە ئاراستەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە، ئەوەی کە هەوڵی گۆڕانی ژیان و ڕزگاربوون لە زوڵم و ستەم دەدات، کارێکی سیاسییە و ئەوەیش هەوڵی مانەوەی واقیعی باو و لە دەسەڵاتدا مانەوە و جێگیربوونی کۆمەڵێک سیاسی دەدات دیسان هەر کارێکی سیاسییە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخستنی ژیان و هەرەمی دەسەڵات و بەهرەمەندبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا بە دیوی چاک و خراپیانەوە تێکڕا پرۆسەی سیاسیین، دژوەستانەوە و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازییش بە هەر دوو باردا سیاسەتن، بۆیە بەشێکی زۆری لێپرسراوێتیی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەو کارەکتەرانەیە کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدان، پێویستیشە هزر و بیرکردنەوە بە ئاراستەی هەموو جووڵە و ڕەفتار و بڕیارێکیان لە کاردا بێت و ڕەخنەی چاونەترسانە بە میتۆدی عەقڵانی لە دەرکەوتن و گەشەدا بێت.
ئەوەی تێبینی دەکرێت بەشێکی زۆری کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد بە تایبەت ئەوانەی بەرپرسی یەکەمن لە حزب و دەسەڵاتدا بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی زمانی لە وێنەی (شێخ، مەلا، مام، کاک، مامۆستا و دکتۆر و… هتد) داپۆشراون، کە هەر یەک لەو هاوەڵناوانە دەیەوێت ئەو کارەکتەرە سیاسییانە لە سیاسەت داببڕێت و بەرگێکی کۆمەڵایەتییان بە بەردا بکات و بە پێوەندیی خوێن و خزمایەتی و دین و بنەماڵە، سۆز و ڕێز و موحیبەتی هەر ئەو خەڵکە بۆ خۆی دەستەبەر بکات، کە ئەگەر چی لە دەستیان دادوبێدادیەتی و ژیانێکی بێ ماف و نایەکسانی هەیە، ئەمەیش بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسی و ئامانجدارە و هەوڵ دەدات لەم ڕێگەیەوە ئەو کارەکتەرانە لە ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ بپارێزێ و لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردندا بە زەقکردنەوەی کەلتووری ڕێز و خزمایەتی و پێوەندیی خوێن، ڕووی میهرەبان و بەشێک لە خۆمان و ئاساییبوونی هەموو نادادییەک نیشان بدرێت.
دروست نەبوونی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ، ڕیشەی وا لە زەمینەیەکی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم زەمینەیە هەمیشە لە ژێر پەردەی ڕێز و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگا و بەکارهێنانی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام و کاک، بۆ ئەم مەبەستە و ڕێزگرتن لە پلە و مەقامی دینی و خێڵەکی بە هاوەڵناوەکانی شێخ، مەلا، میزا، حاجی و…، هەروەها خۆجیاکرنەوەی بڕێک کەسایەتی و دروستکرنی جۆرێک لە جیاوازیی چینایەتی و خۆجیاکرنەوە لە مرۆڤی ئاسایی و ڕەنجدەر و ماندوو بە پاساوی زیرەکی و عەقڵی حەکیمانە و خزمەتکردنی زمان بەم جیاوازییە بە هۆی وشەگەلی وەک: مامۆستا و دکتۆر، تێکڕا ئەم کەلتورە زمانەوانییە لە ژێر پەردەی بەئەدەبدۆستی و ڕێزگرتن وەک نەریت و بەهای مرۆیی، ئەو زەمینە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دروست کردوە، کە بوە بە شوێنی ناشتنی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ.
ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ستەم و دیکتاتۆریەتی داگیرکەردا، خەڵک ناتوانێت چ بە نووسین و چ بە قسەکردن ناوی ستەمکارێکی وەک سەدام حسێن و داگیرکەرانی تر بهێنێت و ڕەخنەیان لێ بگرێت، ئەمڕۆ هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و کارەکتەرە سیاسییەکان بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی کۆمەڵایەتی گەمارۆ دەدرێن و لە ژێر پەردەی ڕێز و کەلتووری بەئەدەب قسەکردنەوە هەمان قەڵغان کە بۆ سەدام حسێن بە ترس و تۆقاندن دروست دەکرا، ئەمڕۆ بە بیانووی ئیحترام و پێوەندیی کۆمەڵایەتی و هاوخوێنییەوە و بەو ژەهرە کوشندەیەی کە گوایە ئەوان باوک و مام و کاک و براگەورە و مامۆستا و دکتۆر و زانامانن بۆ کارەکتەرەکانی: جەلال تاڵەبانی، مەسعوود بەرزانی، نەوشیروان مستەفا، عەلی باپیر، سەڵاحەدین بەهادین، بەرهەم ساڵح و ئەوانی تر هەمان شت دروست دەکرێت. ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ترس و تۆقاندندا بە ڕێزەوە ناوی سەدام حسین دەهات و شیعر و شانامە بە باڵایدا دەهۆنرایەوە، ئەمڕۆ بە هەمان ڕێزەوە بەڵام ڕێزێک کە ئیلهام لە پێوەندی و خوێن و خزمایەتی وەردەگرێ و جادووی ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتی لە وێنەی شیعر و شانامەکانی زوو بە پاڵپشتی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام، کاک، مامۆستا، شێخ، مەلا و دکتۆر یەک سەرکردە بە زانا، ئەوی تر بە حەکیم، ئەوی تر بە خواناس، ئەوی تر بە خەمخۆر و دونیادیدە و ئەوی تر بە پەناگەی هەژاران ناو دەبرێن.
لەمڕۆی سەردەمی دەسەڵات و هەژموونی لیبرالیەت لە جیهاندا، دروشمی زاڵ و داسەپاو و پەسەندکراو بریتییە لە تاكگەرایی و فەردانيەت، تاكگەرایی و فەردانيەتێک، کە ئاسوودەیی بە سیستمەکە بەخشیوە و کۆسپێکی وەهای لە بەردەم نەماوە، بە تایبەت لەم پەراوێز و تاقیگەیەی سیستمی جیهانی و شوێنی پراکتیکردنی خەون و تەماحی بۆرژوازیەت و ئیمپریالیزمی جیهانی و تایبەتتر ئەم پارچەزەوییەی کورد لە سەری دەژی، فەردانیەتێک ڕەواجێکی پێ دەدرێت، لە بریی تاک شوێن خەون و خەیاڵەکانی بکەوێت، دەستبەرداریان دەبێت و لێیان ڕادەکات، لە بەردەم فەردێکی وەها سەرگەردان و داماڵراو لە ئەکتی سیاسی، ئاسانتر کارەکتەری سیاسی دەتوانێت لە پاڵ تەماع و هاتنەدی خەون و بەرژەوەندییەکانی، هاوکات خۆی وەک: باوک، کاک، مام، مامۆستا و دکتۆر و مەلا و… هتد، بزانێ و لەگەڵ تاقیکردنەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەق و فاشییانە و تاڵانچییانەدا، لە ڕێگەی ئەم هاوەڵناوە فریودەرانە و خێڵەکییانە سیمایەکی کۆمەڵایەتییانە بە کاراکتەری خۆی ببەخشێت و سیاسەتە دژەبەشەرییەکانی بە پەردەیەکی جادوویی کۆمەڵایەتی بشارێتەوە و پێوەندیی درۆزنانەی خوێن و خزمایەتی لەگەڵ ئەوانەی دەیانچەوسێنێتەوە دروست بکات، تا دیوێکی میهرەبان و سایەی هەژاران و پەناگایەک بۆ هەموان بە خۆی بدات و بینوێنێتەوە، هاوکات ئەو قەناعەتە دروست بکات، وەک چۆن باوک و براگەورە و مام و مامۆستای حەقیقی و بایۆلۆجی، بەرپرسیارێتییان وایان لێ دەکات میهرەبان و بە سۆز بن، هەر ئەو بەرپرسیارێتییەیان وایان لێ دەکات وەک پێویستی ڕەق و بە زەبر و توند بن، کارەکتەرە سیاسییەکانیش بە هۆی خۆشاردنەوەیان لە ژێر ئەم هاوەڵناوانەدا دەیانەوێت و هەمان دۆخی ئاسایی و سروشتی و پێویستی بۆ ڕەقی و توندوتیژی و سیاسەتە دژە بەشەرییەکانیان دروست بکەن، لەگەڵیشیدا وێنەی فریودەرانەی میهرەبان و بەشێکبوون لە خەڵك و بەرپرسیار لە ژیانیان لە بەر چاو لا نەچێت و وەک موتڵەقێک بیخەنە ڕوو.
نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ڕەخنە لەو کەلتوورە زمانەوانییە بگرێت، کە لە ڕێگەی نەریتی ڕێز و بەئەدەبئاخاوتنی ساختەوە، سیاسەت دەکاتە کایەیەکی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی خێل و خزمایەتی و خوێن دەدات بە سەر لێپرسراوێتیی سیاسەتمەداراندا، هەر چەند ئەوەی دەیکەن دژ بە هەموان و ژیان و خەونی نەوەکانی ئاییندەیش بێت، بەڵام ئەوان هەر مام و کاک و سەردار و مامۆستا و دکتۆرمان بن، کەچی بەشێکی زۆر لەو نووسەر و هونەرمەندانە لە دواوە ڕێچکەی ئەم نوخبە سسیاسییانەیان هەڵگرتوە، گەرچی ناتوانن: کاک، مام و مامۆستاو… هتد، لە پێشەوە وەربگرن. لە دواوە ڕووبەری باوکی بایۆلۆجی فراوان دەکەن، لە جیاتیی ڕەخنەگرتن لە کەلتووری باوکسالاری و نێرسەنتەری، بە ڕەگێکی خێڵەکی و ناوچەگەرێتیدا ڕۆچوە و بنجی داکوتاوە و پاشناو و نازناوەکانی (قەرەداخی، سیوەیلی، پێنجوێنی، ئاکرەیی، چۆمانی، هەولێری، زاخۆیی، سنەیی، بانەیی، هەورامی، بەرزنجی، شارباژێڕی و سێوکانی و… هتد)ی خستەوەتە دوای خۆی. نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ئەو کەلتوورە زمانەوانییە تێک بشکینێت کە ناهێڵێت مام جالال ببێتە بە جەلال تاڵەبانی و کاک مەسعوود و کاک نەوشیروان و کاکە حەمە ببنەوە بە مەسعوود بەرزانی و نەوشیروان مستەفا و محەمەدی حاجی مەحموود، مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا سەڵاحەدین ببەنەوە بە عەلی باپیر و سەڵاحەدین بەهادین و دکتۆر بەرهەم ببێتەوە بەرهەم ساڵح، دێت پاشگری (ی) دەخاتە سەر ناوی شوێنەکانی (قەرەداخ، سیوەیل، پێنجوێن، ئاکرێ، بەرزنجە، چۆمان، هەولێر، زاخۆ، سنە، بانە، هەورامان، شارباژێڕ و سێوکان و… هتد) لە ناوێکی بەرجەستەی شوێنەکانەوە دەیانکاتە، ناوی واتایی و ڕەمزی و ڕوویەکی ئایدیۆلۆژییان پێ دەدا، بێ ئاگا لەوەی ئەم ناوچەگەریی و خێڵپەرستییە، ئەگەر چی هەڵبژاردنێکی هەر بۆخۆشی یان ڕێکەوت یان وەک خۆیان دەڵێن سۆز و وەفایەکی پاک بێت بۆ ئەو شوێنانە، بەڵام لە خەیاڵ و نەستیاندا ڕووبەر و هێزی ئەو کەلتوورە نێرسەنتەری و باوکسالارییە بەهێز دەکات، کە نایەوێت باوکی بایۆلۆجی وەک شوناسێکی ئاسایی کە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبێت بە سەر هونەر و نووسین و بیرکردنەوەی ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەوە لە جێی خۆی بمێنێت و یان تەنها باوک بێت، بۆیە لە ڕێگەی چیرۆکی تا ڕادەیەک عونسووری بۆ جوانی و مەڵبەندی زیرەکی و ئازایی و چاکی و… هتد، بۆ ئەو شوێن و ناوچانە، ڕووبەری باوک و خۆدانەپاڵ سایەی باوکی ڕەمزی و ئایدیۆلۆژی زیاد و هەژموونی زاڵ دەکات، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەکرێت بە جیهانبینییەکی ئازاد و ڕاقی و هزرێکی ڕادیکاڵەوە ڕێگە لە بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەت بگرێت و کارەکتەرە سیاسییەکان بە فیکرێکی سیاسییانە هەڵبسەنگێنێت و نەهێڵێت لە ڕێگەی پێوەندیی بنەماڵەیی و خێڵ و تێکەڵاویی خزمایەتی و خوێن، ئەو هەموو مەرام و پاوەنخوازی و دەسەڵاتی توند و ستەمکارانەیان بۆ سەر بچێت.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جۆرێک لە سایکۆلۆژیا کە خۆهەڵكێشان و سیفەتی باڵا و گەورەیی و پلەیەکی بەرزتری بە خاوەنناوەکان بەخشیوە و بۆ خەڵکیش بچوکی و ئیرەیی و کەمی ماوەتەوە.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جیاوازیی ڕەگەزی و ئایینی و بۆرژوازی و… هتد، کردنەوەی ئەو کارەکتەرە سیاسییانەیە بە مرۆڤی ئاسایی تا بە هۆی ئەو جیاوازییانەوە لە ناو ڕووبەری لێپرسینەوە و ڕەخنەلێگرتن و دادگاییکردنیان دەرنەکرێن.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە بنەما خێڵەکی و بنەماڵەیی و ئایینی و عەتفە کۆمەڵایەتییەی، سیاسەت بۆ قایمکردنی ‌ژێرپێ و بنەمای خۆی سوودی لێ دەبینێت و درێژە بە تەمەنی واقیعی باو و کارەکتەکانی دەدات.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو پێوەندییەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ستوونی دابەش دەکات و هێڵی یەکسان تێک دەشکێنێت، بە پێوەری خێڵەکی و دینی و بۆرژوازی یەک لەوانی تر بە زاناتر و یەکێکی تر لە ناو کۆیەکدا بە لێهاتووتر و خانەدارتر و سەروەرتر و تەنانەت پیرۆزتر سەیر دەکات.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو ئایدیۆلۆژیایەی لە سەرێکەوە بۆ سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی بە سەر کۆمەڵگادا کارەکتەری سیاسی باڵا و جیا دەکاتەوە، لە سەرێکیشەوە بۆ بەهێزکردنی ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دەسەڵاتە، بە بیانووی پێوەندیی خوێن و ئایین و نەتەوە و… هتد، کارەکتەرە سیاسییەکان دەکاتەوە بە بەشێک لە خەڵک و هەرەمی دەسەڵات وەک موتڵەقێک دەناسێنێت.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردوەنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو حەماقەتەی بە ناوی ڕێزەوە، دەسەڵاتێکی شاراوە بە خەڵکانێک دەبەخشێت و کەلتووری بەئەدەبی دەخاتە خزمەت سەروەرکردنی چەند کەسایەتییەکی سیاسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت