کارل مارکس : لە رەخنەگرتن لە ئاسمان بۆ رەخنەگرتن لە زەوی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

سەرچاوە : حوار متەمەدن

دوای سڕینەوەی جیهانی ئەودیوی ڕاستییەکان ، هەڵسەنگاندنی راستینەی ئێستایی جیهان ئەرکی مێژووە . ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی فەلسەفەیە ، کە ڕاژەی مێژوو دەکات .

خودی مرۆڤ خۆی دینی درووستکردوە ، نەک دین مرۆڤ درووستکردبێت . لە واقیعدا دین هوشیاریی‌و هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان خۆیانە ، کاتێک نەیانتوانیوە چییەتی‌و ماناو بەهای خۆیان بدۆزنەوە ، مرۆڤەکان کە کەمدەستبوون لە دۆزینەوەی خۆیاندا لە ڕێگەی دینەوە جارێکتر خودی خۆیان ونکردوەتەوە .

مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕووت نییە ، کە کەوتبێتە دەرەوەی جیهانێکی دروستکراوو هیچ کاریگەریی‌و توانایەکی نەبێت لەو جیهانە درووستکراوەدا . مرۆڤەکان خۆیان جیهانی مرۆڤن ، واتا جیهان بە بێ مرۆڤەکان مانایەکی نابێت ، مرۆڤەکان خۆیان بە کارو چالاکیە پەرەسەندوەکانیان توانیویانە خۆیان رێکبخەن ، دەوڵەت‌و کۆمەڵگا‌و مەدەنیەت درووستبکەن ، بەڵام ئەم کۆمەڵگاو رێکخستنانە بێ کەوموکوڕی نیین ، چوونکە مرۆڤ بە کامڵی درووستنەبووە، تا کارو چالاکیەکانیان‌و بەرهەمەکانیان کامڵ بێت، یەکێک لە ئەنجامی ئەم ناکامڵیەش درووستکردنی دینە ؛ واتا دین ئەو هوشیاریی‌و ئاگاییەکی ناتەواوی مرۆڤەکان خۆیانە . چوونکە مرۆڤەکان خۆیان لە خۆیاندا بە ناچاریی‌و بۆ دۆزینەوەی ڕاستینەی خۆیان‌و دەوروبەریان‌و بارودۆخیان زۆر جار پەنایان بردوەتە بەر کۆمەڵە شتگەلێکی خەیاڵاویی بێ مانا .

دین تیۆرییایەکی گشتی جیهانی مرۆڤەکانە ، کورتەیەکە لە فەرهەنگییان ، داڕشتنی لۆژیکیی میللیانەیانە ، ئەو لۆژیکەی کە بووە بە شەرەفێکی رۆحیان ، بووە بە دڵنەواییان لە کاتی ئاستەنگ‌و گێژەنگ‌و ترسەکانیاندا ، لە کاتی بێدەستیی‌و کەماسییاندا بەسەر دەورپشتیاندا ، بەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە بۆیان هاتوەتە گۆڕێ . دین لێکۆڵینەوەیەکی خەیاڵیی مرۆڤەکانە لە بەدوداگەڕان‌و بیرکردنەوە لە سەرچاوەی بوونیان‌و دۆزینەوەی مانای بوونیاندا .

کەواتە خەباتکردن‌و تێکۆشان دژی دین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ، خەبات‌و تێکۆشانە دژی ئەو جیهانەی کە دین بۆن‌و بەرامێکی رۆحیی پێدەبەخشێت .

کوێرەوریی‌و ستەمدیدەیی ژیانی مرۆڤەکان لە دیندا ڕەنگدەداتەوە ، واتا ستەمدیدەیی دین گوزارشتە لە ستەمدیدەیی واقیع . دین ئارامی‌و پشووی خەڵکی ستەمدیدەو چەوساوەیە ، دڵی ئەو جیهانەیە کە دڵی نییە ، رۆحی ئەو کۆمەڵگایەیە کە رۆحی نییە ؛ بۆیە دین بووە بە ئەفوینی خەڵک .

سڕینەوەی دین ، بەو مانایەی کە سەرچاوەی بەختایریی خەیاڵیی خەڵکە، بە مانای داواکردنی بەختیاریەکی کردەیی‌و واقیعیانەی ئەمڕۆیی دێت ، بە مانای بەختیاریی دنیایی دێت .

سڕینەوەی دین ، داواکردنە بۆ وازهێنان لە خەیاڵ‌و دۆزینەوەی ڕەوشە واقیعێکەی ، واتا چیتر دوای خەیاڵ نەکەوێت ، چیی لە واقیعی ژیانیدا دەگوزەرێت کار لەسەر ئەوە بکات . رەخنەگرتن لە دین ، ڕەخنەگرتنە لە بنچینە ئاشکراکەی ستەمدیدەیی مرۆڤەکان کە دین دەیشارێتەوەو مرۆڤ لە چاوەڕوانیەکی بێ هودەدا ڕادەگرێت .

ڕەخنەگرتن لە دین ، واتا ڕەخنەگرتن لەو کەلەپچەیەیی کە بە چەپکە گوڵی خەیاڵی داپۆشراوە ، لە پێناوی ئەوەی کە مرۆڤەکان بتوانن واز لە کەلەپچەکان بهێنن‌و گوڵە زیندوەکان بچنن .

ڕەخنەگرتن لە دین خەیاڵپڵاویی مرۆڤەکان تێکدەشکێنێت ، تا بیربکاتەوە ، چالاک بێت ، واقیعێکی ڕاستینە‌و دوور لە خەیاڵ درووستبکات‌و خۆی بگەیەنیتێە ئاستی پیگەیشتن‌و کامڵی ، واتا خۆی بگەیەنێتە ڕووناکی خۆرە ڕاستینەکە . دین هیچیتر نییە جگە لەو خۆرە خەیاڵیە نەبێت کە بەدەوری مرۆڤدا دەسوڕێتەوە ، مادام مرۆڤ نەتوانێت بە دەوری خۆیدا بسوڕێتەوە ، ئەوە ناچار خۆرێکی خەیاڵی دینی بە دەوری خۆیدا دەسوڕێنێتەوە .

کەواتە کاتێک دنیایی پشتەوەی ڕاستینە دەروخێنرێت ، ئەرکی مێژووە ڕاستینەی ئەم جیهانە هەڵبسەنگێنێت . ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی فەلسەفەیە ، کە ڕاژەی مێژوو دەکات‌ ، دوای ئەوەی کە توانیی داگیرکردنی میشکی مرۆڤەکان لە لای خەیاڵپڵاویی ئەفسانە‌و دینەوە تێکبشکێنێت‌و دەمامکە پیرۆزەکە وەلابنێت‌و بیسڕێتەوە ، بەم جۆرە ڕەخنە لە ئاسمانەوە گۆڕدرا بۆ ڕەخنە لە زەوی ، ڕەخنە لە دین گۆردرا بۆ ڕەخنە لە مافەکان ، ڕەخنە لە خواناسی گۆردرا بۆ ڕەخنە لە سیاسەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت