کامیار سابیر: ئەنثرۆپۆڵۆجیای ( کولتووریی و دیینیی) عاشورا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عاشورا، لە کرۆنۆڵۆجیای شیعەکان و سوننەکاندا، دوو گێڕانەوە و حیکایەتی تەواو پێچەوانەی یەکترن. شیعەکان دەیانەوێ مافی سۆسیۆ”سیاسیی-دینیی-کولتووریی و مێژوویی” بەو رەهەندە پڕ لە مەظڵموییەتە بدەن کە لەسەر دەستی فاشیزمی ئەمەوییەکان( ناوکی فاشیزمی سوننیی) تۆمارکرا. سوننەکانیش دەیانەوێ دیزە بەدەرخۆنەی بکەن و بە تەکفیرکردنی شیعەکان و تۆمەتی ئایدیۆلۆژیی( رافیضە)، دەنگی رادیکاڵانەی خۆیان، سوار بکەن. مرۆڤ، ئەگەر تەجاوزی عوقدەی ئایدیۆلۆژیی و طائیفیی نەکات، هەرگیز ناتوانێ لە موناجاتی شیعەکان و ئامۆزاکانی پێغەمبەری ئیسلام، تێبگات.
بەم چەند خاڵە، دەمەوێ فیکر و هزرت بۆ رەهەندە ئۆنتۆڵۆجییەکان، کولتوورییەکان و مەذهەبییەکان بڕەتێنم. دوور لە فاشیزمی سوننیی و تاوانە گەورەکانی سەردەمی ئەمەوییەکان و عەباسییەکان، بیر لەو هەموو گەندەڵیی و دزیی و چەتەییە بکەیتەوە کە بەناوی خودا و بە ناوی دیینی خودا و پەیامی خوداوە، قوڕقۆشم بە قوڕگی نەوەکانی بنەماڵەی پێغەمبەردا کراوە:-
1- وەکو بارە فیکریی و مەعریفییەکەی ئەگەر دەتەوێ لە ئەنثرۆپۆڵۆجیای کولتووریی و دیینیی رۆژی عاشورا بگەیت، دەبێت لە ئێثنۆگرافی و ئێثنۆڵۆجی ئەم یادەوەرییە هەرە تاڵەی مێژووی ئیسلام بگەیت. ئەمە نەکەیت هەرگیز ناتوانیت لە حەقیقەتی کوشتنی حوسێن و مۆتیڤە سیاسیی و ئابوورییەکانی، سەرەنجامیش لە هەژموونی چەمکی دەسەڵاتی سیاسیی وئابووریی، بنەماڵەی ئەبوسوفیان( مەعاویە و کوڕ و نەوەکانی ) بگەیت.
2- کاتێ کچەزای پێغەمبەری ئیسلام( حوسێن) بە منداڵیی لە باوەشی پێغەمبەردا دەبێت، پێغەمبەر لێوەکان و روومەتەکانی ماچ دەکات. کاتێکیش سەری دەپەڕێندرێ و وەکو دیاریی بردنەوەی شەڕ، سەری بڕدراوی دەنێردرێ بۆ سوریا، بۆ لای خەلیفەی بەزۆر سەپێنراوی ئیسلام( یەزید)، بە نووکی شمشێرەکەی گاڵتە بە لچی حوسێن و روومەتە وشک هەڵاتووەکانی حوسێن و کچەزاکەی پێغەمبەر و بنەماڵەی هاشمییەکان دەکات، ئاهوناڵەی هەوادارانی بە عەرشی عەظیمدا بڵاو دەبێتەوە( بەڵام نووزە لە گەردوونیشەوە نایەت). ئا لێرەدا، ئەگەر فاشیزمی سوننیی مەغز و عەقڵتی کڵۆم نەدابێت، دەبێ لەو موناجات و شین و شەپۆڕەی شیعەکان بگەیت کاتی دەگەنە سەر ئەوەی کە یەزید گاڵتە بە لچ و لێوی حوسێن دەکات، ئەوان قورئانەکان و کتێبە پیرۆزەکانیان، لە دەست بەردەبێتەوە و دەکەونە لەخۆدان! بۆ ئەوەی بەتەواویی لەم موناجاتەی شیعە بگەیت، دەبێ تەجاوزی ئایدیۆلۆژیای ( فاشیزمی ئەمەوییەکان ) بکەیت کە بنەتۆوی فاشیزمی سوننییە.
3- هەروەها بۆ ئەوەی لە فاشیزمی ئەمەوییەکان بگەیت تا بە فاشیزمی داعش دەگات، دەبێ لە دیدگا( ئەوەی پێیدەگوترێ پێرسپێکتیڤ) و مەغزای موناجاتی ئەهلی مەککە و مەدینە بگەیت کە شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام، درانە بەر مەنجەنیقی فاشیزمی ئەمەوییەکان، بۆ ئەوەی بە تۆبزیی بەیعەت بە خەڵکەکەی پڕبکەنەوە. ئەو بەیعەتدانەی کە عەبدولڕەحمانی ئەبوبەکری صەدیق و عەبدوڵای عومەری کوڕی خەطاب و زۆرینەی صەحابەکانی پێغەمبەریش رەتیانکردەوە، جگە لەوانەی بە پارەی رەیعی دەوڵەت کڕدرابوون، کەچیی پتر لە 1300 ساڵە ئەم مێژووە کە بە چەوتیی و بە درۆ، بە زۆر و بە بەرتیل، خەلافەتەکەی سەپێندراوە، ئێستا تۆی سوننیی، ئۆتۆماتیکیی رقت لە شیعەیە و تەکفیریان دەکەیت و بە قسەی عولەمای! ئەهلی سوننە، شیعەکان بە زەندیق و کافر دادەنێیت و خۆیشت بە رێبواری راستەقینەی پێغەمبەری ئیسلام( باپیری حوسێن) دەزانیت!
4- ئەو هەموو قەتڵ و کوشتارە زۆرەی لە سەردەمی ئەمەوییەکان، عەباسییەکان، عوثمانییەکان و صەفەوییەکان کراون، هەموویان بە ناوی خودا و شەریعەتی خوداوە کراون. هەموویشیان خۆیان بە جوندیی خودا و جێبەجێکاری پەیامەکانی پێغەمبەری ئیسلام ئەژمارد کردووە، کەچیی تۆی کوردی سوننیی، هێشتا لەوە تێناگەیت کە ئەو هەموو مێژووە درۆیە هەمووی لەسەر دەسەڵات، پارە، ژنی جوان، جنسی لەطیف و ئیمتیازاتی دونیایی بووە و لە دوور و نزیکەوە پێوەندیی بە عەدالەت و دیین و خوداو قیامەتەوە نەبووە.
5- سەرەنجام، بۆ ئەوەی لە فاشیزمی (سەیید قوطب ، حەسەنل بەننا، ئیبن تەیمییە و محەمەد عەبدولوەهاب) بگەیت، بۆ ئەوەی لە فاشیزمی سەلەفیزم ، لە فاشیزمی ئیخوانیی، فاشیزمی ئەردۆغانیی و فاشیزمی داعش بگەیت، پێویستە لەسەرەتای مێژووی ئەم فاشیزمە بگەیت کە بە فاشیزمی ئەمەوییەکان دەستی پێکرد. فاشیزمێک کە نکۆڵیی لە بوونی بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامیش کرد. کچەزا جوانەکانی پێغەمبەری ئیسلامیان رووت دەکردەوە و گاڵتەیان بە عەورەتیان دەکرد و تەعدای جنسییشیان لێکردن.
بەو ئومێدەی لە موناجاتە دینیی، کولتووریی، مێژوویی، مەذهەبیی و دواجاریش لە ئەنثرۆپۆڵۆجیاو سۆسیۆلۆجیای رۆژی عاشورا بگەیت. باشترین میکانیزمیش بۆ ئەوەی لەمە بگەیت، تۆی سوننیی ئەگەر دایک و باوکت شیعە بوونایە و لە نەجەف و کەربەلا، لە ئەصفەهان و قوم لە دایک بوویتایە، ئێستا بە ئەگەری زۆر زۆرەوە، موناجاتت بۆ عاشورا دەکرد. بۆ شیعەکانیش هەمان شت دروستە، ئەگەر لە تکریت و هەولێر لە سلێمانیی و فەللوجە لە دایک بوونایە، ئەوە ئێستا، دژی ئەو موناجاتە دەبوون. بە واتایەکی تر، مرۆڤ، زۆر زیاتر لەوەی مەحکومی عەقڵ و بیرکردنەوە بێت، مەحکومی جیۆگرافیای سیاسیی و کولتووری دینییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت