کامیار سابیر : دەسەڵات و دەوڵەمەندیی لەڕێی سیاسەتەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

بەرچاوڕۆشنییەک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان:

ماوەیەکە تاڵەبانیی نەخۆشە و ئەگەری ئەوە زۆرە کە توانای جارانی نەمێنێ تا خەریکی سیاسەت ببێ( بۆی هەیە لە ژیانیشدا نەمابێت). لەم نێوەندەدا، هەزاران ریاکار و خۆبەرەپێش و بەرژەوەندییخواز… دەیانەوێ بەهەر شێوەیەک بێت، بازرگانیی بکەن. بازرگانییش لە کوردستاندا، بەواتای ئەوە دێت، خەریکی سیاسەت بیت. زەحمەتە لە هیچ شوێنێکی ئەم سەر زەمینە، ئەوەندەی کوردستان، خەڵک لەڕێی سیاسەتکردنەوە خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و پێکەوەنانی سامانی دارایی و ناوبانگ بێت. ئەمجۆرە کەسانەی بە مردنی تاڵەبانیی بێت یان بەمانەوە لە کۆمابووندا، جا ئەگەر لەدەرەوەی یەکێتیی بن، یان لەناو یەکێتییدا، دەیانەوێ سەری پەتێک بدۆزنەوە و رایبوەشێنن، بۆ ئەوەی سەرنجی هەندێ کەسایەتیی و سیاسەتمەدار رابکێشن و لە دەرچەیەکەوە خۆیان بخەنە ناو سیحری خۆدەوڵەمەندکردنی خێرا( سیاسەتکردن و سیاسەتمەداریی) ەوە و لەم رێگەیەوە هەم شۆهرەت ( شهرة) و هەم پوولیش پێکەوە بنێن.

باسکردنی تاڵەبانیی لەم نووسینەدا پێوەندیی بە دوو رەهەندەوە هەیە: یەکەمیان، یەکێتییە دێرین و تۆراوەکان و کەسانی نزیک لە یەکێتیی، دەیانەوێ وەک قۆستنەوە، نائامادەیی تاڵەبانیی بەکاربهێنن بۆ خۆ ئەکتیڤکردنەوە، لەناو یەکێتییدا بێت، یان لەدەرەوەی یەکێتیی بێت. دووەمیان، گۆڕان و ئەو سەربەخۆیانەی لە گۆڕانەوە نزیکن. ئەم گرووپەیان، پێیانوایە لەهەر ئەگەرێکی تێكەڵبوونەوەی یەکێتیی و گۆڕاندا، یان هەر هاوپەیمانییەتییەکی نێوانیاندا، دەتوانن لە غیابی تاڵەبانییدا و لەپاڵ سەنگەری گۆڕانەوە، دەروازەیەک بۆ دەرۆزەی سیاسەتکردن بدۆزنەوە. ئەمانەش لەڕێی خۆنزیککردنەوە و پێداهەڵدان بە گۆڕان و سەرکردەکانیدا یان لەڕێی ئاوکردن بە ئاشی گۆڕاندا دەیانەوێ بەشێک لە هەریسەکەیان بەربکەوێت. هاوکات، جودا لە باسی تاڵەبانیی، کەسانێکی زۆر لە خەڵکی سیاسیی و رۆشنبیر و چالاکوانی جۆراوجۆر هەن، زۆر حەزیان بە کاری سیاسیی هەیە ، لەڕێگەی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە، بەتایبەتیی لە رێگەی پارتیی و یەكێتییەوە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و ناودەرکردن. لێرەدا من جەخت لەسەر بەشی یەکەم دەکەمەوە، واتە ئەوانەی لەگۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن نزیک دەبنەوە.

ئەم وتارە قسە لەسەر ئەو رەهەندە کولتووریی و ئەخلاقییانە دەکات، کە تاکی کورد، سیاسیی بێت، رۆشنبیر بێت یان چالاکوانی مەدەنیی بوارە کۆمەڵایەتییەکان بێت، چۆن لەڕێی سیاسەتەوە دەیەوێ خۆی یان خۆیان دەوڵەمەند بکەن؟ هەموو ئەمانەش بە پۆزەوە بە خەڵک دەفرۆشنەوە، گوایە خزمەت دەکەن و دژایەتیی گەندەڵیی دەکەن و مەعدەنی سیاسیی کولتووریی و مۆڕاڵیی ئەوان ئەوەندە بڵند و خاوێنە، بە هیچ ئیمتیازاتێک رام ناکرێن. لە کوردستاندا لەناو ئەو هەموو گەندەڵیی و راووڕووتە سیاسییەی کۆمەڵێ سیاسیی و کادیری باڵای حیزبە دەسەڵاتدارەکان و حیزبە رامکراوەکان، دەیکەن، خەڵک هێشتا ئومێدێکیان بەوە ماوە، کە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێ کارێک بکات و لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کەمێک باڵانسی ئەو ناعەدالەتییە زۆرە راست بکاتەوە. کام ئۆپۆزیسیۆن و کام حیزبی ئۆپۆزیسیۆن بە دیاریکراویی دەتوانێ رۆڵی لە راستکردنەوەی ناعەدالەتییەکاندا هەبێ؟ باسێکی تری ئەم بابەتەیە.

لێرەدا قسە لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بە دیاریکراویی ” گۆڕان”ە. گومانی تێدا نییە، ئۆپۆزیسیۆنی هێزە ئیسلامییەکان، سەرکردایەتییەکەیان لەگەڵ دەسەڵاتدا زۆر بەئاسانیی ئاشت دەبنەوە. راستە بنکە جەماوەرییەکەی ئۆپۆزیسیۆنی ( کۆمەڵ و یەکگرتووی) ئیسلامیی، بەتایبەت نەوەی نوێ و گەنجانی ناو ئەم ئۆپۆزیسیۆنە، لەدەسەڵات پڕن و لە گەندەڵیی و ناعەدالەتییەکانی دەسەڵات بە گاڵە هاتوون، راستە توانیویانە بێزارییەکی زۆری کۆمەڵانی خەڵک لەدەوری دروشم و بەرنامەکانیان کۆبکەنەوە، بەڵام دەسەڵات بەگشتیی و پارتیی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتیی، دەتوانێ لەڕێی سەرکردایەتییە کلاسیکییە کۆنسێرڤەتیڤە سیاسییەکەی ئەو دوو حیزبەوە، هەمیشە تۆپەکانی دەستی ئیسلامییەکان لە قوڕگی سەبەتەکەی خۆیەوە رەت بکات و ئامانجی خۆی بپێکێ. راستترین قسە لەسەر جیاوازییەکانی پارتیی و ئیسلامییەکان، بۆچوونەکەی فازیڵ میرانیی بوو، کەپێی وابوو، پارتیی و یەکگرتوو دوو لقی یەک درەختن.

سەبارەت بەهێزی چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەوەندە پەرشوبڵاون، قورساییەکی ئەوتۆیان نییە. بەتایبەت ئەو چەپانەی لەچەشنی زەحمەتکێشان و شیوعیی و ئەو چەپە دێرینانەی وازیان لە ئایدیۆلۆژیای شیوعییەت هێناوە و نەتەوەیی بوونەتەوە، هەنووکە بەشێکیان لەناو رێکخراوە ناحکومییەکاندا چالاکوانی مەدەنیین، زۆربەیان لە دەسەڵات بەگشتیی و پارتیی بەتایبەتیی زۆر نزیکن. وێڕای ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەمجۆرە چەپە لە هەندەران بە شێت و شوور و نەخۆش و پەککەوتە تۆمار کراون، کەچیی لە کوردستان، رابەری بزوتنەوەی چەپن! هەرچیی کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیشە، وێڕای ئەوەی بەرنامە ئایدیۆلۆژییەکانیان نامۆن بە هەلومەرجی سیاسیی و کولتووریی کوردستان، قورسایی جەماوەرییشیان ئەوەندە نییە تا بتوانن گوشارێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست بکەن. هەروەها ئەو گرووپ و حیزبانەی بەناوی نەتەوەییبوونەوە دامەزرێنراون، جگە لەوەی کۆمەڵێ کارتی گەمە سیاسییەکانی دەسەڵاتن یان بەهۆی نۆستاڵژیایەکی خوێنگەرمانەی ناسیۆنالستییەوە، بۆ هەندێ ئەجێندای سیاسیی، چەند حیزبێکی گەورەتر کار دەکەن، لەڕاستییدا خۆیان قورساییەکیان نییە.

دیارە پارتیی و یەکێتیی، ئەوەندەی دوو حیزبی سیاسیین، دەیان جار زیاتر دوو کۆمپانیای گەورەی بازرگانیین بۆ قازانج و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان……….ئامادەن چارەنووسی هەموو گەلی کورد لە کوردستانی باشوور بدەنە دەست حەزیای کۆمپانیا بازرگانییەکانیان و بەشە بودجەی عێراق. پارتیی و یەکێتیی، هەموو گەلی کورد و کێشە سیاسییەکەی، نەک هەر لە عێراقدا، بگرە لە پارچەکانی تریشدا، بەڵاوەگێڕی دوو کۆمپانیای مافیای ئاسیا سێڵ و کۆڕەک تێلیکۆم و فرۆشتنی نەوتی قاچاغ دەکەن.

لێرەدا، دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی بۆچیی “گۆڕان”م وەک هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژاردووە؟ سەرەڕای زۆر رەخنە لە گۆڕان و میتۆدی کارکردنی و زاڵبوونی مێنتاڵیتی حیزبی ستالینیزمیی لەناو سەرکردە بەتەمەنەکانیدا، بەتایبەت (کۆمەڵە و ئاش و یەکێتیی و پاسۆکە)ە دێرینەکان، سەرەڕای ناڕۆشنیی سیاسیی و نەبوونی بەرنامەیەکی رۆشن، هاوزەمان میتۆدی ئۆپۆرتینیستانەو کۆنسێرڤەتیزمانەی گۆڕان لە هەڵکشاندایە. بەم دۆخەیشەوە، گۆڕان هێشتا ئومێدێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازیی کوردستانە لەهەمبەر هەژموونی قۆرغکردنی کایە سیاسیی و ئابوورییەکان لە لایەن پارتیی و یەکێتییەوە. هێشتا سەنگەرێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی و شەڕکردن لەگەڵ گەندەڵیی دەسەڵاتدا.

بۆ ئەوەی بابەتەکە بە تێروتەسەلیی لە مەغزا سیاسیی و کولتووریی و ئەخلاقییەکانی بازرگانییکردن لەڕێی سیاسەتەوە بەر باس و سەرنج بدرێت، کرۆکی ئەم وتارە بەسەر سێ تەوەرەی سەرەکییدا دابەش دەکرێت. هەریەکێک لەم تەوەرانە، خاڵێکی سەرەکیی دەبێت بۆ دیاریکردنی ئەو کەسایەتیی و رۆشنبیر و سیاسییانەی دەیانەوێ لەڕێی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ( بەتایبەت گۆڕان) ببنە کاندیدی هەڵبژاردنەکان و سیاسەت و بارزرگانیی پێکەوە بکەن. تەوەرەکان، ئەمانە دەبن:-

• خۆدەوڵەمەندکردن لەڕێی سیاسەتەوە.

• کەسایەتیی بە هێز و و ئازا و چاونەترس

• خاوەن بڕوانامە و لەخۆباییبوونی ئەکادیمیی

• خۆدەوڵەمەندکردن لەڕێی سیاسەتەوە:

لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، جگە لەو وڵاتانەی گەندەڵیی دایڕزاندوون، سیاسییەکان دەبێ موڵک و ماڵیان بەشەفافیی ئاشکرا بکەن و سیاسەت و بازرگانیی تێکەڵ بەیەکتر نەکەن. بەپێچەوانەوە، لە عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیی، زۆرکەس پێیانوایە، پۆستی سیاسیی، یان نزیکبوونەوە لە سیاسییەکان و تێکەڵبوون بە سیاسەت، باشترین و خێراترین و کورتترین رێگەیە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن. زۆر کەس دەڵێن، کورد بەشێوەیەکی گشتیی تەمەڵ و تەوەزەلن، هاوکات زۆریش گوترا، کورد ئەگەر هەمووی سیاسیی نەبێ، زۆرینەی خەریکی سیاسەتە. راستییەکەی ئەوەیە، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی کە خەریکی سیاسەتن، یان لەکەناڵی جۆراوجۆرەوە، سیاسەت دەکەن، ئەمانە کەسانی بێئومێد و وەڕەسن لەژیان، ئەمانە پێش ئەوەی ژیانیان خۆش بوێ، بێزارن لەژیانی خۆیان و چاویان جوانییەکانی ژیان نابینن. کایەی سیاسیی، جۆرە نۆستاڵژیایەکیان دەداتێ، کە خۆشخەیاڵانە، بەهەشتێکی ئەفسووناویی لە هزری خۆیاندا چێدەکەن و بە شوێن گۆڕینی دنیاوەن. ئەم گۆڕانەش لە رێی سیاسەتکردنەوە دەبینن.

لە دنیای دێمۆکراسیی رۆژئاوادا، حیزبەکان، کاتێ کاندیدەکانیان هەڵدەبژێرن، هەمیشە بەشوێن کەسایەتیی بەهێز و خاوەن دید و رابردوو-پاک لەڕووی گەندەڵییەوە، دەگەڕێن. هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە، وێڕای بەرنامەی حیزبە سیاسییەکە، کەسایەتیی و مێژووی رابردووی کاندیدەکەش رۆڵی گرینگ دەگێڕێت. ئەم خاڵە بۆ هەلومەرجی کوردستان گرینگیی و بایەخی زیاتریشی هەیە. هەرکەسێ چاوی لە پارەو خۆدەوڵەمەندکردن بێت، هەمیشە، هەڵوێستەکانی لاوازن، بە ترسنۆکیی دەردەکەوێت و خۆی لە رووداوەکان دەدزێتەوە. هەرگیز قسەی دڵی خۆی ناکات و هەمیشە دەیەوێ لەگەڵ رۆژگاردا، هاوکێشەی ژیان و بەرژەوەندییەکانی بگونجێنێ.

لە کوردەوارییدا، بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئابوورییەوە، تاقیکردنەوەی مرۆڤ لەژیانی رۆژانەدا، بەتایبەت لوتفی مرۆڤ، بۆ پارە ئاسانتر دەردەکەوێ. کورد دەڵێ “سەفەرو مامەڵە سەنگی مەحەکە”. زۆر گرینگە، گۆڕان بایەخی جدیی بدات، بەو کەسانەی کە لەبەرامبەر پارە و سامانی زۆردا، شەهامەتیان تێدایە و دەوڵەمەندیی خولیای سەرەکییان نییە و بۆ پارە بەچۆکدا نایەن. بەواتایەکی تر، نەفسبەرزیی یەکێکە لە سیفاتە باشەکانی مرۆڤ کە ئامادە نییە بۆ پارە و پۆست، پرەنسیپە سەرەکییەکانی خۆی، نەویی بکات. بەڕاستیی سەختە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا( بە رەوەندی کوردیی لە تاراوگەشەوە)، دەیان کەسێک پەیدا ببن، نەفسیان بۆ پارە زۆر بەرز بێت و بەرامبەر ئیغرائاتی ماددیی بەچۆکدا نەیەن و لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتییدا، بەرژەوەندیی گشتیی فەرامۆش نەکەن.

لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، زۆر کەسایەتیی و خەڵکی ئیڵیتمان! بینی، لەبەرامبەر پارچە زەوییەکدا، لەبەرامبەر پۆستێکدا، یان هەندێ پارەدا، هەموو سووکایەتییەک دەپەژرێنێ و ئامادەشە بۆ داکۆکیی لەهەلومەرجێکی خراپ کە تێی کەوتووە، داکۆکیی لە خۆی و لەدەسەڵاتیش بەوپەڕی چاوقایمییەوە بکات. مرۆڤێکی ئیڵیت، ئامادە بێت بۆ خۆژیاندن، سەری کز بکات و بە پێچوپەنا داکۆکیی لەسیاسەتی حیزبە حوکمڕانەکانی هەرێم بکات، ئامادەشە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەسگاو ئۆرگانی دەوڵەتەکانی دەوروبەری کوردستانیش هەمان کار بکات.

مرۆڤ ئەگەر مەیلی بۆ پارە هەبوو، ئەو پارە پەیداکردنەش لەسەر حیسابی گەلەکەی، نەتەوەکەی، تەنانەت کۆمیونیتیی و هاوپیشەکانی خۆی بێت، ئامادەیە، کاری خراپیش بکات. ئامادەیە بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی خێرا تەنانەت کاری سیخوڕییش بکات. زۆرکەس لە ئێستادا دەیانەوێ لەڕێی سیاسەت و حیزبە سیساسییەکانەوە، ژیان و پارەو دارایی دابین بکەن. دیارە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ژیان و گوزەرانێکی باش بۆ خەڵک، لەڕێی ئەو بودجە گەورەیەی کە لە حکومەتی فیدراڵەوە وەری دەگرێ، کەم تا زۆر دابین بکات، بەڵام کاتێک زۆرینەی بودجە بۆ مووچەخۆرەکانی حیزب و خێزانە دەستڕۆیشووەکانی هەر دوو حیزب بڕوات، بەدڵنیاییەوە عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بوونی نامێنێ و خەڵکی زۆر شایستە بەرکەنار دەخرێن.

لە کوردستاندا، ئێستا هیچ سیاسییەکی باڵادەست، هیچ کادیرێکی کەمێک هەڵکشاو، نادۆزرێتەوە لە یەک میلیۆن دۆلار کەمتر پارەی هەبێ.

بۆچوونێکی سیاسیی، ویلیەم برایان William Bryan ، کە پارێزەرێکی ئەمێریکییە، دەڵێ” کەس ناتوانێ، بەشێوەیەکی شەریفانە میلیۆنێک دۆلار پێکەوەبنێ” پڕ بە پێستی ئەو بێسەرەوبەرەییەی کوردستانە. بەڕاستیی هیچ بەرپرسێکی سیاسیی لە کوردستاندا، میلیۆنە دۆلار و بیلیۆنە دۆلارەکانیان بە شەریفیی پەیدا نەکردووە. هەموویان بەدزیی لە موڵکی گشتیی و بەکارهێنانی دەسەڵات و پۆستەکانیان پێكیانەوە ناوە، پۆست و پلەسیاسیی و ئیدارییەکانیان کردووە بە هۆکار بۆ ئەوەی پارەی ناشەرعیی کۆبکەنەوە. وتارنووسی ئەمێریکیی هێنری مێنکن زۆر جوان بۆی چووە و دەڵێ” هەرکەسێ گوتی لە پێناوی پارەدا ئەوە ناکەم، ئەوسا دڵنیابە بۆ پارە دەیکات”. زۆر لەمانەی کە ئەم وتارە مەبەستیەتی، کە دەچنە پێشەوە، دەڵێن گوزەرانی ماددییمان زۆر باشە، دەمانەوێ خزمەت بکەین( ئەوسا بزانە دەیەوێ خزمەتی خۆی بکات لەسەر حیسابی گشتیی).

لەناو ئەو هەموو ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتییەی هەرێمی کوردستاندا، کۆمەڵێک خەڵک، لەژێر ناوی کەسانی سەربەخۆ و بێلایەنەوە، هەمیشە بەهۆی زیرەکیی و شارەزایی و لێهاتوویی لە خۆبردنە پێشەوەو موجامەلاتی ترشوخوێکراو و ئارایشتکردنی رووخساری سیاسییەکاندا، خەریکی چنینەوەی پارەی موفتن. ئەم جۆرە کەسانە، لەهەر بوارێکدا کاربکەن، توانای خۆبردنەوە پێشەوەیان لەسەر حیسابی خەڵکی شایستە هەیە. بەهۆی ئەوەی چاوشۆڕن بۆ پارە و پۆست، ئامادەن لەبری ئەو ئیمتیازاتانەی دەستیان دەکەوێ، وەک لەشکرێکی یەدەگ، دەسەڵات سوودیان لێ ببینێ بۆ مۆنۆپۆلکردنی بازاڕەکان و کایە سیاسیی و کولتوورییەکان لەلایەن کۆمپانیا بازرگانییەکانی حیزبەوە، رێنوێنیی بکرێن.

ئێستا بەهۆی زۆربوونی ناشیرینییەکانی دەسەڵاتەوە، هەندێک لەم جۆرە کەسانە، دەیانەوێ لەڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە خۆیان بهێننەوە ناو کایە جیاوازەکانی چالاکیی سیاسیی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا. بەشێک لەمانە، خۆیان لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیک دەکەنەوەو بەچەندین شێوازی جیاواز، دەیانەوێ هەندێ لەسەرکردەکانی گۆڕان، یان پارلەمانتارەکانی گۆڕان بناسن، یان لەڕێی میدیاکانی گۆڕان و ئەوانەی بەسەربەخۆ ناسراون، خۆیان بناسێنن، بۆ ئەوەی پرۆفایلەکانی خۆیان باس بکەن و تواناو ئیمکانیاتی سیاسیی و کولتووریی و مەعریفیی………..تاد خۆیان، قەبەو قەبەتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی وەک رووخسارێکی نوێ، سەری خۆیان لە سیاسەتدا بقەبڵێنن، تا پۆستێک، ناوێک، یان دەستکەوتێک لەڕێی گۆڕانەوە بپچڕن.

لێرەدا، ئەرکی ئەو کەسە شەریف و مەعدەن پاکانەیە، کە لەگۆڕاندان و هێشتا ئامادەن، بەرژەوەندیی گشتیی هەرگیر نەکرێ بە قوربانیی، بۆ بەرژەوەندیی و ئیشتیهای سیاسیی و بارزرگانیی کەسانێک، جگە لە سیاسەتکردن و خۆخەریککردن بەسیاسەتەوە کارێکی تریان پێ ناکرێ. ئەمجۆرە کەسانە، ئامادەن لەپێناوی پارەو خۆدەوڵەمەندکردن و پێکەوەنانی ساماندا، هەموو کارێک بکەن. بەدڵنیاییەوە ئامادەن، ئەو رێکخراو و حیزبەی دەیانکات بە کاندیدی هەڵبژاردن، یان ئومێدیان ئەوەیە بەهۆی حیزبی براوەوە پۆستێکی باشیان دەستبکەوێت، ئامادەن، ئەگەر مالیکیی، لیستی عێراقییە، حیزبە کوردییەکان، تەنانەت دەسگای دەوڵەتەکانی دەوروبەری کوردستانیش ئەم کارەیان بۆ بکەن، کە توورەکەی پارەکەیان کەمێک بە گەورەتر نیشان بدەن، بەدڵنیاییەوە نەک هەر ئامادەن سەنگەر بگۆڕنەوە، بەڵکو مەترسیی جاسووسیی و نۆکەراییەتییش دێتە ئاراوە.

• کەسایەتیی بەهێز و ئازا و چاونەترس

کەسێک( ژن بێت یان پیاو)، تا تووشی هەلومەرجێک نەبووبێت و پێویستی بەبڕیارێکی قورس نەکردبێ بیدات، ئەستەمە بزانرێ کەسایەتییەکەی بەهێزە یان لاوازە. مایکۆڵۆجیستی mycologist بریتانیی بیتریخ پۆتە (Beatrix Potter) بۆچوونێکی دانسقەی هەیە لەسەر کەسایەتیی بەهێز، ئەو پێیوایە، کەسایەتیی بەهێز و خاوەن کاریزما، نەک هەر بۆ نەوەی ئێستا، بەڵکو دەتوانێ کار لەسەر نەوەکانی داهاتووش بکات. مرۆڤ بەگشتیی و مرۆڤی سیاسیی بەتایبەتیی، کە خاوەنی چەند کەسایەتییەکی جیاواز بێت، یان بە کوردەوارییەکەی دووروو یان چەندروو بێت، کەمترین ئاهورامەزدا و زۆرترین ئەهریمەنی تێدا دەبێت. ئاینشتاین، بۆچوونێکی سەیری هەیە کە دەڵی” کەسی برسیی ناتوانێ راوێژکارێكی سیاسیی باش بێت”. ئاینشتاین مەبەستی لە کەسی برسیی لەڕووی چینایەتییەوە نییە، بەڵکو مەبەستی لەوانەیە هەرگیز تێرناخۆن و هەر هەڵپەیانە. زۆرترین ئەو کەسانەی کە هەنووکە دەیانەوێ لەڕێی حیزبەکانی کوردستانەوە پۆست و مەقامی سیاسیی و ئیدارییان هەبێ، یان هەیانە، کەسانی برسیین، ئینسان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەگەر برسیی و چاوچنۆک بوو، کەسێکی لاواز و ترسنۆک دەردەچێ.

نووسەری ئەمێریکایی سامۆئێل کلێمێنس، ناسراو بە مارک توەینMark Twain لەسەر کەسی ترسنۆک و هەڵوێست دەربڕین دەڵێت” ئازایەتیی، بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی ترسە، خۆدزینەوە لە ترس نییە”. بەس ریکۆردی دوو تا سێ ساڵی هەر کەسێک بگریت لە کوردستاندا، دەزانیت هەڵوێستەکانی چۆن بووە لە بەرامبەر دەسەڵات و گەندەڵیی و ناعەدالەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی لەلایەک و چۆن هەڵوێستی دەربڕیوە، جا بە نووسین و ئاخافتن بووبێت، یان بە بەشداریی لە پرۆتێستەکان و چالاکییە مەدەنییەکاندا. کەسێک بە خۆی بڵێ، سیاسەتمەدار، رۆشنبیر، چالاکوان، ئەکادیمیست………………تاد، ئەگەر لەسەر تێرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە، فڕاندن و تێرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، دادگاییکردنە مافیاییەکەی کەمالی سەیید قادر( بەهەر سەرنجێکەوە لەسەر کەسایەتیی کەمال) و سەرەنجامیش کوشتن و بریندارکردنی گەنجانی کوردستان لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا، منگەیەکی لێوە نەهاتبێت، دیارە مەبەستی چیی بووە و بۆچیی خۆی دزیوەتەوە؟ تەنانەت زۆر کەس هەبوون، کە هەنووکە لە بازاڕی عەتارفرۆشیی رۆشنبیریی کوردییدا بەخۆیان دەڵێن، سەربەخۆ و بێلایەن، ناوونیشانی بەتاڵ و حەتاڵ لەخۆیان دەنێن، لە تێرۆرکردنی سەردەشتدا، پاساویان بۆ دادگا و قانوونەکانی دەسەڵاتی کوردیی دەهێنایەوە. لە گەرمەی کوشتنی دە گەنجی کورددا، دەچوون خۆیان بەشتی لاوەکییەوە خەریک دەکرد و وەک نەعامە سەری خۆیان تۆزاویی دەکرد و تێزی ئەکادیمییان لەسەر فۆکۆ و فەلسەفەو دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤ و ئیسلامی سیاسیی دەنووسی! بەدەربڕینەکەی مارک توەین، بەئەنقەست ئەمانە خۆیان دەدزییەوە و بەرەنگاری ترس و تۆقاندنەکانی دەسەڵات نەدەبوونەوە. ئەگەر ئەو کارەیان بکردایە، بەرژەوەندییە ماددییەکانیان دەکەوتە مەترسییەوەو لەلایەن دەسەڵاتەوە تڕۆ دەکران.

ئاخر کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ دەکەن، دەبێت پەنجەی شەرمەزاریی ریسوایی بۆ هەڵوێستەکان و بێدەنگییەکانیان درێژ بکرێت. رەخنەگرو شاعیر رۆبەرت فرۆست Robert Frost لەسەر ئازادیی دەربرینێکی زۆر ئێستێتیکانەی واقیعیی هەیە، ” ئازادیی لە خوێنی ئازاکاندا هەیە” . بەدڵنیاییەوە مرۆڤی ترسنۆک و هەلپەرست و بەرژەوەندییخواز، مرۆڤێک پاکانە بۆ کوشتن و تێرۆر و دزیی و شەوکوتییەکانی دەسەڵات بهێنێتەوە، نەک ئازا نییە، ئازادییش هەرگیز لەخۆینیدا جمە ناکات، کەسێک خۆی بە رۆح و مێنتاڵیتیی کۆیلە بێت، چۆن دەکرێ وێڵی ئازادیی بێت. بە دەربڕینەکەی وینستن چێرچڵێش، کە بڕوای وابوو بە بێ جورئەتکردن، هەموو فەزیڵەتەکان، ماناکانیان لەدەست دەدەن. هاوکات، ئەریستۆی فەیلەسووف جوانی بۆ چووە، کە پێیوایە، لەم دنیایەدا هیچ شتێکت بێ ئازایەتیی ناکرێ ، بەلای ئەوەوە، ئازایەتیی مەزنترین هاوتای عەقڵ و ویژدانە.

ئێستا لە دەوری گۆڕان، هەندێ کەسی ترسنۆک و بەرژەوەندییخواز، بەڵام زمان درێژو لەبلەبان و خۆفشکەرەوە و خۆهەڵکێش کۆبوونەتەوە. ئەمانە زۆربەری هەرە زۆریان بۆ ئەوەیە کە پۆستێک، پلەیەک، بەرژەوەندییەکیان لەڕێگەی سیاسەتەوە دەست بکەوێت. بەڕاستیی ئەمانە جگە لەوەی مشەخۆر و هەلپەرستن، کەسانی زۆر ترسنۆکیشن، ئەمانە ئامادەن، بەچاو سوورکردنەوەو مۆڕەیەک، هەموو هەڵوێست و قەناعەت و بۆچوونیان ١٨٠ پلە وەربگێڕن و لەهەر ئەگەر و ساتێکدا، دەسەڵات، بە تورەکەیەک پارەوە دەرگایەکیان بۆ بکاتەوە، نەک هەموو شتێکیان، بەڵکو خۆیشیان دەفرۆشن.

• خاوەن بڕوانامە و فشەسازیی ئەکادیمیی

حەزدەکەم ئەوەم بزانیایە، ئایا لەهیچ نەتەوەو وڵاتێکدا، بەشێکی بەرچاو لە ئەکادیمیست و رۆشنبیرەکانی، ئەوەندەی ئەکادیمیست و رۆشنبیرەکانی کورد، هەزیل و زەلیل و سووک و نەفسنزم و بێ ئیرادەن لەئاست دەسەڵاتی سیاسییداو ئەوەندە نغرۆی گەندەڵیی بوونە. تەنانەت ئەم بەزمە لەسەردەمی جەبەرووتی بەعسیشدا بەو شێوەیە نەبوو، نەک لەناو کورددا، بەڵکو لەناو عەرەبەکانی عێراقیشدا، ئەم ئینحیتاتە( انحطاط) ە سیاسیی و ئەخلاقییە ئەوەندە لە ئاستێکی نزمدا نەبوو، وەک ئەوەی بەشێکی زۆر لە ئەکادیمیستە سیاسیی و رۆشنبیرە سیاسییەکانی کورد ئالوودەی بوونە. لەبەرامبەردا رێژەیەکی زۆر کەم لە ئەکادیمیست و رۆشنبیرەکانی کورد، بەجدیی لەبەرامبەر گەندەڵیی و ناعەدالەتییەکانی دەسەڵاتدا وەستاونەتەوە، کە ژمارەیان لە قامکەکانی هەر دوو دەست تێپەڕ ناکات.

ئەکادیمیستی سیاسیی، بە تێڕوانینە کلاسیکییەکەی هێنرێ کسێنجەر بۆ قەبڵاندنی ئاستی هۆشیاریی ئەکادیمیستی کورد هێشتا زۆر دروستە، ئەو پێیوایە، ئەو سیاسییانەی لە زانکۆوە پێدەگەن زۆر بەربادن، چونکە بەشێکی زۆر بچووک لە سیاسەت تێدەگەن. ئەم ئەکادیمیستبوون و خۆهەڵکێشانە ئینتێلێکچوواڵییانە بەس لەناو کورددا ئەوەندە برەوی هەیە، مەسەلەکەش هەستکردن بە کێماسییە، لەناخەوە، لەناو فیکردا، لەناو بەرهەمی مەعریفییدا هەژار و کڵۆڵ و دەستەپاچەن، بە خۆناساندنی ئەکادیمیی و خۆناساندن بە رۆشنبیر و بەردەوام نووسینی پرۆفایلی فشە و پسپۆری فڵان بوار و فیسار تەنگژە، دەیانەوێ کەلێنە فیکریی و مەعریفییەکانیان پڕبکەنەوەو خۆیان بەیان بکەن.

بۆ ئەوەی بە کوردەوارییەکە نەڵێن، رێویی دەمی ناگەیشتە ترێ، دەیگوت ترشە، لە کاتێکدا ئەم قسەیە دەکەم، بە شەهادە بێت، خۆیشم ئەکادیمییم، بەکالۆریسم لە فیزیا( زانکۆی بەغداد) و دوو ماستەرم لە ( پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان) ئێم فیل لە بەشی ئەنسرۆپۆلۆجیا( Mphil in Anthropology) لە زانکۆی ماکواری لە ئوسترالیا خوێندووە. بە حیساب ئێستاش خوێندکاری دۆکترام…….، لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بگوترێ، مەگەر بەس ئەوانە، ئەمجۆرە ئەکادیمیستە هەزیلانەی کورد بناسن، کە خۆیان ئەکادیمییانە خوێندبێتیان ، یان لە هەنووکەدا بخوێنن، چونکە لێرەوە تێدەگەیت، ئەمانە لە باری فیکریی و مەعریفییەوە چەند رووخاو و وێرانن و چەندیش بۆ پارەو پۆست و موجامەلات، هەزیلن.

ئاخر وەک رۆماننووسی ئینگلیزیی سامۆئێل بەتلەر پێیوایە یەک هەنگاو لەنێوان ئەکادیمیستبوون و بیدعەدا هەیە. زۆربەی ئەو ئەکادیمیست و رۆشنبیرە سیاسییانەی لەدەوری دەسەڵاتی سیاسیی ( پارتیی و یەکێتیی) و ئۆپۆزیسیۆن جەم بوونە، ئایا بەرهەمە فیکریی و مەعریفییەکانیان ئەوە دەهێنێ مرۆڤ کاتی خۆی پێوە بکوژێ بیناخوێنێتەوە، تا بەوەی رێنوێنی کۆمەڵگەیەک بکەن و بە بیدعەکانیان بجوڵێیتەوە و ئەمانەتی پۆستێکی سیاسیی و ئیدارییان پێ بدرێت.

تاهیر بن جەلون، نووسەری فڕانسیی، بە رەچەڵەک عەرەب، بۆچوونێکی زۆر گونجاوی بۆ ئەم بیدعە سیاسییانەی هەندێ ئەکادیمیست و رۆشنبیر هەیە. ئەو پێیوایە لە دنیای عەرەبدا، هیچ پێوەندییەک لە نێوان کایەی کولتووریی خەڵک و بیرکردنەوەیاندا نییە، تا رۆشنبیری مۆدێرن بەرهەم بهێنێت، چونکە دوو دنیای جیاوازن. کایەی کولتووریی و بیرکردنەوەی تاکی کوردیش، هەمان ئیشکالیەتی دنیای عەرەبی هەیە، ئەگەر زیاتر نەبێ. کورد بەم هەموو داغانبوونە کولتووریی و فیکریی و ئەخلاقییەوە، دەبێ توانای بەرهەمهێنانی کام جۆر رۆشنبیری مۆدێرنی هەبێت؟ رۆشنبیرانێک، دەخوێنن، بڕوانامەی ئەکادیمیی وەردەگرن، بەڵام ئەوەندەی بەشوێن ئەوەوەن کە زووتر دەستیان لەگەندەڵییەکانی دەسەڵات گیر بێت، ئەوەندەی خەریکی ماستاوکردن و موجامەلەکردنن بۆ ئەوەی بەرپرسێکی سیاسیی و عەسکەریی حیزبەکان بناسن و خۆیان خۆشەویست بکەن، ئەوەندە بەشوێن ئەوەوە نیین، دوو قسەی حیسابیی لەسەر ئەو هەموو زوڵم و ستەمە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و سیاسییە بکەن، کە ئەم دەسەڵاتە ماوەی بیست ساڵە زووخاو دەکات بە قوڕگی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا. 

لە کۆتاییدا، گرینگە ئاماژە بەوە بکرێ، گۆڕان…چانسێکی تری ماوە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا سەری خۆی بقەبڵێنێ، ئەگەر ساختەو فڕوفێڵەکانی دەسەڵات بهێڵێت، بەڵام زۆر گرینگە ئەم سەرقەبڵاندنەی بەکەسانی بەهێز و خاوەن ویقار و نەفسبەرز بۆ پارە و ئازادو ئازا لە رۆح و کەوڵی خۆیاندا، بقەبڵێنێ. لەکوردستاندا، هەڵسوکەوتی سیاسیی و کولتووریی و ئابووریی کاندیدەکان زۆر گرینگن، بۆ ئەوەی جەماوەری ناڕازیی بەلای خۆیاندا رابکێشن. کاندیدەکانی داهاتووی گۆڕان، لە ژێر پەرچەمی “گۆڕان”دا بە کاندید دەبن و پۆست و مەقام وەردەگرن. بەهەمان میتۆدیش، خودی”گۆڕان”یش لەسەر ئازار و دەردە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی بەگاڵە هاتووی کوردستان لەدەست دزیی و ناعەدالەتییەکانی پارتیی و یەکێتیی، ژمارەی دەنگەکانی دەباتە سەرەوە. کەواتە زۆر گرینگە ئەو کەسانەی هەڵدەبژێن، لای کەم بەو سێ فیلتەرەدا بڕۆن و چەندین جاریش زۆر بەوردیی، ریکۆردی ئەو بەشانەی ژیانیان تاقیبکرێتەوە کە لەگەڵ رای گشتیی و خزمەتی گشتییدا یەک دێنەوە.

2,649 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت