کامیار سابیر: مەهزەلەی تێگەیشتنی سیاسیی کورد!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە جمهوری ئیسلامیی، لێکدانەوەی زۆر سەیروسەمەرەی عولەماکان و نوخبەکانی کوردایەتییمان بینی( لە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات)، هەبوو دەیگوت، پەلە بکەن کوردستانی ئێران جیابکەنەوە، ئێرانیان ڕوخاندبوو لەسەر کەلاوەکەی 5-6 وڵاتیان دروست کردبوو، هەبوو لە مەهزەلەی فیکری سیاسییدا دەیگوت، خەڵکی ئێران داوای دەوڵەتی نەتەوەیی( Nation State) دەکات!، هەیشیان بوو دەیانگوت، دەرووی خێر لە ڕێفراندۆم و دەوڵەتە موستەعمەرە پرۆکسییەکەی خۆمان دەکرێتەوە.
وێڕای بەرهەقبوونی خۆپێشاندانەکانی ئێران و ئیدانەکردنی ئەو سەرکوتکارییەکی جمهوری ئیسلامیی، ئەم وتارەی خوارەوە، نووسەری ئێرانیی( ئابشناس) بە زمانی عەرەبیی نووسیویەتی، ئازاد مەلا نەبیی، لەسەر داوای من، بۆ زمانی کوردیی وەریگێڕاوە و دەستخۆشیی لێدەکەم. بەراوردی حەقیقەتە ئابووریی و سیاسییەکانی ئێران بکەن لەم وتارەدا کە بە زمانێکی سادە نووسراوە، لەگەڵ مێنتاڵیتیی قەومچەویی و طائیفیی نووسەرە کوردەکاندا… ئەوکات، تێدەگەن ئێمەی کورد، لە دونیای نووسیین و لێکدانەوەی سیاسییدا، چەند وێرانین؟

ئایا شۆڕشێکی نوێ لە ئێراندا ڕوودەدات ؟
نووسینی: عیماد ئابشناس
وەرگێرانی: ئازادی مەلا نەبیی

لە پێنج شەممەی ڕابردووەوە هەمووان دەپرسن چیی لە ئێران دەگوزەرێ ؟
ئایا شۆڕشێکی نوێ لەو وڵاتە، سەریهەڵداوە؟
ڕاهاتووین کە تاوناتاوێک گوێبیستی ئەوەبین کە ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایی و خۆپیشاندان بووەتەوە، بەڵام ناکرێت هەموویان وەک یەک هەڵبسەنگێنرێن_ بەتایبەت ڕووداوەکانی ساڵی 2009 ( بزووتنەوەی سەوز) _ وەکو ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لەو وڵاتە، ڕوودەدات، لەڕووی ژمارەی خۆپیشاندەران و ڕێکخستنی ناڕەزاییەکان لە شەقامدا.

داواکارییە ئابوورییەکان:
ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە پێنج شەممەی ڕابردوو لەشارەکانی مەشهەد و تاران و چەند شارێکیتری ئێران گردبوونەوە، بەهۆی لەدەستدانی سەرمایەکەیانەوە بوو کە بەرهەمی کارکردی ژیانیان بوو، لە دامەزراوە داراییە تایبەتیەکاندا وەبەرهێنانیان پێدەکرد و قازانجی باشی هەبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا لەدەستیاندا. ناڕەزایەتییەکان، ڕۆژ بەڕۆژ ڕوویان لە زیادبوون بوو، بەهۆی ئەوەی حکوومەت بەرپڕسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ نەگرت بەو بیانووەی ئەم دامەزراوانە ڕێپێدراو نەبوون لەلایەن بانکی ناوەندیی و حکومەتەوە.
هەرچیی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خوزستانە، بەتایبەتیی شاری ئەهواز بەهۆی بێکاریی و خراپیی بارودۆخی ئابووریی و گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و پشتگوێخستنی چارەسەری پیسبوونی ژینگەی ئاسمانی ئەو شارانەوە، بەهۆی دووکەڵ و گازی ژەهراوییەوە بوو، دەتوانین بڵێین لووتکەی ناڕەزایەتییەکان بەر لە شەش مانگ سەریهەڵداوە، کاتێک ئاسمانی خوزستان بە دووکەڵ داپۆشراو، ئاو و کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندیی پچڕان. هەروەها ژمارەیەکی زۆری خوزستانیەکان پێیان وایە کە دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر ڕووباری کارون کە درێژترین ڕووباری وڵاتە و بە خوزستاندا تێپەر دەبێت، هۆکاری وشکبوونی ئەم بەربەستە سروشتییەیە کە ناوچەکەیانی لە خۆڵباران دەپاراست. پاشان توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک، تەقییەوە، دوای ئەوەی بڵاوبووەوە کە کە حکومەت پلانی ئەوەی هەیە (10 ) بەنداویتر لەسەر ئەم ڕووبارە بنیات دەنێت و ڕێڕەوی ئاوەکە بە ئاراستەی ناوچەکانیتری وڵات دەگۆڕێت.
توڕەیی ئەهوازییەکان بووە هۆی بەریەککەوتنی نوێنەرانی پارێزگای خوزستان و عیسا کەلانتەریی، یاریدەدەری سەرۆککۆمار بۆ کارووباری ژینگە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک خەڵکی خوزستان بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری کردنی نوێنەرەکانیان.
هاوزەمان، سەبارەت بەناوچە کوردییەکان، بەتایبەتیی شاری سنە و کرماشان، چەند مانگێک بەر لە ئێستا چەند بەریەک کەوتن و پێکدادانێک لەنێوان کۆڵبەران و سوپای پاسداراندا ڕوویداوە و حکومەت بەوە تۆمەتباری کردن کە بە نایاسایی کەلوپەل دەگوازنەوە، لەکاتێکدا پێش مانگێک مۆڵەتەکانی هەڵوەشاندوونەتەوە، بێ ئەوەی پلانی جێگرەوە بۆ نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەو ناوچە سنووریانە دابنێت کە گوزەران و ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە، ئەمە جگە لە توڕەییان لە لاوازی هاوکارییەکانی حکومەت بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزە، لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە ناوچە کەناراوییەکانی باشووری ئێرانیش بەتایبەت بوشەهر و بەندەر عەبباس ئەوا دەریاوانەکان ناڕازی بوون لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتە تایبەتییەکانیان کە ڕێگای پێدەدان، لەهەر گەشتێکدا هەندێک کەلوپەل بەبێ گومرک بێننە ناوەوەی وڵات( تحت لنج) بەو پێیەی کە دیاریین بۆ خزم و کەسیان . هەموو ئەو شتانەش لە بارودۆخێکدا ڕوویاندا کە وڵات لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی ئابووریی بۆتەوە، چونکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی، حەسەن ڕۆحانیی ناچاربوو کە وڵات بخاتە ناو بارودۆخی داکشانی ئابووری، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی وەرگرت ڕێژەی هەڵاوسان زیاتر بوو لە 45 ٪
حکومەت هیواخوازبوو کە بگاتە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی ( ناوەکیی ) و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر وڵات و کاراکردنەوەی کەرتی ئابووریی دوای چەند مانگێک لەوەرگرتنی دەسەڵات، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی زیاتر لە سێ ساڵی خایاند، هەروەها وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆسپی خستە بەردەم ئەو بەندانەی کە دەبوونە هۆی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئێران، حکومەتی ئێران نەیتوانی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی بقۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی وەک ئەوەی نەخشەی بۆ دانابوو، بەڵام رۆحانی توانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دووەم جاریدا جەماوەر ڕازی بکات بەوەی کە بارودۆخی ئابووریی باشتر دەکات، بەڵێنی دا کە سەرجەم سزا ” غەیرە- ئەتۆمییەکان” لەسەر ئێران هەڵبگرێت ئەگەر دەسەڵات بگرێتەوە دەست، لەکاتێکدا ڕکابەرەکانی هیچ بەرنامەیەکی وەهایان نەبوو.
لە یەکەم پڕۆژەی بودجەدا کە حەسەن ڕۆحانیی دوای هەڵبژاردنی بۆ جاری دووەم پێشکەشی ئەنجوومەنی شورای کرد، هاوڵاتییانی ئێران، توشی سەرسوڕمان بوون، بەوەی کە بارودۆخی ئابووریی ساڵی ئاییندە خراپتر دەبێت و ڕۆحانیی پلانی ئەوەی هەیە کە پشتگیریی زیاتری حکومەت بکات لەسەر حیسابی فشار خستنە سەر گەل بە زیاترکردنی باج و تێچوو و خەرجییەکانی ژیان. هەرچەندە ئەنجوومەنەکە تا ئێستایش پڕۆژە بودجەکەی نەچەسپاندووە، بەڵام بووە هۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی لە نرخی کەلووپەلەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا.
هەرچەندە زۆرێک لەدانیشتووانی ئێران گوێ بە بەرزکردنەوەی ئاستی پشتگیریی حکوومەت بۆ گەل نادەن کە لە ئێستادا یەکسانە بە نزیکەی 12 دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەک لە مانگێکدا، بەڵام لە ناوچە گوندنیشینەکان و شارە گەورەکان کە خێزانەکان قەڕەباڵغن تا ئێستاش ئەم بڕە پارەیە پشتگیریەکی گرینگە بۆ داهاتی خێزانەکان.
کەڵەکەبوونی ئەو هەموو فشارە ئابووریی و دەروونییانە سەرەڕای کێشەی بێکاریی کە زیاتر لە 20 ٪ ی گەنجانی ئێرانی دەرچووی زانکۆ پێیەوە دەناڵێنن (بەپێی ئامارە رەسمییەکان) بوونە هۆکاری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان، بۆیە هاوڵاتییانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە دژی خراپیی بارودۆخی ئابوورییان.

پاڵنەرە سیاسییەکان
وەکو زۆربەی وڵاتانی دونیا، ئێرانیش خاوەنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو ڕەوتی چاکسازییخواز و ئوسوڵیی ( نەریتییەکان ) کە بەربەرەکانێ لەسەر دەسەڵات دەکەن، وەک ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەرەکیی کە دژایەتیی هەموو ڕژێمی دەسەڵاتدەکات.
1- ئۆپۆزسیۆنی ناوەخۆ: دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەی بودجە بۆ ئەنجوومەنی شوڕا، ئوسوڵییەکان کە ڕکابەرایەتیی ڕۆحانییان دەکرد لە هەڵبژاردنی دواییدا هێرشێکی توندیان کردە سەر پڕۆژە بودجەکە کە خۆی دەبینییەوە لە ڕەخنەگرتن لە کەسایەتیی و نوێنەرانی ئەنجوومەنی حکومەتەکەی ڕۆحانیی. لەلایەکیتریشەوە چاکسازییخوازان رەخنەیان لە پڕۆژەی بودجەی حکوومەت دەگرت لەترسی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا، بەهۆی پشتگیرییکردنیان لە حکومەت.
2- ئۆپۆزسیۆنی دەرەکیی: کە خۆی دەبینێتەوە لەو گرووپە سیاسییە ئێرانییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتدا دەژیەن و پشتگیرییان لە ناوخۆی ئێراندا لاوازە، هەندێکیان لەلایەن وڵاتە نەیارەکانی ئێران وەک ئەمێریکا و سعودیە و ئیسرائیل پشتگیریی و پشتیوانیی و هاوکاریی دەکرێن.
دەتوانین بڵێین ئەو گرووپانە بریتیین لە داواکارانی گەڕانەوەی ڕژێمی پادشایەتی و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و عەلمانییەکان و سۆشیالیستەکان، کە ئەمانە گرووپ و ڕەوتی سیاسیی دژ بەیەکن، بەڵام دەزگای ڕاگەیاندنی زۆر بەهێزیان هەیە، وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ کە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە پەخش دەکرێن، سەرەڕای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەندێکیان زیاتر لە ملیۆنێک بەشداربوویان هەیە، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە توانایدا هەیە لە ڕێی دەزگا ڕاگەیاندنەکانییەوە کاریگەریی لەسەر شەقامی ئێرانیی دابنێت یاخود لە ڕێی هاوکاریی دەسگا ڕاگەیاندنە ئەمێریکیی و بڕیتانییەکانەوە.
3- بزووتنەوە جوداخوازەکان: لەکاتێکدا هەموو گرووپە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات جەخت لەسەر یەکێتیی خاکی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و ئامانجیان گەیشتنە بە دەسەڵات، چەند بزوتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی بانگەشەی جیابوونەوە لە ئێران دەکەن، لەدیاریتریین ئەو گرووپە سیاسییانەش بزووتنەوەی قەومیی کوردیی، عەرەبیی، ئازەریی و بە لوجییەکانن.
لەچەند ساڵی ڕابردوودا، ئێران ڕاهاتووە بەوەی یەکێک لە گرووپە سیاسییە ناوخۆییەکان جوڵێنەری سەرەکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بێت. سەرەڕای گەرم و گوڕی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە داواکاری ڕەوایان هەیە، بەڵام هەر زوو ڕەوتە سیاسییەکان، ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان دەقۆزنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکان و بەلارێدا بردنی خۆپیشاندانەکان. هاوکات، خەڵکێکی زۆر ناڕەزایەتییان هەیە دەرهەق بەوەی کە ئێران، یارمەتیی پرۆکسییەکانی خۆی دەدات لە سوریا، لوبنان و یەمەن و بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکەی خۆیشی، فەرامۆش کردووە.

ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات شۆڕش نییە. بەڵام
ئەگەر هەموو ئەو شتانەی باسمان کرد لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین: ئەم ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانانەی لەم چەند ڕۆژەدا ئێران بەخۆیەوە بینی و دەبینێت، هۆکارە سەرەکیەکەی کێشە ئابوورییەکانی وڵات و بێ هیوابوونی گەلە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، بە گوێرەی ئەوەی کە دەیبینین و لەبەرچاون ئەو گروپە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنانە نەیانتوانیوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێننە سەر شەقامەکان، لە لایەکیترەوە کاتێک هاوڵاتییانی ئێران ئەوە دەبیینن کە لە سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان ڕوویداوە دەترسن هەمان شت لەوڵاتی ئەواندا بە دەستی دەرەکیی دووبارە ببێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت