kameran-Haci-2

کامەران حاجی ئەلیاس : موزیك و پانتایی جەستەی ئەکتەر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە گیانی کەش و هەوای جوڵەیی و ئاهەنگی سەرەتاییەکانی شانۆ لەدایک بوو هەرلەوێش هونەرە مللیەکان لەدایك بوو کە بۆ هەر گەلێک گیان و کەساییەتی جیاوازی پێبەخشیووە ، ئەم ، هونەرەش پیوەست بووە بە بەرجەستەکردنی هۆشیاری ستاتیکا .

لەگەڵ دەوڵەمەند بوون و پێشڤەچوونی زمان و زیاد بوونی هونەرە گوزارشتەکان و فۆرمی ستاتیکا .. دەقی دیالۆژ و موزیک قەوارەی وشە هاتەکاییەوە . لەم حاڵەتەدا کارێکی سروشتیە کە نمایشە شانۆییەکان کاریگەریان لەسەر بێت وە سودوچێژ لە ئاوێزە بوونی موزیک و گۆرانی و سەمای گوزر وەربگرن نمونەش زۆرن هەروەکو لە نمایشی شانۆی ( دایکە ئازا ) یەکەی برێخت کاتێ گروپی شانۆی ئەڵمانی لەیەکەمین فیستفاڵی نێو دەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆی نمایشان کرد .

وەکو لەلای هەموان زانراوە دەرهێنەر خاوەن بیرۆکەی نمایشە ، نمایش دەقەکانی بە جەستەی مرۆڤ دەنوسرێت بەمانایەکی تر بریتییە لە نووسین و ژەنین و گۆرانی و گوزارشتی جەستە، لەگەڵ گرنگی دان بە توخەمەکانی تری تەوارکەری نمایش وەکو رووناکی و موزیک و جلوبەرگ…. هەروەکو گەرانەوە بێت بۆ سەرەتاییەکانی شانۆ بەشێوازێکی هاوچەرخ … ئەم سەرەتاییە زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی بچینە ناو چەمکی بابەتەکەمانەوە .

لەنێوان موزیک و هونەرەمللییەکاندا

ژیان بەرەنگاورەنگی و نهێنیەکان و گونجاندن و جۆراوجۆری هونەرە مللییەکان وە بەیەکێک لە یەکەکانی ستاتیکا کە لەدەوربەرمان ئاڵاوە لەسەر ژیانێکی هەڵکشاو و ئاوێزە بوون بەتێکەڵ بوونی کۆن و نوێ بەردەوامە … ئەم هونەرە مللییانە لە گۆرانی و سەماو چیرۆک وموزیک و نیگار … هێلەسەرەکییەکانی روخساری کەسایەتی هەر گەلێک پێک دێنێت بەجۆرێك دەبێتە ناسنامەی رۆشنبیری ، جۆرە ریتمێک دەدات بە ژیان کە جیاوازە لەگەڵ هەر گەلێکی تر .

ئەم هونەرە چێژێکی دەروونی راستەقینە دەبەخشی کە لەگەڵ خودی گیانمان هاموو شۆ دەکات بەشێوەیەک کە توانستێکی بەهێزو تەواومان لەکارکردن پێدەبەخشێ .

پەیوەندی ئەم هونەرانە پەیوەندیەکی گورجوگۆڵە چونکە لە هۆشیاری ستاتیکی جەماوەرە هەڵقوڵاوە بەجۆرێك رەگ و ریشەی بۆ سەردەمانی کۆن دەگەرێتەوە ، وەپەیوەندی لە نێوان موزیک و ئەم هونەرە مللییانە وەکو پەیوەندی گیان و جەستە وایە ، چیرۆکە مللیەکانیش ریتمێکی موزیکی لە دانان و دەموودوو و نواندندا رۆڵی خۆی هەیە .. هەروەها هونەری شێوەکاریش وەکو نیگارو پەیکارتاشین و جوانکاری ریتمێکی موزیکی لەسەر بنەمای هەست و چێژی ستاتیکا دەبێت .

ریتم و جەستەی ئەکتەر

زۆر ئەستەمە جیاکردنەوە لە گەشەکردنی لە نێوان شوێنی سێ لە گوزارشتەکانی ستاتیکای مرۆڤ بکەین : موزیک و گۆرانی و سەما بەتایبەتی ئەگەر زمانی دیالۆژ زمان وەک پێوەیست نەبوو بۆ دەربریبی هەست و سۆز .

هەر لە یەکەم خورپەی دڵ ریتم لەلای مرۆڤ لەدایك بوو دوای لەگەڵ دەوربەر و سروشت وەکو دەنگی با ، دەنگی بولبول بەهەموو جۆرەکانی ، هاژەی روبارو ، نەمەی باران … ریتمەکان ئاڵگۆریان بەرسەردادێت بۆیە کارێکی سروشتیە کەمرۆڤ جەستەیەکی هەبێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ و گونجاندن لەگەڵ جوڵەکاندا رێکبخات بۆ ئەم مەبەستە مرۆڤ توانی بەهۆی ستاتیکای جوڵە گوزارشت لەهەست و سۆزی خۆی بکات بەم شێوەیە دوابەدوای شارستانیەکان و زانستی ستاتیکای جوڵەیی لەدایك بوو بەجۆرێک کە لەگەڵ زانستی ستاتیکای دەنگ هاوتەریب بوو لەسەر ئەم بنەماییە و بەپێ جۆری دەنگ و جوڵەکە سەما لەدایك بوو .

ئەگەر چی سەمای هونەری بەرامبەر بە بینەران تاوەکو هەزارەی هەشتەمی( پ. ز) بوونی نەبوو لەگەڵ پێشڤەچوونی موزیک سەماش زۆر بەشێوازێکی سەردەمیانە پێشکەوت تاگەیشتە گوزارشتی ئاستی بالێ و چەندین پەیمانگاو ئەکادیمیای تایبەت لەم بوارە دامەزران لەدوایشدا شانۆی ئەزمونگەری پەیدابوو کە بەشێوەی سەرەکی پشت بە زمانی جەستە(هێماو ئاماژەو گوزارشتەکان) و موزیک دەبستێت لەبری زمانی دیالۆژ .

فیلەسوفەکانی کۆن درکیان بە گرنگی رۆڵی سەماو موزیک کردوە بە شێوازێکی سۆفیگەریانە بۆ پەروەردەی دەروون سوودیان لێوەرگرتوون ، چونکە سەما دەتوانێ هەموو چالاکیەکی گیانی و وزەکانی خۆی دەرببرێت هەندێک لە دەقەکانی ئایینیش پێش ئیسلامیش سەمای دینی لە پەرستگاکان بوونی هەبوو، ئێستاش لە زۆربەی ئایینەکان لە رێورەسمەکان چەندین جوڵەو سەمای تایبەتی دەکرێت بۆ نموونە دەروێشەکان …

ئەگەر لە ژیانی رۆژانەش بە ووردی دیقەت بدەین هەموو تاکێک بەردەوام چەندین جوڵە دەکەین لەناو هەموو جوڵەکانیش چەندین ئاماژەو هێما هەیە کە مرۆڤەکان تەنانەت لە ژیانی رۆژانە بەکار بهێنن بەجۆرێک،زۆر جار له‌ هه‌ڵسوکه‌وت کردنی رۆژانه‌ زمانی ئاماژه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌بووە ، به‌وه‌ی که‌ باشترین شێوازه‌ بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیاره‌کان و بیر و بۆچوونه‌کان له ‌نێوان مرۆڤه‌کاندابه‌بێ به‌کار هێنانی زمانی دیالۆژی قسه‌کردن . شایانی باسە له‌دوای زمانی قسه‌کردن زمانی ئاماژه‌ هۆکارێک بووه له‌ هه‌موو شارستانییه‌کان‌‌ بۆ له‌یه‌ک حاڵیبوونی مرۆڤه‌کان، لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌ڵێن ده‌توانرێت نزیکه‌ی حه‌فتسه‌د هه‌زار هێما و ئاماژه‌ له ‌رێگه‌ی ده‌ست و شانه‌کان دروست بکرێت ، له‌ شانۆشدا ئه‌کته‌رانی درامای هیندی نزیکه‌ی هه‌شەسه‌د هێما و ئاماژه‌ له‌رێگه‌ی ده‌ست و گوزارشته‌کان دابهێنن .

ئێستا لە زۆربەی قوتابخانە شانۆییەکان چ نمایشەکانی بەدیالۆژ یان بێ دیالۆژ پانتای جەستەی ئەکتەر زۆر بە گرنگی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت هەر لە جووڵه‌ی ده‌سته‌کان ، هه‌ستەکان ، ده‌موچاوێکی گوزارشتی له‌دوایشدا نه‌رمی جسته‌یی و‌ توانانستی له‌ گوزارشت کردن ، له‌رێگه‌ی ئه‌م بنمایانەوە وه‌ زۆرجار نواندنی بێده‌نگ مانای روونترو باشتر و زیاتری له‌ مانای دیالۆژی وشه‌ی گه‌یاندووه‌ .

له‌ ‌هونه‌ری درامی ئه‌کته‌ر سوودێکی زۆری له‌ هێما و ئاماژه‌ بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ هونه‌ری پانتۆمیم ، چونکه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ پشت به‌گوزارشته‌کانی هێما و ئاماژه‌ ده‌به‌ستێت ، ئه‌مجۆره‌ نواندنانه‌ ده‌توانرێت بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک و له‌ هه‌موو وڵاتێک پێشکه‌ش بکرێت، به‌ ‌بێ ئه‌وه‌ی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ یان ئه‌و وڵاته‌ بزانیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ئاماژه‌ و هێما زمانێکی گشتگیریه ‌.

جەستەی ئەکتەر لەنمایشی شانۆیی

دوای ئەوەی وشە لە دەقە ئەدەبییەکان وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە نمایشە شانۆییەکان کاری لەگەڵ دەکرا بەجۆرێک نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک کەم و زیاد لە وشەکاندا یان چرکردنەوە لەدەقەکەکان بکرێت، واتە زیاتر پشت بە وشە دەبسترا رۆڵی جستە و جوڵە بوونی وەک پێویست نەبوو … لەدواییدا کاتی ئەوە هات کە گرنگی بە جوڵەو جستەی ئەکتەر بدرێت و چەندین شێوازو قوتابخانەی تایبەتی بەم بوار دابمەزرێت وەکو پانتۆمایم و بالێ … کەزیاتر پشت بەجستە دەبەستێت وەکو زمانی گوزارشتکردن .

ئەکتەر توانی لەرێگەی جوڵەوە وتاری بینین بخوڵقێنێت تاجەستەی ئەکتەر وای لێهات لەسەر یەك هێلی دیارکراو نەروات بەڵکو بەردەوام گەران بە دوای دۆزینەوەی جوگرافیای جەستەی ئەکتەر بەشێوازێکی نوێ هەرچەندە هەندێ لەیەک چوون لە نێوان ئەکتەرەکان هەبوو لە رووی ئاکارو کارو کاردانەوەو هەڵچونەکان .

ئەکتەری سەرکەتوو هەموو توانستەکانی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی لە ئەکتەرەکانی تر جیاواز بێت، ئەمەش زیاتر لە رێگەی جەستەوە دەبێت چەمکی جەستەی ئەکتەر لەسەر شانۆ لە هەموو جۆرەکانی شانۆگەری جێگیر نییە بەڵکو لە پێشڤەچوون و گۆرنکاری دایە لەگەڵ پێشڤەچوونی یاساکانی کۆمەڵایەتی ژیانە وە بەپێی ئەو روداوانەی لە شانۆگەرییەکەدا روودەدەن .

ئەکتەر بریتیە لە جەستەیەکی زیندووی ئامادە لەسەر تەختەی شانۆ ،ئەو شوێنەیە کەدەتوانێ ژیانی هونەری خۆی بەرجەستە بکات لەو کاتەی کەسایەتیە درامیەکان بەرجەستە دەکات بەپێی مێژووی شانۆ هەر لەسەردەمی گریگەکان تاوەکو سەردەمی هاوچەرخ داهێنەرەکان نەیانتوانیوە لەبری ئەکتەر شتێک بدۆزنەوە بۆ نمایشی شانۆیی راستە ئێمە نازانین ئەکتەران لەسەردەمی گریگەکان چۆن کەسایەتیەکانیان بەرجستە دەکرد بەڵام چیرۆکە ئەفسوناویەکانیان لەرێگەی جوڵە لەلایەن یەک ئەکتەر دەگێردرانەوە، پاشان ئەم ئەکتەرە لەگەڵ سەرۆکی جۆقە بەگۆرانی و سەماو ئاماژەو هێماکان بەرجەستە دەکرد بینەرانیش لەگەڵیان ئاوێتە دەبوون بەجۆرێک چێژیان لێ وەردەگرد .

ئەکتەری شانۆ کاتێ کردارەکان لە چوارچێوەی کەسایەتیەکە دیار دەکات و داهێنان دەکات بەپێی کردارە جستەیی و دەرونی بەم شێوەیە کەسایەتیە درامییەکان لەسەر تەختەی شانۆ بە جوڵەو دەنگ دەردەکەون .

جوڵەی رۆژانە لەنێو ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگا وەردەگرت کە زۆربەیان جوڵەیەکی جێگیر بوون شانۆ لەئەنجامی کردارێکی کۆمەڵی و داهێنانێکی کۆمەڵی هاوبەش بەدیدێت، کە خۆی لە بیرۆکەیەک دەبینێتەوەبەومەرجەی هەر وشەیەک و هەر جوڵەیەک لە جوڵەکانی ئەکتەر پڕوتێر بێت لە هەست و سۆزو بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەم وشەوجوڵەیە بگاتە بینەر .

شانۆ ئەکتەر ناچار دەکات کە سەرچاوەی داهێنەرکەی لەگەڵ داهێنەرەکانی تر هەر لە ئاستەکانی تەکنیکی و توخەمەکانی سینوگرافیا ناتوانێ لە دوو شت جیا بێتەوە لەکاتی رۆڵ بینیدا کەبریتین لە (دەنگ و جەستە) لەگەڵ کاراونی داهێنانی بەردەوم دەبێت… راستیەکیش هەیە کە جەستە تایبەتمەندی خۆی هەیە بە دووبارە بوونەوەی فۆرمەکان بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵگا و شوێن و باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و رۆشنبیری کاریگەریان زۆریان هەیە لەسەر ئاکاری هەڵسوکەوتی ئەکتەر لەگەڵ جەستەکەی ، لەم رونگەوە ئەکتەر یاسایەک بۆ خۆی دادەرێژێت وەکو بنەمایەکی داهێنان بۆبەرجستەکردنی کەسایەتیەکانی شانۆگەرییەکان واتە بەرجستەکردنەکەی دەبێتە پرۆسیەکی داهێنان لە فۆرم ئەگەر چی لەوانەیە پێچەوانەش بێت بەپێی رۆشنبیری جیاوازی جۆراوجۆری جەستەی رۆشنبیری بۆ هەر کۆمەڵگایەک جیاوازبێت .

بەم چەمکە رۆشنبیرەییە جەستە وامان لێ دەکات گرنگی بە پێکهاتە و رۆشنبیری جەستە، بدەین بەو رادەی کە زمانێکی زیندوە دەتوانین بیرۆکەکەمان بگەیینین لەوکاتەی زمانی جەستە بۆتە زمانێکی تایبەت کە هەموو رۆشنبیرەکان و شانۆکارەکان وەکو زمان کاری پێدەکەن وەکو(کرۆتۆفسکی و شایناو کانتور، باربا …

چەمکی ستاتیکای جەستە رۆڵیکی سەرەکی بینیوە لە رۆشنبیری ئەورپی هەر لە سەرەتای گریکەکان وەکو پێداویستیەکی گرنگی بۆ گەشکردنی شانۆ بەپێ سەردەمەکان.. بۆیە جەستەی ئەکتەر لە سەر تەختەی شانۆ دەجوڵێنێت بەجۆرێک تەنها فۆرمی خۆی جوڵە پێناکات بۆ گوزرشتکردن ،بەڵکو دەبێت هاوسەنگی لە نێوان فۆرمی دەرەوە(فیزیای جەستە) لەرێگەی جوڵەکان هەست و سۆزی ناوەوەی کەسایەتیە درامیکە لە رێگەی کردارو ئاکارەکان دورست بکات. ئەگەر ئەکتەر بە پلە یەک تەنها پشت بە فۆرمی دەرەوە ببستێت بەبێ ئەوەی پشت بە لایەنی دەرونی و نەچێتە ناو قوڵای کەسایەتیکەوە بێگومان نواندنەکە دەبێتە نواندنێکی میکانیکی هەروەکو (مایرهۆڵد) جەخت لەو شێوازەدەکاتەوە دوای تێکەڵ کردنی تەکنەلۆژیا لە نمایشی شانۆیی بەجۆرێک تەنها گرنگی بە فۆرمی دەرەوەی ئەکتەر دەدات بەم جۆرەش دەبێتە بوکەڵەیەکی رێک و میکانیکی لەئەنجامدا ئەکتەر کار لەگەڵ جەستەی خۆی دەکات بە پلە یەک گرنگی بە فۆرمی دەرەوەی هەندێک جاریش هەوڵ دەدات هەندێک حاڵەتی هەڵچوانی دەرونی ئەنجام بدات.. زۆرجاریش ئەکتەر دەتوانی تەنها کار لەگەڵ جەستەی خۆی بکات بەبێ حاڵەتی دەرونی بگرە بەبێ دیالۆژیش دەتوانێ ستاتیکاو چێژ ببەخشێت .

لە جیهانی شانۆدا ئەکتەر شێوەی رێژەیی یان گشتگیری یان شێوازی تایبەتمەندی جەستەیی رەتدەکاتەوە، ئێستا ئەکتەر زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووە بەهۆێ زانستی ئەنثرۆپۆلۆجی کە زانستێکی مرۆڤایەتی ئاکاریە وەکو بوونەرەوێکی سروشتی و کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی سوودی لێوەرگرتتوە لەم رونگەوە ئەنثرۆپۆلۆجی شانۆ زۆر گونجاوە بۆ کاری شانۆیی چونکە ئەمرۆ ئەکتەر لە ئەنجامی ئەزموونەکانی پێشوتر رێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی هەموو شێوازەکانی تر بزانێت ئەکتەریش وەکو زانراوە ئەو کەسەیە کە کەسایەتی لە سەر شانۆ دەخوڵقێنێت،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی جوڵەکەی خۆی دەبێتە فاکتەری داهێنانەکەی بێ ئەوەی پشت بە گوزارشتی دیالۆژی وشە ببستێت و دەتوانێ جیاوازی جوڵەی خۆی لەگەڵ جوڵەی ئەکتەرانی تر پیشان بدات وەکو توانستی ململانێ و بەرجەستەکردنی کەسایەتیەکان کە سیفەتێکی تایبەتی درامایە ململانێ لەگەڵ کەسایەتیەکانی تر لەگەڵ خودی خۆی لەگەڵ شوێن … گۆرنکارییەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و رامیاری و جەستە بەپێی ئەم هەموو گۆرنکارییانە کە لە جەستەی کەسانی تر دەردەکەون لە هەموو کۆمەڵگایەیەکی ئەم جیهاندا هیچ تایبەتمەندیەكی تایبەت بە کۆمەڵگایەك لەروی جەستەو جوڵەدا نیە زۆربەیان لەیەک دەچن لە رووی ژیان و ئاکارو کردار. ئەگەر حاڵەتەکانی جەستە لەسەر تەختەی شانۆ جەستەیەکی کۆمەڵایەتی بێت بەمانای ئەوەنایەت تەنها جەستەی ئەکتەرە بەڵکو وەکو دیاردەیەك هەردووکیان ئەکتەرو بینەر بەیەکەوە دەگرێتەوە بەو مانایەی کارێکی مرۆڤایەتیە ئامانجیان چونە ناو جیهانی خەیاڵ و خۆشی وشادیە .

جەستەی ئەکتەر جەستەی کەسێکی ترە کە لە واقع و ژیانی سروشتی نزیکە لە شانۆ ئەکتەر پەیوەنەیەکی گیانی لەگەڵ رۆڵەکەی دەکات بە واتایەکی تر هەموو گیان و روخساری لەهەموو روێکەوە دەچێتە سەر ئەو کەسایەتیەی کە رۆڵی دەبینێت. توخمەکانی یاری درامی لەسەر تەختەی شانۆ زۆر ئاڵۆزن ئەکتەریش جوڵێنەرو یاریکەری سەرەکی ئەم توخمانەیە لە رێگەی زمان ئامانجەکانی جێبەجێ دەکات، وەکو هەموو یاریەکیش چەندین رێساو یاسی خۆی هەیە بینەریش ئامادەبوونێکی کاریگەریەکی تەوای لە سەر ئەکتەر هەیە وە هەردووکیان (بینەرو ئەکتەر) کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێت، ئەمەش وامان لێدەکات بەدوای ئاستەکانی گوزارشتی جەستەیی هونەری لەلایەک و لەلایەکی تریش کاریگەری ئەم جەستە بۆ بینەر بگەرێین ، زۆریش گرنگە پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو جەستەیە جەستەی ئەکتەرو جەستەی بینەر دورست بێت بۆ ئەوەی هەموو ئامانجە راڤەکان و لێکدانەوەکانی لایەنە درامییەکان بێتەدی.

فۆرم و شێوە جۆراوجۆرە جەستیەکان شێوەو جۆری جەستەی ئەکتەر و جەستەی بینەر دەست نیشان دەکات جیاوازیەکی روون و ئاشکرا لە نێوانیان هەیە، ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ کارێکی درامی ئەنجام دەدات کە خۆی لە ژێر دەمکەکانی کەسایەتەکان شاردۆتەوە کە بەرجەستەیان دەکات و چەندین نهێنی شاراوە ئاشکرا دەکات ،بینەریش ئەکتەریش دەبینێت بەم شێوە ئەوەی ئەم ئەکتەرە دەیکات کاریگەری دەبێت لەسەر بینەر،دراماش پەیوەستە بەچەند یاسایەکەکی تاییبەت کە بینەرو ئەکتەر بەیەک دەبەستێتەوە .

شێوازی گوزارشتکردن کەلەرێگەی جەستەی ئەکتەر دەبێت وەکو فاکتەرێکی سەرەکی هەموو وزەیەکی خۆی تیادا بەکار دەهێنێت کە لە وزەی مرۆڤی ئاسایی زیاترە personne quotidienne

ئەم وزەیە دەبێتە فاکتەرێك بۆ ئەوەی گوزارشت لە ژیانی کەسایەتیە مردوەکانی ناو دەق بکات .. نواندن چەندین جۆرو شێوازی هەیە هەریەکەو تایبەتمەندی جۆراوجۆری خۆی هەیە کە ئەکتەر کاری لەگەڵ دەکات لەرێگەی دەنگ و جەستەکەی ئەمەش هەریەک لە ( ستانسلاڤسکی و مایرهۆڵد) جەختیان لەسەر جوڵەی گوزارشت کردۆتەوە کەلەئەنجامدا وتاری بینین دێتەکاییەوە ، مایرهۆڵد جەخت لەسەر فۆرم دەکاتەوە کە بریتیە جەستە( دەرەوە) پاشان رەنگدانەوە بەجوڵەی ناوەوە واتە لەم رێگەیەوە مانای ناوەوەی شاردراوە دەدۆزینەوە، وەك یاسایەک دەتوانێ بگاتە وێنەیەک کە هەست و سۆزی ناوەوە لەرێگەی کاریگەری فۆرمێکی گوزارشت بەڵام لەلای ستانسلاڤسکی ئەم جوڵەیە لە ناوەوە بۆ دەرەوە کە زیاتر گرنگی بە لاسایی کردنەوەو رانگدانەوەی لە سەر ئەکتەرە کەچی مایرهۆڵد لەسەر جوڵە دەڵێت : جێبەجێ کردنی کرداری فیزیولۆجی جێبەجێکردنێکی راستە وە هاوکارە بۆ حاڵەتێکی دورست کاتێ کرداری فیزیولۆجی دەگۆرێت بۆ کرداری سایکۆلۆژی ئەمەش بە هۆی کاریگەری یاسای یەکەی ژیانی سایکۆ- فیزولۆژی .

جەستەی ئەکتەر لەرێگەری ئەزموونی گوزارشت دەتوانێ وەکو ئامێرێک بەکاربێت بۆ ئەوەی هەموو بیرۆکەکان بگاتە بینەر نواندیش گەرانە بەدوای ناسنامە کەسایەتیە درامیەکان لەناو دەقە شانۆییەکان هیچ قەوارەیەک و چوارچێویەکیان نیە تا ئەو کاتەی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ بەرجستەی دەکات وەکو ئەوەی کەسێک بێت لە ژیانی ئێمەمان نزیک بێت و کەسێکی نامۆ نییە .

جوڵەکانی جەستەی ئەکتەر پێکهاتەیەکی سەرەکی نمایشی شانۆیین نەوەکو دیالۆژی قسەکردن ئەمەش دەگرێتەوە بۆ توانستی ئەکتەر تاچەند دەتوانی وتاری ناوەوەی پانتایی بەرجەستە دەکات لەم روەوە (ئارتۆ) سەرەتا گرنگی زۆری بەپیرۆزی دەق دەدا بەڵام لە دوایی بەدوای زمانێکی تر گەرا بۆ ئەوەی ئەم سحرە جوانییەی شانۆ بگاتە ناوەوەی وەرگر بۆ ئەم بەمەبەستە گرنگی بە پانتایی بینیندا کەلەرێگەی جوڵەکانی جەستەی ئەکتەر و توندوتیژی لەبری دیالۆژی قسەکردن. هۆراسی شاعیریش لە سەردەمەکەی خۆی لەرێگەی کتابەکەی(هونەری شعر) ئەم راستیە دووپات دەکاتەوە دەڵێت : چاو کاریگەری زیاترە لە گوێ. هەربۆیە ئارتۆش زیاتر گرنگی بە جەستەی ئەکتەرداوە پێش ئەوەی (کرۆتۆفسکی) گرنگی بە جەستەی ئەکتەر بدات .

جەستەی ئەکتەر لەسەر دوو شێواز کار دەکات کە بریتین لە: شێوازی گوزارشتکردن وشێوازی شێوەکاری ئەکتەر لەم دووشێوازەدا زۆر باشترو جوانتر مانای دەق و بۆچوونی دەرهێنەر رووندەکاتەوە وە شیوازی شێوەکاری کاتێ ئەکتەر لەگەڵ توخمەکانی سینۆگرفیا هەڵسوکەوت دەکات دەتوانێ ئەو پانتاییە بگۆرێت بۆقەوەرێکی ستاتیکا کەئێستا لە هەموو شانۆییەکانی جیهان پشت بە جوڵەی ئەکتەر دەبەستێت چونکە زمانێکە هەموو جیهان لە هەموو شوێن لێی حاڵی دەبێن تاوای لێهات ببێتە خاوەن یاساو رێسای تایبەت بەخۆی. ئێستا جەستەی ئەکتەر پانتایەکی زۆری لە داهێنانی شانۆیی داگیرکردوە بۆیە جوڵەکانی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ دەبێ هاوسەنگ و گونجاو نەرمونیان بێت ئامادەیی هەبێت بۆ هەموو جوڵەیەکی پێویست تاوەکو ستاتیکای نمایشی شانۆ دەردکەوێت … دەبێ ئەکتەر ئەوەبزانێت هەرجوڵەیەک یان هەر دەموودوویەک هێماو ئاماژەی خۆی هەیە چونکە هێماو ئاماژە سیفەتێکە کەهەموو جوڵەکان و دەموو دووەکان تێدابەشدارن ، لەهەمان کاتدا بە تەنها بەهرە بۆ ئەکتەر بەسنیە دەبێ ئەم بەهرەیە پەرەی پێبدرێت بەهۆی ئەزموون و رۆشنبیری هەر بۆیە لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان زۆری گرنگی بە تەکنیکی ئەکتەر بەگشتی وە بەتایبەتی بە جەستە و رۆڵی لە پرۆسەی بەرجستەکردنی لەسەرشانۆ دەدن چونکە لای هەمووان زانراوە کە یەکێک لە ئامێرەکان و کەرەستەکانی لە کاتی نواندن جەستەی ئەکتەرە وەکو دیاردەیەکی بەرچاو لە پانتایی شانۆ لەرێگەی رووناکی و جلوبەرگی دەردەکەوێت.. شانۆ لەم دواییانەدا زیاتر گرنگی بەلایەنی بینین دەدات ئەکتەرو توخمەکانی سینۆگرفیاش پێکهاتەی سەرەکین ئەکتەریش تەنها زمانی نیە وەکو شعرو پەخشان ، بەڵکو ئەکتەر بریتییە لە سەروچاوەکان و شانەکان قاچەکان لەبەر ئەمە دەبێ بزانێت چۆن بەکاریان دەهێنێت .

سەرچاوە :

ديناميكية جسد الممثل في العرض المسرحي/ جواد حساب

سحر المسرح / عبدالفتاح رواس قلعەجی

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت