کامەران عومەر: هۆکاری بڕیاردان لە ڕیفراندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بریاردانی ڕیفراندۆم نە غروری مسعود بارزانیە نە لەبەر تۆکمەیی پایەکانی حوکمەتەو نە پشتیوانی نێودەوڵەتیە، نە لەبەر یەکڕیزی ناوخۆیە. بەڵکو پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم بۆ بێ بەش نەکردنی کوردە لە دەستکەوتی سەرکەوتن بەسەر داعش و دابەش کردنەوەی دەورەکانە. دووەم بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە کورد داهاتوی بەو جۆرەی ئێستا لە ژێر هەرەشەدایەو ترسی هەیە لە کەرکوک و ناوچە ڕزگارکراوەکان.
کورد وتەنی ئەزانێت وابەئاسانی و مامە خلەیی بۆمان ناچێتە سەر، وەک دیارە هێشتا داعش کۆتایی نەهاتوە، کەچی هەر ڕۆژە و گۆبەندێک بۆ کەرکوک ئەنێنەوەو هەڕەشەی گەڕانەوەمان بۆ هێلی سەوزلێ ئەکەن و ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانیش زیاتر خەمی مەدی ئێرانی و هەڵسانەوەی سونەی ناوچەکەن تا کورد. وە دروست کردنی حەشدی شەعبییش لەولاوە بوەستێ لە کاتێکا، کە کورد براوەی شەری داعشە و ناوچە دابڕینراوەکانی گێڕاوەتەوە سەر هەرێم و، وەکو هێزی سەربازی تەحەکوم بەم ناوچانە ئەکات. بەڵام هیچ جۆرە ئعتڕافێکی لە لایەن عێراقەوە پێ نەکراوە. ڕۆژ بەڕۆژیش حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق لە بەهێزی دان و هەنگاو ئەنێن بۆ حوکمی مەزهەبی و، هیچ جۆرە زەمانەتێکی نێودەوڵەتی نیە، کە سولتەی خۆیان نەگێرنەوە ئەوشوێنانەی، کە ئازاد کراون بەخوێنی پێشمەرگە.
بەغدای ئەمڕۆ بەو بێهێزیە مافەکانت ناسەلمێنێ ئەی لەبەهێزیدا هەڵوێستی چی ئەبێ؟ ئەگەر زەمانەتێکی نێودەوڵەتیت نەبێ بۆ پاراستنی هەرێم و گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە ڕزگارکراوەکانی مادەی 140بۆ ژێر ئیدارەی هەرێم، ئەوا ئایندەی کوردستان لە خەتەر دایە لە بەرامبەر هێزێکی وەک حەشدی شعبی، کە هەشت سەد ساڵە لەدوای (موختاری سەقەفی} لە عێراق ئەو هێزو شکۆیەی بەخۆوە نەدیوە. غروری ئەو هێزە لەو ئاستەیە، کە هێزیان بۆ سوریا ناردوە و خۆیان بە داکۆکیکەری شیعەی دونیا ئەزانن. ئەو هێزە ئەوە جۆری بیرکردنەوەی بێت چۆن لە هەڵسوکەوتیان دڵنیا بین؟ ئێستاش کە پشتیوانی یاسایان هەیەو دەستیان کراوەیە بۆ خۆ تەیارکردن لە ڕوی سەربازی و بیری شیعە گەری لە هەوڵدان خۆیان لەسەر شێوەی پاسداری ئێران ڕێک خەن و زۆر بەهێزتری کەن بەرامبەر بە سوپا و هێزی ناوخۆ.
ئەگەر وەک ئێستا بێ، نەک هەر داوای کرکوک و ئەو ناوچانە دەکات بەهەر بیانوێک بێ داوای سنورەکانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەرانیش ئەکەن. کوردیش ماران گاز بووە لە بەهێزبونەوەی عێراق هەرکاتێ دەرفەتیان بوبێ نەوەستاون لە داگیرکاریی، هۆکاریش زۆرە چونکە ئەو فدرالیەی ئێستا ئێمە ممارەسەی دەکەین زیاترە لە فیدرالی، کەچی هیچ ناوێکی یاسایی یان چوارچێوەیەکی شەرعی دانپێنراوی نیە، نە لەناوخۆو، نە لە نێودەوڵەتی جگە لەو فیدڕالیەی سێ پارێزگایەکە، کە هەیە ئەوەش بێ هێزی عیراق و سامانی دەوڵەمەندی هەرێمە وای کردووە، کە وەک دیفاکتۆیەک هەڵسوکەوت بکەین. هیچ کاتێک هەرێمێک لەڕوی یاسایی ناتوانێ بەر بە جەیشی وڵاتی دایک بگرێ بۆ کێی بوی ئەڕوات، من مەبەستم بێ بروایی نیە بەهێزی پێشمەرگە چونکە سلماندویانە کە هێزێکی ئازاو نەبەزیون و دونیا شایەدی ئازایەتییانە. بەڵام چەکی قورس و کەرستەی جەنگی دەور ئەبینێ.
بە هاتنە دەرەوەی عێراق لە ژێر مادەی 7ی مجلسی ئەمن و گەڕانەوەی تەواویی سیادەی خۆی، کە کورد لە گەڕانەوەی سیادە دەوری کاریگەریی هەبووەو ، چەندین گرێبەستی کڕینی چەکی قورس و تەیارەی پێشکەوتوی کردوە و، کە نەپرس بەهەرێم کراوەو نە بەشی پێشمەرگەشی لێ ئەدات، وە هەرێم دڵنیایە لەکاتی بەهێز بونەوەی بەغدا و حەشدی شەعبی هاوکێشەکان ئەگۆڕێن و دەست تێوەردانی وڵاتان سنور دار ئەبێ، ئەوکاتە بەغدا دەستی کراوە ئەبێت بۆ چنینەوەی دەستکەوتەکان و هەلە لەدەست چوەکانی، بۆیە نابێت دڵمان بە هێزی دەرەوە یان هەر وڵاتێک خۆش بێ، کە دیفاعمان لێ بکات، ئەگەر بەیاسایەک هێزی بەغدا سنور دار نەکەن.
وەک بینیمان لەسەرتادا کورد ئامادەیی بەرچاویان هەبوو لە ناو سوپادا، بەڵام ئیستا توانیان کورد قەڵاچۆ بکەن لەناو سوپا و ئەمریکاش دەنگی نەکرد، توانیان وردە وردە فەرمانبەرو بەڕێوەبەرەکان لە بەغدا دوورخەنەوە و ئاستی کورد لە حوکمڕانی بەغدا تەواو دابەزێنن بەهەر بیانوێک بێت پەڕلەمانیشیان خستە خزمەت بە شەرعیکردنی تاوانەکانیان کەسیش دەنگی نەکرد ئەو کوشت و کوشتارەی لە موسل و ناوچەکانی سونە کرا لە ژێر ناوی شەڕی داعش چەند بەیاننامەیەکی ڕێکخراوەکان نەبێ کێ هاتە دەنگ. لەم هەلومەرجەدا هەرگێز کورد وەک ئێستا پێویستی بەیەک ڕیزی نەبوە، دەبێ بەخۆداچونەوەیەکی سەرتاسەری هەبێ لەهەموو ڕویەکەوە تایبەت پێشمەرگە و باری ئابوری لەم سەرتایە زۆر گرنگە کە سەرجەم هەنگاوەکان دیراسە بکرێن و یەکڕیزبین و هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەبێ بۆ سەربەخۆیی بگەین ئەگەر بەدی هات، ئەوا تا ئەبەد براوەین و نەوەکانی داهاتوو لە ئارامی دائەبن ئەگەرنا هەرچۆنێک بێ کەرکوک و ناوچە ڕزگارکراوەکان بخرێنەوە سەر هەرێم و لە چوارچێوەی یاسادا، وە زەمانەتێکی نێودەوڵەتی. بەگەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە ئازاد کراوەکانیش بۆ سەر هەرێم، پێگەی هەریم لە ڕووی دارایی و سەربازی و نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت و هەنگاوێکی گەورە ئەنێت لە خەباتی ڕزگاریی خوازیی گەلی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت