کامەران چروستانی: پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا پرسی ڕیفراندۆم یەکێک لە گەرمترین باسەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی و وەها چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ئەو پرۆسەی دەنگدانە ئەنجام بدرێت. هاوکات هەروەک هەموو پرسێکی دیکە شەقامی کوردی بووە بە چەند ئاراستە و بۆچوون و لێکدانەوەیەکی جیاواز، کە ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە و بگرە بەشێکە لە ڕۆحە دیموکراسییەکەی کۆمەڵگای کوردیمان.

هەرچۆنێک تەفسیر و ڕوونکردنەوە بۆ ئەو پرسە دابنرێت، ڕاستییەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە: ئاسانترین هەنگاو بریتییە لە جێبەجێکردنی خودی دەنگدانی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام ئەوەی کە لە ئەنجامدانی ئەو ئەو پرۆسەیە گرانتر و ئاڵۆزترە بریتییە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و قۆناغی پاش ڕیفراندۆم، هەروەها ئەو پرسیار و پرس و بۆچوونانەی ڕووبەڕووی هەردوو قۆناغەکە دەبنەوە.
وەک واقیعێک لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردی بە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، کە جگە لە هەڕەشەی داعش، کە هەڕەشەیەکە بۆ سەرجەم ناوچەکە، بەڵام قەیرانی ئابووری بارێکی گرانی دیکەیە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە و لەگەڵ خۆیدا کێشەی دیکەی بۆ سەرجەم سوچ و کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگای هانیوە. هەتا ئێستاش هیچ تروسکاییەک بەدی ناکرێت، ئایا لە ئایندەیەکی دوور یان نزیکدا ئەو قەیرانە بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر دەکرێت یان نا.
جگە لەمەش پەکخستنی پەرلەمان، دوورخستنەوەی هەندێک وەزیر لە پۆستەکانیان، سێبەری کێشەی سیاسیی ناوخۆیی نێوان حیزبەکان باڵی بەسەر ژیانی سیاسیی کوردستاندا کێشاوە، نەبوونی هیوایەک بۆ ڕێککەوتن و یەکبوونی دەنگی کورد هۆکارێکی دیکەیە، کە تاکی کورد دۆخی سیاسیی ئێستای کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکی حیزبی و خزمەتکردنی ئەجیندای دەوڵەتانی دراوسێدا ببینێت، جگە لە دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو ناوچەی سەوز و زەرد هەمیشە مرۆڤی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەرییە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی ساڵانی نەوەدەکان.
بە کورتی و بە کوردی: نە کۆمەڵگا متمانەی بە دەسەڵات و حیزبەکان هەیە، نە حیزبەکانیش لەنێوان خۆیاندا متمانەیان هەیە و ئارەزوویەکی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئارادا بوونی نییە.
لەناو هەموو ئەم قەیران و کێشە ناوخۆییانەدا بەلایەنی کەمەوە پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ تاکی کورد دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بۆ بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسییەکەدا هان بدرێت، نەوەک “تاکی کورد” بکرێت بە ئامرازێک بۆ دەنگدانی پرۆسەکە: واتە ئامانجی پرۆسەکە دەبێت تاکی کورد بێت، نەک کەرەستەی پرۆسەکە. ئەمەش بێگومان کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر بێتوو لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان “بەئامانجکردنی تاکی کورد” بخەنە سەر زەمینەی واقیع، ئەویش لە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی، کە باری ژیان و ناخی تاکی کوردیان قورس کردووە. کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕێککەوتنی حیزبەکان، یەکخستنی شەقامی کوردی سەرباری جیاوازیی بۆچوونەکان، یەکدەنگیی سەرکردایەتی کوردی، بە نیشتمانیکردنی پرسی ڕیفراندۆم بەشێکن لەو هەنگاوانەی کە پێویستە دەسەڵاتداران، سەرکردە و حیزبەکانی کورد پێش ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، چونکە ئەو گێژاوە فرەلایەنییەی کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی، تەنها تروسکاییەکیش نابەخشێت بە ناخی تاکی کورد بۆ ئایندەیەکی باشتر جا ئەگەر لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقیدا بمێنینەوە یاخود ببین بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
جا ئایا ئەم ڕیفراندۆمە دەکرێت بە پرسێکی نیشتمانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز بەشداری تێدا دەکەن یان نا؟ ئایا لایەنە سیاسییەکان بە چ ئامانج و مەبەستێکەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانن؟ ئایا کوردستان دەبێت بە یەکەم ناوچە لە هەموو جیهاندا، کە ڕیفراندۆم بەبێ بوونی پەرلەمان ئەنجام بدات و لەژێر پەردەی رێکەوتنی چەند حیزبێکدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت؟
ئەگەرەکانی پاش قۆناغی گشتپرسی گەلێکن، چونکە بەر لە هەموو شتێک ناوچەکە بە قۆناغی گۆڕانکارییەکی گەورەی بالانسی هێز و نەخشەی جیۆپۆلیتیکدا دەڕوات. هەر ئەمەش وای کردووە، کە دەرگای هەموو گۆڕانکارییەکان واڵا بێت. بێگومان ئایندەی کورد لە عێراق و سوریاش دەکەونە بەر شاڵاوی ئەگەری ئەم گۆڕانکارییانە. هەموو ئەم ئەگەرانە و هەروەها باری واقیعی سیاسی ئێستای کوردستان چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە ناخی تاکی کورددا دروست دەکات.
ئایا ئامانجی ڕاستەقینەی پرۆسەی ڕیفراندۆم چییە؟ ڕاستە لە سیاسەتدا هەموو شتێک بە ئاشکرا ناوترێت و باسی لێوە ناکرێت، بەڵام ئامانجەکانی گشتپرسییەکە هەرچییەک بن، ئەگەرەکان دووانن: دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی یاخود ڕیفراندۆمەکە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار بهێنرێت. لە ئەگەری یەکەمدا تاکی کورد واقیعی ناتەبایی سیاسیی کوردی، نەبوونی سەروەریی یاسا و کارکردنی حیزبەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەبینێت. ئەمەش وێناکردنی قۆناغی پاش “دامەزراندنی دەوڵەی کوردی”یان لەلا دروست دەکات، کە جگە لە ئەگەری بەرەو دیکتاتۆربوونی دەسەڵات، ئەگەری سەرهەڵدانی کەشێکی نائارام و ناجێگیر لە کوردستاندا هیچ شتێکی دیکە بەدی نەکەن، ئەگەر بێتوو حیزبە کوردییەکان بە هەمان شێوازە بیرکردنەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی بەڕێوە بەرن. بەڵام ئایا هۆکار و هاندەر چییە بۆ ئەوەی شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردن بگۆڕن، لە کاتێکدا لە ساڵی 1991 هەتا ئێستا هەمان کەسایەتییەکان پەتە سەرەکییەکانی یارییە سیاسییەکانی کوردستانیان لە دەستدایە. ئایا ئەگەری ئەوە هەیە وەکو باشووری سودانمان لێ ڕوو بدات، کە لایەنە ناتەباکانی ئەو کۆمارە نوێیە هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر بەرپرسانی سودان بۆ ئەوەی نێوەندگیرییان بۆ بکەن و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن؟
هاوکات تاکی کورد چ ئاسۆیەکی ڕووناک لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا بەدی بکات، لە کاتێکدا ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا و لە نەبوونی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەدا (لە هەموو دەوڵەتێکدا ئەو دوو وەزارەتە بڕێکی پارەی زۆر لە بوجە ڕادەکێشن) بەڵام حکومەت ناتوانێت نە نیوە موچە و نە چارەکە موچە و نە پارەی خانەنشینان بە شێوەیەکی دروست بدات، ئەی ئەگەر ببین بە دەوڵەت؟ ئەگەر لە ئێستادا بەشێک لە موچەی ئەم بەشە و ئەو بەشەی دامودەزگاکانی حکومەتی کوردی لە بەغدادەوە بێت و ئەگەر پشتیگرییەکی دارایی لە حکومەتی ناوەندییەوە بۆ دابین بکرێت، ئەی دوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بارودۆخی ئابووریمان بەرەو کوێ دەڕوات؟ لە کاتێکدا لە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە ئابوورییەدا هەناردەکردنی ژێربەژێری تەنکەرە نەوتەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەتا ئەم ساتەش هەر بەردەوامە. لەو گۆشەنیگایەوە تاکی کورد مافی خۆیەتی کە ڕەشبین و بێ هیوا بێت بەرامبەر بە ئایندەی ئابووریی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.
کۆمەڵگای کوردی لە ئێستادا لە قەیرانێکی فرەلایەنەدا دەژی لەژێر سەرکردایەتییەک، کە 26 ساڵە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبات، بەرهەمی ڕێباز و سیاسەت و پلان و پرۆژەی ئەم سەرکردانە لەو قەیرانانەدا بەدی دەکرێت، کە کۆمەڵگای کوردی تیایاندا دەژی. پرسیارەکە ئەوەیە: لە هەمان ئەم کەسایەتییانە و لە هەمان بیروبۆچوون و ڕێبازی ئەم بەڕێزانە تاکی کورد هیوای بە چ باشتربوون و چاکسازییەک هەبێت، کە لە ڕاستیدا هەر خۆیانن هۆکاری سەرجەم قەیران و ئەو گەندەڵییانەی کە سەرتاپای هەرێمی گرتۆتەوە؟
خۆ ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم تەنها کارتێکی فشار بێت لەسەر بەغدا، ئەوا لێرەشدا هەندێک پرسیار و سەرنج دێنە ئاراوە: ئایا ئەو فشارە لە بەرژەوەندی حیزبیدا بەکار دەهێنرێت یاخود لە بەرژەوەندی نیشتمانیدا؟ سەردانی ئەم دوواییەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا پەیامێک بوو بۆ سەرجەم لایەنەکان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو لایەنەیە کە هەموو کاتێک دەتوانێت تاکلایەنانە گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکات و هەر ئەویشە خاوەنی ئەو پرۆسەیە و ئەنجام و کاریگەرییەکانێتی، ئەگینا بە لایەنی کەمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدادا سەبارەت بەو پرسە نیشتمانییە دەبووایە ئەندامانی یەکێتییان لەگەڵدا بووایە ئەگەر بێتوو ئەو پرسە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ” نیشتمانی” بێت. سەرهەڵدانی ئەم گومانەش لە مێژووی نوێنەرایەتی و چالاکیی حیزبە کوردییەکانەوە لە بەغدا سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ناتەباییەکەی سیاسەتی ناوخۆی کوردستانیان دەگواستەوە ناو بەغدا، جگە لەوەش هەندێک جار حیزبە کوردییەکان لەپێناوی ئەوەی بەشێکی زۆرتر لە شیرینیی کێکەکەی بەغدایان دەست بکەوێت هەنگاوێکی تاکلایەنەیان ناوە، ئەگەرچی لە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کورددا نەبووبێت.
دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتێک زانستە بەر لەوەی دروشمی بریقەدار بێت، جێبەجێکردنی هەنگاوەکانە بەر لەوەی بازدانێک بێت، پرۆسەیەکە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای لە ژێرسایەی خۆیدا کۆدەکاتەوە نەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو بێت، هەر بۆیە دەسەڵاتی کوردی، سەرکردە، بەرپرسان و لایەنە کوردییەکان گەلێک ئەرکی نیشتمانییان لەسەر شانە بۆ ئەوەی ئەم پرسە لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا پێناسە بکەن. ئەگینا تاکی کورد لەناو گێژاوی ژینگەیەکی نالەباردا دەخرێتە ناو پرۆسەیەکەوە، کە ئایندەیەکی نادیار و بێهیوا چاوەڕوانی دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت