کاوسین بابەکر: ئەمجارە بۆ کوردی بکەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدرێژایی مێژوو کورد دەیان شۆڕش و ڕاپەڕینی کردووەو لەو سەرەوە دوای سەدان و هەزاران شەهید و ماڵوێرانیەکی زۆر بەدەستی خاڵی گەڕاوەتەوە، نەتەوەکانی دەورو بەر (عەرەب، فارس، تورک) دەوڵەتی خۆیان بەهاوکاری کوردو لەسەر خاکی کورد دروستکردووەو تەنها کورد وەک گەورەترین نەتەوەی ناوچەکە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە دەوڵەتێک بۆ خۆی پێکەوە بنێ!
هۆکارو فاکتەری ئەم دواکەوتنەی کورد زۆرن هەر لە نەفرەتی جیۆپۆلیتیک و هەڵکەوتەی جوگرافی سیاسی و دواکەوتوویی کورد و درەنگ پێگەیشتنی هەستی نەتەوایەتی و دەستێوەردانی دەرەکی و مەسەلەی ئایین و… هتد، بیگرە تا ناکۆکی ناوخۆ کەبەلای من و زۆر لە چاودێران و مێژوونوسان بەهۆکاری سەرەکی دادەنرێ. ڕەنگە ئاماژەیەکی کورت و ئاوڕێکی سەرپێیی بەس بێ بۆ بینینی دەیان نمونەو وتیگەیشتن لەکرۆکی کێشەکە؛ دوای ڕوخانی مادەکان هەر بەفیتی ناوخۆ کورد سەریان بۆیەکتر دانەنواندووەو لەو سۆنگەیەشەوە دەیان میرنشین و ئەمارات دروست بوون و بەردەوامیش لەشەڕو جەنگی یەکتر دابوون هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوژمنان یەک یەک لەناویان ببەن.
دوایین ئەمارەتەکانیش بریتی بوون لە؛ ئەمارەتی ئەردەڵان کەلەلایەن شاکانی ئێرانەوە، لەناوبرا، ئەمارەتەکانی، بابان، شێروان، سۆران، بۆتان، بەدرخانیەکان، بادینان، کە، لەلایەن سوڵتانە عوسمانیەکانەوە لەناوبران، دواتر شۆڕشەکانی ئارارات، ئاگریداخ، کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئەیلول و… هتد، کە بەداخەوە ناکۆکی ناوخۆیی و جەنگی براکان لەهەمووپارچەکانی کوردستان، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ لەناوچونیان و سەرکەوتنی دوژمنان! سەیرەکە لەوەدایە تائێستاش کورد و سەرکردەکان سودیان لەو شکەستانە نەبینیەوەو خەریکن بەردەوام هەڵەکان دووبارەدەکەنەوەو بەدوای سودو قازانجی کەسی و حزبیەوەن و مەسەلەی نەتەوەکەیان دوایین شتە کەبیری لێدەکەنەوە! ئەگەر وانیە بۆچی ئێستاش ئامادەنین هیچ نەبێ بەرانبەر بەبەغدا یەکبگرن و بەیەکڕیزی کەسەنگێکی گەورەتر و دەنگێکی دلێرتریان دەبێ بەیەکەوە ناچنە بەغداو ئەمجارە شەڕەکە تەنها لەسەر کورد بکەن و بۆ کوردی بکەن! سودو قازانجی خۆیان و حزبەکانیان بخەنە خزمەتی گەلەکەیان و چاو لەو ڕق و توڕەییە بپۆشن واز لەو غوبنە بهێنن و تەنها ئەمجارە بۆ کوردی بکەن و، بەڵکو گەلەکەشیان لێیانخۆش بێ و بەڕووسووری بچنە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت