کاوسێن بابەکر: پێویستمان بە سەرۆکێکە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆک، یان ڕابەر، ئەو کەسەیە، کە بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی لەکاتی شۆڕشداو دواتر بەدەنگی خەڵک لەهەڵبژاردنێکدا یان بە دەنگی پەرلەمانتاران دەبێتە سەرۆک. بەڵام وەک ناووونیشان، دواتر دەبێ ئەرکەکانی بەپێی یاساو دەستوری ووڵات بێ کەموکوڕی، بەکردەوە جێبەجێبکات و چەترێک بێ بۆ هەمووان بەبێ جیاوازیی.

بەدرێژایی جوڵانەوەکانی کوردستان چەندین سەرۆک دەرکەوتن، کەتاکو ئێستاش پێیان هەڵا دەگوترێ، سەرەڕای کەموکوڕیان لەوانە؛ مێژوو شاهیدی سەرکردایەتی قازی نەمرو بارزانی و مام جەلالە.. لەدوای ئەوانەوە بەداخەوە، کێشەوباریی گرانی ژیانی خەڵک و بێ ئاسۆیی چارەسەرەکان، مەیدانەکەی وا ئاڵۆزاندووە هەموو کەس هەست بەبێ کەسی دەکات. هەست بەوە دەکات کە سەرۆکێک، ڕابەرێکی خەمخۆر و زانا و مێهرەبان و لێبراو بۆ چارەسەری کێشەکان، لەمەیدانەکەدا نییە.
ئەو ماوەیەی مام جەلال حزوری هەبوو، هەستمان دەکرد، کاک مەسعود دەستبارێکی باشی بۆڕاگرتبوو، بەتایبەت دوای شەڕیی نەگریسی ناوخۆ، ئێستا دەردەکەوێ کە ئەم دەستبارگرتنەش هەر نەرمی و سنگ فراوانی و حیکمەتی مام بووە بەداخەوە، بەڵگەی ئەو هەموو کێشانەی لەسەر کورسیەکە سەریان هەڵداو، بەتایبەت دوایین ووتاریی خەریکە بەتەواوی بێهیوامان دەکا! لەوەی وەک سەرۆکێک ئەو هەموو هاوارەی خەڵک لەتاو بارگرانی ژیان و نەبوونی مووچەو، ئەو هەموو پڕۆژەیە بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی ببینێ و ببیستێ و، ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کوردستان کە چاوەڕوانی چارەسەری کێشەکانن و کلیلەکەش لەگیرفانی ئەودا دەبینن. دۆخەکەش بەو هەستیاریەوە، کە خەرێکە لەکۆتایی داعش نزیک دەبینەوە، کە هەر ئەو کۆتاییەش رەنگە کۆتایی نازهەڵگرتنەکانی کوردیش بێ لەلایەن ووڵاتە بەناو دۆستەکانمانەوە. کەچی ئەو بەڕێزە وەک سەرکردەیەکی پلە سێ و چواریی پارتی قسەی کردوو، ئەوەی چاوەڕوانمان دەکرد، کە وەک سەرکردەیەکی لێپرسراو بەرانبەر بەخەڵک و خاک نەک نەیکرد. بەڵکو بەتەوایی بەپێجەوانەوە قسەیکرد! ئەوەش وایکردووە لەهەموو کاتێک زیاتر، بێ سەرۆکیمان لێ دەربکەوێ و لەهەموو کاتێک زیاتر پێوستمان بەسەرۆکێک بێ.
کاک مەسعود ئەگەر بە شەرعیش سەرۆک نەبێ دەیتوانی بەکردەوە ئەم سەرۆک بوونەی خۆی بسەلمێنی و، هەموو ئاڕاستە سیاسیەکان لەسەر مێزێک کۆکاتەوەو کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بێنێ و سەنگەریکی قایمی ناوخۆ لەدژی نەیارانی سەر بەخۆیی کوردستان لێبدا.
سەنگەرێک ڕەشەبای بەرژەوەندیە جیاوازەکانی زلهێزەکان و دوژمنانی دێرینی ئیقلیمی دوای ڕزگاری نەینەواو کۆتایی داعش لەناوچەکە زەفەری پی نەبا. بەداخەوە جگە لەهەڕەشە وەک جاران گوێمان لەهیچی دڵخۆشکەر نەبوو، ئەگەر بووبیش، وەک نەکشانەوەی پێشمەرگە لەشوێنەکانی خۆیان و سور بوون لەسەر خەونی سەربەخۆیی.. بەوەی باسی بێنانی خەڵک و بێمووچەیی فەرمانبەرانی نەکردوو، ئاماژەی بە هیچ هەوڵێک نەکرد بۆ یەکڕیزی و بەپێجەوانەوە هەڕەشەی لەوانەکرد کەباسی بەغدا دەکەن و هەڕەشەی لە حزبێک کرد کە مەبەستی گۆڕان بوو. ئەو ئاماژە دڵخۆشکەرانەش بە بنگوێی خەڵکی کوردستاندا دێن و بەدەم هەناسەیەکی ساردەوە گوزەر دەکەن.
کاک مەسعود؛ ئەگەر وانە لەسنگفراوانی و باوەشی گەورەی مام جەلال وەرناگری، لانی کەم وانە لەبارزانی باوکت وەربگرە کە لەشۆڕشی ئەیلولدا چەتری کۆکەرەوەی چەندین پارتی سیاسی بوو، لەوانە شوعیەکان هەرچەند پیاوێکی دیندار و مەلاش بوو، ئەو باوەشەت بیر بێتەوە کە بۆ باڵی مەکتەبی سیاسی کردەوە دوای شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی کەسەدان کەسی لەهەردووکلا کردە قوربانی. ئێستا لەهەموو کاتێک سەرۆکێک پێویستە، بەدڵ حەزم دەکرد جەنابت ئەو سەرۆکە بایت، بەڵام ئەم قسانەی ئەمڕۆکردت، خاڵین لە خەمی گەورە، خاڵین لەسنگفراوانی، خاڵین لە لێبوردەیی پیاوە مەزنەکان، خاڵین لەلێبوردەیی، خاڵین لەخاکە ڕایی، کە ئەمانە لانی کەمی سیفەتی سەرۆکانن.
کاک مەسعود؛ ئەگەر تۆ ئەم سەرۆکە نەبی کەزەمینەیەکی لەبارت بۆ خوڵقاوە و مێژووی باوکێکی بەئەزموون و سەرکردەت لەپشتە، دڵنیابە کەسێکی تر پەیدا دەبێ و زەمینەی بوونە سەرۆکیش لەم بۆشایی سەرۆکەدا ئاسان دەقۆزێتەوەو خەڵکیش زۆر چاوەڕوانی ناکات، وەک و بەڕێزتان بێمنەتانە فەرمووتانە ( بۆهەرێم کاتی زیاتر نییە، لەوەی ئێستا هاتۆتە پێش وچیتر چاوەڕێی کەس ناکەین)، کەدەبوایە لەهەموومان زیاتر چاوەڕوانی هەمووکەس بکەی، بۆئەوەی هەموکەسیش چاوەڕوانی فەرمانی تۆبن و هەموانیش لەگەڵت بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت