کوردو ئایین .. نووسینی : عەتا قەرەداخی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە کۆکردنەوەی ئەم دوو زارەوەیە جێگای سەرنج بێت و بیر لەوە بکرێتەوە دەبێ چ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا ھەبێت . دەشێ لە روانینی کەسێکی نەتەوەیی عەلمانیەوە ئایین ھیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوەو نەتەوایەتیەوە نەبێت ، ھەروەک دەشێ کەسێکی ئاینیش وای ببینێت ئایین دنیایەکی سەربەخۆیەو بریتیە لە پەیوەندی نێوان کەسی بڕوادارو خوداو پەیوەندی بە نەتەوەو ڕەگەزو رەنگەوە نییە . بەڵام لە راستیدا پەیوەندی نێوان ئەم دوو چەمکە زۆر قوڵە . ئایین یەکێکە لە پایەکانی رێنیسانسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم ، ھەروەک ناشێت تەسەوری بوونی کۆمەڵگایەک بکرێت بەبێ بوونی ئایین . یان رووبەری رۆحی لە کۆمەڵگایەکدا یەکسان بێت بەسفر بەتایبەتی کە ئایین لە پانتاییەکدا کاردەکات کە پانتایی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی رۆحیەو ھەروا ئاسان نییە ئەو پانتاییە بسڕێتەوە . ھەروەک ئاشکرایە ترسناکترین کارێک کە بکرێت بۆ شێواندنی بنیادی پێکھێنەرانەی ھەر کۆمەڵگایەک ئەوەیە لە ئایینی خۆیی جیابکەیتەوەو پانتای رۆحیی ئەو کۆمەڵگایە بە چۆڵی بەجێبھێڵرێت ، یان بە ئایینێکی تر پڕبکرێتەوە کە ئەویش بەئاسانی جێگای ئایینی یەکەم ناگرێتەوە .

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کورد لەپێش ھاتنی ئیسلامدا ھەڵگری پەیامی ئایینی زەردەشتی بووەو ئەو ئایینەش پەیوەندی بەھێزی بە ژیانەوە ھەبووە ، کە لەسەر سیانەی بیرکردنەوەو گفتارو کرداری باش بیناکراوە . دوورخستنەوەی کورد لە مێژوودا لەو ئایینە بۆشاییەکی رۆحی کۆمەڵایەتی سایکۆلۆجی بۆ کورد درووست کردووەو تەنانەت دواتریش کە بووەتە ئیسلام ، ئەو بۆشاییە بەشێوەیەکی سرووشتی پڕنەکراوەتەوە چونکە بەشێکی کورد ئیسلامی زۆر بە تووندڕەوانە وەرگرتووەو بوونی نەتەوەیی خۆیی لە نێو ئیسلامدا تواندۆتەوە ھەرچەندە بۆ ئەو مێژووە مەسەلەی نەتەوایەتی تەنیا وەکو شتێکی خۆڕسکی بووە، بەشێکی تریشی کە بە ناچاری بووەتە ئیسلام لەلایەک نەیتوانیووە پەیامی ئایینەکە وەکو خۆی وەربگرێت لەلایەکی تریشەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ئایینی پێشتری خۆی و ئەوەش لە بارێکی شلۆقدا ھێشتوویەتیەوە .

بەم شێوەیە ھیچ کام لەم دوو ئاراستە نەیانتوانیووە جێگەوپێگەی خۆیان وەکو کورد لەناو ئیسلامدا بکەنەوەو بپارێزن . لایەنی یەکەمیان لە عەرەب تووندتر پەیوەستبوون بە ئایینەکەوەو شتێک نەماوە لەبیرو ھەستی ئەواندا بەناوی کورد وەکو نەتەوە ، دووەمیشیان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بۆچوون پەی بەوەببەن کە دەتوانرێت سوود لە بنەماکانی ئیسلام لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و لە لێبوردەیی و لە پاراستنی رەوشت و دەست پاکی و عیزەتی نەفس و بڵندبوونی رۆح وەربگیرێت لە پێناوی درووستکردنەوەی کەسێتی لە مێژوودا تێکشکاوی کوردیدا.

لە کاتێکدا دەزانین دراوسێکانی ئێمە لە فارس و توورک بەسوود وەرگرتن لە بنەماکانی ئیسلام نەک ھەرتوانیویانە کەسێتی نەتەوەیی خۆیان درووست بکەنەوە بەڵکو ئیسلامیان کردۆتە یەکێک لە پایەکانی درووستبوونی ناسیونالیزمی خۆیشیان .

خەمی ئێمە ئەوەیە ھەرچۆن لە مێژوودا نەمان توانیووە سوود لە ئایینی ئیسلام وەربگرین و بیکەین بە یەکێک لە پایەکانی درووستکردنەوەی کەسێتی نەتەوەیمان و رێنیسانسی کوردی و ناسیونالیزمی کوردی ، ئێستاش ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا ناتوانێت ئەو دەورە ببینێت چونکە زۆرینەی خەڵک پەیامەکەیان وەکو پەیوەندی نێوان کەسی بڕوادارو خودای خۆی وەرگرتووە و کەمینەش بریتین لە حیزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان کە گوتاری ئیسلامی ئەوان نەک لە کوردستاندا بەڵکو لەسەر ئاستی جیھان گوتارێکی سیاسی ئایینی لە گەوھەردا رووتکراوەیە لە مەسەلەی نەتەوایەتی و، سنوور و رەنگ و رەگەز ناناسێت و وادەڕوانێت ھەموو جێگایەک مڵکی خودایەو نزیکترین کەسیش لە خوداوە ئەوەیە کە سەر بە حیزبء ئاراستەکەی ئەو بێت نەک ئەو کەسە بێت کە خوداپەرستی ئاستی نزیکی لە خوداوە دیاری بکات . بەم ستراتیژەش کورد ناتوانێت سوود لە ئیسلام وەربگرێت لە پێناوی بیناکردنەوەی کەسێتی نەتەوەیی خۆیدا .

602 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت