کونجرینی : ئەرکێک ، کە چوار حیزبەکەی ناو پەڕلەمان دەبێت بیگرنە بەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم داخوازییەی پارتی و سوربوونیان لەسەر ئەوەی بەرزانی دەبێت هەر ببێتەوە بەسەرۆکی هەرێم ، ئەو تەبەلە سیاسیەی سەرەتای شەڕی ناوخۆی هەرێممان لەدوای ڕاپەڕینەوە وەبیر دێنێتەوە ، ئەوە پارتی و ماڵباتی بارزانی یە ، حەسۆ میرخانیان نارد بۆ قەڵادزێی و کردیانە قوربانی بەهانە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بەرهەمی سیاسی خەڵک و شۆڕشەکەی بسوتێنن و ، خۆیشیان تا ئێستا بەردەوام بن لە دەسەڵاتدا .
دەرکەوت تەنها ڕەوشی ئاشتی و بوونی دیموکراسی و ڕێڕەویی یاساییە ، ڕێگرن لەبەردەوامی ئەوانەی لەو ڕەوشانەدا تەمەن و ڕابردوویان توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و لە ڕەوشە نائارام و ناجۆرەکاندا نشونما دەکەن .
لە دوو شتدا لەم کێشمەکێشە سوودمەند بووین :
یەکەم – هەموو ئەو دروشمە بریقەدارانەی بارزانی ڕۆژانە بە ئێمەی دەفرۆشتەوە ، لەوەی ئەوە ئەوە دەسەڵات ناخۆزێت بەزەڕورەت و بەزۆر دایدەنێنەوە ، دەرکەوت ڕاست نەبوو .
دووەم – شەڕی ناوخۆ بەبێ بەڵگەو ڕێساکارانە ئۆباڵەکەی کەوتە ئەستۆی بارزانی و ، هەموو ئەوشەڕانەی ڕابردوو بەهەر هۆکارێک بێت لە کوانی ئەم بەهانە نوێیە بێ یاساییەیدا دەکوڵێت ، کەبەزۆر دەیەوێت ببێتەوە بە سەرۆکی ئومە و پارتیش بەحیزبی قاعید .
خواست و ئەرکە سیاسیەکان تا ئەمڕۆ گەر ڕوون نەبن ، ئەوا ڕوون بووەوە ، لەڕابردوو چی ڕوویدا ، لەمڕۆ بەدوواوە چی ڕوودەدات . گرنگ ئەوەیە لەڕابردوو تێبگەین و بۆ ئەمڕۆ چی بکەین . لەوە گەیشتین پارتی وەک ئەو کرمە وایە کە خوێت بەلاشەیدا کرد لەجێی خۆی دەتوێتەوە . واتە گەر بەزمانی دیموکراسی و یاسایی لەگەڵی بجوڵێێتەوە ، ئەوا بەسانایی بچوکی دەکەیتەوە .
ئەم هەڵایەی دوایی لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم ، کەپارتی ناییەوەو دەخوازێت ڕێکارە یاساییەکان بە ڕێڕەویی سیاسی لێخن لەبار بەرێت . بەڵام نەیتوانی ڕێکارە دیموکراسییەکان بەجۆرێک قەتیسبخات ، کەپەکی بکەوێت . بەڵکوو ئەوەی لەدەست هات و دەیکاتە بەشێک لەپەڕەگرافی یاسایی ، بەرهەمی سست و ناچالاکی هێزەکانی ترەو پارتی لەم ئاقارەدا ئەسپی خۆی سوار دەدات . کە ئەمەش دەتوانرێت ڕێکاری یاسای بۆ بدۆزرێتەوە ، لەجێگای هەرای سیاسی و خەڵک سەرقاڵ کردن بەکاری بێسەروبەرەوە .
ئەم ئەرکە لەوە دەجێت قورس بێت و سانا نەبێت . چوونکە پارتی لەئێستادا تەنها سودمەندە لەسەر ئەو خاڵەنەو ، بەڵام بە یەکگرتوویی چوار حیزبەکە نزیککەرەوەی ئەم قۆناخەیە بۆ ئاستێکی گونجاو . ئەرکەکان وەک چۆن چوار حیزبەکە لەئێستادا پەڕلەمانیان کردۆتە جێگای ساخکردنەوەی ململانییە سیاسیەکان ، کەئەمەش مەدرەسەی پەروەردەکردنی دیکتاتۆر لەباردەبات ، ئاوهاش ئەو کۆمەڵە خاڵە نایاسایی و نادروستانە لە پەڕلەماندا لەباردەبرێت .
دەبێت چوارحیزبەکە بەدواچوون بۆ کۆمەڵێک خاڵ بکەن لەمەوبەر لەیاسای هەرێم دا ، داڕێژراون ، کە ئەمڕۆ پارتی وەک کارتی فشارو گزیی سیاسی بەکاریی دێنێت . لەوانە :
1 – ڕێژەی قانونی بۆ ئەو حیزبانەی ، کە ئەندامیان هەبێت لە پەڕلەماندا . واتە دەبێت لە سەدا چەندت هەبێت ، ئەوسا بچیتە پەڕلەمان .
2 – ڕێژەی قانونی بۆ ئەو حیزبانەی ، کە کورد نین ، ئەمڕۆ بوونەتە سێبەر بۆ هەر بڕیارێکی پارتی لەپەڕلەمان .
3 – هەموو ئەو ڕیسا وردانە بگیردرێتە بەر ، کە کۆمیسوێنی هەڵبژاردن ماوە بەپارتی دەدەن گزیی بکات لەوانە :
1 – بەکارهێنانی کارتی پێناسە لەڕێی کۆمپیوتەر و ژمارەی پێناسەوە ، وەک ئەوەی لە ئەوروپا هەیە .
2 – هەوڵی ئەوە بدرێت بەزوترین کات سەرژمێریی بکرێت ، بۆ ئەوەی بزانرێت لە هەرێمدا چەند کەس مافی هەڵبژاردنی هەیە .
3 – پارتی تائێستا سوودمەند بووە ، لەڕێژەی کەمی بنەکەکان ، بۆ ئەمە ڕێکارە یاساییەکان بگیردرێتە بەر .
5 – هەوڵی ئەوە بدرێت ، چاودێریی سەر سنوقەکان لەشوێنی خۆیان ئاڵوگۆڕییان پێبکرێت ، بۆ ئەوەی پارتی سودمەند نەبێت لە چاوبزکردنەوەیان .. واتە چوار حیزبەکە ، چاودێرەکانیان بە پێی گفتوگۆ و سازان شوێنەکانیان دەستنیشان بکەن و شارەو شاریان پێبکەن .
ئەرکێک دەتوانرێت دیوارێ لە ڕێسا و چینێک لەبەرژەوەندی بۆ کۆمەڵگا دابڕێژرێت . بۆ ئەوەی بگەیت بە هەموو سەرپێچییەکانی تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت