Mam-Rostam

کونجرینی : خەونەکەی مام ڕۆستەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە بارگرژی لەنێوان پارتی و گۆڕان گەیشتۆتە ئاستێک هیچ بۆشاییەک بۆ دیالۆک نەماوە . بۆچونێک لەشەقام دا بەرکەوتەی ئاڵۆزیەکانی گۆڕان و پارتی یە ، ئەم بۆچوونە قسە لەسەر هۆکاریی درز تێخستنی نێوان نیچیرڤان و مام و خەزور دەکات . بۆچونەکە بەم شێوەیە : دەڵێن کاتێک سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکان لەلایەن پارتییەوە دەردەکرێن ، نێچیر بەم کەین و بەینە نازانێت ، بۆیە نێچیرڤان بەپەلە بانگی دوو وەزیرەکەی گۆڕان دەکات و داوایان لێدەکات لە ئێستادا بچنە ماڵەوە تا بەگفتوگۆ تەنگەشەکە هێور دەکرێتەوە . ئەم هەوڵەی نێچیرڤان وەک لەسەرچاوەکانەوە باسی لێدەکرێت ، دەگەڕیننەوە بۆ ئەوەی کە بێئاگابێت لەبڕیاریی دەرکردنی سەرۆکی پەڕلەمان و دوو وەزیری کابینەکەی خۆی .
شەقام وایان لە یەکێتی ڕادەبینیی ، ئەم هەوڵەی پارتی بەهیچ شێوەیەک پەسند نەکات و هەڵوێستێکی توند بنوێنێت ، بەڵام بەو شێوە نەبوو ، هەندێک بۆچوون لە چەند سەرچاویەکەوە ، قسە لەسەر ئەوە دەکەن ، دەکرێت یەکێتی پیلانی خۆی هەبێت و پارتیش پیلانی تر . ئەوەی پیلانی پارتییە :
1 – لەهەوڵی بنبەستکردنی پارتی لەوەی ماوە نەماوە بۆ بەرزانی چی تر بتوانێت بەم پێکهاتەی هەرێم ببێتەوە بەسەرۆک . بۆیە ‌لەهەوڵی ئەوەدایە دوو ئیداریی بگەڕینێتەوەو زەمەنێکی زۆر بێ ڕکەبەر و بێ یاساو ڕیسا لەزۆنی زەرد سەرۆکی هەرێم بێت و دواتر بەهۆی دیالۆک و گفتوگۆ بەپێی ڕێکەوتن و سازان ، دیسانەوە بۆ کۆی هەرێم ببێتەوە بەسەرۆک تا هەڵبژاردنێکی ترو پاشان دیسانەوە بۆی هەبێت دوو جەولەی تر خۆی هەڵبژێررێتەوە .
2 – پارتی لەهەموو ئەو سەفقانە دەترسێت کەلەڕابردوودا تاکڕەوانە ئەنجامی داوە ، بۆیە دوو ئیداری دووری دەخاتەوە لە :
1 – لێپرسینەوە لە داهاتی کەڵەکەی دارایی .
2 – لە داهاتی نەوت و گڕێبەستەکان .
3 – لە 31 ئاب .
4 – لەکوشتنی ڕۆژنامەوانان ـ سۆرانی مامە حەمە ، زەردەشت ، تاهیر شەریف .
5 – لەکۆی گەندەڵەییەکان .
پیلانی یەکێتی :
1 – یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ، کەرکوک بگەڕێتەوە سەرهەرێم . گەڕانەوەی کەرکوک کۆی پێهاتە حیزبی و ئیدارییەکانی هەرێم دەگۆڕێت بەهۆی :
1 – دەنگەکانی یەکێتی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا زۆر زیاتر دەبێت لە پارتی .
2 – ڕێژەی دەنگەکانی تورکمان و ئاشوری و عەرەبەکان ، بەم شێوەی کە ئێستا هەیە نامێنێت ، بەڵکو بە پێکهاتەی تەواو لەهەرێم دێنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ، واتە لە داهاتوودا وەک سێبەری پارتی نامێنن تا پارتی بەسانایی بیانکاتە دەسکەلەی خۆی .
3 – لەدوای هەڵبژاردنی داهاتوو ، بەهۆی کەمی کورسییەکانی پارتی لەپەڕلەمان ، ڕێژەی دەسەڵاتی کەم دەکات و بەم کەمکردنە ، ئۆتۆماتیک کۆمەڵێک دەسەڵاتی پارتی لەدەستیا نامێنێت وەک نەوت ، پەیوەندییەکان ، ناوخۆو ، لەگەڵ سێبەری دووئیداریی .
پیلانەکەی پارتی ئەگەر لەئێستادا سەریش نەگرێت ، هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە و وردە وردە دەیگەیەنێتە ئەنجام بۆ گەیشتن بە پیلانی دوو ئیداریی ـ یاخود ڕازیی کردنی کۆی لایەنەکان بە داخوازییەکانی پارتی . ئەوا لەئەگەریی دوو ئیداری و درێژنەکردنەوەی پۆستەکەی بەرزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم ، پارتی و بنەماڵەی بەرزانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەکاتەوە . ڕێگا خۆش دەکات بۆ کوڕ و زاوا بۆ ململانێ کردن لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و حیزبەکەیان . دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە لە پێکهاتە ترادیسیۆنەکانی هاوشێوەی ماڵباتی بەرزانی ، من من و تۆ و ناڕازیی بوون هەموو ڕیسەکان دەکات بەخوری ، دابەش بوون لەکایە کۆمەڵایتی و حیزبییەکان بەدوای خۆیدا دێنێت .
قبوڵنەکردنی هێزەکان ، بەتایبەتی پارتی بە واقعی هەرێم و پرۆسەی سیاسی جێگا بۆ کایە سەربازییەکان خۆش دەکات و ، ڕووەو رووبەڕوونەوەی سەربازیی دەبێتە هۆی یەکلاکردنەوەو قوڵکردنەوەی تەنگەشەکان . ئەم تەنگەشە سەربازییە ، چارەسەرێکی یەکلاکردنەوە نییە بۆ پارتی ، هۆکارەکەی لەوێوە درێژ بۆتەوە ، کەپارتی لەدوای ڕووخاندنی سەدام و قۆڕخکردنی کۆی جومگە گرنگەکانی دەسەڵات لەهەرێم ، بیرکردنەوەکان بۆ کۆکردنەوەو کەڵەککردنی سەرمایە ، بۆتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی بیرو هۆشیاریی هێزە سەربازییەکانی ، نمونەشمان توانا سەربازییەکانی پارتییە لە شەنگال و دەورو بەر .
کاتێک چارەسەرییەکان لەڕووی هێزەوە هەنگاو بنێت وەک بینیمان ، پارتی کردەی هێزەکەی لە دەرکردن و دورخستنەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان بەکارهێنا ، ئیتر دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان بیر لە خەونەکەی مام ڕۆستەم بکاتەوەو ، بیر لە دروستبوونی هێزی سەربازیی بکاتەوە ، لانی کەم بۆ چاوبزکردنەوەی بەرامبەر یان بەرگریی کردن لەخۆ .
لەشەقامدا قسە لەوە دەکرێت ئالەکانی بەردەم دروستبوونی هێزێکی تایبەتی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان بوونی هەیەو ، پێویستی تەنها بەبڕیارو پەیداکردنی لۆجستی سەربازیی یە .
گۆڕان گەرچی هێزی سەربازیی تایبەتی نییە لەهەرێم ، بەڵام لەماوەی داهاتوودا پێگەیەکی باشی لەناو هێزە سەربازییەکانی پارتی و یەکێتی دا پەیدا کرد ، کاتێک هێزە تایبەتەکان دەنگیان دا لەهەڵبژاردنی ڕابردودا ، کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی هەرێم دەنگی باشیان پێدرا لەلایەن ئەوانەوە . ئەمەش بۆ هەر ئەگەرێک بزوتنەوەی گۆڕان بخوازێت هێزی سەربازیی تایبەت پێک بهێنێت ، ئەوا دەتوانێت لانی کەم ‌سوودمەند بێت لەتوانای ئەو هێزانەی لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەنگی بەکاندیدەکانی داوە .
هەستکردن بە نیشتمانی بوون ، قاڵبوونەوە بە کوردایەتی ئەم دابران و لێکترازانە ناخوازێت ، هێندەی خواستەکان بۆ بوونی لەشکرێکی یەکگرتووی دوور لە دەستی حیزب دەوترێت ، بەڵام وەک ماو ” دەڵێت : هێزێک لە وڵاتێکدا دەتوانێت لانی کەم بۆ ماوەیەک ، کۆی پیلانەکان ڕابگرێت . پارتی لەئێستاو ڕابردوودا هۆکاری شەلەلی دوو شتی گرنگی کورد بووە ، یەکەم ـ هێزێکی تایبەتی نیشتمان و ، دووەم ـ گەڕانەوەی کەرکووک . ئەم هەنگاوەی پارتی ماوە دەدات بەبزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی درێژەبدات بەبوونی خۆی و بەرگریی بکات لەفەوتان و پوکانەوە ، خەونی مام ڕۆستەم بهێنیتە دی و هێزێکی سەربازیی تایبەت بەخۆی دامەزرێنێت و ، یەکێتیش دەبێت لەوە بگات ، تا پارتی لەدەسەڵاتدا بێت خەونی گەڕانەوەی کەرکوک وەک بەشێک لەسەر هەرێمی کوردستان ، خەونی شاعیرانەیە ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت