Newshirwan-Barzani

کونجرینی : سینارۆ نوێکەی پارتی بۆ گۆڕان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی سێ مانگە قیرە لە کەناڵە مێدیاکانی پارتی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و کەسایەتی نەوشیروان مستەفا هەڵدەستێت . وردە وردە مێدیاکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش هاتنە وەڵام . سەرەتای دەستپێکی ڕەخنە زبرەکانی پارتی لە گۆڕان ، لە هەڵدانەوەی سەرقاپی بێدەنگی لە سەر دۆسییەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو . لەو ساتەوە دوو شەقاوەکەی پارتی ، کە هەڵگریی حەسانەی پەڕلەمانی بوون ، پەلاماریی عەلی حەمەساڵح ، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕانیان ـدا لەناو هۆڵی پەڕلەمان .
ئەم ورتە ورت و خۆ گیڤکردنەوەی پارتی لە بزوتنەوەی گۆڕان ، دوو لایەنە بوو ، لایەک لەسەر بێدەنگکردنی گۆڕان بۆ دۆسیەی تاڵانکردنی نەوت . دووەم ـ لەسەر بێدەنگکردنی لەسەر دۆسییەی سەرۆکایەتی هەرێم . کەهەردوو دۆسییەکە لە چنگەڵانی پارتیدا بەڕەگوڕیشەی بوونیدا داکوتراوە .
سەرئەنجام لە هەڵەیەکی ئیخرابوودا لە 12-10 ، پارتی خۆی توشیی کردەسیاسییەکی کوشندەکرد . بەهۆی ئەوەی بۆ چارە ڕۆیشت و بەهەڵەیەکەی سیاسی گەورە کەوتەوە . پارتی بێ بەڵگەو بەبێ هیچ بنەمایەکی دروستی یاسایی بزوتنەوەی گۆڕانی تاوانبار دەکرد ، بەوەی لەپشت هەموو پەلامارەکانی شەقامەوەن لەسەر بارەگاکانی . بەم بەهانەیە ڕێی لەسەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان گرت ، بڕوات بۆ سەر کارە فەڕمییەکەی لەهەولێر .
رێگریی کردنەکەی پارتی لە سەرۆکی پەڕلەمان لەچ خاڵێکدا ؟ لەخاڵی ڕەشی دوو ئیداریی و پاشماوەی بوونی شەڕیی برا کوژیی دا . ئەمەش هەڵەیەکی ناشرینی تریی پارتی بوو ، کەدەکرا لە کۆیە ڕێی لەسەرۆکی پەڕلەمان بگرتایە ، نەک مێژوویەکی تاڵی تری لەو سەروەختەدا هەڵبدایەتەوە .
بەدوای ڕێگریکردنەکەی پارتی لە بزوتنەوەی گۆران ، پارتەکانی هەرێم ناڕەزاییان دەربڕیی ، بەڵام ئەوەی بۆ پارتی گرنگە وەڵامی یەکێتییە ، لەبەر ئەوەی پارتی بەهۆی هێزیی چەکەوە ئەم کارانە ئەنجام دەدات ، هیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسی نییە ، گەر هۆکاریی سیاسی و یاسایشی هەبێت ، دەکرا لەڕێی دادگاو پەڕلەمانەوە ئەمەی بکردایە ، کەواتە ئەم کارەی پارتی تەنها ڕووی هەڵگیرسانی شەڕیی هەیە . هەرئەمەشە تەنها بژار لای ئەو یەکێتییە ، چوونکە خاوەنی چەکداریی بەهێزە .
یەکێتی لەگەڵ دوو لایەنی ئیسلامی ، لەزاڕیی مەلا بەختیارەوە لەپاش یەکڕۆژ لە هەڵە کوشندەکەی پارتی بەسەر شەرعییەتدا ، لەکۆبوونەوەی سێقۆڵی هەڵوێستیان لەشەش خاڵدا دیاریی کرد ، دوو خاڵی بەلای پارتییەوە خوێندنەوەی بۆکرا ، ئەویش ئەمەی پارتی کردی قبوڵ ناکرێت و ، دەبێت ڕەوشەکە هێمن بکرێتەوەو بگەرێتەوە شوێنی خۆی . دوو ئیداری بەهەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوەو دژیشین .
ڕاستە یەکێتی دوو باڵی و دوو ڕیانی پێوە دیارە ، بەڵام لەوە دەچێت ئەم دوو ڕیان و دوو باڵییە ، سینارۆ بێت بۆ خۆگونجاندن و کردەی سیاسی بەڕامبەر بەپارتی . چوونکە لەکۆتادا قسەکان دەبنەوە بەیەک ، نەک بەدوو . پارتی ئەم خوێندنەوەیەی لا ڕوون نییە ، بەڵام هەمیشە دڵخۆشیشە پێی . وەک چۆن بەرامبەر دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان دڵخۆش بوو ، سەرئەنجام بووە ئەو ڕێگرە یاسایی و سیاسیەی ئەمڕۆ دەیبینین .
لەدوای ڕووداوەکەی 12-10 لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئێستاشەوە ، بەتایبەتی لە ئەورپا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا ، ئەم خۆپیشاندان و پەیامە مێدیایانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە مێدیاو سەنتراڵە سیاسیەکانی جیهان ، پارتی خستە گۆشەیەکی ناشرینی دەسەڵاتەوە . ئەمانەش لەو لاوە بێدەنگی و بێ هەنگاویی سێ هێزەکەی تری گۆڕەپانی سیاسی لەناویاندا یەکێتی ، پارتی بێهیوا کرد . پەرچەکرداریی ئەم بێدەنگییەی هێزەکانی تر ، پارتی توشی هەڵەیەکی تر کرد ، بەوەی جێگای وەزیر و جێگریی وەزیرەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانی بە وەزیرو خەڵکی خۆی پڕکردەوە . بەمەش هێڵی ڕووەو کۆتایی چارەی سیاسی لەنێوان خۆی بزوتنەوەی گۆڕان کێشا .
پارتی توشی هێستریای سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە ، لەنەگەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا و لە بێدەنگی و بێ هەنگاویی یەکێتی بەرامبەر هەڵەکانی پارتی . قسە لەوەدەکرێت دوو لایەنانە یەکێتی و گۆڕان ، کردارە ناشەرعییەکانی پارتیان گەیاندبێتە سەنتڕالە سیاسی و دیبۆماسییەکانی جیهان . هەر ئەمەشە پارتی توشی تەنگاویی بێچارە کردووە و لەهەوڵی ئەوەدایە کۆمەڵێک هێز و کەسایەتی ناوچەکەو جیهان بجوڵێنێت و بەدوا ڕێگا چارەی گونجاودا دەگەرێت ، بەڵام بە میتۆدێک کە خۆی تیا تاوانبار نەبێت .
سەرەتا ئەیاد عەلاویی جوڵاند ، دواتر جبوری و ئینجا عەمار حەکیم ، تاکار گەیشتە ئەوەی لەدەرگای بێدەنگی یەکێتی بدات لە ڕێی حیزبە سێبەرەکانی خۆی وەک زەحمەتکێشان و داوای نێوەندگیریی لێبکات .
دیارە چارەسەرییەکان لەوە دەچێت بە خواستی پارتی نەبێت ، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر بریارەکەی خۆی و ، یەکێتیش ختوکەی نایەت بە بەهەنگاوە هیستریاکانی پارتی .
لە دوو سەرچاوەوە :
سەرچاوەیەکیان قسە لەسەر ئەوە دەکرێت هاتنی مەلا بەختیار بۆ ئەوروپا ، بەشێکە لەپەیامی یەکێتی بۆ حیزبە دۆستەکانی لەئەوروپا لەسەر سەرکێشییەکانی پارتی لەهەرێمی کوردستان .
سەرچاوەی دووەم : باس لەوەدەکرێت هەنگاوەکانی نێوەنگیریی کەسایەتی و حیزبی کە لەئێستادا بەردەوامە ، لەلایەن پارتییەوە دەجوڵێنرێت و ، بزوتنەوەی گۆڕان هەمان وەڵامی هەیە ، کە بڕیاری داوە دەبێت پارتی داوای لێبوردن بکات و چۆن ڕەوشەکەی تێکداوە ئاوهاش هەر خۆی ئاسایی بکاتەوە .
بردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەپارتی ، لە سوربوونی مەرجەکانیدایە .

 

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت