کونجرینی : چۆن لەنەشتەرگەریی ئەژنۆکانم ڕزگارم بوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی سێ ساڵ دەبێت ئازارێکی پچووک لەسەر ئەژنۆکانم پەیدا بووە ، تا کارگەیشتە ئەوەی دووساڵ لەمەو بەر زیادی کرد . بەپێی سیستەمی وڵاتی سویسرا هەر خێزان و کەسێک دکتۆری ماڵەوەیان هەیە لەگەڕەکەکەیان . لەپاش ئەوەی بۆ ئازاریی قاچەکانم سەردانی دکتۆرەکەم کرد ، ئەویش هەندێک دەرمانی بۆ نوسیم لەگەڵ کرێمێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی ، بەڵام ئەمە کاتی بوو ، چارەسەریی تا سەر نەبوو .

لەسەر کارەکەم پلیکانەو لیفت ( مەسعەد ) هەیە . هەرچی لیفتەکەیە بۆ خەڵکانی کەمتوانا بەسەر پلیکانەو لەگەڵ کەلوپەل بردن و هێنان ، بەکار دێت . ڕۆژێکیان لەنیوەی پلیکانەکان ئازارێکی زۆر هاتە ئەژنۆی چەپم و ووردە وردە زیادی کرد ، بەناچاریی تەرمینم لە دکتۆر وەرگرت ، تا چوونم بۆ لای دکتۆر بۆ بەیانی ئەژنۆکەی تریشم وردە ئازاریی تێکەوت . دکتۆری ماڵەوە تەرمینی بۆ دکتۆری تایبەت بەئێسقان و تیشکی بۆ وەرگرتم  ، تا سەرەی دکتۆرە تایبەتەکەم بەرکەوت چەند ڕۆژێکی خایەند . بەڵام ئازاریی قاچەکانم گەیشتە ئەو ئاستەی ، کە بەئاسانی نەتوانم بڕۆم و توانای کاریشم نەما . کاتێک ڕۆیشتم بۆلای دکتۆر بەیانییەکەی سەرەی تیشکەفۆتۆم هەبوو ، لەوێ تەواو بووم بۆ دوا نیوەڕۆکەی گەیشتمە لای دکتۆریی تایبەت بە ئێسک  .

کاتێک چووم بۆ لای دکتۆر ، دکتۆر دەستیکرد بە شیکاری نەخۆشییەکەم لەسەر تیشکەفۆتۆکە . هەیکەلێکی ئێسکی مرۆڤێک لەسوچێکی ژورەکەی هەبوو ، لەسەر ئەو هەیکەلە ئاوها شیکاری بۆ قاچەکانم کردو وتی : ئەمە هەیکەلی ئیسکی هەموو مرۆڤێک ئاوهایە ، تەنها لە ڕووی ئەستوریی و درێژیی و پانییەوە جیاوازن ، بەڵام هەموویان بەم شێوەن ، ئێسکەکان تەنها بەستگەی جوڵێنەری لەخۆگرتووە ، گەر لەڕاگرەکەی بکەیتەوە دەکەوێتە خوارەوە هیچ خۆی ناگرێت .

 دوایی پێی وتم ئەم هەیکەلە جوداییەکەی لەمن و تۆ ، خوێن و گۆشت و ماسولکەکانە . ئەوەی گرنگە دەبێت ئێمە قسە لەسەر ماسولکە بکەین ، تۆ سەیر بکە ! لەتیشکەفۆتۆکەتدا ئازارەکەت تەنها لەسەر نەبوونی هێزی ماسولکەکانتا ، بەهۆی لاوازی و کەم هێزی ماسولکەکانت ، هەردوو ئێسکە گەورەی سەروخوار دەچنە سەریەک و دەبنە هۆی ئازارێکی زۆر ، مرۆڤێکی بەهێز لەچاو مرۆڤێکی بێهێز ، بەهێزیی و بێهێزیی ماسولکەکانییەتی . کاتێک مرۆڤێک ناتوانێت کێشێکی زۆر هەڵبگرێت ، ئەوە ماسولکەکانی باش ئاکتیڤ نەکردووە ، ئەوەی دەتوانێت کێشی زۆر هەڵبگرێت ئەوە ماندو بووە بەبەهێزی ماسولکەکانییەوە  .

دەبێت تۆ ماسولکەکانت بەهێز بکەیت ، دەنا ئێسکەکانت زۆر لەسەر یەک بمێننەوە هەم ئازارەکەت زۆر دەبێت ، هەم دەبێت نەشتەرگەریت بۆ بکەین .

منیش وتم : دکتۆر ڕۆژانە چەند سەعاتێک پچڕ پچر بەپێ دەڕۆم ، ئەویش وتی : ئەوە چارەسەر نییە و هیچ لە ئازارەکەت کەم ناکاتەوە ، دەکرێت بە پایسکیل بڕۆیت ، چونکە ڕۆیشتنی یەک سەعات پایسکیل لەبەرامبەر چەند 100 سەعاتێک بەڕۆیشتینی نۆرماڵە ، ئەوەی ڕۆژانە تۆ باسی دەکەیت . پێویستە تۆ بەردەوام ڕۆژانە لەسەعاتێک پایسکیل کەمتر لێنەخوڕیت و لەئێستاشدا دەتنێرم بۆ تەرەپی .

من ماوەی ١٣ ساڵ بوو لەوڵاتی سویسرا بووم ، لەو ماوەدا چەند جارێک پایسکیلم بەکاری هێناوە ، بەڵام خاوەن پایسکیل نەبووبووم و نەشم کرد بوو بەخوو ، تا ڕۆژانە یان لەمانگێکدا چەند ڕۆژێک پایسکیل بۆهاتوچۆ بەکار بهێنم .

لە دوای بەکارهێنانی پایسکیل ئازارەکەم نەماوەو لەئێستادا هیچ ئازارێکی قاچم نییەو لەوەش دەچێت ، گەر بەردەوام بم لەسەر لێخوڕینی پایسکیل پێویستم بە دکتۆر نەبێت . بەداخەوە پاش ساڵێک زیاتر تیپەڕبوونم لەبەکارهێنانی پایسکیل ، دکتۆری تایبەتی ئێسک ـ دکتۆر ڕۆناڵد خانەنشین  بوو .

بەکارهێنانی پایسکیل ، کۆمەڵێک سودی گرنگی هەیە ، جگە لە تەندروستییەکەی بۆ ئەو کەسەی بەکاریی دێنیت ، ژینگەی وڵات دەپارێزێت و لەڕووی ئابورییەوە سود مەندە .  کۆمەڵگایەک ڕابهێنرێت لەسەر ئەوەی خوازیاری لێخوڕینی پایسکیل بن ، دەبێت سیستەمێک کاری لەسەر بکات .

من وەک ئەوەی لەوڵاتی سویسرام ، ئەم خاڵانە جێبەجێکراوە بۆئەوەی کۆمەڵگا لەگەڵ لێخوڕینی پایسکیلدا رابێت .

1 – لەکۆی سەنتەرو تەرمیناڵی شەمەندەفەرو پاس و مارکێتەکان و بەردەرگای ماڵەکان بەپێی سیستەم دەبێت شوێنی ڕاگرتنی پایسکیل بوونی هەبێت .

2 – لەسویسرا تەواوی شارو دێهاتەکان و ڕێگای نێوەندی شارو لادێ ، شەقامی هاتوچۆی تایبەت بەپایسکیل هەیە . واتا هەموو کەس دەتوانێت زۆربەی سویسرا بەپایسکیل بگەرێت .

3 –  خوێندکار لە پۆلی پێنجی بنەڕەتییەوە کاتێک دەچێت بۆ پۆلی شەش ( کوڕ و کچ )  ، دەبێت مۆڵەتی پایسکیل لێخوڕینی هەبێت ، مۆڵەتەکەش دوو پۆلیسی شارەزاو ڕاهاتوو بە یاسای لێخوڕینی پایسکیل پێش و پاشی خوێندکارەکانی پۆلێک دەکەون و ، تەواوی شیکاری هاتوچۆی سەرشەقامەکان بۆ خوێندکارەکان شیدەکاتەوەو لادان و ئەگەری ڕووداوەکان بە پایسکیل بۆیان باسدەکات و ، هەروەها سودەکانی بەکارهێنانی پایسکیلیش ، ئەوە جگە لەوەی مامۆستاکان لە خوێندنگاکان بە دورودرێژی سودەکانی بەکارهێنانی پایسکیل وەک وانەیەک بەخوێندکارەکان دەڵێنەوە  .

4 – ڕۆشنبیری لەسەر لێخوڕینی پایسکیل بەهۆی سەنتراڵە مەدەنییەکانەوە ، دەربارەی پاراستنی ژینگە ، سودگەیاندنی ئابوری ، سودگەیناندن بە لەش و … هتد ، هەروەها ئاسانترین دەزگا بۆ گەیشتن بە شوێنەگشتیەکان بۆ کڕینی کەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵ و گواستنەوەی ، جگە لەمەش پایسکیل ڕووداوی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە و مەرگی خاڵک لە کوشتارگەی رووداوی ئۆتۆمبیل دەپارێزێت .

ئەم خاڵانەی سەرەوە ، لەوە نزیکمان دەکاتەوە ، کۆمەڵێک کاریی سودمەند هەیە ، لەلایەن حکومەتەوە بەسیستەم دەکرێت و لەڕێی تاکەکانی کۆمەڵگاوە جێبەجێ دەکرێت ، نەک دادەڕێژرێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت