Barzani-Ocelan

کونجـــــرینی : شەڕی داهاتوی بارزانی و ئاپۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم نوسینە لە مانگی 2 ی 2013 بڵاومکردۆتەوە لەڕەهێڵپۆستدا ، ئەوسا جەنگی پارتی و پەکەکە لەسەر شەنگال بوونی نەبوو ، ئەوسا داعش وەک ناو ، وەک هێزێکی دەرکەوتە و بەردەرگای کوردی گرتبێت باسی نەبوو . دەکرێت بووترێت پارتی و پەکەکە دوو هێزی سیاسی نێوبەند خوێناوی ناو ماڵی کوردن ، بەڵام پانتایی هێزی یەکتریی بەتایبەتی پارتی لەناوچەکەی خۆی دەرنەکەوتبوو ، پەکەکە بەپێجەوانەوە پەلی بۆهەرچوارپارچەی کوردستان کێشا بوو ، ئەوەی تیایدا لاواز بوو باشوری کوردستتان بوو . ئێستا ڕەوشێک هاتۆتە ئاراوە ، پێداویستییەکان لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت ، لەو شوێنەی پەکەکە بە پارتیزانییە ڕاهاتووەکەی و بە هێرشە ئەفسوناوییەکەی بخوازێت ، لەوێ گیانبازیی دەکەن و لەکویادا چەکو تەقەمەنی قورس و  مۆدێرنی دەستی پێشمەرگە ڕەوشی شەرگەکە بگۆڕێت بوونیان هەیە . ئەم بابەتە پێش دوو ساڵ لەمەوبەر ئاوێنەی ئەم ڕەوشەیە ، بەڵام بەدیوێکی تردا ، بۆیە لەئێستادا دیسانەوە هێناومەتە بەر دیدەی خوێنەران . ئەمەی خوارەوە بەشی یەکەمی چوار بەشەکەیە .

بەشی یەکەم ـ

پارتی لە زۆرایەتییەوە بۆ کەمینە ، پەکەکە لەزۆرینەوە بۆ زۆرینەتر .

ئۆجەلان پیاوە زیندانییەکەی ئیمڕالی ، سورە لەسەر بەرنامەکەی خۆی و تا ئێستا هیچ سەرکردەیەکی کورد هاوتای ئەو ” نەبووەو نیشە ، بەبارگراوەندی دوو ڕیانی ” نیزم ” سەرقاڵ بووبێت و بۆ دوای خۆی ، مانیفێستێک جێ بهێڵێت . تاکورد هەبێت ، لەدەسەڵات و پانتایی سیاسی دا بۆهەتا هەتایە ، قسەوباسی لەسەر بکات .

مێژووی شەڕی ناوخۆ ، تائێستا پێناسەی جەلالی و مەلایی هەڵگرتووە . هەموو شەڕەناوخۆییەکانی وەک کۆمەڵەو دیموکرات ، یەکیتی و پارتی ، ڕۆژهەلاتی کوردستان و پارتی ، پەکەکەو پارتی ، لەخۆیدا نقوم کردووو .

دەرهاویشتەی ململانییە سیاسییەکانی ناو ماڵی کورد ، لەمنداڵانیدا کۆڕپەڵەیەکی شەڕی ناوخۆی هەڵگرتووە . سەنتراڵی شەرەکە ، لەهەمان پێداوەندایە ، کە ململانییەکەی خەست کردۆتەوە . شەڕی داهاتوو ، کۆکەرەوەی هەمان بەرنامەو سەنتراڵی شەڕەنگێزییە ، لەوانەی گۆشەیەکی جەلالی و مەلایدا . بەلام ئەمجارەیان لەغیابی جەلالی دا ، شەڕەکە دەست پێدەکات و کۆتایی دێت .

مێژووی سەرکەوتنەکانی پارتی ، بەسەر حیزبی دیموکراتدا ، بەپاڵپشتی لەشکرو جبەخانەی ئێران بوو .

سەرکەوتنی پارتی ، بەسەر پەکەکەدا ، بەپاڵ پشتی لەشکرو جبەخانەی تورکی و هەواڵگری ئەمەریکی بوو .

سەرکەوتنی پارتی ، بەسەر یەکێتی دا ، بەپاڵپشتی لەشکرو جبەخانەکانی ئێران و تورکیاو عێراق بوو .

لەپشتی هەموو پشتیوانییەکی دەرەکییەوە بۆ پارتی ، کۆمەڵێک مەقسەدو سیرەی ستراتیژی دەوڵەتانی ناوچەکەو هەواڵگری ئەمەریکی و ئینجا پارتی تیایە .

لەشەڕی ناوخۆی کوردستاندا ، داگیرکەر سودمەندی یەکەم و پارتی سودمەندی دووەم و گەورەترین زیان لێکەوتوو ” خەڵک و ئەوانەی بوونە قوربانی گەمەیەکی نقوم بوو لەپیلان و ستراتیژی تەموومژاویی .

لەپێش بەهاری عەرەبی دا ، قوتبی باڵادەستی سیاسەتی کوردی ، لەئەستۆی بارزانی دا بوو . ڕوانگەکان هیچ پڕوشەیەکی لێنەدەکەوتەوە ، کە باس لەوە بکات وابەزوویی هەڵچونە دەسەڵاتیەکەی لەپاشەکشێدا بێت . هێندە لەخۆیان بایی و هێندە دەستکەرەوە بوون ، لەبەردەمیاندا هیچ بەربەستێکی سیاسیان بەدی نەدەکرد . زۆر بەزوویی ، هەنگاویان بۆ پڕۆژە گەورەکەی خۆیان دەناو ، بەتەواوی ڕووەو کۆنتڕۆڵی کوردستان ملیان دەنا . قسەیان لەسەر ئەوە دەکرد : کوردی ڕۆژئاوا ، نانێک دەخۆن و نوێژێک بۆ بارزانی دەکەن و ناوی سەرۆک لەهەست و نەستیان ئاڵاوە . حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەخەساوی لە بازاڕوو کۆگای کۆیە و قەراخدا جێگیر دەکرد و بەدڵی خۆیان هەستەو دانیشەیان پێ دەکردن .

لەباشوری کوردستان ئەوەی لەخوێنیاندا وشەی خۆشەویستی بۆپارتی نەبوو ، بەڵام لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەمل کوڕماویی ، چوونە سەر سندوقەکان و ؛ بەنەخوازراوی دەنگیان بەسەرۆک دا . یاخود لەم وڵاتی کۆنتڕۆڵی سەرۆکەدا ، یەکێک بەردێکی لەبارەگاکانیان بگرتایە ؛ ئەو ڕۆژەیان دەکردە حەڤدەی شوباتێکی ترو ؛ هەروەها بۆخۆیان چ بارەگایەکیان بویستایەو کۆنتڕۆڵیان دەکردو ، دەیان سوتاندو ، سوکایەتیان بە لێپرسراوەکانیان دەکردو ، خۆیشیان بەحەق و تانەلێدەرو زوڵملێکراو دەدایە قەڵەم .

بەهاری عەرەبی لەکوردستان بووە پایزی پارتی و وێنەیەکی کوردی پێبەخشرا ، ئیتر شتەکان پێچەوانە بوونەوەو نیازەکانی لەڕۆژئاواو تورکیا بۆ باڵادەستی بارزانی وەک ئەوەی هەیە مامەلەی لەگەل دەکرا ، گۆڕدرا .

بۆئەوەی بگەینە ناوەڕاستی باسەکە ، هاوکێشە سیاسییەکانی دوێنی و ئەمڕۆ لەپانتایی دەسەڵاتی ئەمڕۆدا . واتە لەدوای 2011 وە ، لەقۆناخی دەسەڵاتەوە بۆ هاوکێشەیەکی دروست ، دامرکاو لەبەرامبەر هێزێکی هەمیشە گەشەو نەپساوەو جەنگاوەر ، لەدژی دوژمنێکی گەورەو پڕچەکدا . بەڵام براوەو شێلگیرانە بۆئامانجێک هەوڵی دا ، وا دەگات پێی . ئەم هێزە ، ڕۆژێک درۆی لەگەڵ خۆی نەکرد ، نەلەگەڵ گەلەکەی . ئەوەی بوو هەر ئەوەبوو ؛ بەوەش دەگات کە دەیەوێت .

کوردستانی ڕۆژئاوا ، یاخود کوردستانی ژێر قەلەم ڕەوی سوریای داگیرکەر ، وەک چۆن بۆ شیعەکان ڕوخانی حکومڕانی ئەسەد ، سەرەتای باڵادەستی زۆرینەی سونەو کۆتایی هاتنی چەند دەیەیەکی حوکمی عەلەوییە بەسەر سوریادا . بەلایەکی تردا یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتی پارتی ییە ، لە کوردستان و کۆتایی هەموو ئەو تیتڵە سیاسییە حیزبییە ، کەڕاستەوخۆ بۆتە هۆکاری باڵادەستی ئەم حیزبەو ، داپۆشەری هێزە پچوکیەکەی ، بەنمایشکردنێکی گەورە لەسەر شانۆیەکی پانوپۆڕ بەتێڕمانێکی دوور .

پەکەکە لەمڕۆدا :

پەکەکە ؛ وەک هێزێکی سیاسی گەورەو خاوەن سەرکردەیەکی نێو پەڕە نوێیەکانی مێژوو . دەستەبەری بیری سەربەخۆ بۆ کوردستانی گەورە . خاوەن پڕۆژەی ڕێکخستنی ماڵی کورد . هەڵسانەوەو زیندوکردنەوەی کوردانی باکور . خاوەن هێزی چەکداری لەهەڕشوێنێکی کوردستان . ئەم هێزە بۆیەکەمین جار ، دەنگی کورد ، داخوازی کورد ، پەیامی کورد ، میحنەتیەکانی کوردی گەیاندە جیهان و بەهۆی ئەم هێزەوە مندڵانی جیهان ، پیروپەکەوتەی جیهان ، سیاسەتوان و چینی کاسبکارو فەرمانبەر ، لەئازارو هاواری کوردان تێگەیشتن .

واتای گشتی ئەم هیزە لەباکوردا ، توانی ببێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی پێنج سەدساڵەی تورکی عوسمانی و سەدساڵەی تورکی ئەتاتورک .

لەڕۆژەهەڵاتی کوردستاندا توانی ببێتە درێژەدەری بزاڤی چەکداری و پێگە دێرینەکانی هێزە سڕکراوەکانی وەک حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەو ‌هتدد … و هەستانەوەو گیانی بەرەنگاری و بەرخۆدان .

لە ڕۆژئاوادا ، بنیادنەرو پارێزەرو خاوەن پڕۆژەی کیانێکی نوێی دوای ئەسەد . لەباشوردا بەشێک بێت لە پارێزەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و لەهەوڵدا بێت بۆ وەڵامدانەوەو پەرچەکرداری ناڕێکی و نادروستی دەسەڵاتی کوردی .

ئەم هێزە ئێستا لەباکوری کوردستان ، بۆتە مۆمی روناککەرەوەی شەوەزەنگی کوردان و لەڕۆژئاوا ڕزگارکەرو بنیادنەری ڕۆژێکی نوێ ، لەباشور خاوەن ڕێکخستنێکی پچوک بەڵام هیوابەند . لەڕۆژهەڵات ، درێژەدەری گیانی بەرەنگاری و وەڵامدانەوەو پەیامی زیندویی شۆڕش و داخوازییەکانی خەڵکی کورد .

پارتی لەئەمڕۆدا :

دوێنێ ، ئێمە و دۆست و نەیارانی پارتی لەوە گەیشتبووین ، کە کوردستانی ژێر قەڵەمرەوی داگیرکەری سوریا . بێ ئەملاوئەولا ، ئەرد و ئاسمان و تاک بەتاکی کوردانی ئەو بەشە نەک سەربەپارتین ، بەڵکوو بارزانی نیزمیشن . وادەرنەچوو . ئەم تێگەیشتنە بەبێ بنەمای لەخشتەبردن نەبوو ، لەهەمان گیرۆدەی تێگەیشتنەوە بوو کەهەموولایەکی خستبووە سەر ئەوباوەڕەی بێچەندوو چون پارتی و بارزانی ” لەهەموو گۆشەکانی ئەوبەشە داگیرکراوەدا پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە . ئەم لەخشتەبردنە بەپێچەوانەی دهۆکەوەیە . لەدهۆکدا کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و جوگرافی و بازرگانی و توانا دەرەکییەکان ، خەڵکی ئەو ناوچانەیان بەخۆشی و ناخۆشی خۆیانەوە لکاندبوو بەدەسەڵاتی پارتییەوە . فاکتەرەکانی بەردەمی پارتی بۆمانەوەی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆی لەدهۆکدا ، ناتوانێت تاسەر پشتی پێببەستێت . بینیمان لە دوای پەلامارەکەی ساڵی 2011 بۆ سەر بارەگاو پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ” یەکگرتووی ئیسلامی ” لەماوەی 24 کاتژمێردا پارێزگایەک لەبێدەنگییەوە بۆ قسەکردن ، لە دەسەڵاتی رەهاو سەرکوتکردنەوە بۆ زمانی نەرمو لێبوردن . بۆ لێپێجینەوەو کۆمەڵیک بەڵێن ، لەسەرزاری ” بەرێز مەسعود بارزانی .

لەدەستدانی ڕەهای پارتی لەدهۆکدا ، لەسوتاندنی قورئانە پیرۆزەکانەوە بۆ داگرتن و بەتوند بەزەویدانی تابلۆکانی نوسراو بە اللە ئەکبەرو ئایەتەکورتەکان دەستی پێکرد ، لەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو کۆتایی هاتنی زەمەنی تاكڕەوی و زوڵمو زۆرە پەنگخواردووکانی چەندین ساڵەی ئەم حیزبە دەستی پێکرد .

بەشی دووم درێژەی ” پارتی لەئەمڕۆدا ” درێژەی دەبێت و هۆکارەکانی تەسک بوونەوەی دەسەڵاتی پارتی لەهەرێم و پێشبینی سەرەتای جەنگی کورتخایەنی نێوان ئاپۆ و بارزانی دەخەینە ڕوو .

2,255 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت