کەژاڵ ئیبراهیم خدر : درەختێک پڕ لەگوڵ ، چرۆیەک لە وەرین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1
هەموو رۆژێ
لە درەختی باڵاتا
بە شەونمی بەربەیانی نەشئەی دڵت
خۆم دەگۆڕم
دەبم بە کەناریەکی پڕ لەگوڵ
دەبم بەباخچەیەکی قەشەنگی
تەڕو پاراو
لەهێلانەی بچوکی رۆحمەوە بۆت دەخوێنم

2
دەڵێن ئافرەت لە تریفەی مانگە شەو
لە لاولاوی گوڵی بەهار جوانترە
بەژن و باڵای پڕە لە جریوەو
دلێ پڕە لە پەلکەزێڕینە ،
کاتێک لەش و لاری سەما دەکاو
دەشنێتەوە
نیشتیمانێکی تینووی بەرزەفڕە

3
بە ئەسپایی دێمەوە ، بەر ئاوێنەی دیدەت
پەنجەرەی بەفرینی دڵم دەکەمەوە
روخساری گەشت و ، هەتاوی جەستەت دەبینم
تیری عەشق و ، سێبەری هەستم
بە شوشەی گوڵاوێکدا بۆدەنێرم
گەش دەبمەوە
پەنجەرەی ئازار فڕێدەم
دەرگای بەهەشت دەکەمەوە

4
تۆ پەروەردەی رێگایەکی پڕ نشێویت
نیشتمانی دڵی گەرمت
بۆتە گوڵێکی پەمەیی
رەنگت پڕە لەمرواری
کۆترێکی باڵ نەخشینیت
رەنگت سپی
پەرچەمی جوانیت نەخشاندووە
بۆ ئایندەی گەش دەڕوانی

5
بە خۆڵەمێشی دڵم دەنوسم
لە کێوی چاوەکانما
کانیاوێکت بۆ دروست دەکەم
تاکوو شێوەت پڕکا لە ماچ
ببیت بە پەپولەی سەرچڵ و
کلوە بەفرێ ،
ببێت بە زێرێکی بەنرخ
ببی بەتاج
رۆحی منیش باڵ بگرێ

6
دڵم کانیاوێکی شینە
خولیای سۆزی پەنجەت دەکات
تاکوو رەنگت چەپکە گوڵی شعربگرێ
پڕبێت لەخەونی ئەرخەوانی
بەهاری قەشەنگ
دڵم نمەی بارانێکی تینووە
ئاوازێکی سپی پۆشە
خەمی سپێدەیەکی تۆراوە
دەشنێتەوەو، دەبێتەوە
سەما ، بۆ ئاهەنگ

7
تۆ ئاوازی پڕ گۆرانیت
کاتی نەغمەی دەنگت
پرووشەی بەفرێ دەکا
دەبمە نمەی باران و چرۆی گەش
تابلۆیەکت بۆدەکێشم
باڵای وەکوو جوانی خۆربێ و
دڵمان تێکەڵاوی یەک بێ و
ببین هاوبەش

8
رەنگی شعرم
بووکە شووشەیەکی جوانە
پرەِلە مەدالیای زیوین
پڕە لەکارێزی ووشەو
نێرگزی بەهار ، جۆگەو روبار
جێژوانێکی پڕ ئاوێنەی دێرین

9
بەدیار خەمێکی قووڵەوە دانیشتووم
سەرم پڕە لەهەواڵی ناکاو
تۆ دیارنیت و لێت دەڕوانم
لە خۆرنیشندا دەتبینم
تاکوو بۆمن ببیە هەتاو

10
چاوەڕوانی سپێدەیەکی روناکم
تاکوو سێبەرت دەرکەوێ
بەدوای هەواڵێکتا وێڵم
دەرگاو پەنجەرە دادەخەم
بەڵکوو هەناسەو شەونمی
سەر روومەتت بێتە ژوورێ

11
لەسەفەری ئەمجارەدا
بوویتە پایزێکی رووت
رەنگت بووە پەڵەی هەورێ
گەڵاو چرۆی لاسکەکانیش
هەمووی وەرین
دەرنەکەوتیت
تاکوو خونچەی لێوەکانم
بەشەونمی سەررووت هەڵپەڕێ

12
بەیانیان رەنگی سپی دەپۆشم
تۆش داڵانێکیت لەخەم
من دەبمەوە سێبەری خۆم و
تۆش دەبیتەوە روبارو ، کانیاو ، تەم

13
دڵم هەمیشە رەنگ زەردەو
چرۆی ژینی پڕە لەوەرین
دڵم ئاوێنەیەکی رووتە
کە باوەش دەگرنەوە
دەبنە سەماو ، ئاوازی ئەوین

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت