ھیدایەت حەسەن: نەخۆشخانەی فریاکەوتن چاوەڕێیە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک هەموو لایەک دەزانن و ئاگادارن کارمەندانى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى ماندوو ترین توێژى مووچە خۆرى ئەم هەرێمەن، چونکە بە پێی ستانداردى جیهانى دەبێت بۆ هەر ( 600 ) تا ( 700 ) هەزار دانیشتوان ئەوا پێویستى بە نەخۆشخانەیەکى فریاکەوتنى ( 24 ) کاتژمێرى هەیە تا بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتى تەندروستی پێشکەشى نەخۆشەکانیان بکرێت، بەڵام وەک دەزانین ژمارەى دانیشتوانى سلێمانى و دەورو بەرى زیاترە لە دوو ملێون و پێنج سەد هەزار کەس کە ئەم ژمارەیە پێویستى بە ( 3 ) نەخۆشخانەى فریاکەوتن و زیاتر هەیە ( کە نیمانە ) سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دانیشتوان زۆر جار لە شارەکانى ترى هەرێم و عێراقەوە نەخۆش سەردانى ئەم نەخۆشخانەیە دەکات بە هۆى باشى خزمەت گوزارى تەندروستى لە نەخۆشخانەکەدا کە نەخۆشخانەکەى ئێمە ئەرکى زیاتر لە نەخۆشخانەیەکى گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام کارمەندانى نەخۆشخانەکەمان ماندوو نەناسانە ئەرکەکانى خۆیان جێ بە جێ کردووە، هەرچەندە ئەم بۆشاییە گەورەیەى تەندروستى بە هۆی فرامۆش کردنى بە پرسانى ئیدار ى و حیزبیوە بووە بۆ ئەم شارە .
تا ئێستا و بەس کارمەندانى ئەم نەخۆشخانەیە هێندەى نەماوە هەرەس بهێنن پاشەکشە بکەن لەو خزمەتەى کە تاوەکو ئێستا کردوویانە بەرامبەر بە هاولاِتیان و نەخۆشەکانى خۆیان، کە سەردانى ئەم نەخۆشخانەیە دەکەن، چونکە تا بەروارى نوسینى ئەم بابەتە زیاتر لە ( 50 ) رۆژە چارەکە مووچەمان وەر نەگرتووە سەرەراى ئەوەى تاوەکو ئێستا ( 8 ) مووچەى تەواو و ( 20 ) پاشەکەوتمان لاى حکومەتە ( فەوتاوە ) وە حکومەت بێ باکە لەوەى کە ئامادە بێت یاخود هەوڵى چارەسەرى کێشەکانمان بۆ بکات و بە دەم هاوار و ناڵەى برسێتى و گیرفان بەتڵلیمانەوە بێت تا بتوانین خزمەت بە نەخۆشەکانمان بکەین چونکە هیچ کات و بە هیچ جۆرێک لە کاتى نەخۆشیاندا روویان لەم نەخۆشخانەیە نەکردووە کە تەلارى بچوکترین بەرپرسیان گەوروترە لە رووبەرى ئەم نەخۆشخانە فەرامۆش کراوە بەڵکو هەمیشە بۆ ئازارەکانیان روویان لە نەخۆشخانە ئەهلیەکانى خۆیان یاخود دەرەوەى ووڵات کردووە بۆ چارەسەر .
بەرپرسان و دەسەڵاتدارانى حکومەت بێ باکانەوە بە ئەنقەست ئەم نەخۆشخانەیەیان فەرامۆش کردووە چونکە دەزانن کە کەسانى هەژار و کەم دەراوەت و گیرفان بە تاڵەکان روو لەم نەخۆشخانەیە دەکەن وە ئەوان راهاتوون لەوەى کە هەمیشە نەیارى میللەتى رەش و رووت بن و ئازارى فەرمانبەران و کارمەندانى تەندروستى و مامۆستایان بدەن و بیانکەنە قوربانى حەز و خۆشیەکانى خۆیان و گیرفانیان و چێژ لە ئازاردانى خەڵک دەبینن بۆ شاردنەوەى گەندەڵى و ناشرینیەکانى خۆیان .
لێرەوە وەک کارمەندێکى تەندروستى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە بێن بە دەم داواکاریەکانمانەوە وە هاوکاریمان بکەن چونکە ئیتر ناتوانین بە گیرفانى بەتاڵ و سکى برسی ئێمەو قاسەى پڕ و سکى تێرى بەرپرسانەوە بەردەوامى بەو خزمەتە بدەین کە تاوەکو ئێستا کردوومانە و پێشمەرگە ئاسا لە هەموو کات و ساتە خۆش و ناخۆشەکاندا ماندوو نەناسانە لە دەوام دا بووین و بۆ ساتێکیش بیرمان لە بایکۆت و مانگرتن لە خەڵکى خۆمان و نەخۆشە کانمان نەکردۆتەوە وە هەوڵى زۆرمان داوە کە خزمەتیان بکەین و چارەسەرى ئازارەکانیان بکەین .
کارمەندانى تەندروستى و بەتایبەت نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى گەر تائێستا پەنامان نەبردووە بۆ بایکۆت و مانگرتن لە خزمەت ئەوا تەنها لەبەر خاترى نەخۆشى هەژار و کەم دەرامەت بووە نەک لەبەر خاترى بەرپرسان و دەسەڵاتدارانى حیزبی و حکومى ناوچەکە بەڵام لێرەوە داوامان لە هەموو هاوڵاتیان و دۆستەکانى ئەم شارە هەیە ئەگەر ئەتانەوێت نەخۆشخانەکەتان ( نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى ) بەردەوامى هەبێت لە خزمەت و چارەسەرى تەندروستى بۆ نەخۆشەکانى ئەوا فشار بخەنە سەر لایەنى پەیوەندیدار تا بە زویی بە دەم داواکاریە کانمانەوە بێن و چارەسەرى گونجاو بۆ ئەم دۆخەى ئێستامان بدۆزنەوە ئەگەر نا لە داهاتوویوکى نزیکدا هەر هەڵوێستێکمان هەبێت و نەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنى نەخۆشەکانمان ئەوا لە ئەستۆی بەرپرسانى حکومى و حیزبى و تەندروستیە و ئێمەى کارمەندانى تەندروستى هیچ تاوانێکمان نیە چونکە بە گیرفانى بەتاڵ و سکى برسیمانەوە بەردەوام بین ، چونکە تەنها داواى مافە خوراوەکانى خۆمان و نەخۆشەکانمان دەکەین تا بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتیان بکەین وە لە ئاکامى هەر هەڵوێستێکماندا تەنها نەخۆشى هەژار و کەم دەرامەت و گیرفان بەتاڵەکان باجەکەى دەدەن و زەرەر مەندى یەکەم ئەوان دەبن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت