ھەست بەکەمیکردنی نەتەوەیی .. عەتا قەرەداخی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 ھەست بەکەمی کردن زاراوەیەکی دەروونزانییە کە زیاتر وەکو گرێی ھەست بەکەمیکردن دێت The Complex of Inferiority . لە رووی دەروونزانیەوە مەبەست کەسێتیەکە لەبەرامبەر ئەوانی تردا ھەست بەلاوازیی دەکات و ھەمیشە خۆی بەکەمتر دەزانێت .

ئەم حاڵەتە وەکو جۆرێک لە نەخۆشی دەروونی سەیردەکرێت . ئەگەر ئەم چەمکە بگوازینەوە بۆسەر ئاستی کۆمەڵگەو لەو روانگەیەوە سەیری بکەین ، ئایا کەسێتی کۆمەڵایەتی کوردی لەچ ئاستێکدایە ؟ ئایا وەکو کەسێتی نەتەوەیی گرێی ھەست بەکەمی کردنی ھەیە ؟ ئەگەر ھەیەتی ھۆکارەکەی چییە ؟ چۆن دەتوانرێت کەسێتی کوردی لەوباری ھەست بەکەمیکردنە دەرباز بکرێت؟

 بێگومان کەسێتی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی ھەر کۆمەڵگەیەک بەرھەمی کۆی کەسێتی تاکەکانیەتی کەئەو کەسێتیەش لەسەر دووبنەما بینادەکرێت: یەکەمیان کەسێتی خێزانییە واتە >

 یەکەم خانەی کۆمەڵایەتی کە تاکە کەسی تێدا پەروەردە دەبێت .

 دووەم ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەویش دەرەوەی خێزانە بەھەموو پانتاییە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کەلتووری رەوتاری و عەقڵی و ئایینی و نەریتیەکانیەوە کەدەوری کاریگەریان ھەیە لەسەر پەروەردەکردنی تاک .

 دیارە کاریگەری ئەو ژینگەیەش کاتێک کاریگەرییەکی پۆزەتیف دەبێت کە ژینگەکە خۆی درووست و لەبار بێت .

درووستی ژینگەی کۆمەڵایەتیش بەندە بە بوونی کەسێتی کۆمەڵایەتی و مێژووی و کەلتوورییەوەو لەسەروی ھەموو ئەمانەشەوە مەبەست بوونی ژیانگەیەکە کە تاکەکەس تیایدا بتوانێت ببێت بە خاوەنی شووناسی تاکەکەسی خۆی کە مەبەست لەمەش ئەوەیە تاکە کەس بوونێکی سەربەخۆی ئەوتۆی ھەبێت ، بتوانێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت و خاوەنی عەقڵی تاکەکەسی خۆیی و روانین و بینین و لێکدانەوەو بڕیاری خۆی بێت .

 بەردەوام لەناوەندی کەلتووری و سیاسی خۆماندا ئەوەمان بەربای گۆێ دەکەوێت کە کەسێتی کوردی کەسێتیەکی بەھێز و تەواوەو، کوردناسانیش بەگشتی باسی ھەندێ خاسێتی باشی ئەو کەسێتیە دەکەن وەکو ئازایەتی و نەبەزین و خۆڕاگری ، بەڵام ئایا لە رووی راستیەوە کەسێتی کوردی لەو ئاستەدایە توانیبێتی لەبەرامبەر ئەوانی تردا بوونی خۆی بسەلمێنێت و ئامادەبوونی ھەبێت ؟ رەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیار ناخۆش بێت بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کوردی کەسێتیەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لاوازی ھەیەو ناتوانێت لەبەرامبەر ئەوانی تردا بەرێکی لەسەر پێی خۆی رابووەستێت . بە ئاشکرا دیارە نەک ھەست بە بوونی حۆی ناکات بەڵکو لاوازیش دەردەکەوێت .

دیارە ھۆکاری ئەم شکست و ھەست بە کەمی کردنە لە مێژووی کورددایەو دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو کەسێتیە لەلایەن ئەوانی ترەوەو گەیاندنی بەئاستێک کە ببێتە پاشکۆی ئەوانی ترو رۆیشتنی کاتی دووردرێژیش بەسەر ئەو بارەدا لەرووی دەروونیەوە کوردی لەگەڵ ئەو باری شکست و ژێردەستەیی و پاشکریەتیەدا راھێناوەو ئەوەی لە کۆنەستی کوردیدا درووست کردووە کە ھەمیشە ئەم وەکو کەسی ژمارە دوو وایەو پێویستی بەوەیە کەسێکی تر بەڕێوەی ببات و بڕیاری بۆ بدات بە تایبەتیش پرۆسەی بەردەوامی داگیرکردنی کوردستان رێگربووە لەبەردەم درووستکردنەوەی ئەو کەسێتیەدا کە سەرئەنجام کەسێتی کوردی گەیاندووەتە بارێک ھەمیشە لەبەرامبەر ئەوانی تردا ھەست بە جۆرێک لە کەمی بکات .

 لە ئێستای عێراقدا بەئاشکرا دەبینین ئەگەر کورد لە ھەر پلەو پایەیەکدا بێت چ وەکو نەتەوەو چ وەکو تاکەکەسیش ئەوەی پێوە دیارە کە کەسێتی یەکەم نییەو ھەروەکو پاشکۆ دەردەکەوێت .

بێگومان کەسێتی کوردی تەنیا لە رێنیسانسی ھەمە لایەنەی کوردیدا دەتوانێت خۆی درووست بکاتەوەو بگاتە ئاستێک لەسەر پێی خۆی رابووەستێت و ھەست بەبوونی خۆی بکات ئەوەش تەنیا بەقسە نابێت بەڵکو پرۆسەیەکی ھەمەلایەنەی بیناکرنەوەی کەسێتی کوردیە کەئەویش بەگەڕانەوە بۆناو بوونی راستەقینەی خۆی و سوودوەرگرتن لە ھەموو پایەکانی رابردووی و کارکردنی جیدی لە ئێستاداو سوودوەرگرتن لە بیرو مەعریفەو بەرھەمەکانی مۆدێرنێتە دەبێت. کە رزگاربوون لە گرێی ھەست بەکەمی کردن تەنیا بە پرۆژەیەکی ھەمەلایەنەی لەو جۆرە دەبێت کە کەسێتی کوردی بگەیەنێتە ئاستێک بڵێت :

 ئەمە منم لەسەر پێی خۆم راوەستاوم و خاوەنی بوونی خۆمم و بەرھەم دەھێنم و بەشداری دەکەم لە بیناکردنی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت