mom-bedest

ھەژێن : یادەوەرییەكانی ڕۆژانی 8 ی مارس .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە گوتارێكی ڕەخنەیی لە شێوازی یادكردنەوەی ڕۆژی جیھانیی ٨ی مارچ لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بەشداریبكەم ، بەڵام لە كۆتایی گوتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەم ( نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەكانی خۆم ) بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە ڕۆژی ٨ی مارچ ھیچ بابەتێك بڵاونەكەمەوە ، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ نووسەران و پارتییەكان و وێنە بڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرەو … تد .

بەگوێرەی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا ، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت ، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گاڵتەجاڕیی و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنێت ؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی سێكیولاریست [ عەلمانی ] دەھێنمەوە ، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەگوێرەی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرانبەریان ، تێگەییشتن و تا ڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت  .

یەكەم : مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە بۆ ئەوانەی بوون بە ( شیعە ) سەرەتا شوێنی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون . بەڵام بەگوێرەی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك ، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوون بە جێ – ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و …  تد .

دووەم : ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار ، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی ٨ی مارس ، ڕۆژی یەكسانیخوازیی ئازادیخوازان دەكەم . زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی ١٢٩ كرێكارانی مانگرتوو ، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨ بە ڕۆژی جیھانی تێکۆشان و ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان ، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات . بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی ١٢٩ ژن لە كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت ، بەڵام لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتییەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان . دیسانەوە لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین ، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە ، بەڵام لە ھەر دوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە ، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی .

بەم پێشەكییە كورتەوە ، دەست بە كەشكۆڵی یادەوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیری مندا مابێت ، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە  .

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك [ ینک ] ، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی ( ئافرەت لە مێژوودا ، نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی ) تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان لەلا دروستبوو .**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەگوێرەی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەو کاتی خۆم ، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە . بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [ كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران ]، كە دەیان فەرسەخ بەراورد بە ( كۆڕەك ) ، كە من ئەندام و لایەنگری بووم ، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە ، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت ، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا ، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریمدەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو ، كە كوڕان و پیاوانی دەوروبەرم چۆن تەماشای من دەكەن و چی دەڵین ، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارس ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا گوتارەکانی ئەو ڕۆژەی ڕادیۆکە بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانی خۆم بگەیێنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا [ ئوردووگەی ئێران ] دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە ، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە ، خوشكەكانم گوێدێری ئەو بابەتانە بن و بەرانبەر ستەمێك كە لە ئەوان دەكرێت ، ھەستەوەر ببنەوە .

8 ی مارچی 1992 ، سلێمانی

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی ( پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكانی ( پیاوی ) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە ، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی 8 ی مارس ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان ، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین . ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان ( فاروق حەمە موئمین و بیھنام محەمەد ) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی ( مەجید بەگ ) یا ( كارێزە وشك ) بوو ، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لەنێو یەكێك لە پۆلەكان مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لە ئێمەكرد و گوتی ” كچینە ھەستن ” بەخێرھاتنی ئێمەی كرد و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین ” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە ، سوپاسمكرد و دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد ، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین ، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە ، زۆر لە قسەكانم تێنەگەیشتبن .

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیە چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان ، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە ( ینك ) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە ( حشع ) ، ئەگەر بەباشی ناوی ڕێكخراوەكانم لەبیرمابێت . دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد و بەلایانەوە سەیربوو ، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو بكەن ، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی ( ینك ) بوون ، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو ، لەبەرئەوەی ئێمە دژی كوشتنی ژنانێك بووین ، کە بەبیانووی شەرف و نامووس تیرۆرکرابوون . ھەروەھا قسەیان لە ” عادات و تقالید ” ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش بە ئەوانمان گوت ، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی ” شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعس “، تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس ، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن . ھەر ئاوا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە ( حشع ) یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و گوتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین .

ڕۆژی 5 ی مارس ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە ، ھەواڵێك بە ئێمە گەییشت ، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان ، كە بڕیار بوو ڕۆژی 8 ی مارس بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات ، لەلایەن براكەییەوە ، كە چەكداری ( بزووتنەوەی ئیسلامی ) بوو ، براوەتەوە بۆ ماڵە باوان و ھەڕەشەی جیاکردنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لە ئەو كردووە ، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێ ، بە ئاوەزی ئەو کاتمانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای ( ئیسلامی ) و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت ، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی ، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات .

ڕۆژی دواییتر ، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی ( ئاوارەی كەركووك ) ، كە بەیەكەوە لە ( ھوتێل سۆمەر ) لە ئەسحابەسپی دەژیاین ، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكان ببینەوە ، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینە خوار ، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین ، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەڵێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولا ڕووی خۆمان وەرگێرا ، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت ، بەڕاستی خەم لە ئێمە نیشت ، خەم نەك ترس ، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاك بووین و ھێشتا کۆمەڵیش ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو ، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو ، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو ، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەد دەكرد ، وەك دواتر بۆمان دەركەوت ، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە . مەترسییەكەش ئەوە بوو ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووك لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من ، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكی خۆمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو ، خەمەكەشمان ئەوەبوو ، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم بێجگە لە کۆمەکێكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە ، کاری ئەو هاوڕێیە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوو .

ڕۆژی پێش 8 ی مارس  واتە 7 ی مارس ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم ( فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد ) خەریكی بڵاكردنەوە و ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین ، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت ، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو ، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ ، بوو بە قەرەباڵخی و گوتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان ، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە . [ دواتر ساڵی 1997 ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی ( خەرمانەی مەرگ ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی ( ژیلەمۆ ) بڵاوكراوەتەوە ] .

ڕۆژی 8 ی مارس ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت ، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو ، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەر – ھەڵواسین و بانگەوازەکە ، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و خۆڕێكخستن بوون ، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و  کاتی ڕاپەڕین یەكێك بووبوو لە چالاكانی ( رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ )، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمەی لەسەر شانۆكە دەربڕی . ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو ، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی خۆی ، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێکردبوو و وەك خۆی گوتی ، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو ، لەتەك من خەریكی چاككردنی شتێك بووین ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت ، پێموابێت ناوی ( لیمۆ ) بوو ، وەك سەرسوومانێك تەماشاێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆ بە ڕابەرزانەكە كردەوە و گوتم ، جا بەڕێزم ، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت ، بۆ لە كاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا نەھاتی بەشداریبكەیت ، بۆ نەھاتی و بە ئێمە بڵێیت  ” ئەوە لەم ناوە چی دەكەن ، بۆ ناڕۆن ” و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدابان ؟ ھەستمكرد قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە ، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو ، كە لەو كاتەدا و لەو شوێڼەدا ئاوای لە ئەو كردبوو ، كە ئاوا بەرخوردێك بە ئـێمە بكات ، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە ئاوا وەڵاممداوەتەوە و بەو پرسیارانە ئەوم تەنگەتاو كردووە .

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە ، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە ، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون ، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون ، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا ، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەی ڕێکخراوەکەی خۆمانمان بەشداركردبوون ، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە ( ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد ) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە ، كە كارتێكی نیوە لاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو ، گوتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین ، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە ” .

لەو ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەو ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە ، ھاوڕێیانی ئێمە بە گوتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد . ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە ، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبووە ، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە ، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو ، ئەو كات ڕێكخراوەكانی دیكە ، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتییەكانی ( بەرەی كوردستانی ) و ڕژێمی بەعس شاراوە نەبوون ، بەڵام لە بەرانبەر ئێمە خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا .

8 ی مارچی 1993 ، باخچەی گڵكەند ، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

ھەر وەك ساڵی پێشوو لە نێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا ، كەوتینەوە خۆئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی 8 ی مارچی  1993 . یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو ، كۆمەڵێك كۆبووینەوە . لێرەدا بەگوێرەی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین ، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە ، شاناز ، عەزیمە ، مەمەخان ، ئەختەر حەسەن ، چنار حەسەن ، كاوە حەسەن ، سیروان عەلی ، دکتۆر ئەمین ، جەمال كرێكار ، شاپوور عەبدولقادر ، قابیل عادل ، ھیوا محەمەد ، ئارام عەلی ، یوسف ( جەعفەر عەلی ) ، بەختیار ( ھۆنەر ) ، بەختیار ( كرێكاری كارەبا ) ، ھیوا كەریم ، سۆران كەریم ، ڕێبوار میدحەت ، گۆران عەبدوڵڵا ، ئاكو محەمەد عەلی و  ….. هتد ، بەداخەوە من ھەر ئەو ھاوڕێیانەم لەبیرماون ، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە ، كە من لەبیری من نەماون ، بۆ من بنووسن ، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم ، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم ، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون ، كە ئەو كات بەو جۆرە ناسراون ، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چی بووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە ].

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی گوتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست ، یەکێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری ، ھەستەی كرێكار ) كرا ، دەستەكانی ( لێژنەكانی ) كاركردن و ئامادەكاریی دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی ( شققە ) ، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووم . ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە ( مامە كەریم ، ڕێباز كەریم ، ڕێبوار میدحەت ، سۆران كەریم ، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد )  و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید ، دووراودوور چاودێری و ئاگاداریی ئەوان بكەین ، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە .

ھەر لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو ، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا ئەم پێشنیارەم كرد ، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان ، ڕابگەیێنن ، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی 1992  و جولای 1993 ، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری ( ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست ) وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرانبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر ، ڕەتكرایەوە .

سەرلەبەیانی ڕۆژی 8 ی مارس ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر ، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین ، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو ، پێشكەشکاری بڕگەكانی مەراسیمە بێت ، بە خەمبارییەوە هات و منی بانگی كرد و گوتی  ” ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم “. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان . براكانی فشاریان خستبووەسەر سەر ئەو و ھەڕەشەیان لە ئەو كردبوو ، كە نابێت ئەو كارە بكات . زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو . بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی 8 ی مارسی سلێمانی بوو ، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایە سەر . ھەر چۆن بوو ، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ ( شلێر ڕەشید ) ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت ، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو ، بەڵام بە توانا و ئامادەیی ( ھاوڕێ شلێر ) بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران .

وەك ھەموو مەراسیمێك ، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەیی کە شارەزاییمان وەرگرتبوو ، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكە لەتەك كۆمەڵێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان خەریکی گفتوگۆكردن بووین و لەو کاتەدا لەتەك ھاوڕێ ( عەزیمە ) لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكاریی بۆ ڕێكخراوی ژنان خەریکی گفتوگۆكردن بووین ، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی ئاوا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو ، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و بە ئەوی گوتبوو ” ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت ، ئەوا كەسی دیاریكراوی ئەو كارانە منم و ئەو ( نووسەری ئەم دێڕانە ) ئەو ئەركەی لە ئەستۆ نییە “. ھەڵبەتە ، [ ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەی ئێمە ، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و ( خوداوەكیلی ) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [ لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەو بارەوە دەدوێم ] من بەو ھاوڕێیەم گوت ، ئەو شتە وانییە ، بەڵام بەخۆت چی بە دروست دەزانی ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەڵێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون ؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی ، عەلی ھەڵەبجەیی ، توبا هەڵەبجەیی ، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ ئەگەر بە دروستی ناوەكەی لەبیری من مابێت ] ، لە گفتوگۆکردنەکە لەبارەی ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران ، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتیی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان ( حشع و حشك ) نیزکبووم و دواتر ھەندێكیان بوون بە پارتیی كاری سەربەخۆ ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیوەندی تەنگاوتەنگ بووین ، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم ( كەركووكی ) ھات و گوتی ” جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن ، وەرە با ئێمەش بڕۆین “، من گوتم بمبوورە ، خەریكی گفتوگۆکردنین و ئەمەیان گرنگترە .

ئەو ڕۆژانە ، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لە ئەوانەی كە ڕۆڵی ” حازرخۆری سفرەدڕ ” یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەر – ھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن ، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا ، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون . ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتییەكان دەبووینەوە ، هیچ ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆ‎چی ئەوان ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن . بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكان بۆ ئێمەش دەركەوت .

ئۆكتۆبەری 1993 كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی ( ئامانج ) گەییشتینە ئانكارا ، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە ، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتیی تازە دروستكراوبوو ، ئەندامانی ( حككع ) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتەیە ، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا ، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لە ئێمە كرد ، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیست ، مەبەستم ئەوەیە ، كە من پێش پێكھاتنی ئەو (حككع ) ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت و ھەم لەنێو نامەیەكی 18 لاپەڕەیی جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتییە پێشنیاركراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو ، ڕاگەیاندبوو ، [ لەو بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانی من و نەچوونە نێو رێزەكانی ئەو پارتییە دەخەمەڕوو ] .

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [ بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم ، نەكا خۆی ناڕازیبێت ] گوتی ” هیچ وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنی مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون ؟ ” منیش یەكسەر پرسیم ، بۆچی ؟ لە وەڵامدا گوتی ”  لێرە زۆر بەكەڵكن ، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئێستا ھاتوون ، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لە ئەوانە وەرگرتووە ، مەگەر بە ئێوەیان نەگوتووە ، خۆ فڵانەكەس ( … لێرەدا ناوەكان نانووسم ، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن ) ئەوە دەزانێت ؟”، منیش گوتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و ئێمە هەرگیز قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە ، بەڵام بەخۆت نازانیت ، فڵانەكەس بەرانبەر من ، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزاندووە . ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی ، ھەموو شتەكانم بەیادھاتنەوە و بۆ من دەركەوت ، بۆچی قارەمانانی پشت ھۆڵ ھێندە ھەڵبەی وێنەگرتن و  ڤیدێۆگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو ! [ لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە ، تەنیا لادانی دەمامكەکانە لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك ، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم لەسەر پرسەكان سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی و كەسییان بۆ خۆیان دەكرد .

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە ، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی 8 ی مارس و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردکردنی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن ، ئەم شتانە لەلای من لەلای گەڵاڵەدەبن  :

–  ھاوڕێیانێكی ژن ، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون ، بێجگە لە یەك دوو كەسیان ، كە لە پاش دروستبوونی ( رێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ) كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆڵی بەرپرسو پێگەخوازیی ، ئەوانی دیكە ، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی 8 ی مارچی 1993  لە ھەولێر ناومھێناون ، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و بۆ ئەوان ھیچ گرنگنەبوو ، ناویان ھەبێت یا نا .

– گیانی ھاریكاری و ھاوتێکۆشانیی و ھاوڕێیەتی بەسەر ھەمووان باڵیكێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو ، ھەرچەندە وەك گوتم ئەو خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگەخواز و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا .

– بەداخەوە ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە ، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكە لە ئێمەیە بەرانبەر بە نەوەكانی داھاتوو ، كە  بە ئەوان ڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی 8 ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبوو بە نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز ، بووە بە ڕۆژێك بۆ خۆنواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزووی خۆیان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر تێکۆشانی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز . لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە ، ژنانێكی چالاك ، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان ، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون ، بیانھێنمە قسە ، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە ، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن ، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو ئازادی کۆمەڵ و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر ، بەردەن !”

دوا ڕستە ، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان ، بەتایبەت ئەوانەی كە من ناومھێناون ، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە ، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك ئاوای دەبینێت ، کە من خواستوومە مێژوو بشێوێنم ، با ئەو دەربەستانە و بە بەرپرسیاریی مێژووییەوە خامەكەی بەدەستەوەبگرێت و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاستبكاتەوە . چونكە بۆ من یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە ، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەم ڕۆژیش ، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد ، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەم ڕۆژ و داھاتووشن ، ھەڵنەستین ، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین ، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە ، سەرمایەگوزاری ڕامیاریی دەكەن ! ھەروەھا بە بۆچوونی من ، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە ، تەنیا بە خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕەوتی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و نادادوەرییدا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە ، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی تێکۆشان و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی !

  • ______________________________
     مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم ، ئەوەیە ، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان ، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن ، كە دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزیی ( كارل ماركس )  بێت و پاشرەوانی ئەو ئەو ئایدیالیزمەیان پەرەپێداوە و ئاوای دەبینن کە دەبێت کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات ، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش ( یەزدان ) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت ، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن . ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە ، كە مێژووی نیشانیدەدات ، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و تێکۆشان و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی ، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە ، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی .
  • ** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یادەوەرییەكانی من ، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت ، مەگەر تۆش خەریكی ئەوە نیت ، خۆت بناسێنێت ؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم ، نەخێر ، چونكە ؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر- مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم ، دووەم ، دوو شت بوون بە ھاندەری نووسینەوەی ئەو یاداوەرییانەی خۆم ، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون ، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە بڕواناكەم لە ئاستی کۆمەڵدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا یەكی ھەژماری پیاوان ، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن ، كە من بۆ خۆم بەگوێرەی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە ، كەسانیكن ، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن ، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز ، بەڵكو ئەوانەن ، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پیاواندا دەدەن و دووەم ، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی لە ژنان، لە ستەم و ھەڵاواردنی ئابووریی و كولتووریی و ڕامیارییەوە ، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان ، كە بەوەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی ” نەتەوە ” كەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەریی بۆرجوازی ” نەتەوە ” كەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن ، كە بۆ ژنانی كوردستان خەستکراوەتەوە .
  • مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە ، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی 8 ی مارس ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆیان ، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر لەو شتە نائاگابووین و وەك سەربازێكی نائاگا ” فی سبیل اللە ” خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوەی ڕێکخراوەکانی خۆمان دەكرد .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت