Xoshawisti-3

 یوسف خەلیل :  خوازبێنی و هەنگاونان بەرەو بەهاوسەر بوون .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت
زۆرجار لەناو خێزانەكەماندا بە دایك دەڵێین :  هاوڕێیەكە بۆ منداڵەكانی ، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ باوك من ناڵێم لەناو خێزاندا دەوری نییە بگرە زۆر زیاتر لە دایك لەناو خێزاندا دەسەڵاتدارە و بەبێ بوون و ئاگاداری ئەو رەنگە هیچ كارێكیش ئەنجام نەدرێ ! بەڵام لەبەر نەبوونی كات و رەخساندنی هەلێكی لەبار .. باوك هەمیشە دوورە پەرێز بووە .. بۆیە ئێمەی لاو لەسەر ئەو نەریت و پەیڕەوە بەردەوام ماوینەتەوە كە زۆربەی كێشەكانمان رووبەڕووی دایك بكەینەوە .. ئینجا بە باوك بوترێ ، لە هەمووی گرنگتر تۆ ئەتەوێ‌ ژیانی هاوسەری هەڵبژێری .. كوڕ  یان كچ چی بكەن باشە یا لە خێزاندا كێ ئاگادار بكەنەوە .. دایك یان باوك وە بۆچی ؟
چــــنار / تەمەن (24) ساڵ :
– بێگومان دایكم ئاگادار دەكەمەوە ، چونكە دایك زۆر نزیكە لە كچەكەی بە تایبەتیش بۆ كاتی هاوسەری .. من پێشتر كوڕەكەم نەدیبوو بەڵام ئەو منی دیبوو بە ( وێنە ) ، ئێدی دایك و خزم و كەس و كاری نارد بۆ لای باوكم .. دایكیشم بە منی وت رازیت ؟ كە وەڵامی منی وەرگرت ئەوسا ئەویش باوكمی ئاگادار كرد ..
* زمناكـــــۆ / تەمەن ( 26 )   ساڵ :
– من كچەكەم خۆش ئەویست بەڵام دایكم رازی نەبوو ئەو بهێنم ، بەڵكو زۆری پێناخۆش بوو كە باسی ژن هێنانم ئەكرد ! بۆیە كە پێم وت بچنە داوای ئەو كچە بۆم قسەی لەگەڵدا نەكردم و تا ماوەی ساڵێك چاوەڕوانم كرد ناچار خۆم چوومە پێشەوە .. رووداوەكەم تێگەیاندن كە دایكم پێی خۆش نییە هیچ كچێك بهێنم ، بەڵام كەس و كاری كچەكە هەر ئەیان وت ئەبێ دایكت ئاگادار بێت .. دووساڵ بەسەریدا تێپەڕی بەڵام من و خۆشەویستەكەم هەر بەتەمای یەكتری بووین ، ئینجا دوای رازیكردنی دایكم لەلایەن خۆم وباوكم و خوشك و براكانمەوە .. دایكم چووە پێشەوە بۆم ، بەڵام خۆ من پێشتر باوكیشم ناردبوو بۆ لایان .. بەڵام كێشەكە دایكم بوو ! نازانم لە كۆمەلگای ئێمەدا بۆ ئەبێ كە چوویتە داوای كچێك عەشیرەتێك لەگەڵ خۆتدا بەریت ؟ یان پێش هەموو شت دایك ئینجا باوك  ؟ لە پێشدا ژنان قسە ئەكەن و وتە ئەبڕێننەوە و پاشان مارەكردنەكەشی بۆ پیاوان بەجێ ئەهێڵن ؟
* خاتوو ئامینە / تەمەن ( 52 ) ساڵ ، خاوەنی سێ كوڕ و چوار كچ و یەك بووك :
– لە سەرەتاوە كوڕەكەم داوای لێكردم كچێكی بۆ بهێنم چونكە خۆشی ئەوێت ، منیش داواكەم رەت نەكردەوە بە داب و نەریتی كوردەواری خۆمان لەگەڵ ژنانی خزماندا كە نزیك بوون لێمان چووینە ماڵی كچەكە و یەكەم جار لە دایكی داوامان كرد و خۆمان و بنەماڵەكەمان پێناساندن ئەوی تریمان بۆ پیاوان بە جێهێشت ، زۆرم پێخۆشبوو چونكە یەكەم كوڕم بوو كە ژنی بۆ بهێنم و لەناو خێزانێكی بەختەوەردا بیبینمەوە ، بەڵام ئەو كاتە زۆر ناخۆش بوو كە لێم دوور كەوتەوە و كۆچییان كرد بۆ هەندەران ، مەسەلەیەكی كوردەواری خۆشمان هەیە كە ئەڵێ ( چەپڵە بەیەك دەست لێنادرێت ) ئەبێت باوكیش رازی لەسەر بێت ئینجا دایك پاشان بچینە داوای كچەكە ، چونكە وەك خۆمان ئەزانین پیاو دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە ژنان بە تایبەتی بۆ مەسەلەی ژن هێنان و كچ بەشودان لەناو كوردەواریدا ، بەڵام یەكەم جار منداڵەكانمان وا گۆش كراون كە لەلای دایك باسی بكەن و ئێمەش رابەرییان بكەین بۆ لای باوك .
* ئـــازاد  / تەمەن ( 52 ) ساڵ ، خاوەن یەك كچ و دوو كوڕ و یەك بووك :
– من كوڕەكەمم زۆر خۆش ئەوێ‌ و زۆربەی كاتیش هیچی لێ نەئەشاردمەوە ، بەڵام بۆ مەسەلەی ژن هێنانەكەی .. یەكەم جار لەلای دایكی باسی كردبوو ، دایكی دووایی بەمنی وت و منیش دڵیم نەشكاند ، دوای چوونی ژنان و قسەكردن سەبارەت بەو ژنهێنانە .. پاشان من و دوو مامی و خاڵێكی چوینە داوای كچە بۆی ، بەڵام دووەم جار ماڵەكە رازیبوون كچەكەیان بدەن بە كوڕەكەم ، هەموو باوكێكیش منداڵی خۆی خۆش ئەوێ و حەز دەكات منداڵەكەی لە خۆشیدا بێت .. بەڵام من زۆر ترسام لەوەی كە یەكەم جار ماڵی كچەكە رازی نەبوون ، چونكە ئەمزانی كوڕەكەم خەفەت ئەخوات و پێی ناخۆشە ، بەڵام بەپشتیوانی خوای گەورە كارەكەیان بە ئەنجام گەیشت ، وەلە داواكردنی ژن هێنان و شووكردندا دایك رۆڵێكی بەرچاو ئەبینێ .. چونكە پێشتر ئەو ئاگادار ئەكرێتەوە پاشان باوك .. نازانم بۆچی لە روویان نایەت پێشتر ئەو مەسەلەیە لەلای باوك باس بكەن ، حەز ئەكەم كە ژنم بۆ كوڕی دووەمم هێنا خۆزگە یەكەم جار بە منی ئەوت ئینجا منیش بەپەلە ئەچووم ئەمووت وەرە ژنەكە كوڕەكەم داوای ژن ئەكات .
* خاتوو سەبری /  تەمەن ( 48 ) ساڵ ، خاوەنی چوار كوڕ و دوو كچ و دوو بووك :
– كوڕە گەورەكەم كچێكی خۆش ئەویست چونكە لە پەیمانگا پێكەوە بوون ، كاتێك كە لە خوێندن تەواو بوون ، كوڕەكەم داوای لێكردم بچمە داوای .. منیش بە مامی و خاڵیم وت كە داوای بۆ بكەن ئەوانیش لەگەڵ چەند پیاوێكی تر كۆبوونەوە و چوونە سەردانی ماڵی كچەكە و كوڕەكەم بە ئاواتی خۆی گەیشت ، بۆ كوڕە ناوەنجییەكەشم خوشكەزایەكی خۆمم بۆ داواكرد و ئەملاو ئەولای نەویست چونكە هەموو كوڕێك ئەبێت ژن بهێنێ هەموو كچێكیش میوانە لە ماڵە باوك ! بەڵام كە كوڕەكەم باسی ژنهێنانی كرد باوكی نەمابوو بۆیە من جێی باوكیشم بۆ گرتونەتەوە ، دایك زیاتر گوێ ئەگرێ بۆ داوای منداڵ چونكە باوك زۆر لە ماڵ نییە و كەم منداڵەكانی ئەبینێ .
*  مامۆستا محەمەد  / تەمەن 50 ) ساڵ ، خاوەنی سێ كوڕ و یەك كچ و دوو بووك :
–  لەسەرەتاوە ژنان ئەچنە پێشەوە و قسەی ماڵە كچ وەرئەگرن و دوای رازیبوون و بڕانەوەی هەموو شتێك ئینجا پیاوان ئەچن بۆ دەست ماچكردن ، خۆشبەختی منداڵیش پێش هەموو شتێكە چونكە ئێستا ئێمە لە سەردەمێكدا ئەژین كچ و كوڕ بۆخۆیان هەموو شتێك دەبڕێننەوە جا ئێمە ئاگادار دەكەنەوە ، جا دایكی كوڕە ئەبێت بە دایكی كچە بڵێ .. بەڵام زۆرتر لە هەردوو سەرەوە دایك رۆڵی سەرەكی ئەبینێ‌ .
* ه . ق / 1977/ كاسب:
– بە خۆشەویستی هاوسەرێتیم پێكهێناوە ، وە لەبەر ئەوەی باوكم نەماوە دایكم دەوری كاریگەری بینی ، پێویستە سەرەتا هەڵسەنگاندن و سروشت گونجان لەبەر چاو بگیرێت .
* محەمەد نەجمەدین / 1957 / مامۆستا :
– بە خۆشەویستی هاوسەرێتیم پێكهێناوە ، بەڵام هێشتا درەختی خۆشەویستیم بەری نەگرتووە .. هەرچەندە ئەو درەختە هەمیشە بە سەوزی دەمێنێتەوە ئێدی نازانم زڕ دەبێ یان بەردار ! لە كۆمەڵگاشدا ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی و كاریگەریی خۆی هەیە لەسەر تاكەكانی كۆمەڵ لە رووی بیركردنەوە و هەڵوێستی كۆمەڵایەتییەوە ، بەڵام بە گشتی لە كۆمەڵگای كوردەواریدا باوك رۆڵی سەرەكی دەبینێ ، هەرچەندە خۆشبەختانە لەم دەیەیەی دوایدا خەریكە تای تەرازووەكە بەلای كچ یان كوڕدا دەشكێتەوە لە مەسەلەی هەڵبژاردندا بۆ بەهاوسەربوون … پێم وایە یەكتر ناسین و رێزگرتن سەرەتای چەكەرەی خۆشەویستی لە نێوان هەردوو رەگەزدا بنەمای سەرەتا و سەرەكین بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی ژیان .
* رەزا عوسمان / 1977 / كاسب:
– بەیەكتر ئاشنا بووین پاشان بۆ هاوسەرێتی رێكەوتین ، سەرەتا خوشكەكەم ئاگادار كردەوە ، لێرە لە هەندێ‌ شوێن باوك رۆڵی زیاترە بەڵام ئێستا رۆڵی دایكیش بەرچاو بووە ، من سەرەتا بە دڵداری دەستم پێكرد و پاش هەڵســەنگاندنم لەگەڵی رێكەوتم ..
* شوان عەبدولڕەحمان / 1978 / فەرمانبەر:
– هاوسەرێتیم پێك نەهێناوە بەڵام زۆرینەی كات سەرەتای كردنەوەی باسەكە لە كۆمەڵگای ئێمەدا لە دایكەوە دەست پێدەكات ، چونكە تا ئێستاش باوكان سیمای شەرم لێكردنن لە خێزاندا .. ئەمەش لایەنێكی خراپە ! چونكە ئەگەر پەیوەندییەكان وەك هاوڕێیەتی بن چاكترە ، رۆڵی دایك و باوك لە هاوسەر دروستكردندا لای ئەوانەی بە رێگەی رێكەوت ژن دەهێنن زۆرترە ، بەڵام بە بوونی پەیوەندی نێوان هەردوو رەگەزەكە رۆڵیان كەمتر دەبێتەوە ، هێشتاكەش لای ئێمە بوونی ئەو دووانە یەكێكیان رۆڵی گرنگ دەبینن لە هەڵسوڕاندنی پڕۆژەكەدا ، رێنمایشم بۆ ئەو كەسانەی هاوسەری دروست دەكەن لە هەڵبژاردنی كەسی بەرانبەریان زیاتر ژیری (عەقڵ) بەكاربهێنن تا بتوانن لایەنە باش و خراپەكانی بدۆزنەوە تا لە سەرەتاوە نەكەونە هەڵەی دەست نیشان كردنەوە .. راستە دڵ كەسەكە هەڵدەبژێرێت بەڵام بڕیاری كۆتایی دەبێت لای عەقڵ بێت ..
* زەردەشت فەرەج / 1976 / فەرمانبەر:
– لە راستیدا پرۆسەی پێكەوەنانی هاوسەرێتی گرنگ و چارەنووسسازە و لەگەڵ ئەوەشدا پیرۆزە ، بۆیە دەبێت بڕیارێكی خێرا و كتوپڕ نەدرێت لە نێوان كوڕ و كچدا ، پێویستە لەسەرخۆ بە بڕیارێكی تەواوەوە كوڕ و كچ رووبەڕووی ئەو بەربەست و كێشانە ببنەوە كە دێنە بەردەمیان ئەگەر نا ئێمەش دەبینە قوربانی ئەو دەستانەی كە لە كۆمەڵگاكەماندا بڕیار دەدەن ، لە راستیدا لە (80%) ی پڕۆسەری هاوسەرێتی لە كۆمەڵگای ئێمەدا دەڕوخێن یان لە دۆزەخێكی هەمیشەیدا دەمێنێتەوە ! ئەمەش دوو دەرئەنجامن وادەكەن پڕۆسەی زەواج بەرەو رووخان بڕوات .. یەكەم ئەو كەسانەی بەبێ بیركردنەوە بڕیاری خێرا دەدەن بەبێ گوێدانە هیچ لایەنێكی ئەو پڕۆسەیە  .. ئەوەی دیكەیان ئەو كەسانەن كە لە رێگەی خۆشەویستی و سۆزدارییەوە بڕیاری كوێرانەی خۆیان دەدەن ! هەر بۆیە نە بڕیارێكی خێرا و كتوپڕ سەركەوتوومان دەكات و نە وەسیلەی سۆزداری ! دەبێت لەبەردەم هەموو شتە جوانەكاندا عەقڵ حزوری هەبێت ، بیركردنەوەت بۆ ئێستا و ئایندە و هەموو مەسەلە وردەكانی ئەم پڕۆژەیە هەبێت ، چونكە تەبایی و پێكەوەبوونی سەردەمی سەرەتای یەكترناسین و سەردەمی سۆزداری كوڕ و كچ نابێتە بنەمایەكی پتەو و زەواجێكی سەركەوتوو ، دانایی و گەورەیی و لێبوردن ئەمانە لەسەرووی سۆز و شوهرەتەوەن ئەبێت ئەوانە بڕیاری پێكەوە بوون بن ، بەڵی زەواجم كردووە بەڵام لەسەردەمی دەستگیرانیشدا لێك جیابووینەتەوە ، ئێستاش خۆم بەهەڵە نازانم نە لە پێكەوە نانی نە لە هەڵوەشاندنەوەشی ، سەبارەت بە ئاگاداركردنەوەی ماڵەوەش من بڕیار ئەدەم و ئەوانیش پیرۆزبایم لێدەكەن .. وە نە لە رێگەی هەڵكەوتنەوە زەواجم كردووە نە خۆشەویستیش وەك وتم هەموو بڕیارەكانم لە رێگەی گونجاندن و رێزگرتنەوەیە .. من بیردەكەمەوە لە هەموو پایەكانی ئەم پڕۆسەیە ، هەمیشەش ئاڵۆزم لەو بڕیارانەدا كە چارەنووسی من و كەسێكی تر پێكەوە دەبەستێت ، هەر بۆیەش بەبێ گوێدانە ئەو بڕیارانەی كە لە دەرەوەی خۆمەوە بۆ چارەنووسی من دەدرێن قسە دەكەم و بڕیار دەدەم ، ئەمەش ناكاتە ئەوەی رێز لە بۆچوونی دەور و بەر نەگرم ، چونكە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە بڕیاری ئەو كەسە هەیە  كە دەیەوێت هاوسەرێتی پێكەوە بنێت ! بەدبەختانە ئێمە كلتورێك پەروەردەی كردووین تاسەر ئێسك ترسنۆك و شەرمۆك و ناراستگۆین بەمەش شوناسمان ونكردووە ، بۆیە دەبێت هەموو تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە بە خۆیاندا بچنەوە و خودی رەهابن بەرانبەر هەموو گرفتەكانی ژیان ، كچانیش با بەرگی شەرم و ترسنۆكی لەبەر داماڵن و لەبەردەم هەموو حەز و خۆزگەكانیاندا ژیر و وردبین بن.. بەمەش یارمەتی كوڕان ئەدەن لە راستكردنەوەی كۆمەڵگایەكی دوواكەوتوودا .. لە راستیدا من هەرچییەك بڵێم وەك راستكردنەوەی ئەو راستیانە وایە كە هەڵەیان لێكەوتەوە وەیان لێیان دەكەوێتەوە ، من ئەوەندە دەڵێم ئەگەر پەنجەكانی دەست ئازاریان دایت چارەسەریان بكە .. ئەگەر چارەسەریان نەبوو بیان بڕەوە تا ئاسودە بیت !!
* بەختیار ئەحمەد / 1962/ فەرمانبەر:
– هاوسەریم پێكهێنا بە هۆی كەسێكی نزیكی خۆمەوە پاشان دایكم و باوكمم ئاگاداركرد .. دایك زیاتر گوێ‌ ئەدات بەو شتانە ، چونكە دایك هەموو كات پەلەیەتی لە ژنهێنانی كوڕ و بەشودانی كچدا .. بەڕای من ئەگەر گەنج بتوانێت لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا پەلە نەكات لە ژنهێنان زۆر باشترە .. هەتا تەواو لایەنی مادی چـــاك ئەبێت بەمەش لە زۆر تەنگ و چەڵەمەی خێزانی و كۆمەڵایەتی رزگاری ئەبێت ..
• دیاری هەڵەبجەیی / 1974 / فەرمانبەر:
– دایكم ئاگادار بوو چونكە دایك زیاتر گوێ دەگرێت لە نیازی دڵی كوڕ یان كچ ، وە لە كۆمەڵگای ئێمەدا رۆڵی دیارترە ، ئەگەر كەسێك نیازی ژنهێنانی هەبێت پێویستە لەسەری پەلە نەكات .. هەتا لایەنی كەم بتوانێت ژیانی هاوسەرێتیان ئامادە دەبێت ،  چونكە گیروگرفتی دوای ژنهێنان زۆرە …
* ساكار ساڵح / 1967 /  فەرمانبەر: 
– سەرەتا بەبۆنەی كەسانی ناسیاوەوە یەكتریمان بینی و دواتر بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بووین دوای ئەوە قسەمان لەسەر پێكهێنانی هاوسەرێتی كرد بۆمان گونجا و زەواجمان كرد .. بێگومان دایك رۆڵی زیاتر ئەبینێت لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆسەیەدا ، پێویستە پێش هەموو شتێك كوڕان و كچانی گەنج ئەگەر بە تەمابوون ژیانی هاوسەرێتی پێك بهێنن پێش ئەوە با پەیوەندییان هەبێت بۆ یەكتر ناسین و لەیەكتر گەیشتن و دانانی بەرنامە بۆ ژیانی خۆیان …
* كەژاڵ حەسەن / 1967 / فەرمانبەر :
– بەخۆشەویستی هاوسەرێتیم پێكهێناوە .. بەڵام پێشم وایە دایك و باوك لەم پڕۆسەیەدا هەردووكیان رۆڵیان هەیە ، بەڵام بە بڕوای من باوك رۆڵی زیاترە و زیاتریش بێت باشترە ، چونكە باوك لە هەموو لایەنێكەوە دەتوانێ‌ ئەو كەسە هەڵسەنگێنێ كە ئایا ئەشێ ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرێ ، رێنمایشم بۆ ئەو كەسانە ئەوەیە كە پەلە نەكەن لە هەڵبژاردنی هاوسەر ، چونكە ژیانی هاوسەری ژیانێكی زۆر پیرۆز و حەساسە .. لەبەر ئەوە تا بكرێت ماوەی دەستگیرانی درێژ بێت تا هەردوولا بتوانن تا رادەیەك لەیەك بگەن ، رێنمایشم بۆ ئەو كوڕانەی دەیانەوێ‌ هاوسەرێتی پێكبهێنن ئەوەیە كە تا بتوانن بەشێوەیەكی راستگۆیانە خۆیان پیشان بدەن ، تا بەرانبەریان لێیان تێبگات .. بۆیە ماوەی دەستگیرانی با ماوەی راستی و لێكگەیشتن بێت نەك ماوەی قسەی زل و كات بەسەربردن ! ئەو كچانەش كە بەم پڕۆسەیەدا دەڕۆن پێویستە هەوڵ بدەن كە بە عەقڵ ئەو بڕیارە بدەن نەك بە دڵ ! چونكە زۆرجار سۆزی دڵ وات لێدەكات لە خراپەكانی ئەو كەسەی دەتەوێ‌ بیكەیت بەهاوسەرت خۆش بێت  بەڵام لە دووایدا زیان بۆ تۆ دەبێت  ….
* ئاوات حەمە / 1969 / فەرمانبەر:
– هاوسەرێتیم لە رێگەی قیسمەت و نسیبەوە بوو .. بەڵام دوای دروستكردنی خێزان گەورەترین خۆشەویستی دروست بوو ، بەڵام چ دایك چ باوك هەردووكیان رۆڵیان هەبووە بەڵام هەریەكەیان بە شێوازی جیاواز زۆر یارمەتیان داوم بگرە وەك هاوڕێ‌ بوون بۆم ! پێشم وایە بۆ دروستكردنی هاوسەرێتی باشتر وایە خۆشەویستی هەبێ و وە ئەو كەسەی ئەو ژیانە دیاری ئەكات تەنها بۆ مەبەستی مادە نەبێ لەگەڵ رێزم هەندێ‌ كچان كە هاوسەر هەڵدەبژێرن بەڕێژەیەكی بەرچاو لە خۆیان گەورەترن لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندن گوێی پێنادەن ، پێشم وانییە كە خۆشەویستی نەبوو پێش بەهاوسەربوون ئێدی شیرازەی ئەو ژیانە تێك ئەپچڕێت بە پێچەوانەوە زۆرجار ئەو جۆرە هاوسەرییانە سەركەوتنیان زیاترە .. چونكە خۆم لەو رێگایەوە ژیانم دروستكردووە .
* كەژاڵ كەریم / 1979 / فەرمانبەر:
– چ كچ چ كوڕ لە تەمەنێكدا بیر لە پڕۆسەی بەهاوسەربوون دەكەنەوە .. منیش بەهەمان شێوە كاتێك بیرم لەو هاوسەرە دەكردەوە كە ئەو كەسە بێت من بمەوێت و لێم تێبگات ئەویش خۆشەویستی كوڕێك بوو كە زۆرینەی بۆچوونەكانی لەگەڵ خۆمدا دەگونجا ، بەڵام كاتێك ویستمان ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین باوكم زۆر ناڕازی بوو بەو بۆچوونە .. كەسی بەرانبەر هاتە پێشەوە و باوكم بڕوبیانووی زۆری هەبوو هەرجارەی بە شێوەیەك ، بەڵام چونكە خۆشەویستی نێوانمان بەهێز بوو گەیشتینە ئەو هێلانە بچووكەی دووای دووساڵ پووشمان بۆ دەبرد ، لە كاتی هاوسەر دروستكردندا دڵ و بەهرەی دایك زیاترە وەك لە باوك  ، دایك زیاتر لێت نزیكە و بەسۆزترە و لێت تێدەگات .. جاریش هەیە باوك رۆڵی خۆی هەیە بەڵام چونكە رێژەیەكی كەمە هەر دایكەكە زیاتر دێتە پێش چاو ..رێنمایشم بۆیان ئەوەیە كە ئەوكەسەی هەڵیان بژاردووە بە خۆشەویستی بووە یان بینینێكی سەرزارەكی و پێشیان دەڵێم با ناوەڕۆكی ئەو كەسەی كە هەڵی دەبژێرن هۆكاری سەرەكی بێت نەك هەندێ‌ شتی لاوەكی و رووكەش ..
* هەمزە سەعید / 1977 / رۆژنامەنووس :
– دیارە هەریەكەمان بە جۆرێك هاوسەر پێكدەهێنین .. هەیە بە خۆشەویستی هەیە بە خزمایەتی .. هەیە بە قەدەر ، هاوسەرێتی من بە قەدەر بوو ، دیارە بەپێی بار و زروف و ئاستی خێزانەكان دەكرێ لە لادێدا باوك رۆڵی زیاتری هەبێت یان لە شارۆچكەكاندا ئەم رۆڵە دابەش بكرێ .. لە هەندێ‌ خێزاندا باوك و لە هەندێ‌ خێزاندا دایك ، بەڵام لە شاردا بڵێم لە ( 90% ) دایك رۆڵی راپەڕاندنی زەواجی هەیە بۆ منداڵەكانی ، ئاشكرایە رێگای ژنهێنان رێگایەكی جیاوازترە بۆ ئیشكردن وەك لە رێگاكانی تر بۆ دەستخستنی شتێكی تر ، ئەگەر كەسێك بیەوێت ژن بهێنێت .. سەرەتا دەبێت كۆمەڵێك خاڵی گونجاو لە رەوشت و عەقڵییەت و ئسلوبی رۆژانەی خۆیەوە بێت ، بەو مانایەی كۆمەڵێ خاڵی هاوبەشی لە نێوان خۆی و بەرانبەرەكەیدا دەست نیشان كات پاشان ئیش بكات بۆ تێگەیاندنی بەرانبەر و پاشان تێگەیشتن لە مەرج و خاڵی چۆنیەتی ژیانی ئایندەی ، ئافرەتەكەش ئەگەر لەم رێگایەوە سەركەوتوو بوو .. واتە هەردوولا رازیبوون لەسەر زەواجكردن ، ئینجا ماڵی هەردوولا ئاگادار بكرێتەوە .. كوڕەكە ماڵی خۆیان و كچەكەش هەروەها پاشان ئیش لەسەر شتە گشتییەكانی تر بكرێ وەك داواكردن و باقی ئیشەكانی تر …
* سەرنج :
ئافرەت دەورێكی كاریگەری هەیە بۆ پێشكەوتنی ژیانی كۆمەڵگە ، چونكە شان بە شانی پیاوان هەمیشە كاردەكەن ، سەرچاوەی ژیانن و .. بێ بوونیان نیشانەیە بۆ دوواكەوتنی ئەو كۆمەڵگەیە ، بگرە لە ناو خێزانیشدا بە تواناترین و لێهاتووترین ئەندامی چالاكن ،
ژنان  دەوری رێخستن و ئاراستەكردنی ژیانی كۆمەڵگەیان كردووە ، ئەمان قۆناغی گەشەكردنی مرۆڤایەتـیی و كۆمەڵگە و ماڵ و مناڵ و خێزانیان هەڵبژارد و پیاوانیش دەسەڵات !
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت